پلۆرالیزمی دینی و ئیسلام

جان هێک ( :John Hick١٩٢٢ ـ ٢٠١٢) بیرمەندی ئینگلیزی و فەیلەسوفی دینە کە زیاتر لەبەر تیۆرییەکەی سەبارەت بە پلۆرالیزمی دینی ناسراوە. هێک دوای ئەوەی کە دوکتۆراکەی لە بواری فەلسەفە لە زانکۆی ئاکسفۆرد بە دەست دەهێنێ، لە زانکۆی بیرمێنگام وەک مامۆستای زانستی کەلام دەست بەکار دەکا. دواتر وەک پرۆفسۆری فەلسەفەی دین لە زانکۆی کلێرمانتی کالیفۆرنیا ( Claremont Graduate University) لە ئەمریکا بۆ ماوەی سیانزە ساڵ (١٩٧٩ ـ ١٩٩٢) سەرقاڵی توێژینەوە و وانەگووتنەوە دەبێ. ئەم وتارەش ئەم وانەوتارە لە ساڵی ٢٠٠٥ پێشەکەشی ئەنیستیتۆی کولتوور و هزری ئیسلامی لە تاران کراوە. بە گونجاومان زانی خوێنەری كورد بە بۆچوونەكانی ئاشنابێت، بۆچوونەكانیشی گوزارشت لە رای خۆی دەكات نەك سەنتەری زەهاوی.
بابەتی پەیوەندی نێوان دینەکان گرنگییەکی لە ڕادە بەدەری هەیە، تەنانەت ئەمڕۆکە ئەم گرنگییە زۆر زیاتر لە ڕابوردوو بەرچاو دەکەوێ. بۆ چەندین سەدە هەر شەڕێک لە نێوان نەتەوەکاندا ڕووی دەدا، بەشێوەک بابەتێکی ئایینی پێوە دەگلا؛ هەرچەند ڕەنگە ئایین وەک هۆکاری سەرەکی شەڕەکان خۆی دەرنەخستبێ، بەڵام وەک فاکتۆرێک خۆی نیشان داوە کە بایەخێکی بۆ شەڕەکان پێناسە کردووە و هەروەها ئاگری ناکۆکییەکەی داگیرساندووە. هەنووکە من دەمەوێت وەک بابەتێکی ناو فەلسەفەی دین باس لە پلۆرالیزم بکەم، هەرچەند لە ڕێڕەوی ئەم کارەدا بۆمان دەردەکەوێ کە هەندێک لەو تێگەیشتنانەی کە سەبارەت بەم پەیوەندییە هەیە زۆر ئاسانتر لە هەندێکی تریان توانیویانە بۆ شەڕەکان پاساو بهێننەوە یان پاڵنەریان بن و یان بە سوودی خۆیان کەڵکیان لێوەرگرن.
بۆچی ئەم بابەتە کێشەیەکی فەلسەفییە؟ هەر دینێک لەگەڵ ئەم بیرۆکە ڕاهاتووە کە خۆی یان تاقە ئایینە یان تەنیا هەقیقەتی ڕاستەقینەیە، یان لانیکەم ڕاستترین و باشترینی ئایینەکانە. کەواتە ئایا ئەم دۆخە بەم شێوەی لێ دەرنایەت کە تەنیا یەکێک لە دینەکان ڕاست بێ و ئەوانی تر، بەشێوەیەکی ڕەها یان هەتا ڕادەیەک، هەڵە بن؟
هەرچەند لێرەدا دەبێ زیاتر ورد ببینەوە و هەر ئەمە کێشەیەک بۆ بەرجەوەندی دۆخەکە دەنێتەوە. لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو بابەتانەی لە جیهاندا پەیوەندییان بە دینەوە هەیە، ئەو ئایینەی کە کەسێک پەیڕەوی دەکات (هەروەها لە ڕەوتی دژایەتی کردنیدا، جاروبار سەرپێچی لێ دەکا)، بەشیمانەی زۆرەوە و لە نزیکەی ٩٨% پەیوەندی بە شوێنی لەدایکبوونی ئەو کەسەوە هەیە. کەسێک کە لەناو بنەماڵەیەکی موسڵمان و لە وەڵاتێکی موسڵماندا یان لە بنەماڵەیەکی موسڵمان و لە وەڵاتێکی نائیسلامیدا لەدایک دەبێت، بە گریمانەی زۆرەوە دەبێتە موسڵمان. ئەو کەسەی لە بنەماڵەیەکی مەسیحیدا لەدایک دەبێ، بە هەمان شیمانەوە دەبێتە مەسیحی. هەروەها ئەم هەقیقەتە سەبارەت بە جولەکەکان، هێندووەکان، سیکەکان، بوداییەکان و تائۆئیستەکان بەڕاست دەگەڕێ. زۆر دەگمەنە کەسێک کە لە بنەماڵەیەکی بودایی و لە تەبەت لەدایک بووە، بەشێوەیەکی مەسیحی یان موسڵمان پەروەردە بکرێ و پێبگات. هەروەها ڕێی تێ ناچێ کەسێک لە ئێران یان پاکستان لەدایک بووە، بەشێوەیەکی مەسیحی یان بودایی گەشە بکا و گەورە ببێت؛ ئەم شێوازە لە شوێنەکانی دیکەی جیهانیشدا دەبیندرێ. ڕاستیی مێژوویی ئەم بابەتە لەوەدایە کە دین لەگەڵ زمان و کولتوور بەمیرات بە ئێمە گەیشتووە و هەمیشەش هەر وا بووە. هەروەها ئەو ئایینەی کە لە سەردەمی منداڵییەوە فۆرمێکی بە ئێمە داوە، بەشێوەیەکی سروشتی وەک هەقیقەتێکی ئاشکرا و ڕوون بۆمان دەردەکەوێ. ئەو دینە لەگەڵ ئێمە و ئێمە لەگەڵ ئەو دینە کۆکین و بەشێوەیەکی گشتی هیچ دینێکی تر ناتوانێت بەو شێوەیە لەگەڵماندا بگونجێ. ڕاستە کە گۆڕانی ئایین لە هەندێک کەسدا و بەشێوەیەکی تاک لە ئیمانێکەوە بۆ ئیمانێکی تر بەرچاو دەکەوێ، بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە لە چاو ئامارێک کە لە بەراورد لەگەڵ گواستنەوەی هەمەلایەنەی ئیمانێک لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دواتر لەناو نەریتێکدا دەبیندرێ زۆر کەم هەژمار دەکرێت.
چۆن دەکرێ لەم بارودۆخە جیهانییە تێبگەین کە لەبەر هۆکاری ڕووداوی لەدایکبوون، هەموومان لە بابەتی دینێکەوە دەست پێ دەکەین کە بەشێوەیەکی نەریتی وەک ئیمانێکی ڕاستەقینە سەیرمان کردووە؟ بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە لێکۆڵینەوە لەمەڕ ئەو پەیوەندییەی کە لەنێوان دینەکاندا هەیە بەرەوڕووی هەندێک دژواری دەبێتەوە کە ناکرێ خۆمانی لێ بدزینەوە.
لەبەر بوونی چەندین فاکتۆر ئەم پرسیارە بەشێوەیەکی تایبەت بەپێویست دانراوە. یەکێک لە فاکتۆرەکان ئەوەیە کە ئێستا ئێمە سەبارەت بە دینە جیهانییەکانی دیکە، لە ئاست نەوەی پێش لە خۆمان، زۆر ئاسانتر زانیاریمان دەست دەکەوێ. فاکتۆرێکی تر ئەوەیە کە ئیمان و دینە جیاوازەکان، ئیتر هەتا ڕادەیەکی بەرچاو، بەتەواوی لەناو نەتەوە جیاوازاکەندا چڕ نەبوونەتەوە و بەم شێوەیە نەماوە کە هەموو ئەندامانی نەتەوەیەک پەیڕەوی یەک ئایین بن. بۆ نموونە، هەر ئێستاکە چەند ملیۆن موسڵمان لە ئۆروپای ڕۆژئاوا دەژین و لە وەڵاتی منیشدا، بریتانیا، ژمارەی موسڵمانەکان بە دوو ملیۆن کەس دەگات. لەڕاستیدا لە شاری بیرمێنگهام، ئەو شوێنەی کە من لێی دەژیم، ڕەنگە زیاتر لە سەد مزگەوتی لێ بێ کە هەموویان بە شێوەی نەریتی مێعماری ئیسلامی دروست نەکراون، هەرچەند سازکردنی مزگەوت لەسەر بنەمای مێعماری ئێسلامی ڕوو لە زیاد بوونە؛ هەروەها هەندێک لە ماڵەکان بوون بە شوێنی نوێژ و پاڕانەوەی خۆماڵی. هەر لە بیرمێنگهام، لە کەنار خەڵکێکی زۆر کە باوەڕیان بە لقە جیاوازەکانی مەسیحییەت هەیە، ژمارەیەکی بەرچاو لە سیکەکان و هێندووەکان و بەڕادەیەکی کەمتر جولەکە، بودایی و بەهاییەکان دەبیندرێن و هەموو ئەمانە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سێکۆلار (وەک ئەوەی باوە) یان پاش ـ مەسیحی لە شارەکەدا پێکەوە دەژین. ژیانی هەموومان لە یەک شاردا پێکەوەیە و بەشێوەیەکی گشتی ناکۆکییەک لە نێوانماندا نییە و تەنانەت زۆربەی کات پەیوەندییەکی باش و گونجاومان لەگەڵ یەکتردا هەیە. هەنووکە کاتی ئەوە هاتووە کە واتا ئێلاهیاتییەکانی ئەم باسە لێک بدەینەوە. ئێمە هەموومان، بە هەر دین و ئیمانێکەوە، پێویستیمان بە تاقمێک زانای ئێلاهیات و فەیلەسوف هەیە کە بیر لەم پرسیارە گشتییە بکەنەوە کە چۆن لە ڕاستیی فرەبوونی ئایینی تێبگەین. ئایا ئێمە دەبێ لێی پاشگەز ببینەوە یان وەکوو بابەتێک سەیری بکەین کە خودا بۆمانی بڕیوەتەوە؟
فاکتۆرێکی ئاڵۆز و مشتومڕهەڵگر کە زۆربەی کات ئاوڕی لێ نادرێتەوە ئەوەیە کە ئەو تاک و کۆمەڵگایانەی کە دەیان سەدە لەمەوبەر وەحی قورئانی و کتێبی پیرۆزیان بۆ هاتووە، ئاگاییەکی زۆر سنوورداریان لەبارەی ئەندازەی زەوی و ژمارەی دانیشتووان و جۆراوجۆری خەڵک و کولتوور و ئایینەکانیانەوە هەبووە؛ هەڵبەت ئێمە تەنیا باسمان لەم دوو دینە کردووە. ئاسۆی ڕوانینی پەیڕەوانی ئەم دوو دینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دنیای ڕۆژهەڵاتی ناڤین تێنەدەپەڕی؛ هەرچەند بە پەرەسەندنی هەرێمی ئاگاییەکانیان، دوای ماوەیەک لە هێند و چین سەریان دەرهێنا و دواتر لە ڕوسیە و پاش ماوەیەکی تر ئەمریکاشیان لەخۆ گرت. بەڵام پەیامی سەرەکی، لەسەر بنەمای زمانەکان و کولتووری بەشێکی هەتا ڕادەیەک بچووک لە جیهان وەردەگیرا و ڕادەگەیەندرا؛ هەرچەند ئەمڕۆکە دەبێ بەشێوەیەکی جیهانی بیر لە پەیوەندییەکانی ڕەگەزی مرۆڤ بەتەواویەتی لەگەڵ سەرچاوەی وەحی ئیلاهی بکەینەوە و بەوردی بۆی بڕوانین.
لە ماوەی بیست ساڵی ڕابوردوودا بەخێرایی ئەدەبیاتی پەیوەندیدار بەم بابەتە گەشەی سەندووە و ئێستاکە سەدان کتێب و وتاری نوێ لەوبارەوە چاپ و بڵاو دەبێتەوە. هێشتاکە زۆربەی بڵاوکراوەکان بە زمانی ئینگلیزین، هەرچەند ژمارەیەکی ڕوو لە گەشەی ئەم بەرهەمانە بە زمانی ئاڵمانی و زمانەکانی چەند وەڵاتی ئیسلامی وەکوو تورکییە و ئێران [زمانی تورکی و فارسی] دەست دەکەون.
بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەم ڕوانگەیە پەسەند کراوە کە سەبارەت بەم مژارە سێ قوتابخانەی فیکری لە ئارادایە: تەسکباوەڕی، گشتگرباوەڕی و هەوروەها پلۆرالیزم [فرەچەشنباوەڕی]. سەرەتا با لە تەسکباوەڕییەوە دەست پێ بکەین.
تەسکباوەڕی
بە ئاسانترین شێوە، تەسکباوەڕی لە ڕێگەی چەند زاراوەیەکەوە وەسف دەکرێ کە زیاتر لەوەی گشتی بن، پەیوەندییان بە دینێکی تایبەتەوە هەیە. لەبەر ئەوەی کە من سەبارەت بەم مژارە، زیاتر دەربارەی مەسیحییەت و ئەدەبیاتی مەسیحییەوە، لە بەراورد لەگەڵ دینەکانی دیکە، زانیاریم هەیە، کاتێک دەمەوێ شرۆڤەی تەسکباوەڕی بکەم متمانەم بە قسەکردن لەبارەی هەڵوێستی مەسیحییەتەوە هەیە. بەڵام دەکرێ خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم بابەتە لە ڕێگەی زاراوەکانی ئیسلام یان هەر دینێکی ترەوە بێت.
بەگوێرەی هەڵوێستی مەسیحی، تەسکباوەڕی بریتییە لەم باوەڕە کە مەسیحییەت ئایینێکی تاقانایە و تەنیا دینی ڕاستەقینەیە؛ شێوازی ڕزگاریدەرییەکەی، کە تەسکباوەڕەکان لە گەیشتن بە بەهەشتدا دەیبینن، تەنیا تایبەت بە مەسیحییەکانە. بۆ دەیان سەدە مەسیحییەکان وەک بابەتێکی سەلمێندراو سەیری ئەم مژارەیان دەکرد و لە ڕاگەیاندراوە ڕەسمییەکان وەکوو ڕاگەیاندراوی ئەنجومەنی فلۆرێنس (٤٥ ـ ١٤٣٨ زایینی) بەپیرۆزییە باس لەوە دەکات “هیچ کەسێک لە دەرەوەی کڵێسەی کەسۆلیکەوە، نە تەنیا کافرەکان، بەڵکوو هەروەها جولەکەکان و لادەرەکان و دووبەرەکیخوازەکان ناتوانن لە ژیانی هەرمان و ئەبەدیدا بەشدار بن. ئەوان دەخرێنە ئاگرێکی هەتا هەتاییەوە کە بۆ شەیتان و هاوڕییانی ئامادە کراوە، مەگەر ئەوەی کە پێش لە مردن بە کڵێسەوە پەیوەندی بگرن.” لەو سەردەمەدا، کڵێسە موسڵمانەکانی لەناو جەرگەی ئەو کەسانەی لە دین هەڵگەڕاون پۆلینبەندی دەکرد و تاوانی دەخستە پاڵیان. بەڵام لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم کڵێسەی کەسۆلیک کە گەورەترین بەشی مەسیحییەت پێک دێنێ، ئەم حوکمەی کەمێک ڕێک کردەوە. کڵێسەی کەسۆلیک هیچ کاتێک نەیدەتوانی ڕاستەوخۆ بڵێ کە یەکێک لە ڕاگەیاندراوە ڕسمییە پێشووەکانی کڵێسە هەڵەیە؛ بەڵکوو جاروبار ئەو بڕیارانەی تێدەپەڕاند و خۆی لی تێنەدەگەیاند و ئیتر بەرەو ئەوە دەڕۆشت کە بابەتێکی جیاواز بێنێتە ئاراوە. بەڵام ئەم باسە تەنیا لە ئەنجومەنی دووەمی ڤاتیکان و لە دەیەی شەستدا بوو کە بەشێوەیەکی ڕەسمی ڕاگەیەندرا کە دەکرێ ڕزگاربوون لەناو دینەکانی تریشدا ڕوو بدات. بەڵام ئەم دانپیانانە بەشێوەیەک هەموار کرا کە ئێمە لە کاتی شرۆڤەی گشتگرباوەڕیدا باسی لێ دەکەین. تەسکباوەڕی ڕەها، هێشتاکە بەهێزەوە و لە لایەن کەمینەیەکی بچووک لە بنەماباوەڕە کەسۆلیکییەکان و بەشێوەیەکی بەربڵاوتر لە لایەن ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییە بنەماباوەڕە پرۆتستانەکانەوە (کە دەکرێ ناوی نا ـ کەسۆلیکییەکانیان لێ بنێین) پەیڕەو دەکرێ.
بەرگریکارێکی فەلسەفی پێشەنگ بۆ تەسکباوەڕی مەسیحی، ئەلڤین پلەنتینگا لە زانکۆی نۆتردامە. ئەو لۆژیکزانێکی بەتوانا و پاڵپشتێکی گرنگ بۆ شێوازێکی تەواو کۆنەپارێز لە مەسیحییەتە. ڕابردووی فکری خۆی بۆ کالڤینیسمێکی هۆلەندی دەگەڕێتەوە. بەڵگەهێنانەوەی ئەو لە وتاری “پلۆرالیزم: بەرگرییەک لە تەسکباوەڕی” لە بنەڕەتدا سادە و ڕاست و ڕەوانە. هەر کەسێک بەشێوەیەکی یەکلاییکەرەوە دڵنیا ببێت کە خۆی و هاوئیمانەکانی هەقیقەتی کۆتایی دەزانن و تەواو بە خۆی ڕێگە بدا کە ئەم خاڵە بەشێوەیەکی دوگم بسەلمێنێت و هەروەها بیسەلمێنێ کە هەر باوەڕێک کە لەگەڵ ئەوەی خۆیدا نەگونجێ هەڵەیە. بۆ کەسێکی تەسکباوەڕ پێویست ناکات کە سەبارەت بە ئایینەکانی دیکە جگە لەم ڕاستییەی کە لەگەڵ مەسیحییەت جیاوازییان هەیە و باوەڕی جیایان هەیە شتێکی ئەوتۆ و زیاتر بزانێ؛ لەبەر ئەوەی کە بەشێوەیەکی پێشەکی [پێشئەزموونی] زانیویەتی ئەو ئایینانە هەڵەن. پلەنتینگا لە شرۆڤەی ئەم ڕەوتەدا بەڵگە دەهێنێتەوە کە تەسکباوەڕەکان لەخۆبایی یان داگیرکەرانە بیر ناکەنەوە و هەروها هیچ کام لە ڕێسا زانینناسییەکان پێشل ناکەن. من بەپێی ئەو ناسینەی کە لە ئەلڤینم هەیە دەزانم کە ئەو کەسێکی لەخۆبایی نییە و هیچ کام لە تەسکباوەڕەکان نابێ لووتبەرز بن و هەڵوێستێکی پاوانخوازانەیان هەبێت، هەرچەند ڕەنگە کە تاقمێکیان بەم شێوەیە بیر کەنەوە؛ بەڵام بۆ من کێشەکە خۆی لەم بابەتەدا نابینێتەوە.
لەڕووی زانینناسییەوە، ئەم داخوازییە کە تاقمێک وای دادەنێن کە تەنیا بۆخۆیان هەقیقەتی کۆتایی دەزانن، هەڵە نییە و ئەم جگە لە بابەتێکی سەرەتایی شتێکی دیکە نییە؛ چونکە ئەم پرسە وەک دەروازەیەکی نزم، بۆ سیستمێکی بڕواپێکردن، وایە کە دەبێ لێیەوە تێپەڕێت؛ بۆ نموونە، ئەم تێڕوانینە، بەشێوەیەکی یەکسان پاساو بۆ ئەم داخوازییە دەهێنێتەوە کە سون یونگ مون، بانگخوازی مەسیحی لە کۆریای باشور، دوایین پێغەمبەرە و تەنیا پەیڕەوەکانی ئەو لە هەقیقەتی کۆتایی تێدەگەن یان داخوازی پەیڕەوانی کڵێسەی هاتنی ڕۆژی حەوتەم لە ئایینی مەسیحییەتدا یان موسڵمانانی پەیڕەوی ئەحمەدییە لە ئایینی ئیسلامدا کە پێیان وایە تەنیا بۆخۆیان ئاگایان لە هەقیقەتی کۆتایی هەیە. بەرگری پلەنتینگا بەشێوەیەکی یەکسان پاساو بۆ داخوازی هەر دەستەیەکی گەورە و بچووک لە هەر شوێنێک دێنێتەوە و باس لەوە دەکات کە ئەو دەستەیە بەتەنیایی هەقیقەتی ڕەهای بەدەستەوەیە. بەڵام وا دەردەکەوێ، ئەوەی کە لە ڕووی زانینناسیی و لۆژیکییەوە تەسکباوەڕی ڕێگەپێدراوە، تەنیا پرسێکە کە پلەنتینگا سەبارەت بە بەرگری کردن لە تەسکباوەڕی ئاوڕی لێ داوەتەوە. پلەنتینگا لە دوایین کتێبی خۆیدا بەناوی باوەڕی مەسیحییەتی ڕەوا، هەوڵ دەدا پاساوێکی گشتگرتر بۆ ئایینی مەسیحی پێشنیار بکات؛ بەڵام ڕێگەپێدان یان ڕەوا پێشاندانی زانینناسیانە ڕەوتێکە کە ناتوانێ هەموو وردکارییەکان دەستنیشان بکات. بەڕای من بابەتی جێگای مەترسی بریتییە لەوەی کە ئەمڕۆکە لە ڕووی واقیعەوە بۆ دەبێ چاوپۆشی لە بەستێنی جیهانی ئەو دۆخە بکەین کە تیایدا دەژین یان ئەم ڕاستییە پشت گوێ بخەین کە دینەکانی دیکە و بەتایبەت ئیسلام، بە هەمان شێوە کە مەسیحییەت پەیڕەوی دەکات، مرۆڤەکان لە خۆویستییەوە بەرەو پەرەستنی خودا ڕێنوێنی دەکەن. پلەنتینگا ئەم بابەتانەی ئەژمار نەکردووە. ئەم تایبەتمەندییە جیهانیانە و هەروەها ئاڵۆزییەکانی ژیانی ڕاستەقینە لە بیرۆکەی پلەنتینگادا ڕەنگدانەوەی نەبووە. سەرەڕای ئەمانە هەڵوێستەکەی ئەو تەواو بنەمایەکی دەرهەستی هەیە و بەتەواویەتی پێداگری لەسەر هەندێک باوەڕی گوزارەیی دەکات و کاتێک دەیەوێ پێداگری لە تەسکباوەڕی بکات، باس لەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە ڕزگاربوون یان دەرنجامە مەعنەوی و ئاکارییەکانی ئیمان لە دەرەوەی مەسیحییەت ناکات. ڕەنگە ئەگەر پرسیارێک سەبارەت بە ڕزگاربوونی ئەو زۆرینەیەی ڕەگەزی مرۆڤ کە مەسیحی نین لە پلەنتینگا بکرێ، لە وەڵامدا بڵێت: ئەمە بابەتێکە کە تەنیا خودا لەبارەیەوە زانیاری هەیە. بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە بێت، ئەی چۆن پلەنتینگا یان هەر کەسێکی تر لە تەسکباوەڕەکان دەتوانێ بزانێ کە تەنیا دەستە و تاقمەکەی ئەو هەقیقەتی کۆتایی و ڕزگاریکەری بەدەستەوەیە؟
من نازانم لە چ ئاستێکدا تەسکباوەڕانی موسڵمان بوونیان هەیە کە ئەم باوەڕەیان هەبێ تەنیا موسڵمانەکان و ڕەنگە تەنیا پەیڕەوەکانی سێ دینی ئەهلی کتێب [ئیسلام، مەسیحییەت، جولەکە] بتوانن بڕۆنە ناو بەهەشتەوە. من وا تێدەگەم کە هەندێک کەسی وامان هەبێت؛ چونکە جارێکیان موسڵمانێک بەجدییەتەوە بە منی گووت ئەگەر ئایینەکەی خۆم بۆ باوەڕەکەی ئەو کە کەمینەیەکی تایبەت لەناو دینی ئیسلامدا بوو نەگۆڕم، ئەوا جێگام جەهەننەم دەبێ. بەمگوێرەیە هەتا ئەو کاتەی تەسکباوەڕێکی موسڵمان هەبێ، ڕەخنەکانی من لە تەسکباوەڕی بەشێوەیەکی یەکسان ئەوانیش دەگرێتەوە.
ڕەخنەیەکی بنەڕەتی لە تەسکباوەڕی مەسیحی و ئیسلامی ئەوەیە کە تەسکباوەڕی بەشێوەیەک ئەم مانایە لەخۆ دەگڕی کە تیایدا حاشا لە ڕەحمەتی بەرفراوانی خودا بۆ هەموو مرۆڤەکان و هەروەها خۆشەویستی، ڕەحم و دڵۆڤانی خودا، واتە تەنیا بەدیهێنەری جیهان و هەموو مرۆڤەکان، دەکرێت. ئەگەر خودا بەدیهێنەری ڕەگەزی مرۆڤە، ئایا جێگای باوەڕە سیستمێک ساز بکات کە تیایدا موقەدەر وا بێ چەند سەد ملیۆن پیاو و ژن و منداڵ، واتە زۆرینەی ڕەگەزی مرۆڤ، بیئەوەی هەڵەیەکیان کردبێت بکەونە ناو عەزابی هەمیشەیی جەهەننەمەوە؟ من دەبێژم “هیچ هەڵەیەک لە لایەن ئەوانەوە ئەنجام نەدراوە”، چونکە ئەمە خەتای کەس نییە کە لە جیاتی ئەوەی ناوچەیەکدا لەدایک بن کە تەسکباوەڕی وەک تەنیا هەرێمی ڕزگاریی دەیناسێت، لە شوێنێکی دیکەدا هاتبێتنە دنیا.
فەیلەسوفی مەسیحی تەسکباوەڕ ویلیام لان کرەیج هەوڵی داوە ئەم کێشەیە لە ڕێگەی پەنابردن بۆ بیرۆکەی “زانینی نێڤانجی” چارەسەر کات؛ بەگوێرەی ئەم بیرۆکەیە خودا ئاگای لە تەواوی ئەو شتانە هەیە کە مرۆڤ، لە هەموو ئەو بارودۆخانەدا کە دەتوانن بیریان لێ بکەینەوە، ئەنجامی دەدات. کرەیج ئەم داخوازییەی هەیە کە خودا دەزانێ ئەو کەسانەی ئێنجیلی مەسیحییان بۆ نەهاتووە، ئەگەر بۆیان بهاتبایە ئەوان بەرپەرچیان دەدایەوە و ڕەدیان دەکردەوە؛ کەواتە ئەمە ناعادلانە نییە کە ئەو کەسانەی زۆرینەی مرۆڤ پێک دێنن، دەبێ مەحکوم بە تاوانێک بکرێن. بەڵام بەئاشکرایی دەردەکەوێ کە ئەم بۆچوونە وشکەبڕواییەکی پێشەکییە [پێشئەزموونی] و سەدان ملیۆن موسڵمان پێش لەوەی کە هێچ زانیارییەکیان لەبارەیانەوە هەبێ، مەحکوم دەکرێن؛ تەنانەت زۆربەی فەیلەسەوفە مەسیحییە کۆنەپارێزەکانیش ئەم بیرۆکەیان لە لا ناپەسند بووە و وەک بابەتێکی نەگونجاو سەیریان کردووە. بەگوێرەی هەر ڕوانگەیەکی ژیرانە، تەسکباوەڕی، جا لەناو هەر ئایینێکدا بێ، لەگەڵ ئەو خودایەدا ناگونجێ کە بەزەیی و دڵۆڤانییەکەی هێندە بەرینە کە تەواوی ڕەگەزی مرۆڤ دەگرێتەوە.