توێژینەوە

عەبدولوەھاب مەسیری… دیدێکی فەلسەفیی ناوازە بۆ جیھان و مرۆڤ

سامیح عۆدە
ئەلجەزیرە نێت

(الله، بنەمای سەرەکیی ھەموو شتێکە، بنەمای سەرەکیی پەیوەندیگرتنە لەنێوان خەڵکیدا بۆ گەرەنتی و دەستەبەری ئەوەی کە ڕاستی و حەقیقەت ڕاستی و حەقیقەتن، ئەگەر خوا لەبیرکرا؛ ئەوا بنەما و بناغەی بوونەوەر ھەمووی کۆتایی دێت) – عەبدولوەھاب مەسیری

مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی (١٩٣٨)دا، بەدیاریکراوی لەشارۆچکەی (دەمەنھور)ی پارێزگای (بوحەیرە)، وادەی ھاتنەدونیای کۆرپەی نوێی بنەماڵەی خانەدانی (ئەلـمەسیری) بوو: “عەبدولوەھاب”. ئەو، بەپێچەوانەی ڕێچکەی بازرگانیی باوکییەوە ھەر لەسەرەتای پێگەیشتنییەوە ڕێی زانست و ڕۆشنبیریی بەسەر ڕێچکەکانی دیکەی ژیاندا ھەڵبژارد. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیی لەشارۆچکەکەی خۆی دەستپێکرد، ئەوێ بەپێی وتەی خۆی ناوینابوو قۆناغی دروستبوون و تۆو (قۆناغی نەونەمامی)، پاشان بەرەو ئەسکەندەرییە دەکەوێتەڕێ و لەکۆلێژی ئاداب ڕێچکەی دوورودرێژی ژیانی لەگەڵ ئەدەب و فیکردا دەستپێدەکات، پاش چوارساڵ لەسەرکەوتنی لەخوێندندا لەساڵی ١٩٥٩دا بە”یاریدەدەری توێژەر- موعید” دادەمەزرێت، پاش چوار ساڵی دیکە بۆ خوێندنی ماستەر لەزانکۆی “کۆڵۆمبیا” دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ساڵی ١٩٦٩ بەبڕوانامەی دکتۆراوە لەئەدەبی ئینگلیزی و ئەمەریکیی بەراوردکاریی لەزانکۆی “ڕیتجەرز”، دەگەڕێتەوە میسر.

لەمیسر، پاش گەڕانەوەی، “دکتۆر عەبدولوەھاب مەسیری” پۆستی سەرۆکی یەکەی فیکری زایۆنی لەناوەندی توێژینەوە سیاسی و ستراتیژەکان لەئەھرام وەردەگرێت. ئەو پۆستە، بووە ھۆی پتەوکردنی کۆزانیاریی ناوبراو و توێژینەوەکانی لەبارەی بزوتنەوەی زایۆنی، ھەروەھا کاریگەریی بەسەر بەرھەمی فیکریی “مەسیری”دا لە مەوسوعەی “جولەکە و جولەکایەتی و زایۆنی” بەجێھێشت. دواتر گواستییەوە بۆ پۆستی ڕاوێژکاری کەلتوریی نوێنەرایەتی ھەمیشەیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەب لەدەستەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەشاری نیویۆرک، بەوەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ سیاسەتمەدار و بیرمەندان لە خۆرھەڵات و خۆرئاوا بەرفراوان بوو و ھەلی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە لەنزیکەوە و بەتێکەڵبوون؛ لەکۆمەڵگەی خۆرئاوایی بکۆڵێتەوە.
پاشان ڕێچکەی فەرمانبەریی خۆی، ھەر لەو شوێنەوەی کە دەستیپێکرد، لەکۆلێژی ئاداب، بەپایان گەیاند. پۆستی مامۆستای ئەدەبی ئینگلیزی و بەراوردکاریی یەکلەدوای یەک لەزانکۆکانی “عەین شەمس” لەمیسر و زانکۆی “شا سعود” لەسعودییە و زانکۆی “کوەیت” و زانکۆی ئیسلامیی “مالیزیا” لەکوالالامپور، وەرگرت. ھەر لەو ماوەیەشدا ھاوتەریب لەگەڵ کاری ئەکادیمیدا پۆستی ئەندامی ئەنجومەنی ئەمیندارانی زانکۆی زانستە ئیسلامی و کۆمەڵایەتییەکانی لە”لیسبرج” لەویلایەتی ڤەرجینیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەرگرت، ھەروەھا ڕاوێژکاری نووسین بوو لەژمارەیەک لەگۆڤارە ساڵانەییەکان کە لەوڵاتانی مالیزیا و ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئینگلتەرا و فەڕەنسا دەردەچوون. ئەم قۆناغەش، – وەک خۆی دواتر لە یادەوەرییەکانیدا ناوی نابوو – (قۆناغی بەرھەم و بەروبوم)ی ژیانی بوو.

“عەبدولوەھاب مەسیری”، لەڕێی فەلسەفەکەیەوە، حاڵەتێکی “تایبەت و ناوازە بوو لەمێژووی فیکری عەرەبی و ئیسلامیی ھاوچەرخدا، حاڵەتێک کە تا ئاستی ھەڵاوێر باڵای دەکرد، نەک ھەر بەتێڕوانین بۆ گشتگیربوونی لایەنە جێگرنگەکانی کۆزانیاریی خۆی لەبوارەکانی ئەدەب و ڕەخنە و فەلسەفەی مێژوو و کاری مەوسوعی و وەرگێڕاندا، بەڵکو لەبنەڕەتدا بەڕووانین بۆ ڕەسەنێتی داھێنانکارییەکانی لەبوارەکانی تیۆریزەکردنی ئەکادیمییانە و بۆچوونە پەیڕەوکارەکانی و نوێکارییە زاراوەسازیی و چەمککارییەکانییەوە”.
ئەو پیاوە، “خاوەن دیدگایەکی فەلسەفیی شارستانیی ئەوتۆ بوو کە باوەڕی بە فرەیی مەوداکانی پرۆژەی بنیاتنانی شارستانییانە ھەبوو لەبوارەکانی زانست و کۆزانیاریی و ئەخلاق و بەھا و سیاسەت و کۆمەڵایەتیدا”، ئەمەش وای لێکردبوو کە پرۆژەیەکی فیکریی نوێکاریی پەیوەندیدار بە مرۆڤەوە بنیات بنێت، مرۆڤێک کە لەزۆر لەکتێبەکانیدا “بەھەرچییەک لەبەردەستیدا بوو لەئامڕاز و میکانیزمی داڕشتنەوە (و گوزارشت)” بەرگریی لە مرۆڤایەتییەکەی دەکرد.

– لەنێوان پەیوەندیی ھاوسۆزی و پەیوەندیی گرێبەستئامێزدا:

لەشارۆچکەی “دەمەنھور”، “عەبدولوەھاب مەسیری”ی بیرمەند لەبارەی منداڵیی و گەنجێتیی خۆی لەژینگەیەکی پڕ لەسۆزدا دەگێڕێتەوە، ژینگەیەک گە لێبوردەیی و پێکەوەبوونێکی میلـلـییانە باڵی بەسەردا کێشابوو، ئەمەش ڕۆڵی زۆری ھەبوو لەدروستکردن و پێکھێنانی بیروبۆچوونەکانی لەبارەی ژیان و؛ پاراستنی خۆیشی لەھۆگربوون و سەرسامبوون بەماددەگەرایی خۆرئاوا کاتێک گەشتی کرد بۆ ئەوێ. خۆی کە لەبارەی پێگەیشتنی خۆیەوە دەدوێت دەڵێت: “شاری دەمەنھور شارێکی بازرگانیی ھاوچەرخ بوو کە پەیوەندییە گرێبەستئاساکان کە لەکۆمەڵگە و شارە ھاوچەرخەکاندا ھەیە، باڵی بەسەردا کێشابوو، بەڵام لەژێر ئەو توێژاڵە ھاوچەرخەدا کۆمەڵگەیەکی کلاسیکی دەبینرا، کۆمەڵێکی پەیوەستبوو بەیەک و ھاوسۆزی یەکتر، پەیوەندییەکان لەوێ ھەر لەسەر بنەمای سوود و چێژ پێکنەھێنرابوو، بەڵکو پێوەری دیکەی ناماددیی، ناخۆپەرستی، ھەبوون، کە پێکھێنەرێکی سەرەکیی ئەو پەیوەندییانە بوون”.
لە”دەمەنھور”، وەک مەسیری دەڵێت، مرۆڤ ئەگەر دیارییەکی بدرایاتێ، بەرگەکەی لێنەدەکردەوە، ئەو دیارییە خۆی بۆخۆی بەھایەکی مرۆیی ھەبوو، ناوەرۆکەکەی گرنگ نەبوو. بەڵام لەئەمەریکا بەلایانەوە پێویست بوو کە بەرگی دیاریی ھەر لەبەردەم دیاریبەخشەکەدا بکرێتەوە و سەرسامبوونی بۆدەرببڕدرێ، ئەمەش – بەپێی بۆچوونی مەسیری – دیارییەکەی لە بەھایەکی مرۆییەوە دەگۆڕی بۆ نرخێکی دیاریکراو، ھەروەھا لەچوارچێوە بەسۆزەکەی خۆی کە بەھایەکی مرۆیی دەبەخشێتە دیاریی، دەریدەکات و دەیخاتە چوارچێوەیەکی گرێبەستکاریی کە بەھای دیاریی لەسەر بنەمای نرخ و بڕ و ئاستەکەی بنیات دەنێت.
بەم بۆچوونە بەسۆزانەوە، یەکەمین تۆوی مرۆڤایەتی لەدەروونی “عەبدولوەھاب”ی گەنجدا ڕووا، ئەوەش ھەمان ئەو تۆوانەیە کە کۆنتڕۆڵی فیکری “مەسیری”ی گەڕۆک بەدوای مرۆڤدا، کردبوو، تا ڕێنمونیی دەکات بۆ باوەڕێکی قووڵ بە خوا، ئەو لەکتێبەکەیدا: “الفلسفە الـمادیە وتفکیک الإنسان” (فەلسەفەی ماددیگەرایی و ھەڵوەشاندنەوەی مرۆڤ)دا دەڵێت: “ئەگەر دۆزینەوەی خراپە لەدەروونی مرۆڤایەتییدا دووری خستمەوە لەباوەڕ، ئەوا دۆزینەوەی چاکە تیایدا ھێنامیەوە بۆ جیھانی مرۆڤایەتی و باوەڕ. بەوجۆرە، لەجیاتی گەیشتن بەمرۆڤ لەڕێی خواوە، گەیشتم بەخوا لەڕێی مرۆڤەوە”.
ئەو، بەمە ئەوە ڕووندەکاتەوە ئەو مرۆڤەی کە لە دووانەی ماددە و گیان (ڕۆح) پێکھاتووە و لەناخیدا چاکە و خراپە ملـملانێیانە، ناکرێت لەلایەن یاساکانی زانستی ماددەگەراییەوە شیبکرێتەوە و تەفسیر بکرێت کە ئەو یاسایانە بۆ ئەوەن لێکدانەوە بۆ دیاردە سروشتییەکان بکەن، بەڵکو پێویستی بەوە ھەیە سەرچاوەیەکی سەرووتر/خوایی ھەبێت کە بیروباوەڕ و ئەخلاق و لێکدانەوە مەعنەوییەکانی بۆ ھەموو ئەو شتانەی کە زانست دەستەوسانە بەرامبەری، لێ ھەڵبگۆزێت، نمونەی ئەو شتانەی زانست دەستەوسانە بەرامبەری: مەبەست لە بوونی مرۆڤ و سەرەنجام و چارەنووسی بەندەکان پاش مردنیان. ئەگەرنا، (ئەگەر ئەو سەرچاوە سەرووتر/خواییە نەبێت) ئەوا ئەو مرۆڤە ڕاستی و حەقیقەتی مرۆڤانەی خۆی لەدەستدەدات و خۆی لەشێوەی ھاوکێشەیەکی فیزیایی بێ گیان و ڕۆح، کورتھەڵدێنێت.

ئیتر ئالێرەوە “مەسیری” فەلسەفە قووڵەکەی خۆی دەستپێدەکات، ئەو فەلسەفەیەی کە لەگەڵیدا ھەست دەکەیت “وەک بڵێیت شیعرێک یان گوزارشت(خاتیرە)یەک دەخوێنیتەوە”، ئەو فەلسەفەیە “گیان و ڕۆحێکی مرۆڤانەی سازگاری خۆشەویستە کە لەنێوان دێڕەکاندا شۆڕدەبێتەوە، تا لەگەڵتدا ھۆگرییەک سازبکات بەجۆرێک تا لێی بخوێنیتەوە ئەو ھۆگرییە گەشە دەکات، لەگەڵیشیدا حەزێکی زۆرت لا نما دەبێت بۆ ھەڵلوشینی ھەرچی بۆچوونەکانی “مەسیری”ـیە، ھەروەک ئەوەش کە لەگەڵیدا ئاسۆفراوانی و داناییت گەشە دەکات، پاشان دێیتەوە و بۆ جاری دووەم باوەڕ و ئیمانی خۆت ڕادەگەیەنیت: ئەو ئیمانە ئەمجارەیان ئیمانێکی ھێورتر و ڕەگداکوتاوتر و جوانترە.. باوەڕ بەخوایەکی نەرمءنیان لەگەڵ بەندەکانیدا، ئەو؛ گەرەنتی و دەستبەری مرۆڤایەتییەکەمانە، ئەو؛ گەرەنتیی ھەموو شتێکی جوانە لەئێمەدا و لەگەردوون و سروشتیشدا”. بەبوونی خوا مرۆڤ باوەڕ بەوە دێنێت کە ئەو باڵاترە لەھەموو بێگیانەکان، بەرزترە لەگیانلەبەران، ئەوەش ئەو ئیمان و باوەڕەیە کە “مەسیری” پاش تەنگوچەڵەمەیەکی ڕۆحانیی قورس و گران (پاش ململانێ) لەگەڵ بۆچوونە ماددییەکانی کاتی گەنجی و گومانەکانی ئیلحاد و بێباوەڕییدا، ئەنجا پێیگەشت.

– فیکر و گۆڕانکارییەکان:

(ئیمان، لەناخەوە تەنھا لەڕێی گەشتێکی دوورودرێژ و قووڵ لەدایک دەبێت، ئەوە ئیمانێکە کە پێویستیی بە گەشتێکی عەقڵیی درێژخایەن ھەیە، لەبەرئەوە ئەوە ئیمانێکی عەقڵیی ئەوتۆیە کە ڕەگەزی ڕۆحیی تیایدا بەشداریی لەدروستبوونیدا نەکردووە، بەڵکو ئەو ئیمانە پشت بەدەستەوسانبوونی بۆچوونە ماددەگەراکان دەبەستێت لەلێکدانەوە و (تێگەیشتن)ی مرۆڤدا، پشت بەپێویستیی پەنابردنە بەر بۆچوونی فەلسەفی زیاتر لێکدراو دەبەستێت). عەبدولوەھاب مەسیری.

“مەسیری” گەشتە ئەمبەراوبەرەکەی لەنێوان بیروڕا جیاوازەکاندا وەک شەپۆلێکی پاش ملـملانێکان دەبینێت، ئەو گەشتەی سەرەتا و لەمنداڵیدا بەچوونە پاڵ کۆمەڵەی “برایانی مسولـمان – ئیخوان موسلـمین” دەستیپێکرد، دواتر یاخیبوونێکی شۆڕشگێڕانەی بەدواداھات کە بردی بەرەو “مارکسییەت” و چەند ھەنگاوێکی سادەی مابوو بۆ ئیلحاد و بێباوەڕی – وەک خۆی دەڵێت -، تا لەکۆتاییدا و پاش چەندین ساڵ لەگەڕانی فیکری، بەگەڕانەوەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ ئیمان و باوەڕ، گەشتەکەی سەقامگیر بوو و دامرکایەوە. ئەوەش پاشئەوەی بینی بیروڕا ماددەگەراییەکانی کە ھەیبوو و باوەڕی پێیبوو، چۆن دەستەوسانن بەرامبەر لێکدانەوەی زۆر لە ڕەفتارەکانی مرۆڤ و ئارەزوو و ھەست و سۆزەکانی.
“مەسیری” لەوبارەوە و وەک نمونەیەکی جیاکەرەوەی نێوان دوو ئەزموونەکە: ئەزموونی ئیمانیی کە مرۆڤ وەک جەستە و ڕۆح دەبینێت، لەگەڵ ئەزموونی ماددەگەرایی کە زۆر لەلایەنە دەرونییەکانی مرۆڤ ھەرس ناکات، باسی بەسەرھاتی ھاوسەرگیریی خۆی دەکات لەگەڵ دکتۆرە “ھودا حیجازی”دا، دەگێڕێتەوە کە کاتێک ویستوویەتی ھاوسەرگیریی لەگەڵ ئەو خانمەدا بکات ئەم ئەندامی حیزبی شیوعی بووە، ئەویش لەتوێژێکی کۆمەڵایەتیی مەدەنیی دەوڵەمەند بووە، کاتێک ڕاوێژی بە یەکێک لەھاوڕێیانی لەناو حیزب کردووە ھاوڕێکەی پێیوتووە ئەستەمە بەھۆی جیاوازیی ئایدۆلۆژی و فیکریی نێوانیانەوە ھاوسەرگیرییەکی وەھا سەربگرێت، ئەم مارکسییە و بەرگریی لەتوێژی کرێکاران دەکات و ئەویش کچی خانەوادەیەکی بۆرژوازییە (توێژی دەرەبەگ و خاوەن سەرمایە).
ئەو بۆچوونە، دڵی “مەسیری” نەگرتووە، ناچار بۆ یەکەمجار لەژیانیدا بۆ ئەم بابەتە ڕاوێژی لەگەڵ دایکیدا کردووە، ئەویش لای خۆیەوە پرسیارێکی سادە و ڕاستەوخۆی لێکردووە لەبارەی ھەستی سۆزدارانەی بەرامبەر بەو کچە، ئەو پرسیارە بووەتە ھۆی ئەوەی بە توندی لەجێی خۆی ڕایبگرێت و ڕایبچڵەکێنێت چونکە بۆیدەرکەوتووە ئەم بە فیکری ماددەگەرایی کۆتوبەند کراوە، ئەو فیکرە ماددەگەراییەی کە کارەکان بەشێوەیەکی بەستوو و نەجوڵاو دەبینێت و لایەنێکی تەوەرەیی و گرنگی پەیوەستبوونی وەک ھەست و سۆز پشتگوێ دەخات، ئیتر ھەر لەوکاتەوە بڕیار دەدات کە مرۆڤ ڕاست نییە – ھەرگیز – تا ئەم ئاستە خۆی بچووک بکاتەوە، ئەوەش – وەک خۆی دەڵێت – یەکەم جار بوو کە نمونە و ئەزموونە ماددەگەراییەکەی تێکبچێت و بۆی دەربکەوێت کە چەندە نمونە و ئەزموونێکی بچووککراوەیە و چەندێک دەستەوسانە لەتێگەیشتن و لێکدانەوە و تەفسیرکردنی مرۆڤدا.
بەڵام، “مەسیری”، تەنانەت لەکاتی بگرەوبەردەی ئەو گۆڕانکارییانەدا کە تیایدا لەنێوان ئیمان و دژەئیماندا ئەمبەراوبەری دەکرد، “لەڕووی ڕەفتار و بەھاوە نەگۆڕا، ئەو تەنانەت لەکاتی شیوعیبوونیشیدا کەسێکی پارێزکاری ڕێکوڕاست بوو”. “مەسیری” لەبارەی خۆیەوە کە باس لەو سەردەمە دەکات دەڵێت: “ڕێچکەی ئیلحاد و بێباوەڕیم دەستپێکرد، ھەرچەندە لەوکاتەدا من باوەڕم بەخوا نەبوو، بەڵام باوەڕم بە بەھا ڕەھاکانی مرۆڤ و بەھا ڕەھاکانی ئەخلاق ھەبوو، ئەم باوەڕبوونەش بە ڕەھاکان دژیەک دەوەستایەوە لەگەڵ ئیلحاد و بێباوەڕیی تەواوەتیدا، ئەوە باوەڕبوونێک بوو بەکۆمەڵێک (ڕەگەزی) چەسپاو و ڕەھا کە ناکرێت پاڵبدرێنە لای جیھانی ماددەگەرایی و جیھانی سروشت، بەڵکو پاڵدەدرێنە لای خوا. دەکرێت ئەم ماوەیە ناوبنێین قۆناغی قوڵی پرسیارکردن”.
ئەو وایدەبینێت سەرەڕای توندیی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە پێیدا تێپەڕ دەبوو، بەڵام پارێزگاریی لە”پابەندبوون بەبەھا جێگیرەکانەوە دەکرد، وەک بەھاکانی حەق و ڕاستی و چاکە و باوەڕبوون بەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی ناماددییە، و پێویستیی بەرپاکردنی دادگەریی لەسەر زەویدا”، پاشان، بەدرێژایی گەشتێکی فیکریی کە زیاتر لە (٣٠)ساڵی خایاند، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئیسلام “نەک ھەر وەک عەقیدە و بیروباوەڕێکی ئاینی و بەس، نەک وەک دروشمە ئاینییەکان و بەس، بەڵکو وەک دیدگایەک بۆ ڕووانینە بوونەوەر و ڕووانینە ژیان”.
ئەو ئیمان و باوەڕە ئەوەبوو کە ئەم پیاوەی جارێکی دیکە گێڕایەوە بۆ پرسیارکردنەکانی لەبارەی دووانەکەی مرۆڤ: (ماددە و گیان – ڕۆح)، ئەنجامیش لەپرسیارکردنەوە سەری لەبیردۆزێکی کۆزانیاریی دەرھێنا کە لەگشت شیکاری و لێکدانەوەکانی لەبارەی مرۆڤەوە ڕابەرایەتی دەکرد و دەیوت ئەو توانیویەتی لەڕێی ھەموو ئەمانەوە بگاتە حەقیقەت و ڕاستی لەبارەی مرۆڤ و سروشتەوە، کە ئەو دووانە یەک ناواخن و یەک جەوھەر نین، بەڵکو مرۆڤ بەو بەھا ڕۆحی و ئەخلاقییانەی ھەیەتی جیادەبێتەوە لە سروشت، ھەروەھا گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە پێویستە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی پێکھاتوو لە (ماددە/جەستە) و (ڕۆح/ئیمان) لێکبدرێتەوە و تەفسیر بکرێت، نەک پێکھاتوو تەنھا لە ماددە، وەک سروشت.
بەم بۆچوونە نوێیەوە، کە کۆکەرەوەی نێوان سروش (وەحی)ی ئاسمانی و دروستکراو (مەخلوق)ی زەوی بوو، “مەسیری” پەیڕەو و بەرنامە ئیجتیھادییەکەی خۆی داڕشت، بنەما و ڕێسای لەشیکارکاریدا دانا و نمونەو ئەزموونە درککارییەکەی پێکھێنا کە لەڕێیەوە “نمونە و لێکدانەوە و شیکارییەکانی جا چ لەتوێژینەوەکانی لەبارەی زایۆنیزم یان توێژینەوەکانی لەبارەی عەلـمانییەت یاخود کۆڵێنەوەکانی لەڕەخنەی ئەدەبی بێت، پەرە پێدا”. بەجۆرێک کە قوتابخانە فیکرییەکەی مەسیریی بەوە لەقوتابخانەکانی دیکە جیادەکرایەوە کە چاوی خشاندەوە بەڕێگا باوەکانی بیرکردنەوەدا، لەپێناو پەرەپێدانی بیردۆزە شیکارکارییەکانی بۆ ئەو واقیعەی تێیدا دەژین، تا بتوانین بەھەموو مەوداکانییەوە و بێ کورتکردنەوەی و لێپچڕانی، لێی تێبگەین و لێی حاڵی ببین.

– لەنێوان (وەرگرتن) و (ئیجتیھاد)دا.. (نمونە) وەک ئامڕازی لێکدانەوە:

“ڕیمۆن ئارۆن”، لەپێناسەکردنی پەیڕەوی لێکدانەوەی کۆمەڵایەتی، باس لە “بۆچوونەکانی (دۆرکایم) بۆ زانستی کۆمەڵناسی” دەکات و دەڵێت بۆئەوەی دیاردەیەک بخرێتە ژێر نەشتەری لێکدانەوەی زانستی کۆمەڵناسی، پێویستیی بەوە ھەیە دوو شتی سەرەکیی تێیدا فەراھەم ببن: یەکەمیان دەبێت بابەتی ئەو دیاردەیە تەنھا ملکەچی لێکدانەوەکانی زانستی کۆمەڵناسی بێت و جیاواز بێت لە بابەتگەلی زانستەکانی دیکە، دووەمیشیان ئەوەیە بتوانین تێبینی ئەو بابەتە بکەین و بەشێواز و ڕێگایەکی پەیڕەوکاریی ھاوشێوەی ئەو ڕێگایەی کە زانستەکانی دیکەی پێ لێکدەدرێتەوە، ئەمیشی پێ شیکار بکرێت.
لەمنداڵدانی ئەم پێناسەوە، “ئاڕاستەی ڕووکەشکاری – فینۆمینۆلۆژی” لەشیکارکردنی کۆمەڵایەتی لەدایک بوو، ئەو ئاڕاستەیەی کە پێیوایە مامەڵەکردن لەگەڵ زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبێت جیاواز بێت لەمامەڵەکردن لەگەڵ زانستە سروشتییەکاندا، ناکرێت مامەڵەی دیاردە مرۆییەکان بە یاسا جێگیرەکان بکرێت وەک چۆن فیزیا لەگەڵ سروشتدا مامەڵە دەکات، ئەم دیدگایە زۆر نزیکە لە بۆچوونەکان یاخود سێ گۆڕانە فیکرییەکانی “مەسیری”ـیەوە لەبارەی شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکانەوە.
“مەسیری” پێیوایە – وەک خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا باسی دەکات – یەکەم گۆڕان و گواستنەوەی فیکرییانەی خۆی لەپەیڕەوکاری شیکارییدا بریتی بوو لە گواستنەوە و گۆڕانی لە “بابەتیبوونی فۆتۆگرافییانە، یاخود وەرگرانە” بۆ “بابەتیبوونی ئیجتیھادییانە”، پاشان جیاوازیی ئەو دووانە بەمشێوەیە دەکات کە دەڵێت یەکەمیان واتە “بابەتیبوونی فۆتۆگرافییانە” پشت بەنمونەیەکی شیکاریی دەبەستێت کە پێیوایە کۆزانیاریی مرۆیی بەوپێیەی کە کەڵەکەبوونی گەورەترین بڕی زانیارییە – وەک بڵێی فیزیایە -، ئەو کۆزانیارییە “وردەکاریی واقیع (ماددییانە) وەک چۆن ھەیە بەنزیکەیی، بەشێوە و وێنەیەکی فۆتۆگرافییانە بۆ خوێنەر دەگوێزێتەوە و دەیخاتە ژێر توێژینەوە و کۆڵینەوەوە بەبێ بەستنەوەی زانیارییەکان بەیەکەوە”، ھەروەھا بەبێ ھەوڵدان بۆ دەرھێنان و پوختەکردنی ئەنجامگەلێکی نزیک لێیەوە.
ئەمەش، شتێک بوو کە “مەسیری” خۆی پێیوابوو لاوازیی توانای لەشیکارکردندا دەردەخات، چونکە (لەلاکەی دیکەوە) “بابەتیبوونی ئیجتیھادییانە” بەپێچەوانەی ئەوەی سەرەوە “بریتییە لەوەی مرۆڤ ئەو واقیعەی کە ھەیە وەک خۆی نەگوازێتەوە وەک بڵێی توتییەک بێت یاخود ئامێرێکی گەمژەی وێنەگرتن بێت، بەڵکو عەقڵ و ژیریی و خەیاڵی کارا بکات و وردەکارییەکان بەیەکەوە ببەستێت، پاشان شێوازگەلی دووبارەی لێ دابڕنێت کە یارمەتیدەری بن لەتێگەیشتن لەواقیعەکە بەشێوەیەکی قوڵتر و گشتگیرتر”. ھەر ئەم ڕێگایە بوو کە “مەسیری” بۆ شیکارکردنی عەلـمانییەت و زایۆنیزم بەشێوازێکی گەورە و بەرفراوان بەکاریھێنا.
پاشان گۆڕان و گواستنەوەی دووەم ھاتەبوون، کە “مەسیری” خۆی باسی دەکات، ئەویش ئەوکاتە ڕوویدا کە عەقڵ و ژیرییەکەی لە عەقڵێکی نەرێنیی (وەرگر)ـەوە گۆڕدرا بۆ عەقڵێکی بەرھەمھێن (موجتەھید – ھەوڵدەر – خاوەن بۆچوون)، ئەو بەگرنگییەوە لە کارلێکی فیکری مرۆڤ لەگەڵ ئەو زانیارییانەی پێیدەگات، دەڕوانێت، لەبەرئەوەی عەقڵی مرۆڤ “تەنھا مێشکێکی ماددەگەرا نییە، یان لاپەڕەیەکی سپی نییە کە دەرکەوتە ماددییەکان لەسەری کەڵەکە بووبێت، بەڵکو عەقڵێکە کە توانای بەرھەمدانی ھەیە، ھەروەک شوێنگەی زۆر لەشارەزایی و پێکھاتە ئەخلاقییەکانیشە، ھەروەھا کۆگای زۆر لە یادەوەری و وێنە ھەڵگیراوەکانە لە ھەست و نەستدا”.
ئەنجا ئالێرەوە بیرمەندەکەمان دەپەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاریی سێھەمی، لەبینینی ڕاستەوخۆ و ڕووکەشانەی ڕووداوەکانەوە دەچێت بەرەو گرتنەبەر و کارکردن بە چەمکی “نمونە” وەک پەیڕەوێکی قووڵ بۆ شیکاری و لێکدانەوە. جا چەمکی “نمونە” بەپێی بۆچوونی “مەسیری” ئامڕازێکی شۆڕشگێڕانەیە کە نەک ھەر ئەوەی لەواقیعدا ھەیە دەبینێت و کاری لەسەردەکات، بەڵکو ھەر شتێکیش کە لە کرۆکی ئەو واقیعەدا ھەیە و تیایدا شاراوەتەوە دەبینێت و تاوتوێی دەکات بەو مانایەی زانیاری و وردەکاری و داتای تایبەت بەدیاردەکە کۆدەکاتەوە و پاشان وردەکارییەکانی بەیەکەوە دەبەستێت و لەو واتا و چەمکانەش دەکۆڵێتەوە کە لەپشت دیاردەکەوە خۆیان حەشار داوە، ئەنجا لەکۆتاییدا لێکدانەوەیەکی گشتگیری کۆکەرەوەی ھەموو وردەکارییەکان (ئاشکرا و شاراوەکان) دەخاتەبەردەست بەڵام لەوێنەی بیردۆزێکدا کە لێکدانەوە بۆ ھۆکاری کۆبوونەوەی گشت ئەو وردەکارییانە لەو دیاردەیەدا بکات، ڕێک وەک چۆن (بەرگدروو) پارچە قوماشە پەرشوبڵاوەکان کۆدەکاتەوە و بەھەموویان پۆشاکێکی تەواو و ڕێکوپێک و کەشخە دروستدەکات.
لەبەرئەوە ئێمە کاتێک باس لە”نمونە” دەکەین، “باس لەواقیع وەک خۆی لەخۆیدا ناکەین، بەڵکو واقیع وەک ئەوەی کە خاوەنی نمونەکە درکی پێدەکات، نمونەش بەم مانایە تا ئاستێکی زۆر لەوێنەی خوازە یان لەخوازەی زمانەوانی دەچێت، کە ھەردووکیان بۆ لێکدانەوەی واقیع بەکاردەھێنرێن ھەرچەندە بەشێوەیەکی فۆتۆگرافییانەی ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە نین”. (نمونە) و (خوازە – مەجاز) دوو ڕووی یەک دراون و لەڕێی ئەمانەوە بیرمەند لە واقیع دەگات، جا ئەگەر (نمونە) ئامڕازی شیکردنەوەی ڕووداو و دیاردەکان بێت، ئەوا (خوازە) ئامڕازی شیکردنەوەی وتاری بەکارھێنراوە لەم واقیعە و لەئاماژە و بیروڕاکانی پشت ئەو واقیعەدا.

– (خوازە) لای “مەسیری”.. (زمان) وەک ئامڕازی شیکاری:

ھەرچی سەبارەت بەوێنە خوازەییەکان و زمانە، ئەوە “مەسیری” وێناکردنێکی شیکارییانەی لەوبارەوە پەرەپێداوە تا ئەم وێناکردنەش بخاتە پاڵ ئامڕازەکانی خۆی بۆ شیکارکاری، ئەو پێیوایە زمان و ئەو زاراوانەی کە سیاسەتمەدار و بیرمەندەکان بەکاریدەھێنن ڕاست نییە بەشێوەیەکی ڕووکەشانە و بێ کنەکردن و گەڕان بەدوای پەیوەستکەری نێوان دال و مەدلول (وشە و مانای شاراوەی پشتی)، درک بکرێت، لەبەرئەوەی وێنە خوازە زمانەوانییەکان “دەکرێت وەک ھۆکارێک بۆ گەیاندنی لایەندارییەکان و سەپاندنی بەشێوەیەکی شاراوە، بەکاربھێنرێن”.
خوازە، تێڕوانینێکی دیاریکراو دەگوازێتەوە، ئەگەریش لەوتاری سیاسیی خۆرئاوایی بکۆڵێنەوە دەبینین وێنەی خوازەی زۆر بەکاردەھێنرێن کە گوزارشتن لە دیدگای خۆرئاوایی بۆ جیھان، کەچی وەھاش دەردەکەوێت کە بێلایەنانە بێت، “ئەوەتا کاتێک کە بە(خۆرھەڵاتی ناوەڕاست) یان تەنانەت بە(ناوچەکە) ئاماژە بۆ جیھانی عەرەبی دەکەن و بە(تیرۆریست) باس لە(گیانبەخشان) دەکەن، ئەوا لەڕاستیدا وێنەگەلی خوازەی ئەوتۆ بەکاردەھێنن کە بەرجەستەکەری چەمکەکانی خۆیانە. لەجیاتی (جیھانی عەرەبی) کە زاراوەیەکە مێژوو و کەلتور و ناسنامە دێنێتە بەرچاو دەبینین زاراوەی (ناوچەکە) بەکاردەھێنن کە وێنەی زەمینێکی درێژبووەی بێ مێژوو یان بێ کەلتور بۆ ویژدانمان دەگوازێتەوە”.
خوازە لێرەدا، بەپێی بۆچوونی “مەسیری”، ئامڕازێکە بۆ گوزارشتکردن و دەربڕینی بۆچوون و تێڕوانینی مرۆڤ بۆ بوونەوەر، “بەکارھێنانی وێنەی خوازە پێدەچێت بەھۆشدارییەوە بێت، بەوەی کە قسەکەر ھەوڵ بدات وێنە خوازەییەکە بەویستی خۆی بجوڵێنێت”، دەشگونجێت ناھۆشدارییانە بێت، “بەوەی کە وێنەکە (قسەکەر) ببەزێنێت، تەنانەت ئابڕووی ببات، لەبەرئەوەی لۆژیکی ناوەوەی وێنەکە بەپێچەوانەی ئەو مەبەستەیە کە قسەکەر دەیەوێت گوزارشتی لێبکات”، یاخود پێچەوانەی ئەوەیە کە دەیەوێت بیخاتەڕوو. ئا بەم ڕووانینەوە بۆ زمان و خوازە “مەسیری” فەلسەفەی خۆرئاوایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤدا، دەبینێت.
لەسەر ئەو بنەمایە، “مەسیری” پێیوایە فیکری ماددەگەرایی – بۆ نمونە – ھەموو شتێک، لەناویشیاندا مرۆڤ و ھەموو بەرھەمە شارستانییەتییەکەی، دەگێڕێتەوە بۆ ماددە و یاساکانی ماددە، “(کابانیس) بیرمەندی ڕووناکبیری فەڕەنسی جەخت دەکاتەوە کە مێشک بیردەکاتەوە ھەروەک چۆن گەدە ھەرس دەکات، ھەروەک چۆن جگەر زەرداو دەڕێژێت”، واتە وێنە سەرەکییەکەی خوازە لێرەدا ئەوەیە کە جیھانی عەقڵ وەک گەدە وەھایە، بیرکردنەوەی مرۆڤ پرۆسەیەکی کیمیایی ماددییە، “و ھیچ جیاوازییەکی جەوھەری نییە لەنێوان پرۆسەی بیرکردنەوە و پرۆسەی ھەرسکردندا (واتە لەنێوان بیر و ماددە و لەنێوان جەستە و ڕۆحدا)”.
دواتر (نیوتن) بەراوردی جیھان بەگشتی – لەناویشیدا مرۆڤ –ی کرد بە “ئامێرێکی ورد: کاتژمێرێک کە ھەمیشە و لەسەر ھەمان ڕێڕەو و بێ ھیچ دەستوەردانێکی خوایی یاخود مرۆیی، دەسووڕێتەوە”. ھەروەھا (لۆک) ئەوەی دۆزییەوە کە “ئەو ئامێرەی لەدەرەوەماندا ھەیە لەناوەوەشماندا ھەیە، بەراوردی عەقڵی کرد بە لاپەڕەیەکی سپی کە ھەرچی دەرکەوتە ھەیە پێمانگەیشتووە؛ لەسەری کەڵەکەبووە”، پاشان ئەم دەرکەوتانە بەشێوەیەکی خۆکرد و لەخۆیانەوە یەکدەگرن و بیـر و فیکر پێکدەھێنن، ھەموو ئەمانە سەری کێشا بۆ دەرکەوتنی ئەو وێنەیەی کە (ئادەم سمیس) بۆ مرۆڤی خستەڕوو، ئەو مرۆڤەی لەجیھانێکدا دەژی کە یاسا ئامێرئاساکانی خستنەڕوو و داواکاری (عەرز و تەڵەب) ڕێکیدەخات کە ئەو بە(دەستی شاراوە) بەراوردی کردبوو کە ھەموو شتێک ڕێکدەخات و کەسیش نایبینێت.
لەڕێی ئەم وردبوونەوە فیکرییەی پشت زمانی بەکارھێنراو و وێنە خوازەییەکانەوە، “مەسیری” (خوازە) دەخاتە پاڵ (نمونە)وە، بۆئەوەی (بەبەکارھێنانی ھەردووکیان) بەشێوەیەکی قووڵ لە بۆچوونەکان بگات بەجۆرێک کە ئەوەی لەپشتی بۆچوونەکانیشەوەیە پشتگوێ نەخات، ھەروەھا بۆئەوەی وێناکردنی خۆرئاوایی بۆ مرۆڤ شی بکاتەوە و لێکدانەوە بکات بۆ دیدگای زایۆنیزم بۆ نیشتمانی عەرەب و بەکارھێنانی ئەو دەق و وشانەی کە وادەکەن زایۆنیزم شتێکی گرنگ دەربکەوێت و کەسایەتی عەرەبی شتێکی پێچەوانەی ئەوە بکەوێتەڕوو.

– (توانەوەی شاراوە) و (عەلـمانییەتی گشتگیرانە):

(مەسیری، بەڵگەیەک بوو لەسەر سەرکەوتنی ئیمان و فیترەت، ئەو سەروسەودای لەگەڵ ڕژێمە سیاسییەکان یاخود ھێزە کۆمەڵایەتییەکان نەبوو، بەڵکو ئەو سەروسەودای لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەوەدا بوو کە باوەڕی پێیبوو: ئیمان و مرۆڤ). خەیری مەنسوور.

“چۆن وردەکارییە پەرشءبڵاوەکان کۆدەکەیتەوە؟”، لێرەدا “مەسیری” بەنمونە شیکارییەکانی و بەوردبوونەوە لەخوازە وەڵاممان دەداتەوە. ئەو مێژووی نوێی مرۆڤایەتی دەخاتە سەر پێوەرە شیکارییەکەی و بەوەش دوو نمونەی سەرەکیی بۆ لێکدانەوەی دیدگای ھاوچەرخی خۆرئاوایی بۆ مرۆڤ دەخاتەڕوو: یەکەمیان نمونەی “توانەوەی شاراوە” کە پێیوایە خواوەند و مرۆڤ و سروشت لەیەک جەوھەر و ناوەرۆک پێکھاتوون و ھیچ جیاوازییەکی ڕاستەقینە – بەپێی ئەم نمونەیە – نییە لەنێوان مرۆڤ و سروشتدا.
دووەمیان نمونەی “عەلـمانییەتی گشتگیر”ە کە لەوەدا لەعەلـمانییەتی بەشەکی جیادەبێتەوە کە سیاسەت ھەر لەبەھا ئاینییەکان دانابڕێت و بەس، بەڵکو ژیان ھەمووی دادەبڕێت لەھەر لێکدانەوەیەکی ئاینی و پێیوایە – تەنھا – عەقڵ و پێنج ھەستەوەرەکە بەسن بۆ لێکدانەوەی بوونەوەر بەبێ پێویستیی بە ئاین و عەقیدە و چەسپاوە ئەخلاقی و ئیمانییەکان، جیھان – بەپێی ئەم تێڕوانینە – خۆی بۆ خۆی مەرجەع و (بناغەیە) و پێویستیی بەشتێک نییە لەدەرەوەی خۆی. جا ئەم دوو نمونەیە ئەو دووانەن کە “مەسیری” لەڕێیانەوە ئەوە شیدەکاتەوە کە چۆن نوێگەریی، مرۆڤی ھاوچەرخی خۆی دروستکردووە و بەدوایدا بیروباوەڕە ئەخلاقی و ئاینییەکانی مرۆڤی گۆڕیوە بە عەقڵانی و ماددەگەرییەکەی خۆی.
“مەسیری” پێیوایە قۆناغی “نوێگەری”، مژدەبەخشی ئەوە بوو کە ئەم ناویناوە “یەکێتیی بوون (وحدە الوجود)ی ماددیی”، کە قۆناغێکە تیایدا بێنیاز دەبن لەناوی خوا و دەستبەرداری دەبن، بەوەش وتاری ماددەگەرا جێی وتاری ڕۆحی دەگرێتەوە و دیاردە مرۆییەکان بەیاساکانی ماددە و جوڵە لێکدەدرێتەوە، و دەریدەبڕێت کە ھەر گۆڕانێک کە بەسەر مرۆڤایەتیدا ھاتووە و لەئایندەیشدا دێت، ملکەچی ڕێڕەوێکی مێژوویی حەتمی (ھەردەبێت)ـە کە سروشتە ماددییەکەی دەیسەپێنێت بەسەریدا، ھەروەک مارکسییەتیش ھەمان بۆچوونی ھەیە کە گریمانەی ئەوەی کردووە سەرمایەداریی قۆناغێکی مێژوویی حەتمییە و ئەوەندەی پێناچێت کۆتایی دێت و بەدوایدا توێژی کرێکار دەست بەسەر سەرچاوەکانی بەرھەمھێنان و ساماندا دەگرن، وەک بڵێی ژیانی مرۆڤ بەپێی یاساگەلی فیزیایی ئەوتۆ دەڕوات بەڕێوە کە جگە لە ژمێرەی بیرکارییانە ھیچی دیکە تیایدا بەھەند وەرنەگیراوە.
دیاردەی مرۆیی – لێرەدا – ڕێک وەک دیاردەی سروشتیی وەھایە: ھەردووکیان ملکەچی یاساکانی ماددەن. “مەسیری” ئەم بەدواییەکداھاتنە (بەدوای یەکداھاتنی یەکێتی بوون (وحدە الوجود)ی ماددیی) لەپێنج بازنەی یەکلەدوای یەکدا پوخت دەکاتەوە کە وای لەمرۆڤی نوێی خۆرئاوایی کردووە ببێتە بوونەوەرێکی گرێبەستئاسای ماددیی یەکمەودا (واتە لایەنە سۆزداری و ئاینییەکان بەھەند وەرناگرێت)، ئەم بازنانە مرۆڤەکەی لەیەک لایەندا “ماددیی” کورتکردووەتەوە و لایەنە “ڕۆح”ـییەکەی دیکەی لێ ون کردووە، ئایا “مەسیری” ڕاستیی ئەم پێشوەچوونانە و کاریگەرییەکەی لەسەر مرۆڤایەتی بەگشتی چۆن دەبینێت؟
“مەسیری” پێنج دابەشکارییەکەی لەکتێبەکەیدا “قچیە الـمرڕە بین التحریر والتمرکز حول الڕنپی”، دەخاتەڕوو کە تیایدا دیدگای خۆی بۆ ئەو نمونەیە پوخت کردووەتەوە، سەرەتا بەقۆناغی سەنتەربوونەوە لەدەوری مرۆڤ یان ئەوەی ئەو ناوی ناوە “تاقانەبوونی مرۆڤ/ھیومانی”، دەستیپێکردووە، کە ئەو قۆناغەیە کە ڕاستەوخۆ نوێگەری تیایدا ھاتووە و مرۆڤ – لەئەوروپای مەسیحی و لەکاتی چاخەکانی ناوەڕاستدا – لەدەوری مرۆڤبوونی خۆی چەقبەند بووە لەجیاتی چەقبوونی لەدەوری ئاین. مرۆڤ لەم قۆناغەدا خۆی سەنتەر بووە و بەرژەوەندییەکانیشی ئامانجی بوون بووە.
پاشان، بەپێی بەدواییەکداھاتنی نوێکردنەوەی مرۆڤ لەلایەن خۆرئاواوە، مرۆڤایەتی – بەپێی بۆچوونی “مەسیری” – بەرەو دووەمین قۆناغی دەڕوات کە پێیدەوترێت “تاقانەیی ئیمپریالی/داگیرکاری”، لێرەدا مرۆڤی خۆرئاوا لەچەقبەندبوونی لەدەوری بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی بەگشتی دەگوازێتەوە بۆ چەقبەندبوونی بەدەوری بەرژەوەندیی نەتەوەکەی خۆیدا و بەس، بەوەش ھەستە ڕەگەزپەرستییەکان سەرھەڵدەدەن کە سەرجەم نەتەوەکانی دیکە دەکاتە ھۆکارگەلی خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی نەتەوەکەی، ئەم قۆناغە “مەسیری” پێیوایە تیایدا بزووتنەوەی نازی و فاشیزم و زایۆنیزم سەریھەڵداوە، تەنانەت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان “فیمینیزم”یش ھەر لەم قۆناغەدایە کە پێیدەوترێت بزووتنەوەی چەقبەندبوون بەدەوری مێینەدا لەبەرانبەر نێرینەدا.
لەگەڵ دەستپێکی خێرای نوێگەریدا، “مەسیری” مرۆڤایەتی لەقۆناغی سێھەمدا دەبینێتەوە کە ناونراوە “دووانەی مرۆڤ و سروشتی ڕەق”، ئالێرەدا ملـملانێ لەنێوان ھەردوو نمونەکەدا لەوپەڕی توندیدایە: نمونەی تاقانەیی مرۆڤایەتی چەقبەندبوو لەدەوری مرۆڤ خۆی، لەگەڵ نمونەی “تاقانەیی سروشت” کە بەدانانی سروشت/ماددە لەچەقی بوونەوەردا لەجیاتی مرۆڤ، بەشداریی لەملـملانێکەدا دەکات، بەوەش مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی بەھەند وەرنـەگیراو، ئەمەش مانای جیاکردنەوەی ھەر بەھایەکی ئەخلاقی/ ئاینی/ سۆزدارییە لەزانست و کۆزانیاریی ماددیی، بەوەش شتگەلێکی وەک بەربەرەڵایی و شتی دیکەش سەرھەڵدەدەن کە مرۆڤ – بەکۆی گشتی – وەک بوونەوەرێک دەبینن کە وەک بوونەوەرەکانی دیکە خزمەتی بەرژەوەندیە ماددییەکان بکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ھیچ ڕەھەندێکی ئاینی یاخود ئەخلاقی.
ئەو “تاقانەیی سروشت”ـە زۆری پێناچێت لەملـملانێکەیدا لەگەڵ “تاقانەیی مرۆڤ”دا سەردەکەوێت بەسەریدا و بەتەواویی جێگەی دەگرێتەوە، بەوەش مرۆڤی سەردەمی ھاوچەرخ دابڕاو لە بەھا سەرھەڵدەدات، کە بە تەسلیمبوونەوە مل دەنێت بۆ کۆتا قۆناغی: “تاقانەیی نەرم”، ئەو قۆناغەی کە “مەسیری” پێیوایە بەرھەمێکی سروشتیی بەرزبوونەوەی تێکڕای گۆڕینەوەی گشت بەھا ئاینییەکانە بە بەھا ماددییەکان و ھەڵوەشاندنەوەی مرۆڤ و بەعەلـمانیکردنی بەھاکان، بەوەش بەشێوەیەکی نەرم ھەموو شتێک پیرۆز دەکرێت، بەجۆرێک کە ناتوانرێت لەگەڵیدا چەسپاوە ڕاستەقینەکانی مرۆڤ دیاریبکرێن، مافی لادانی سێکسی پیرۆزە، مافی بەربەرەڵایی پیرۆزە، مافی ڕووتبوونەوە پیرۆزە، مافی ھەر مرۆڤێک لەکردنی ھەر شتێکدا خۆی لەخۆیدا پیرۆزە، ئەمە بەپێی ئەم نمونە عەلـمانییە دژ بەبەھا ئاینییەکانی کار و کردەوەکان.
بەڵام… ئایا ئەم بەدواییەکداھاتنە ماددییە سەرکەوتوو بوو لەگرتنەخۆی مرۆڤ و تێگەیشتنیدا؟ ئەمە، “مەسیری” لەھیچ لایەنێکدا نایبینێت، ئەو وای دەبینێت کە ئەو بەدواییەکداھاتنە مرۆڤی گۆڕیوە بۆ ئامڕازێکی ڕووتکراوە لەھەموو تایبەتمەندییەکی مرۆیی، بەھایەکی وەک قوربانیدان – بۆ نمونە – زۆر لەماناکانی خۆی لەم تێڕوانینەدا بۆ مرۆڤ، لەدەستداوە، “مەسیری” کە ئەمە باس دەکات وەک نمونەیەک دەیھێنێتەوە لەبارەی ئەو گۆڕانەی بەسەر ئەرکی دایکدا ھاتووە لەم سەردەمەدا، ئەوەتا گرنگیی دایک ون بووە و لەبەردەم ئافرەتی کرێکاردا گرنگییەکەی لەدەستداوە، ئافرەت وایلێھاتووە کارکردنی لەپەروەردە یاخود پێگەیاندنی مرۆڤدا بەکارێکی ڕاستەقینەی بە بەھا دانانرێت، لەبەرئەوەی ئەو کارەی قازانجی ماددیی لێ بەدەستنایەت، بەھای واتایی و پەروەردەیی دایک لەدروستکردنی مرۆڤدا پشتگوێخراوە، پەیوەندییە مرۆییەکانیش بەھەمان شێوە بەستراونەتەوە بە بیرۆکەی گرێبەست تا بەسترابێتنەوە بە ڕەحم و سۆز و خزمایەتی، “مەسیری” نمونەی زۆریشی لەوبارەوە ھێناوەتەوە وەک نمونەی دیارییەکە – کە پێشتر باسمان کرد – وەک نمونەیەک بۆ جیاوازیی نێوان کۆمەڵگەی مرۆیی و کۆمەڵگەی ماددیی.
جا “مەسیری” ڕەخنەی توند لەم نمونە عەلـمانییە دەگرێت و پێیوایە لەتێگەیشتن لەمرۆڤ کەموکوڕی زۆری ھەیە، ئەو پێیوایە لەجیاتی ئەوە گرنگە بەرگریی لەدووانەی مرۆیی (ماددە/ڕۆح) بکرێت کە لەئەنجامی باوەڕبوون بەخوا دێتەدی، بەوەی کە مرۆڤ جیھانی سروشت بەرەو جیھانی ڕۆح تێدەپەڕێنێت و لەڕێی ھەوڵدان بۆ دونیا و باوەڕبوون بەو ڕاستییانەی کە ئاین شییاندەکاتەوە و لێکدانەوەیان بۆ دەکات وەک ڕاستییە ئەخلاقیی و ھاوسۆزییەکان، ھاوسەنگی لەنێوانیاندا بەدیدێنێت، ئەمانە شتگەلێکن کە لە لێکدانەوەی ماددیی/عەلـمانیدا شوێنیان نابێتەوە، ئەمە وای لە”مەسیری” کردووە بە”فەلسەفەی ھەڵوەشاندنەوەی مرۆڤ” وەسفی بکات، ئەم فەلسەفەیە لەڕێی جیھانگیری و “بەکارھێنان – ئیستیھلاک”ـەوە ھاتووەتە خۆرھەڵات و خۆی لەخۆیدا بووەتە بەھایەک و دەسەڵاتێکی داگیرکاریی لەجۆرێکی نوێ کە تاکەکان بەبێ چەک ملکەچی دەبن، ھەروەھا لەڕێگەیەکی دیکەشەوە ھاشاوڵی بۆ خۆرھەڵات ھێناوە کە پێیدەوترێت “زایۆنیزم”.

– زایۆنیزم و گروپی ئەرکدار (ڕاسپێردراو):

لەمیانەی لێکدانەوەی جیھان و دیاردەکانیدا، “مەسیری” نمونەی شیکاریی سێھەمی دەخاتە بەرباس، ئەو تێڕوانینی خۆی بۆ “گروپە ئەرکدارەکان -(ڕاسپێردراو)” وەک نمونەیەک بۆ شیکردنەوەی بزوتنەوەی زایۆنیزم و پەیوەندییەکانی بەخۆرئاوای عەلـمانیی کارا دەکات، ئەو خۆرئاوا عەلـمانییەی کە ئارەزووی لەوەیە ھەژموونی خۆی بەسەر خۆرھەڵاتدا بسەپێنێت. “مەسیری” ئەو گروپانە بەوە پێناسە دەکات کە “گروپی مرۆیین کە کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکان زۆربەی جار لەدەرەوەی خۆیانەوە دەیانھێنن، یاخود لەناو ئەندامی کۆمەڵەکە خۆیانەوە (کەمینەکان) ڕێکیان دەخەن، پاشان ئەرکگەلێکی ئەوتۆ کە زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگەکە بەھۆکاری جۆربەجۆر خۆیان ناتوانن ئەنجامی بدەن، دەیسپێرن بەو گروپانە، لەناویاندا ئارەزووی کۆمەڵگەکە لەپارێزگاریکردن لە بەسۆزیی و پیرۆزییان. لەبەرئەوە ھەندێک گروپی ئەرکدار ھەندێک ئەرکی شەرمھێن (سوو/ لەشفرۆشی) یان تایبەتمەند و جیاواز (دادوەریی – وەرگێڕان – پزیشکی) کە پێویستیی بە بێلایەنی و گرێبەست ھەیە دەخرێتە ئەستۆیان کە پێویستە ئەنجامی بدەن”.
پاشان، بۆئەوەی ئەم گروپانە بەلێھاتووییەوە ڕۆڵی خۆیان جێبەجێ بکەن، پێویستە ژمارەیەک پێوەر ھەبن تیایاندا و بۆیان فەراھەم ببێت. جا بەجێبەجێکردنی ئەو پێناسەیەی سەرەوە بەسەر بزوتنەوەی زایۆنیزمدا – وەک گروپێکی ئەرکدار بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە داگیرکارییەکانی خۆرئاوا لەخۆرھەڵاتدا – ئەوا یەکەمین پێوەر بریتییە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی گرێبەستئامێز لەنێوان ئەم گروپانە و ئەو دەسەڵاتەی کە بە بوونی ئەمان سوودمەند دەبێت، کە ھەر لایەکیان وەھا سەیری لایەنی بەرامبەری دەکات کە ڕۆڵێکە دەبێت بگێڕدرێت و ئەرکێکە دەبێت جێبەجێ بکرێت و بابەتێکی ھیچو بێ بەھایە.
ئەمە لەکاتێکدا پێوەری دووەم بریتییە لە دابڕینی گروپە ئەرکدارەکە – (ڕاسپێردراوەکە) لەو دەسەڵاتەی کە بەکاریدەھێنێت تا ئەو گروپە زیانمەند نەبێت بەکارە شەرمھێنەکانی دەسەڵات، لەبەرئەوە کۆمەڵە سوودمەندبووەکە (خۆرئاوا) نیشتمانێکی تایبەت بەگروپە ئەرکدارەکە (زایۆنیزم) لەو ناوەندەی کە دەیەوێت بیبەزێنێت (فەلەستین/ ئوممەتی ئیسلامی) دادەمەزرێنێت بۆ دروستکردنی ئەو مەودایە. گرنگیی ئەم مەودایەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو (گومان)ـانەی کە بزوتنەوەی زایۆنیزم لەنیشتمانە نوێکەدا لەفەلەستین دروستی دەکات، ئەو گومانانە لە خۆرئاوای دووردەخاتەوە.
جا دەوڵەتی ئەرکدار (ڕاسپێردراو) “بریتییە لەسەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوەی شێوە و شکڵی گروپی ئەرکدار بەڵام لەسەر ئاستی دەوڵەت، ھەروابێتەوە دەوڵەتی ئەرکدار کۆمەڵێک شێوەی جۆراوجۆر وەردەگرێت”، دەوڵەتی بەزۆرنیشتەجێکارەکان دەوڵەتێکی ئەرکدار – ڕاسپێردراوە، کە دەوڵەتێکە تیایدا دانیشتووانەکەی لەنیشتمانی سەرەکیی خۆیانەوە دەگوازرێنەوە بۆ نیشتمانێکی نوێ کە تیایدا خزمەت بەدەوڵەتە داگیرکارییەکە دەکەن کە سەرپەرشتی پرۆسەی گواستنەوەکەی کردووە، دەوڵەتە داگیرکارییەکە لەلای خۆیەوە بەشداربووە لەجێگیربوونی نیشتەجێ تازەکان و سەرکوتکردنی دانیشتووانە بنەڕەتییەکەی ناوچەکە. ئەمە بەتەواویی بەسەر قەوارەی زایۆنیدا لەئیسڕائیل دەچەسپێت “جولەکە، بابەتێکی نیشتجێکردنی سوودمەندە کە لەئەوروپاوە گواسترانەوە بۆ فەلەستین، بەڵام عەرەب بابەتێکی مرۆیی بێ سوودە، لەبەرئەوە لەفەلەستین دەردەکرێن”.
“مەسیری” لەوێنە خوازەییەکە و لەنمونە درککارییەکەوە ڕووەو شیکردنەوەی تێڕوانینی فیکریی خۆی بۆ جیھان، ھەنگاو دەنێت، لە(توانەوە شاراوە)کەوە ڕووەو عەلـمانییەتی گشتگیر ھەنگاو دەھاوێژێت، تا لەکۆتاییدا دەگاتە نمونەی گروپە ئەرکدارەکان، ئەمە ھەمووی لە ڕێکخستنێکی گونجاو لەگەڵ نمونەکانی خۆیدا کە لەڕێگەیانەوە درککردنی بەواقیعی ماددییانە و بیروڕاکانی ناو ئەو واقیعە گەشەپێدەدات، “مەسیری” بۆ ئەمە زنجیرەیەک وتار و چاوپێکەوتن و کتێبی مەوسوعیی تەرخان کردووە کە بەھەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نووسیونی، ژمارەیان زۆرە و خەریکە لەژماردن نەیەن، ئەمە جگە لەتوێژینەوەکانی لەبارەی فیکری خۆیەوە، ھەروەھا خەڵاتپێبەخشین و ڕێزلێنانی جۆربەجۆر، “مەسیری” خۆی لە(سێی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٨دا) ڕۆیشت و ئەم جیھانەی ئێمەی بەجێھێشت، ئەوەش پاش حەفتا ساڵ ژیان کە سەرەتای گەشتە فیکرییەکەی بەزوویی دەستپێکرد و تا کۆتا ھەناسەی ھەر بەپایان نەگەیشت، “مەسیری” دونیای بەجێھێشت پاشئەوەی چەند دەیەیەک لەبارەی مرۆڤەوە توێژینەوەی کرد، ئەو مرۆڤەی کە ماددەگەرایی ونی کردووە، بەڵام ئەم بیرمەندە ئەدیبە خەباتی لەپێناو ئەوەدا کرد ئەم مرۆڤە لەداگیرکاریی عەلـمانییەت و دەسەڵاتی (توانەوە شاراوەکە) دەرباز بکات.

بینینی زیاتر

بابەتەكانی نوسەر