توێژینەوە

ئەمە ژیانامەی یەکەم کەسی دژە-رەگەزپەرستە

ئەمە ژیانامەی یەکەم کەسی دژە-رەگەزپەرستە، تۆش پێویستە بیخوێنیتەوە

نوسینی : پەشێو م. نوری

خوێندنەوەی ژیانی پێغەمبەری ئیسلام دەکرێ زۆر بە کەڵک بێت لەم دۆخە ڕەگەزیە قورسانە

تا دەستم نەکرد بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی وەک زمانێکی بێگانە نەمزانی ڕەگەزپەرستی چییە. دوای ئەوەی قۆناغی ئامادەییم تەواو کرد لە ساڵی ٢٠٠٧، ویستم ببم بە مامۆستای زمانی ئینگلیزی. لە پرۆگرامێکی بەکەلۆریۆسی ئینگلیزی وەرگیرام. لەو سەردەمە نەمدەتوانی بە ئینگلیزی قسە بکەم. شارەزای تەنیا چەند رستەیەک و گۆرانیەک بووم. تا ئێستاش ووشەکانی گۆرانی  Show the Meaning of Being Lonely هی باندی بلو (Blue)م لە بیرە. ئەی کە رۆمانسیم!

دوو ساڵی یەکەمی زانکۆم بەسەربرد لە فێربوونی ئینگلیزی پتر بەشێوازی خۆ-فێرکردن. مەنهەجی زانکۆ دابرابوون لە ژیانی ڕاستی و جەمەیان دەهات لە تیۆری. ژیانی نێوخودی زانکۆ یارمەتیدەر نەبوو لەوەی بەرکەوتەم لەگەڵ بەکارهێنانی زمانەکە هەبێت. هەربۆیە دەبووایە پشت بەخۆفێرکردن ببەستم.

چوونکە وەک موسڵمانێک پەروەردە و گەورە کرابووم، هیچ ڕەگەزپەرستیەک لە ناخمدا نەبوو. بەڵام شارەزایەتی تەواوم هەبوو دەربارەی نەتەوەگەرایی (ناسیۆنالیزم)، پاکتاوی ڕەگەزی، بەزۆر بزرکردن و جینۆساید. ئێمەی کورد بەوانە ناسراوین. ئەوانە بەشێکن لە ناسنامەمان.

ڕژێمی بەعسی سەدام حوسەین بووە هۆکاری ١) جینۆسایکردنی نزیکەی ١٨٢،٠٠٠ کورد، ٢)هێرشی کیمیایی دژی شاری کوردی هەڵەبجە و کوشتنی ٥٠٠٠ کەسی مەدەنی و ٣) زیندەبەچاڵکردنی ٨٠٠٠ بارزانی لە گۆری بە کۆمەڵ. ئەمانە تەنیا شتە گەورەکانن. کێشەی مێژوویی تورکیا لەگەڵ کورد وەک نەتەوە، هەوڵەکانی بۆ کوشتن، یاساغکردنی کلتوور و زمانی کورد. جیاکاری قوڵی ئێران دژی کورد و پێشیلکدنی مافە کۆمەڵایەتی، ڕامیاری، و کلتوریەکانی کورد لەوەتەی کورد کوردە لەئێران.

من شارەزا بووم لە نەتەوەگەرایی، بەڵام زۆر شارەزای ڕەگەزپەرستی نەبووم. بەلای کەمەوە شارەزا نەبووم لە ڕەگەزپەرستی بە مانا مێژوویە ڕۆژئاواییەکەی. پێم وابێت هۆکارەکەش پاشخان (باکگراوند)ە ئایینیەکەم بووم. ڕەگەز بۆ موسڵمانان بریتەیە لە ئاوەڵناوێکی خۆناساندن کە گوزارشت لە شێوەی کەسێک دەکات یانیش بۆ ناسینی کەسێک. لەلای موسڵمان ڕەگەز هەرگیز بریتی نییە لە “ئایدۆلۆژیای باڵادەستی رەگەزی” (Wilson, 1999: p.14) یانیش وەک پۆلێنێک بۆ جیاکاری نێوان مرۆڤەکان بەشێوەیەک کە هەندێک مافی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری و ئابووری ببەخشێت یان زەوت بکات.

زۆر سووربووم لەسەری ئەوەی ئینگلیزی بەچاکی فێربم. وانەی کۆمپیتەر لەساڵی یەکەمی زانکۆم بنچینەکانی بەکارهێنانی کۆمپیتەری فێرکردم. فێربووم چۆن ئەنتەرنێت بەکاربێنم بەبەکارهێنانی ئەنتەرنێت ڕۆژی کاتژمێرێک لە تاقیگەی کۆمپیتەری زانکۆ.

پێت سەیری نەبێت کە وا درەنگ جیهانی تەکنەلۆجیام ناسی. دەستگەیشتن بە هۆکارەکانی خوێندن شتێکی دەگمەن بوو بۆ کەسێک کە لەشوێنێکی دوور لەشار دەیخوێند. خۆی لەمێژ نەبوو خۆمان لەکۆڵ سەدام حوسێن کردبۆوە.

دەستم کرد بەگەڕان بەدوای وانەی ئۆنلاین و بەڵگەفیلم لەسەر ئەمریکا، ئیسلام، مێژوو و بابەتی تر کە دامبەزاندبوون و گوێم لێدەگرتن هەموو رۆژێک. دەمویست چاولێکەری شێوازی قسەی ئەو بابەتانە بکەمەوە بۆ ئەوەی دەربرینم باشتر بێت و متمانە لەقسەکردن دەستبخەم. ڕۆژ بە ڕۆژ ووشەی زیاتر فێردەبووم و بەرکەوتەم لەگەڵ زمانەکە زیاتر دەبوو.

بەگەڕان لە ئەنتەرنێت بەدوای ئەم بابەتانە، کەسانی وەک مالکۆم ئێکس، مارتن لوسەر کینگ، فریدریک دۆگڵاس، حەمزە یوسف و ئەوانی ترم ناسی. دەربارەی خەباتی مێژوویی ئەمریکا بۆ دادپەروەری ڕەگەزی دەستم بە فێربوون و خوێندنەوە کرد. گەشتی خوێندنەوەم وای لێکردم بگریم، پێبکەنم و دڵتەنگ بم و زۆر بیربکەمەوە. زۆرجار ئەم بابەتانە ئەو چیرۆکانەی لە مێژووی ئیسلام دەربارەی دادپەروەری ڕەگەزییان بیر دەهێنامەوە.

بەناوبانگترینی ئەو چیرۆکانە هی بیلالن، “یەکەم بانگدەر” لە ئیسلام. بیلال کۆیلەیەک ڕەشپێستی نا-عەرەب بوو لەوکاتەی ئیسلام یەکەمجار لەمەکە ڕاگەیاندرا. بووە موسڵمان و ئازادکرا. زەماوەندی لەگەڵ ئافرەتێکی خانەدان لە خێزانێکی خانەدانی عەرەبی  کرد. بوو بە بەرپرسی خەزێنە. پێغەمبەر و کۆمەڵگای موسڵمان زۆر خۆشیان دەویست. ئێمەی موسڵمان تا ئەمڕۆکە بە “سەییدونا بیلال” گەورەمان بیلال ناوی دەهێنین.

“باشە ئەوە چییە من بەکەسێکی ڕەشپێست دەڵێم گەورەم و کەچی ئەمریکاش چۆن ڕەفتار لەگەڵ کەسێکی ڕەشپێست دەکات؟”، بەسەرسوڕمانەوە بەخۆم گووت.

ڕەگەزپەرستی بەو شێوەیەی لە ئەمەریکا دەردەکەوێت و هەڵسوکەوت دەکات وایان لەمن کرد جیهانبینیم لەبابەتی تێروانین لە دادپەروەری، چیرۆکی مرۆڤ لەسەر زەوی، و پەروەردە بگۆرێت. بیریخستمەوە کەچۆن پەیوەندییە ناوخۆییەکانی خەڵکی بەقورسی لەژێر کاریگەری شێوازی پەروەردەی مرۆڤن.

پێغەمبەر محمد (ص) ژیانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ دادپەروەری، لەنێویاندا دادپەروەری ڕەگەزی. ئەو شێوازیکی پەروەردەی پێشخست کە بنچینەکەی بریتیبوو لە شایستەیی خەڵکی و هەوڵەکانیان لەبابەتی خواناسی و ئاکاری چاک. ئەو شێوازەی پەروەردەیە شەڕی کرد بۆ بنبڕکردنی خێڵەکایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی جیهانی (ئومەت).

پێغەمبەری ئیسلام محمد (ص)  وەک یەکەم دژە-رەگەزپەرست دادەنرێت لەمێژووی مرۆڤایەتی. دکتۆر کرەیگ کۆنسیدین، پرۆفیسۆر کۆمەڵایەتی لە زانکۆی ڕایس، دەڵێت، “پێغەمبەر محمد یەکەم کەسە لەمێژووی مرۆڤایەتی ڕابگەیێنێت بەشێوەیەکی ڕوون کە هیچ کەسێک بەرزتر نییە لە کەسێکی تر بەهۆی نەتەوە یان ڕەگەز”.

پێغەمبەر محمد (ص)  ڕەگەزپەرستی وەک تایبەتمەندی سەردەمی نەزانی (جاهیلیەت)، سەردەمی پێش ئیسلام، دانا.

پێغەمبەر فەرمووی: “هەرکەسێک بمرێت بۆ دۆزێکی ناڕوون، لەپێناو خێڵەکایەتی، تووڕە ببێت لەپێناو خێڵەکایەتی، ئەوا ئەو کەسە لەسەر جاهیلیەت کوژراوە”[1].

پێغەمبەر ئوم ئەیمەن (ژنێکی ڕەش پێست کە پێشتر کۆیلە بوو)ی بە دایکە لە دوای دایکی خۆی بانگ دەکرد. لەگەڵ ئەمەدا ئەو ڕایە هەیە کە شەیتان یەکەم ڕەگەزپەرست بێت لە مێژوو چوونکە بێفەرمانی خودای کرد بۆ کڕنووش بردن بۆ ئادەم بەهۆی ئەوەی ئادەم لەخۆڵ دروستکرابوو بەڵام شەیتان لە ئاگر دروسکترابوو.

بەپێی ئیب قەییم ئەلجوزیە، ئاییناسێکی ئیسلامی سەدەکانی ناوەراست، ڕەگەزپەرستی جۆرێکە لە شیرک (هاوەڵ پەیداکردن بۆ خودا)، کە ئەوەش یەکێک لە گەورەترین گوناحەکان لە ئیسلام.

دکتۆر کرەیگ کۆنسیدین بەردەوام دەبێت و دەڵێت، “بەدانانی دووری لەنێوان خۆی و ئەو مەیلەی خەڵکی پێ پۆلێن دەکرێت بە پێی ڕەگەز، پێغەمبەر لە پێش مارتن لوسەر کینگ جونیۆر بوو، ئەو کەسەی کە لە گووتاری “خەونێکم هەیە” داوای کرد ئەمریکیە ئەفریقیەکان بەپێی ناورۆکی کەسایەتیان، نە بەپی رەنگی پێستیان، داوەرییان لەسەر بدرێت.”

پێشنیاری چەند پەرتووکێک بۆ خوێنەری ڕۆژئاوایی:

من لەبەر ئەو هۆکارە بوو پێشنیازی ئەوەم بۆ خوێنەر/کەسی ڕۆژئاوایی کرد کە ژیاننامەی پێغەمبەر محمد بخوێننەوە یان دەربارەی ئەو بخوێننەوە. پێم وایە ئەمە یارمەتی پێداچوونەوە بە خود، تێڕوانینی نوێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی ڕەگەز و ستراتیجی پەروەردە دەدات. ئەم خوێدنەوانەی خوارەوە پێشنیار دەکەم دەربارەی ژیانی پێغەمبەر. تکایە ڕەچاوی ئەوە بکەن من خوێنەری ڕۆژئاواییم لە مێشک بوو کاتێک ئەم لیستەم ئامادە کرد. لیستەکە جیاواز دەبوو بۆ خوێنەرێکی ئاسیایی یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ نموونە.

١-Muhammad: His Life Based on the Earliest Sources by Martin Lings

٢-Muhammad: A Prophet for Our Time by Karen Armstrong

٣-In the Footsteps of the Prophet by Tariq Ramadan

٤-Sultan of Hearts: Prophet Muhammad by Resit Haylamaz

٥- Muhammad: The Messenger of God

سەرچاوەکان:

Wilson, W.J., 1999. The Bridge over the Racial Divide: Rising Inequality and Coalition Politics. University of California Press, Berkeley, CA

Omar Suleiman. 40 Hadiths on Social Justice. Yaqeen Institute for Islamic Research https://yaqeeninstitute.org/series/40-hadiths-on-social-justice/

Craig Considine. Who Is the First Anti-Racist?. 7/06/2019 Link: https://www.emir-stein.org/ai_videos/who-is-the-first-anti-racist/

[1] من قتل تحت راية عمية يدعو عصبية او ينصر عصبية فقتلة جاهلية

بینینی زیاتر