خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ “مه‌فهومی فێركردن له ئیسلامدا”

لامه‌فهومی فێركردن له ئیسلامدا: چوارچێوه‌یه‌كی ته‌صه‌وری بۆ فه‌لسه‌فه‌ی فێركردن له ئیسلامدا “مفهوم التعليم في الإسلام: إطار تصوري لفلسفة إسلامية التعليم” بریتیه له ناونیشانی یه‌كێك له په‌رتووكه نایابه‌كانی فه‌یله‌سوفی مالیزی, به‌ره‌چه‌ڵه‌ك ئیندۆنیسی, محمد نقیب سعید العطاس, كه تیایدا خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاواز بۆ په‌روه‌رده و فێركردن له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه ده‌خاته روو.
ئه‌م په‌رتووكه به یه‌كێك له كتێبه هه‌ره نایابه‌كانی نووسه‌ر، هه‌روه‌ها بواری په‌روه‌رده هه‌ژمارده‌كرێت, ئه‌گه‌رچی له رووی قه‌باره‌وه بچوكه, به‌ڵام له رووی ناوه‌رۆكه‌وه نایابه.
ئه‌م په‌رتووكه سه‌ره‌تا بریتی بووه له توێژینه‌وه‌یه‌كی كورت كه بۆ كۆنگره‌ی یه‌كه‌می تایبه‌ت به په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی, ناسراو به كۆنگره‌ی مه‌ككه كه له‌ساڵی 1977ز له مه‌ككه به‌سترا, نوسراوه و پێشكه‌شكراوه. دواتر به كه‌مێك ده‌ستكاریه‌وه له كۆنگره‌ی (ئیسلام ئاباد) له ئاداری 1980 دووباره پێشكه‌شكراوه‌ته‌وه. دواتر به هۆی گرنگی و پوختی ناوه‌رۆكی توێژینه‌وه‌كه كراوه به‌كتێب. له بنه‌ره‌ته‌وه به زمانی ئینگلیزی نوسراوه و له‌لایه‌ن (دكتۆر حه‌سه‌ن عه‌بدوره‌زاق ئه‌لنه‌قڕ) له ساڵی 1998 بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگێردراوه. تا ئێستا زۆربه‌ی خوێنه‌ری كورد لێی بێئاگایه, بۆیه به‌پێویستم زانی له‌م وتاره كورته پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت پێشكه‌ش بكه‌م, به ئومێدی ئه‌وه‌ی له داهاتوو گرنگی زیاتری پێبدرێت و بۆ سه‌ر زمانی شیرینی كوردی وه‌ربگێردرێت.
نووسه‌ر له‌و په‌رتووكه چه‌ند بابه‌تێكی سه‌ره‌كی وروژاندون و به پوختی سه‌رنجی له‌سه‌ر نووسیون, له‌وانه: مه‌فهومی ئایین, مه‌فهومی مرۆڤ, مه‌فهومی زانست و مه‌عریفه, مه‌فهومی دانایی و دادگه‌ری, مه‌فهومی كرداری چاك, مه‌فهومی ئه‌ده‌ب به‌واتای سیسته‌م یان كرده‌وه‌ی جێگرتوو, مه‌فهومی عه‌قڵ و عه‌قڵانیه‌ت, مه‌فهومی ئیسلامیه‌تی زمان و هزر, مه‌فهومی ته‌ئدیب به‌واتایی فێركردن.
نقیب العطاس پێیوایه, ئامانجی خواستن و گه‌ڕان به‌دوای مه‌عریفه و فێركردن له ئیسلامدا بریتیه له به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤێكی چاك –صالح- نه‌وه‌ك هاوڵاتیه‌كی چاك به‌و واتایه‌یی هه‌وڵی مرۆڤێكی چاك وه‌ك مرۆڤ بدرێت، بێگوێدانه ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوێیه؟ هه‌ڵگری ناسنامه‌ی چ وڵاتێكه؟ به چ زمانێك قسه‌ده‌كات؟ هه‌ڵگری چ ئایدیۆلۆژیایه‌كه؟ به‌پێچه‌وانه‌ی فه‌لسفه‌ی رۆژئاوایی، كه ئێستا له جیهان په‌یره‌وده‌كرێت، كه هه‌موو خزمه‌تگوزاری و تایبه‌تمه‌ندییه‌كان ته‌نیا له‌خزمه‌تی هاوڵاتیی و دانیشتووی وڵاته‌كه‌یدایه‌وه.
هه‌روه‌ك له‌بڕگه‌یه‌كی تردا جه‌خت له‌سه‌ر میتۆدی توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌كاته‌وه, به‌تایبه‌ت بابه‌تی وه‌رگرتنی بۆچوونی نوێ و ئاماژه‌كردن بۆ خاوه‌نه‌كانیان, چونكه ئاماژه‌كردن كارێكی ئه‌خلاقییه, هه‌روه‌ك ئاماژه‌نه‌كردن بۆ خاوه‌نه راسته‌قینه‌كانی بۆچوونه‌كان شوره‌ییه‌كی گه‌وره‌یه له بواره زانستیه‌كان. ئه‌و خۆی ئامانجی ئه‌م په‌رتووكه له‌وه دیاریده‌كات, كه هه‌وڵێكه بۆ پێشكه‌شكردنی چوارچێوه‌یه‌كی میتۆدی نوێ كه ده‌كرێت بكرێته به‌ردی بناغه‌ی ته‌صه‌وری ئیسلامی بۆ فه‌لسه‌فه‌ی فێركردن.
زمانی عه‌ره‌بی به‌زمانی ئیسلام هه‌ژمار ده‌كات نه‌وه‌ك ته‌نیا نه‌ته‌وه‌یه‌ك, هه‌روه‌ك نهێنی گه‌وره‌یی فێركردن له ئیسلامدا بۆ گرنگی زمانی قورئان ده‌گێرێته‌وه. ئه‌و پێیوایه سێ تایبه‌تمه‌ندی, كه له زمانی عه‌ره‌بی هه‌ن, بونه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی یه‌كه زمانه‌وانیه‌كان به درێژایی مێژوو مانای جێگیریان هه‌بێت و وه‌كو زمانه‌كانی تر به تێپه‌ڕبوونی كات تووشی گۆڕانی ناوه‌رۆك, رێژه‌یی بون, لادان و ئینحراف نه‌بێته‌وه, ئه‌مانیش: (سیسته‌می ره‌گی –نظام الجذور), سیسته‌می خێزانی یه‌كه زمانه‌وانیه‌كان (نظام حقول المعانی), یه‌كه زمانه‌وانیه‌كان و رێسا و كێش به‌شێوه‌یه‌كی زۆر تۆكمه و ورد رێنوس كراون, كه بونه‌ته زامنی جێگیربوونی ناوه‌رۆكی یه‌كه زمانه‌وانیه‌كان به درێژایی مێژوو. ئاشكرایه ئه‌و گرنگیه‌ی به زمانی عه‌ره‌بی دراوه له رێگه‌ی نووسین و پاراستنی یه‌كه زمانه‌وانیه‌كان له دووتوێی كۆمه‌ڵێك قامووسی گه‌وره گه‌وره له زمانه‌كانی تر به‌دیناكرێت. ئه‌م گرنگیدانه‌ش هه‌ر له سه‌رده‌می هاوه‌ڵان، تایبه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی هاوه‌ڵی پایه‌به‌رز (عبدالله كوری عه‌باس) ده‌ستی پێكردووه, تاوه‌كو ئێستاش به‌رده‌وامه. هه‌ر بۆیه عه‌تتاس به‌پێویستی ده‌زانێت هه‌موو تاكێكی موسوڵمان هه‌وڵی فێربوونی زمانی قورئان بدات.
عه‌تتاس به گرنگیه‌وه ده‌روانێته هه‌ردوو بابه‌تی ته‌فسیر و ته‌ئویلی قورئان, كه یه‌كه‌میان له دیدی ئه‌و له مانا ئاشكراكان خۆی ده‌بینێته‌وه, له‌كاتێك دووه‌م بریتیه له مانا قوڵه‌كان, كه ده‌كرێت له رێگه‌ی ده‌قه‌كانی تری قورئان و فه‌رمووده هه‌لبێنجرێن و بدۆزرێنه‌وه.
ئیسلامیه‌تی زمان (أسلمه اللغه),به‌شێكی تری په‌رتوكه‌كه‌یه, نووسه‌ر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه, كه قورئان له‌رێگه‌ی گۆڕینی تێروانینی گه‌ردوونی مرۆڤ بۆ بوون و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كان, هه‌ڵمه‌تی ئیسلامكردنی زمانی به‌جێگه‌یاند. به‌مه‌ش له زمانی عه‌ره‌بیه‌وه ده‌ستی پێكرد و له‌رێگه‌ی ئاوێزانكردنی یه‌كه زمانه‌وانیه‌كانی زمانی قورئان به زمانی گه‌لانی تر, توانرا ئه‌م شۆرشی به ئیسلامیكردنی زمانه له زمانی گه‌لانی تری جگه له عه‌ره‌بیش جێبه‌جێكرێـت, كه دواتر سه‌ریكێشا بۆ به ئیسلامیكردنی دیدگا, هه‌قناسی و واقیعناسی، سه‌ره‌نجام (خێزانی زمانه ئیسلامیه‌كان – أسره اللغات الإسلامیه) هاته به‌رهه‌م, كه له كۆمه‌ڵێك یه‌كه‌ی زمانه‌وانی هاوبه‌شی ده‌كه‌ن. به‌م پێیه‌ش به‌شێكی به‌رچاو له یه‌كه زمانه‌وانیه‌كانی زمانی عه‌ره‌بی دوای هاتنی ئیسلام, ناوه‌رۆكه‌كه‌یان گۆڕانی به‌سه‌رهات, به‌شێوه‌یه‌ك كه دابشۆرێن له پاشخانه نه‌فامیه بتپه‌رستیه‌كه و به دیدگا و روانگه‌یه‌كی تاقانه په‌رستی پاڵفته‌كران. ئه‌مه‌ش بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی عه‌تتاس زمانی قورئان, وه‌ك زمانی “سروشت زانستی” بناسێنێت (اللغة التي علمية في طبيعتها).
له‌درێژه‌ی بابه‌تی زمان, عه‌تتاس قه‌یرانی هزر, رۆحی و رۆشنهزری هاوچه‌رخی موسوڵمانان بۆ گۆڕینی ناوه‌رۆكی یه‌كه زمانه‌وانیه‌كانی زمانی قورئان ده‌گێرێته‌وه. ئه‌و پێی وایه چۆن غه‌زالی به‌ره‌نگاری هه‌ڵمه‌تی به یۆنانیكردنی چه‌مكه قورئانیه‌كان بوو و له‌كتێبی (تهافت الفلاسفه) تێزه‌كانی داروخاندن, پێویسته له‌م چاخه‌ش شۆرشێكی هاوشێوه بكرێت, بۆ به‌رگرتن به‌و غه‌زوه هزریه‌ی له‌رێگه‌ی ئاخنینی یه‌كه زمانه‌وانیه رۆژئاوایه‌كان ده زمانه‌كانی تر به ئه‌نجام ده‌گات. ته‌نانه‌ت ئه‌و شۆرشه مۆدیرنیزمه رۆژئاواییه له سه‌ده‌ی رابردوو له وڵاته موسوڵمانه‌كان ئه‌نجامدرا, جگه له هه‌وڵی رووخاندن و خاپوركردنی كه‌له‌پووری مه‌عریفی و هزری و رۆحی شتێكی تر نه‌بوو, به‌ڵكو نه‌یتوانی بچوكترین هه‌ستانه‌وه‌ی ژیاری و رۆشنهزری ئه‌نجامبدات. ئه‌گه‌رچی دروشمی نوێكردنه‌وه‌ی زمانی عه‌ره‌بی (تحدیث اللغه العربیه) یه‌كێك بوو له دروشمه دیاره‌كانیان, كاتێك زۆربه‌ی چه‌مكه‌كان به‌ناوه‌رۆكێكی رۆژئاوای ئاخنران, ده‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه پێویسته جارێكی تر ریفۆرم له زمانی عه‌ره‌بی ئه‌نجامبدرێت, ئه‌ویش به پاكتاوكردنی هێما و چه‌مكه رۆژئاواییه‌كان, چونكه بابه‌ته‌كه ته‌نیا له رووی زمانه‌وانیه‌وه كورت نابێته‌وه, به‌ڵكو سه‌رده‌كێشێ بۆ جیهانبینی مرۆڤ, ئاشكرایه جیهانبینی هاوچه‌رخی رۆژئاوا و جیهانبینی قورئان زۆر له‌یه‌ك دوورن و به‌یه‌ك نامۆن.
له‌به‌شێكی تردا, عه‌تتاس, باس له مه‌فهومی فێركردن ده‌كات له ئیسلامدا (مفهوم التعلیم فی الإسلام). ئه‌و پێی وایه ووشه‌ی په‌روه‌رده (التربیه) له‌شوێنی خۆی نیه و به‌هه‌ڵه به عه‌ربیكراوه, چونكه هه‌مان مانای (التعلیم فی الإسلام)نادات به‌ده‌سته‌وه. بابه‌ته‌كانی دادگه‌ری, دانایی, ئه‌ده‌ب په‌یوه‌ندیدارن به‌یه‌كه‌وه. دانانی شتی شیاو بۆ شوێنی شیاو له دیدی عه‌تتاس بریتیه له داد (العدل), هه‌روه‌ها زانینی چۆنیه‌تی شیاوبوونی شتێكی دیاریكراو بۆ شوێنێكی دیاریكراو بریتیه له ئه‌ده‌ب, به‌مشێوه‌یه هه‌ردووكیان (العدل واڵادب) بریتین له ره‌نگدانه‌وه‌ی دانایی (الحكمه). سه‌ره‌نجام چه‌مكی ئه‌ده‌ب له فۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی وه‌ك سیسته‌م و نیزام خۆی ده‌نوێنێت و به (القسط) له زمانی عه‌ره‌بی بۆچوونی لێوه‌كراوه.
دواتر وردتر له‌سه‌ر بابه‌تی ئه‌ده‌ب ده‌نوسێت, ده‌ڵێت: بریتیه له په‌یبردن به ئامانجی هه‌وڵ وده‌ستخستنی مه‌عریفه, ئه‌و ئامانجه‌ش له ئیسلامدا بریتیه له چاندنی خێر و چاكه له مرۆڤدا وه‌ك مرۆڤ و خود. هه‌روه‌ك ئامانجی ئیسلام له ته‌علیم بریتیه له پێگه‌یاندنی مرۆڤێكی چاك (صالح) نه‌وه‌ك هاڵاتی چاك (المواطن الصالح) وه‌ك ئه‌وه‌ی له په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوا هه‌وڵی بۆ ده‌درێت. مه‌به‌ستیش له چه‌مكی چاك (صالح) به دیاریكراوی بریتیه له مرۆڤێكی خاوه‌ن ئه‌ده‌ب, به‌و مه‌فهومه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسكرا. سه‌ره‌نجام به صالح بوونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه, كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی صالح به‌رهه‌مدێت. بۆیه عه‌تتاس پێیوایه, پڕ واتاترین چه‌مك كه بۆ په‌روه‌رده له ئیسلامدا به‌كاربێت بریتیه له چه‌مكی (التأدیب) چونكه زانست و كار (العلم والعمل) له خۆده‌گرێت, كه له‌رێگه‌یه‌وه مرۆڤی صالح, دواتر كۆمه‌ڵگه‌ی صالح به‌رهه‌مدێت. دواتر به درێژی بابه‌تی به‌كارهێنانی چه‌مكی (التأدیب) به هاوواتای (التعلیم) گه‌نگه‌شه ده‌كات.
سه‌باره‌ت به چه‌مكی (التربیه) ئه‌و پێیوایه پاڵپشت به ره‌چه‌ڵه‌ك و ریشه‌ی چه‌مكه‌كه له‌زمانی لاتینی و دواتر ئینگلیزی كه له (educare-educatio-educate- education) وه‌رگێردراوه بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و دواتر به (په‌روه‌رده) كراوه به كوردی. ئه‌و پێیوایه ووشه‌ی (التربیه) هه‌وادارانی حه‌داسه و مۆدێرنه‌ی رۆژئاوایی له‌و 4 ووشه‌ی سه‌ره‌وه وه‌ریانگرتووه, كه ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر نه‌شونمای شته ماددیه‌كان ده‌كات, به‌پێچه‌وانه‌وه فێركردن (التعلیم والتأدیب) له ئیسلامدا پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی ناخ و رۆحه به‌ر له نه‌شونمایی شته ماددیه‌كان. بۆ سه‌لماندنی قسه‌كه‌شی پشت به قسه‌ی كۆمه‌ڵێك زمانه‌وانی عه‌ره‌ب ده‌به‌ستێت كه ووشه‌ی ته‌ربیه واتایی (الإطعام والتغذية والقوت واحداث الزيادة في النمو والاتيان بمحصول ناضج كامل النمو والاستئناس) به‌ده‌سته‌وه ده‌دات.به‌مه‌ش ووشه‌كه ته‌نیا بۆ پرۆسه‌ی فێركردنی مرۆڤ به‌كارنایه‌ت, به‌ڵكو ئاژه‌ڵ و داروده‌وه‌نیش ده‌گرێته‌وه, به‌پێچه‌وانه‌وه ووشه‌ی (التأدیب والتعلیم) كه ته‌نیا بۆ مرۆڤ به‌كاردێت (1).
دواتر عه‌تتاس باس له پاشاگه‌ردانی ده‌كات, كه له ئه‌نجامی نه‌بوونی سیسته‌مێكی مه‌عریفی تۆكمه, كه ئه‌و ناوی ناوه –الأدب-، سه‌ركرده‌ی ساخته و بێ توانا دروست بوون, كه رابه‌رایه‌تی تێكرایی كایه‌كانی ژیان ده‌كه‌ن, سه‌ره‌نجام ته‌واوی سێكته‌ره‌كانی ژیان به‌ره و گه‌نده‌ڵی و دیدڵێل و نادادی رۆشتوون و پاشاگه‌ردانیه‌كی كه‌مه‌رشكێن تووشی كۆمه‌ڵگه‌ی موسوڵمانان بۆته‌وه, تاكه چاره‌سه‌ریش, له‌دیدی ئه‌ودا, بریتیه له گه‌رانه‌وه بۆ مه‌فهومه قورئانیه‌كان, له‌پێشی هه‌موویانه‌وه بابه‌تی (التعلیم والتأدیب), به‌شێوه‌یه‌ك پێویسته پرۆسه‌ی فێركردن هه‌وڵ بۆ بیناكردنی مرۆڤ چاك بدات, كه ئه‌مه‌ش چه‌قی ئامانجه‌كانی بێت, نه‌وه‌ك پێگه‌یاندنی هاوڵاتی چاك, كه ده‌وڵه‌ت بكات به چه‌ق و هه‌موو ئامانجه‌كان له پێناوی ده‌وڵه‌ت بێنه بوون (2). دواتر هێڵكاریه‌ك له‌سه‌ر شێوه‌ی سێكوچكه دروست ده‌كات, كه پێویسته گرنگی پێبدرێت له پرۆسه‌ی فێركردن, ئه‌مانیش هه‌رسێ جه‌مسه‌ری: (مرۆڤ, مه‌عریفه, زانكۆ)یه. مرۆڤ به هه‌ردوو به‌شی: ده‌روون و كاره‌كته‌ره ناوه‌كیه‌كانی وه‌ك رۆح, نه‌فس, دڵ, عه‌قڵ, هه‌روه‌ها جه‌سته و توانا هه‌ستی و جه‌سته‌یه‌كان. مه‌عریفه‌ش له هه‌ردوو مه‌عریفه‌ی پێبه‌خشراو و ده‌ستخراو كورتده‌كاته‌وه. زانكۆش له هه‌ردوو به‌شی زانسته ئاینییه‌كان كه به فه‌رزی عه‌ین هه‌ژماریان ده‌كات, له‌پاڵ زانسته عه‌قڵی و هزری و فه‌لسه‌فیه‌كان كه وه‌ك فه‌رزی كیفایه ده‌یناسێنێت, پوختده‌كاته‌وه.
ئینجا وردتر سه‌باره‌ت به هه‌ردوو به‌شی زانسته‌كان ده‌نوسێت, به‌شێوه‌یه‌ك: قورئان, فه‌رمووده, شه‌ریعه (فیقه, قانون, ئیسلام, ئیمان, ئیحسان), زانستی كه‌لام, میتافیزكیی ئیسلامی (ته‌صه‌وف, ده‌رووناسی, زانسته گه‌ردونیه‌كان) زانسته زمانه‌وانیه‌كان, به‌به‌شی زانسته ئاینییه‌كان ده‌ناسێنێت, كه فه‌رزی عه‌ینن له‌سه‌ر تاكه تاكه‌ی مرۆڤی موسوڵمانی بالغ و عاقڵ، كه پێویسته فێریان ببێت (3).
سه‌باره‌ت به به‌شی دووه‌م, واته زانسته عه‌قڵی و هزری و فه‌لسه‌فیه‌كان, ئه‌و پێیوایه, زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان, زانسته سروشتیه‌كان, زانسته ئه‌زموونیه‌كان, زانسته ته‌كنه‌لۆژیه‌كان ده‌چنه خانه‌ی به‌شی دووه‌م, ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك پێی هه‌ڵبستن له‌سه‌ر باقی ئومه‌ت لاده‌كه‌وێت, چونكه فه‌رزی كیفایه‌ن.ئه‌و پێشیوایه, پێویسته دووباره پێداچونه‌وه به‌گشت زانسته‌كانی به‌شی دووه‌م بكرێت و هه‌موو ئه‌و یه‌كه زانستیانه‌ی له‌گه‌ڵ جیهانبینی ئیسلام و قورئان تێكده‌گیرێن وه‌لابنرێن و زانسته‌كان پاڵفته بكرێن له جیهانبینی نا ئیسلامی, خودی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش بریتیه له (أسلمه).
په‌راوێزه‌كان:
1- ئه‌گه‌ر چی عه‌تتاس گه‌نگه‌شه‌یه‌كی زۆری كردووه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ووشه‌ی (التعلیم) ته‌نیا تایبه‌ته به مرۆڤ له روانگه‌ی ئیسلام و قورئانه‌وه, به‌ڵام به‌بۆچوونی به‌نده, ئه‌م تایبه‌تكردنه‌وه‌ی ووشه‌ی (التعلیم) به مرۆڤ له شوێنی خۆی نیه, چونكه قورئان بۆ گیانله‌به‌رانیشی به‌كارهێناوه, بۆ نموونه له‌سوره‌تی (المائده) ده‌فه‌رموێت: {وما علمتم من الجوارح مكلبین تعلمونهن مما علمكم الله) المائده: 4. ئاشكرایه لێره قورئان باس له (سه‌گی راوی راهێنراو ده‌كات) كه هه‌ردوو ووشه‌ی (علمتم, تعلمون) بۆ به‌كاردێنێت, ئه‌مانیش ده‌چنه‌وه سه‌ر ره‌گی (التعلیم) ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی روونه كه عه‌تتاس زۆر ده‌قیق نه‌بووه له‌و قسه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت: “التعلیم تایبه‌ته به مرۆڤ به‌پێچه‌وانه‌ی التربیه كه ئاژه‌ڵ و نه‌باتیش ده‌گرێته‌وه” (مفهوم التعلیم: 51).
2- سه‌باره‌ت به پێگه‌یاندنی مرۆڤی چاك یان هاولاتی چاك, دیاره عه‌تتاس به‌م بۆچوونه ده‌یه‌وێت جارێكی تر وه‌لائی مرۆڤ ته‌نیا بۆ مرۆڤ بگێرێته‌وه, به‌شێوه‌یه‌ك جیهانبینیه‌ك بۆ تاك دروستبكرێت تاكه پێوه‌ر لای ئه‌و بریتی بێت له مرۆڤبوون, له‌پێناو ئه‌و ئامانجه‌ش تێبكۆشێت, نه‌وه‌ك به‌ته‌نیا هاوڵاتیبوون. ئه‌گه‌ر له زه‌مینه‌ی كرداری بابه‌تی پێداونگی هاوڵاتیبوون هه‌ڵبسه‌نگێنین ده‌بینین كه تا سه‌رئێسقان له دووفاقیی رۆچووه, چونكه ته‌واوی رق و خۆشویستن, سه‌رخستن و دژایه‌تی له‌سه‌ر ئه‌ساسی وه‌لائی وڵات و نیشتیمان ده‌بێت نه‌وه‌ك مرۆڤ. هه‌ر ئه‌مه‌ش تاكه پاڵنه‌ری رۆژئاوایه كه به‌رگری له تاك به تاكی هاوڵاتیانی خۆیان ده‌كه‌ن, به‌ڵام هیچ باكیان به رژانی خوێنی خه‌ڵكی تر نیه, كه ئه‌مه‌ش كاره‌ساتی مرۆیی و ویژدانی و ئه‌خلاقی گه‌وره‌یی به‌دوای خۆی هێناوه. بۆیه بانگه‌شه‌ی چه‌سپاندنی مافه‌كانی مرۆڤ و یه‌كسانی ئه‌و كاته مانای ده‌بێت كه خوێنی رۆژئاواییه‌ك یه‌كسان بێت به خوێنی رۆژهه‌ڵاتیه‌ك, بێ جیاوازی: نه‌ته‌وه‌ی, ئاینی, ره‌گه‌زی..هتد, ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌وه به‌رهه‌مدێت, كه مرۆڤبوون ئه‌ساس و بناغه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن بێت, هه‌روه‌ك له جیهانبینی قورئانی هه‌ر خودی مرۆڤبوون به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی شیاوی رێز لێگرتن بێت.
3- سه‌باره‌ت به بابه‌تی دابه‌شكاری زانسته‌كان بۆ هه‌ردوو به‌شی (فه‌رزی عه‌ین و فه‌رزی كیفایه) عه‌تتاس هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی شه‌رعی ناخاته ڕوو، جگه بابه‌تی گرنگیپێدان. به‌واتایه‌كی تر ئه‌و پێیوایه، كه ئه‌و زانستانه‌ی ئه‌و به فه‌رزی عه‌ین هه‌ژماریكردوون، هێنده گرنگن كه ناكرێت هیچ موسوڵمانێك خۆیان لێببوێرێت. به‌ڵام به‌م ره‌هاییه له‌شوێنی خۆی نیه، چونكه گونجاونیه كه تاكه تاكه‌ی موسوڵمانان فێری ئه‌و هه‌موو زانستانه ببێت، چونكه هه‌م ته‌مه‌نه‌كه به‌ش ناكات و هه‌میش به‌شێك له بابه‌ته‌كانی ئه‌و زانستانه به به‌رده‌وامی له فراوانی و نوێبونه‌وه‌دان.