وتار

ئایەتێک، چەمکە فەرامۆشکراوەکان

جەلال حەسەن
بەشی دووەم
لەم بەشەی خوارەوەی نوسینەکەمدا هەوڵ ئەدەم مانایەک بدەم بە سێ چەمکی یەکەم بە شێوەیەک کە هەردوو مەرجەکەی سەرەوەیان تێدابێت، بەو هیوایەش کە لە نوسینێکی تردا بتوانم سێ چەمکەکەی تریش شیکار بکەم.

چەمکی یەکەم: العدل (دادگەریی)

وەک ووتمان چەمکی عەدل بە چەند مانایەک لێکدراوەتەوە لای موفەسیرەکان کە زۆربەی لێکدانەوەکان خۆیان لەبەر دەم ڕەخنەدا ڕاناگرن. بۆ ئەوەی چەمکی عەدل لەم ئایەتەدا وەک خۆی لێبکدرێتەوە و تەفسیر بکرێت پێویستە لە ڕووی زمانەوانیی وشەکەوە لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت. ئیبنومەنزور (ابن منظور) لە لسان العرب دا دەڵێت: عەدل ئەوەیە کە لە دڵ و دەروونی خەڵکیدا بە ڕاست و ڕەوان ببینرێت، و دژی وشەی ستەمە (الجور)، واتە لای ئەم عەدل مانای دادگەریە. پاشان دەنوسێت کە یەکێک لە ناوەکانی خوا (العدل) واتە ئارەزوو ڕایناکێشێت بۆ ئەوەی ستەم بکات لە حوکمەکانیدا.
لە چەند شوێنێکی قورئاندا وشەی العدل بە مانای دادپەروەری و ستەم نەکردن بەکار هاتووە لەوانە (المائده‌: ٨، الشوری : ١٥، الانعام: ١٥٢). ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە لە هەندێک لەم ئایەتانەدا شێوازی داخوازیی بەکارهاتووە وەک ئەم ئایەتە (فَلِذلِكَ فَادْعُ وَاسْتَقِمْ كَمَا أُمِرْتَ وَلا تَتَّبِعْ أَهْوَا‌ءهُمْ وَقُلْ آمَنتُ بِمَا أَنزَڵ اللَّهُ مِن كِتَابٍ*َ و أُمِرْتُ لِأَعْدِڵ بَیْنَكُمُ* اللَّهُ رَبُّنَا وَرَبُّكُمْ ڵنَا أَعْمَالُنَا وَڵكُمْ أَعْمَالُكُمْ … ﴿الشوری ۱٥﴾، واتە ئەی پەیامبەر ئەم بانگەوازەیان پێ بگەیەنە و بەردەوامبە وەک ئەوەی فرمانت پێکراوە و شوێن ئارەزوەکانیان مەکەوە و پێیان بڵێ کە بڕوام بە هاتنە خوارەوەی کتێبەکانی خوا هەیە و فرمانم پێکراوە کە دادگەربم لە نێوانتاندا، خوا خوای ئێمەشە و خوای ئێوەشە، ئێمە خاوەنی کردەوەی خۆمانین و ئێوەش خاوەنی کردەوەی خۆتان…

ئەگەر وورد بینەوە لەم ئایەتە سێ لایەنی گرنگمان بەرچاو دەکەوێت:
یەکەم: خوا بە بێ پێچ و پەنا فەرمان بە پەیامبەر دەکات کە دادگەر بێت لە نێوان خەڵکدا و جیاوازی نەکات لە نێوانیاندا لەسەر هیچ بنەمایەک، لەوانەش بنەمای ئاین.
دووەم: ئەم ئایەتە باس لە مامەڵەی پەیامبەرە لەگەڵ ئەهلی کیتابدا، بۆیەش ئەگەر لەگەڵ ئەهلی کیتابدا واجب بێت لەسەر پەیامبەر کە دادگەر بێت ئەوا دەبێت بەبێ دوودڵی دادگەر بێت لە نێوان مسوڵمانانیشدا.
سێهەم: ئەم ئایەتە و ئەو ئایەتانەی کە عەدل تیایاندا بە مانای دادگەریی دێت بە شێوازی ئەمرن و هەموو ئەمرێکیش بۆ وجوبە مەگەر بە بەڵگەیەکی تر وجوبەکە ببێتە ئیستیحباب یان موباح، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لە قورئاندا نیە کە بڵێت ئەگەر داگەریش نەبن قەیناکات، بۆیە دەگەین بەو بەرەنجامەی کە عەدل – دادگەریی- واجبە و لادان لێی لادانە لە یەکێک لە بنەماکای ئیسلام.
دادگەریی واجبێکی ئیسلامیە و پێشێلکردنی بەرەنجامی خراپی هەیە، لە فەرمودەیەکی قودسیشدا ئەم واجب بوونەی دادگەریی دووپات کراوەتەوە (یا عبادی، أنی حرمت الظلم علی نفسی و جعلتە بینکم محرما، فلا تظالموا. رواە مسلم. واتە: ئەی بەندەکانم، من ستەمم لەسەر خۆم حەرامکردووە و لە نێوان ئێوەشدا حەرامم کردووە، بۆیە ستەم لەیەک مەکەن).
ئەوەی جێی ڕەخنەیە عەدل وەک واجبێکی ئیسلامی زۆر بە کەمیی لەلایەن ئەدەبیاتی ئیسلامیە تیۆریزەکراوە، ئەوەی هەیە و نیە چەند نموونەیەکە لە ژیانی پەیامبەر و هەندێک لە هاوەڵانی. هێندەی زانایان خۆیان بە هەندێک بواری فیقهیەوە سەرقاڵ کردووە هێندە کەمتر کاریان لەسەر بنەما و ئاڕاستە و ڕەهەندەکانی ئەم چەمکە کردووە. هێندەی زانایانی ئیسلامی ئەم سەردەمەش جەخت لەسەر شەعائیرەکان دەکەنەوە کەمتر باس لە دادگەری و بنەماکانی دەکەن کە بەشێکیان بە ئاشکراو بێ پێچ و پەنا لە قورئاندا ئاماژەیان پێکراوە.

چەمکی دووەم: الإحسان
لە بابەتی سێهەمدا هەندێک لەو مانایەنەمان نووسیی کە موفەسیرەکان داویانە بە وشەی الإحسان، لەوانە:
1- سونەتەکان
2- کارێکی باش کە واجب نەبێت
3- پەرستنی خوایە بە شێوەیەک کە وابزانیت ئەیبینیت
4- لێخۆشبوونە لە ستەمێک کە لێت کراوە

ئەگەر ووردبینەوە لە هەر یەکێک لەم مانایانەی بەم چەمکە دراوە دەبینین کە گرفتی سەرەکی هەموو ئەم تەفسیرانە لەوەدایە کە هیچیان ئەرکێکی پێویست (واجب) نین لەسەر شانی مسوڵمانان، واتە نە بۆ نموونە، نە سونەتەکان واجبن وەک لە خاڵی یەکەمدا هاتووە و نە لێبوردن لە ستەمێک کە لێت کراوە واجبە کە خاڵی چوارەمە و نە هەر دوو ماناکەی تریش واجبن، بەڵام دەقی ئایەتەکە بە ڕوونی لە شێوەی ئەمر و داخوازیدایە (ان اللە یأمر بالعدل و الاحسان …)، واتە ناکرێت:
یەکەم: ئەمرەکە ئاوا ڕوون بێت، بەڵام ئەگەر جێبەجێ نەکرێت ئاسایی بێت چونکە گوایە تەنها بۆ ئیستیحبابە.
دووەم: ئەگەر دادگەریی کە چەمکی یەکەمە واجب بێت، ناکرێت هەمان ئەمر بە نیسبەت (الإحسان) ەوە بۆ وجوب نەبێت.
لە ڕووی زمانەوانیەوە، ڕەگی وشەی ئیحسان (إحسان) وشەی (حسن)ە. ئیبنو مەنزور (ابن منظور) درەبارەی وشەی (حسن) دەڵێت کە دژی وشەی (قبح)، واتە دزێو و ناشیرین، و دەربارەی (إحسان) یش دەڵێت کە دژەوانەی (الإسا‌وه‌) واتە خراپەکاری، بۆیەش بەم پێیە وشەی ئیحسان دەبێت مانای چاکەکاریی بێت.

لە قورئاندا بە چەندین شێوە باسی ئیحسان کراوە، بەڵام لێرەدا تەنها لە شێوەی خاڵدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم:
1. ئیحسان بە پێی چەندین ئایەت چەمکێکە دەبێت لە ژیانی دونیاییدا بخرێتەگەڕ و ڕەهەندەکانی دیاری بکرێت و سوودی لێ وەربگیرێت بۆ خۆشکردنی گوزەرانی مرۆڤەکان بۆ نموونە (للذین أحسنوا *فی هذە الدنیا* حسنه‌ -النحل: ١٩٥) یان هەمان گوزارشت لە سورەتی الزمر: ئایەتی ٢٣
2. ئیحسان، واتە چاکەکردن، ئەرکێکی ئیسلامی سەرشانی هەر تاکێکە کە خۆی بە مسوڵمان بزانێت، واتە واجبێکی سەرشانیانە و ناکرێت گوێی لێ بخەوێنن، بێ لەم ئایەتە لە چەندین ئایەتی تری قورئاندا ئەمر بە ئیحسان کراوە، وەک (و أحسنوا إن اللە یحب المحسنین – البقره‌: ١٩٥) واتە؛ چاکە بکەن، چونکە خودا چاکەکارانی خۆش دەوێت.
3. بەڵام پرسیاری گەورە ئەوەیە، کە ئایا مسوڵمان دەبێت بەرامبەر بە کێ چاکەکار بێت؟ ئایا تەنها چاکەکاری بەرامبەر بەوانەیە کە لە بیروباوەڕتدا وەک تۆن؟ لە ڕاستیدا چاکەکاریی واجبێکی سەرشانی مسوڵمانە بەرامبەر هەموو مرۆڤێک، جا گرنگ نیە ئەو مرۆڤە چ باوەڕ و بیرکردنەوەیەکی هەبێت، ئایەتی ٨٣ ی سورەتی البقره‌ بە ڕوونی ئەم مانایە ئەداتە دەستمان (و قولوا * للناس حسنا* و أقیموا الصلاه‌..)، واتە بە جوانی لەگەڵ خەڵکدا بدوێن و نوێژەکانتان ئەنجام بدەن.. لێرەدا وشەی (الناس-خەڵک) گوزارشتێکی قورئانیە بۆ هەموو مرۆڤێک بەکار دەهێنرێت.
4. چاکەکاریی لەگەڵ دایک و باوکدا پلە و شوێنێکی تایبەتی هەیە لە قورئاندا، لە چەندین شوێندا بە تایبەت ئاماژەیان پێکراوە، (و قضی ربک الا تعبدوا الا ایاە و بالوالدین إحسانا – الإسرا‌ء: ٢٣).. واتە پەروەردگار وا ڕێساکەی داناوە کە تەنها خۆی بپەرستن و لەگەڵ دایک و باوکاندا چاکەکار بن.
بەڵام ئەوەی جێی ڕەخنەیە کە ئەم واجبە ئیسلامیە، بەڵام بەهەمان ئاستی چەمکی عەدل نا، نەتوانراوە ڕەهەند و خەسڵەتەکانی بە ووردی دیاری بکرێت و ئەمەش ئەرکێکی هەنووکەیی زانایان و شارەزایانی ئیسلامە.

چەمکی سێهەم: (أیتا‌ء ذا القربی)
زۆرینەی ئەو تەفسیرانەی بۆ ئەم بەشەی ئایەتەکە کراوە بە دوو مانا لێکیان داوەتەوە:
یەکەم: بەجێهێنان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پەیوەندیی خزمایەتی، هەر لە سەردانکردن و بەشداریکردن لە خۆشی و ناخۆشیاندا تا دەستگیرۆیی کردنیان لە ڕووی مادیەوە.
دووەم: پێدانی زەکات یان پارەی خێر بە خزم و خوێش.

هەرچەندە هەندێک لە موفەسیرینی شیعە پێانوایە کە لەم ئایەتەدا (العدل) واتای پەیامبەر و (الاحسان)یش مانای ئیمامی عەلی و (ذی القربی) ش مانای فاتیمەیە، بەڵام لە ڕاستیدا سیاقی ئایاتەکە ئەم مانایانە ناگەیەنێت.
لە زمانی عەرەبیدا وشەی (إیتا‌ء) مانای (إعطا‌ء) ە، واتە پێدانی شتێک، بۆ نموونە- اعطیتە قلما و ورقه‌—واتە قەڵەم و کاغەزێکم پێدا. وشەی (ذی القربی) ش بە دوو جۆر مانا کراوە، بە مانای خزم و بە مانای ئەو کەسانەی لەڕووی جوگرافیەوە لێت نزیکن، واتە درواسێکان. ئەکرێت هەردوو ماناکەش لە کەسێکدا کۆببێتەوە کە هەم خزمت بێت و هەم دراوسێش.
وشەی (إیتا‌ء) لە قورئاندا بێ لەم ئایەتە لە دوو ئایەتی تریشدا بەکار هاتووە، سورەتی الأنبیا‌ء: ٧٣ و سورەتی النور: ٣٧. بەڵام لە ڕاستیدا لە هەردووکیاندا وشەی زەکات بە دوایاندا هاتووە، واتە بە مانای دانی زەکات دێت. بۆیەش ئەکرێت بوترێت لەم ئایەتەدا خوا ئەمری کردووە بە پێدانی زەکات، وەک لە چەند ئایەتێکی تریشدا ئەمری پێکردووە، بۆیەش ئایەتەکە واجبیەتی زەکات دووپات دەکاتەوە.
بەڵام ئەو کات گرفتی ئەم تەفسیرە ئەوە دەبێت کە چۆن دەکرێت واجب بێت زەکات بدرێتە خزمان و درواسێکان، ئەی ئەگەر خەڵکانێکی هەژار نەبوون؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەوترێت ئەو کەسەی دەیەوێت زەکات بدات دەبێت بیدات بە کەسانێک کە شیاویی پێدانی زەکات بن، جا ئەگەر ئەم کەسانە خزمی خۆی بوون یان درواسێی ئەو واجب دەبێت لە ئەوانەوە دەست پێبکات و بیاندۆزێتەوە، خۆ ئەگەر هەموویان کەسانی دەوڵەمەند بوون ئەوا دەگەڕێت بە دوای دوورێکی لە هەموو دووران نزیکتر و زەکاتەکەی پێدەدات. کەواتە ئایەتە بەسەر ئەو خزم و نزیکانەدا پیادە دەکرێت کە مەرجی پێدانی زەکات دەیانگرێتەوە.
خۆ ئەگەر ئایەتەکە بە مانای زیندوو ڕاگرتنی پەیوەندیە خزمایەتیەکان بێت، ئەوا ئەم مانایەش ڕێی تێ دەچێت. واجب بوونی زیندوو ڕاگرتنی ئەم پەیوەندیەش بە پێی نزیکی ئەو مرۆڤانە دێت کە پەیوەندیان لەگەڵت هەیە، واتە تا نزیکتر بن دەبێت پەیوەندیەکە زیندووانەتر ڕابگریت، بۆ نموونە بۆ دایک و باوک لە هەموو کەسێکی تر واجبترە و پاشان خوشک و برا و هتد.

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە نەک ئەم چەمکانە بەڵکو چەندین چەمکی تر هەن لە قورئاندا کە لێکدانەوە و ماناکردنیان پێویستی بە لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە هەیە و ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەرکی زانایان و شارەزایانی فیکری ئیسلامیە.

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply