هەواڵ

بۆچی چینییەکان گشت بوونەوەرێکی زیندوو دەخۆن؟

چیرۆکەکە شەست ساڵ لەمەوپێش دەستیپێکرد

ئەحمەد ئەلکەررانی/ سایتی عەرەبی پۆست.

وەرگێڕانی: سەنتەری زەھاوی

نەریتە خۆراکییە سەیرەکانی گەلی چینی مەتەڵێکی سەرسامکەرە بۆ سەرجەم جیھان. بێگومان تۆش لەخۆتت پرسیوە بۆچی چینییەکان بەو شێوازە نان دەخۆن، بەتایبەتی پاش سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەشەنەسەندنی وەک پەتایەکی جیھانیی کە سەدان ھەزار کەسی لەدانیشتووانی جیھان، تووش کرد و کوشت. ئەگەر تا ئێستا وەڵامێکی دیاریکراوی ئەو پرسیارەت دەستنەکەوتووە، ئەوا ئەم نووسینە لە کیس خۆت مەدە، لەبەرئەوەی بەدواداچوونم بۆ بابەتەکە کردووە و بە وردیی بۆمـنووسیون چۆن ئەو بەسەرھاتە دەستیپێکرد. سنگتان فراوان بێت بەرامبەر بەم گێڕانەوەیە مێژووییە مەترسیدارە، لەبەرئەوەی ئەم بەسەرھاتە مەودای دووری چەند دەیەیەکی دوورودرێژی لەمێژووی چیندا ھەیە، تا وایلێھاتووە وەک کەلتور و نەریتێکی ئەم گەلە ڕەگی داکوتیوە، دەتوانیت بیھێنیتە بەرچاو کە چینییەکان ھەموو بوونەوەرێکی زیندوو کە بەسەر زەویدا بڕوات یان بەئاسماندا بفڕێت یان لەئاودا بژی، دەخۆن. ئەمەش ھەموو گیانلەبەران و ڕووەکەکان و مارومێروو دەگرێتەوە، ھەمووی..
ھۆکاری ڕاستەوخۆی دروستبوونی ئەو کەلتور و نەریتە، بریتییە لە “برسێتی”، شەپۆلی برسێتی. سەرەتای دیکۆمێنتکراوی حاڵەتەکانی خۆراکی بەدەر لە سروشتی مرۆڤ و ناباو لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٠٨ی پێش زاین)، دواتر بە ڕێژەی جیاواز ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەڵام بەشێوەیەکی بەربڵاوتر ساڵی (١٩١١ی زاین)، بەدرێژایی ئەو ماوەیە (١٨٢٨) شەپۆلی برسێتی لەشوێنی جۆربەجۆری وڵاتی چین ڕوویداوە، بەنزیکەیی ھەموو ساڵێک شەپۆلێکی برسێتی ڕوویداوە، جا سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی ئەو برسێتییانە بچووک و ناوچەیی بوون، بەڵام ڕوودانی یەکلەدوایـیەکیان بووەتە ھۆی دروستبوونی قەیرانێکی زۆر توندی بەرھەمە خۆراکییەکان، ئیتر لێرەوە دەستیانکردووە بە پشتبەستن بە ھەر شتێک کە بەکەڵکی خواردن بێت، و خواردوویانە. بەڵام ھەموو ئەمەش لە چوارچێوە و سنوورێکی زۆر دیاریکراودا بووە و ڕاست نییە گشتاندنی بۆ بکرێت بۆ ھەموو وڵاتی چین.
لەساڵی (١٨٥١)ی زاینییەوە، ژیانی جوتیارە چینییەکان لەپەراوێزی گرنگیدانی حکومەت و سیستەمە سیاسییە یەکلەدواییەکەکاندا بووە، گرنگیی ئەوتۆیان پێنەداون، برسێتیی لە کۆمەڵگە جوتیارنشینەکاندا بەشێوەیەکی گەورە و بەرفراوان تەشەنەی سەندووە، بەتایبەتی ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەم کاتێک بەھەڵگیرسانی جەنگی ژاپۆن قوڕەکە بۆ جوتیاران خەستتر بوویەوە، بەجۆرێک ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا ھێنا کە بە چەند دێڕێکی سادەی ئاوا باسناکرێت. داگیرکاریی ژاپۆنییەکان و پاشان جەنگی ناوخۆیی چینییەکان وایکرد بارودۆخەکە بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکەکە زیاتر خراپ ببێت، ھەروەھا ھاوکات لەگەڵ حاڵەتەکانی کوشتوبڕ و ئەشکەنجەدان و ھەژاری و برسێتیدا ناچار گەل بەشێوەی تاک و بەشێوەی گروپ پەنایان بردە بەر خواردنی ھەر بوونەوەرێکی بەردەستیان، چەندین حاڵەتی مەرگی بەکۆمەڵ لەناوچە جۆربەجۆرەکاندا تۆمارکران کە لەبەر نەبوونی خۆراک یان ھەرسنەکردنی گەڵای دارەکان لای ھەندێک چینییەکان، دەستیانکردبوو بە خواردنی مارومێروو بە زیندوویی، دەستیان کرد بە گرتن و ڕاوەدوونانی پشیلە و سەگ لە کۆڵان و گەڕەکەکاندا بۆ کوشتنیان و خواردنیان، بەڵام ئەم حاڵەتانەش تا ئەو کات ھەر لە سنوری چەند شار و ھەرێمێکی جۆراوجۆری چیندا مایەوە و ھەموو چینی نەگرتەوە.
کارەساتی گەورە لە ژمارەی دانیشتوواندا بوو کە بەردەوام دوو ھێندە دەبوویەوە و زیادی دەکرد، ڕۆژانە ژمارەی لەدایکبووان بەملیۆن بوو، لەکۆتاییەکانی سەدەی چواردە تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ژمارەی دانیشتووان لە چین بەشێوەیەکی دووھێندەیی زیادی کرد. ھاوتەریب لەگەڵ ئەو ھەژارییەی کە تەشەنەی سەندبوو ناڕێکییەکی توند لە ئابووریی خێزاندا دروست بووبوو بەوەش دۆخێک ھاتبووەپێش کە بریتی بوو لە پشتبەستن بە ھەرچییەک کە لە سروشتدا ھەیە، جا ھاوتەریب لەگەڵ ئەو فرەییە ژینگەیییەی لە ژیانی ئاساییاندا ھەبوو پشتبەستنیان بەو بوونەوەر و زیندەوەرانەی کە لە خاکەکەیاندا دەژیان، زیادی کرد. لەکۆتاییەکانی جەنگی ژاپۆندا لە ساڵانی چلەکاندا وایلێھات کە چێشتخانەی چینی بەشێوەیەکی بنەڕەتی و ھەمیشەیی گشت گیانلەبەرە وشکانییەکانی تێدا دەبینرا. دەستیانکرد بە لێنانی ئەو زیندەوەرانە لەژەمەکانیاندا و بەشێوازگەلی نامۆ و سەیر و ناباو، ئەوەش بە بەکارھێنانی ئاڵەت و بەھارات و خوێی وشک. ئەم ژەمەخۆراکانە لای توێژگەلێکی زۆری گەل ڕەواجێکی زۆری پەیداکرد، بەڵام تا ئێستاش ناتوانین دڵنیا بین لەوەی کە ئەوە، سەرەتای ڕاستەقینەی ئەو خۆراکانە بووە.
پێویستە بزانین تا پێش ساڵی (١٩٤٩ی زاین) جوتیارە چینییەکان خۆیان خاوەنی زەوییە چێنراوەکانیان بوون، ئەوان لابەلایەکی بچووکی زەوییەکانیان دەکرد بە دانەوێڵە، دانەوێڵەیەک کە بەحاڵ بەشی تێرکردنی سکیانی بکردایە، بەڵام “ماو تسی تۆنگ” کاتێک سیاسەتی سۆسیالیستییانەی خۆی بەسەر وڵاتدا سەپاند دەستیکرد بە بەکارھێنانی ڕژێمگەلێکی قۆرخکاریی ئەوتۆ تا دەوڵەت دەستبگرێت بەسەر کشتوکاڵدا، ئەوەش بەمەبەستی پارەدارکردنی کەرتی پیشەسازی، بێگومان ئەو یاسایانە لەلایەن جوتیارانەوە بەتەواویی ڕەتکرانەوە، ئەویش ناچار پەنای بردە بەر فێڵ، پێشنیازی کرد کە جوتیاران لەژێر کۆنتڕۆڵی حیزبی شیوعی چیندا کاربکەن.
ئیتر گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانە بووە سەرەتای ناسۆری و دەردەسەریی، لەبەرئەوەی حیزبی شیوعی چەندین کۆمەڵەی ھاوکاریی کشتوکاڵیی سۆسیالیستی بەناونیشانی جیاواز و بە پسپۆڕیی جۆربەجۆر دامەزراند، بڕیار وابوو ئەوانە بۆ ئاسانکاریی بەشداریپێکردنی ئامێرە کشتوکاڵییەکان و گیانلەبەران و کێڵانی زەوییەکان بن، ئەمانە دەبوو ببونایەتە خێروخۆشی بۆ گەل بەڵام مەبەست لێیان شەڕ و خراپەکاریی بوو. ئەم سیاسەتە بەشێوەیەکی پلەبەندیی لەنێوان ساڵەکانی ١٩٤٩ تا ١٩٥٨ جێبەجێ کرا. لەماوەی ئەو نۆ ساڵەدا سەرژمێری خێزانە چینییەکان و ژمارەی ئەوانەیان کە بە کشتوکاڵەوە خەریکن، ئەنجام درا، پاشان دە دە و سەد سەد کردنیان بە گروپ و خستیاننە ڕیزی ئەو کۆمەڵە و ڕێکخراوە کشتوکاڵییانەی کە دروستیانکردبوون، ئەمەش لەژێر ناوی کاری سۆسیالیستیی حکومی، ھانیان دەدان تا ببنە ھاوکاری یەکتر لەناوچەکانیاندا و بچنە ڕیزی ئەو کۆمەڵانەوە بەپاساوی ئەوەی کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی چالاکییان، بەبێ ئەوەی زەوییەکانیان لێ بسێندرێتەوە یان ڕێگای گوزەرانیان سنوردار بکرێت، تا دواتر توانییان دەست بەسەر زەوییەکانیشیاندا بگرن و بیخەنە ژێر دەستی حیزبی شیوعییەوە. دزییەکی بەیاساییکراو بەناوی دەوڵەت و حیزب و سەرکردەکانی حیزبەوە.
لەگەڵ ھاتنی ساڵی ١٩٥٨دا، خاوەندارێتیی تایبەتی جوتیاران بەتەواویی ھەڵوەشێنرایەوە، سەرجەم خێزانەکان لەسەرانسەری وڵاتی چیندا ناچار کران کار بکەن، لەدەوڵەتێکدا کار بکەن کە شارەوانییە ناوچەییەکان لەژێر چاودێریی حیزب و کادرە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا بەڕێوەیان دەبرد. ئەم سیاسەتانە بەشێوەی جۆربەجۆر سەپێنران بەسەر خەڵکیدا، ھەرچەندە گەل و میـلـلـەتی چین کە لە ژێر چەپۆکێکی ئاسایشیی بەھێزدا دەژیان دژی بوون. ئەم سیاسەتانە بەشێوەی فێڵ و تەڵەکە یان بەناچارکردن یان بە ھەڕەشەوگوڕەشە دەسەپێنران بەسەر خەڵکدا. زۆربەی جار گەورە و خانەدانەکانیان بانگھێشتی کۆبوونەوەی وەھمی دەکران و لەوێ بۆ چەند ڕۆژێک و ھەندێکجار بۆ چەند ھەفتەیەک دەستبەسەر دەکران تا “بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە” ڕەزامەند بن بچنە ڕیزی ئەو کۆمەڵە ھاریکارییانەوە، ھەموو ئا ئەمانە حکومەتی چین بەناوی “بازدانی مەزن بەرەو پێشەوە” دیکۆمێنتی کردوون.
ھەرئەوەندەش نا، “ماو تسی تۆنگ” سوور بوو لەسەر پابەندکردنی شارەوانییەکان بە ژمارەی بەرھەمی قەبە و زەبەلاح، داوای دووھێندەکردنی کرێی ناوشارەکانی کرد، داوای کرد دراوی قورس لەڕێی ھەناردەکردنەوە کۆبکرێتەوە، چین ھەموو ئەمەیشی لەنێوان ساڵەکانی ١٩٥٨ تا ١٩٦٢ بەناوی “ڕێوشوێنەکانی بازدانی مەزن بەرەو پێشەوە” تۆمارکردبوو. بەڵام ئەمانە فاکتەری فشار بوون و چەرمەسەریی گەلی چینی زیاتر کرد، میلـلـەت لەنێوان کاری زۆرەملێ لەزەوییەکانی خۆیاندا و نێوان پێویستیی فەراھەمکردنی داواکارییە بێکۆتاییەکانی شارەوانییەکاندا گیریان خواردبوو. بەوەش برسێتی و مردن و کوشتن و ئەشکەنجەدان لەمیانەی کاری قورس و ھەمیشەیی و تێکڕای کاتژمێری کاردا کە ھیچ مرۆڤێک بەرگەی نەدەگرت، تەشەنەی سەند و بڵاوبوویەوە.
حاڵەتەکانی کورتھێنان لە تۆماری شارەوانییەکاندا فرە بوون، ناچار دەستیانکرد بە گەڕان بەدوای چارەسەری نوێدا بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانە توندەی لە کۆگاکانی دانەوێڵەدا دروست بووبوون. یەکەم ڕێوشوێنی گیراوەبەر لەپێناو بەدیھێنانی ژیانەوەی چیندا یاسای “چوار بەڵاکە” بوو کە “ماو” داوای کرد پێویستە لەناوببرێن: مشک، مێش، مێشولە، چۆلەکە، وەھاش ڕیکلام بۆ ھەڵمەتەکە کرا کە ئەمە ھەڵمەتی پاکژکردنەوەیە لەلایەن “ماو تسی تۆنگ”ـەوە. ئەو، پێویستیی کۆمەڵکوژکردنی مێشولەی بەوە دیاریکرد کە نەخۆشی مەلاریا دەگوازێتەوە کە ھۆکاری کوشتنی ھاوڵاتییانە و ئەنجامی مردنی ھاوڵاتییانیش واتە کەمبوونی ژمارەی کرێکارانی کێڵگەکان. ھەروەھا بۆ لەناوبردنی مشک “ماو” وای دیاریکرد کە مشک پەتای تاعون دەگوازێتەوە کە ھەمان کاری مەلاریا دەکات و خەڵک دەکوژێت. ھەرچی مێشە، ئەوە ھەر تەنھا لەبەرئەوەی “ماو”یان بێزار دەکرد فەرمانی کوشتنیانی دەرکرد. لەبنەڕەتدا سەرەتای ھەڵمەتەکە بە کوشتنی چۆلەکە دەستیپێکرد لەبەرئەوەی تۆی دانەوێڵەکانی دەخوارد و بەروبومەکانی دەدزی، “ماو” چۆلەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە نمونەیەکە بۆ سەرمایەداریی، لەبەرئەوە پاشئەوەی مەزەندەیان کرد یەک چۆلەکە لەساڵێکدا چوار کیلۆ دانەوێڵە دەخوات، بەوەش کوشتنی یەک چۆلەکە واتە کۆکردنەوە و دابینکردنی چوار کیلۆی زیاتر دانەوێڵە لە کۆگاکانی شارەوانیدا، بڕیاریان دا چۆلەکە بکوژن.
ھەموو گەلی چین کۆکرانەوە و ڕێکخران بۆ کوشتنی چۆلەکە، کۆمەڵ کۆمەڵ دەچوون بۆ ڕاوەدوونانیان و بەوەش ژاوەژاو و ھەرایەکی توندیان دروستدەکرد، تێکەڵبوون و دەنگەدەنگ و ھەرایەکی ھەراسانکەر، بە تەپڵ لێدان و تەقەتەقکردن بە مەنجەڵ و دروستکردنی ژاوەژاو و دەنگی بەرز کە چۆلەکەکانی دەترساند و نەیاندەوێرا بۆ حەسانەوە لەسەر چڵی دارەکان بنیشنەوە، بەوەش بەردەوام لەفڕیندا دەمانەوە، ناچاریان دەکرد بەردەوام بەئاسمانەوە بفڕن و بمێننەوە تا بەھۆی ماندووبوونیانەوە دەکەوتنە سەر زەوی، باڵندەکە ئەوەندە بەردەوام باڵەکانی فڕەفڕ پێدەکرد و دەفڕی تا ھەرچی توانا و ھێزی بەرگەگرتن و فڕینی ھەبوو لەدەستی دەدا، ئیتر کتوپڕ دڵە لاوازەکانیان لەلێدان دەکەوتن و جەستە زەبوونەکانیان وەک بەرد و چەو دەکەوتنە سەر زەوی، زۆرجاریش مولوولە خوێنبەرەکانیان بەھۆی زۆر ماندووبوونیانەوە دەتەقین. ھێلانەی چۆلەکەکان تێکدران، ھێلکەکانیان شکێنران، بێچووە بچووکەکانیان کوژران. تیمی دیدەوانیی بە چەکی ڕاوەوە دەچوونە دەشت و دەر و تەقەیان لە چۆلەکە و ھەر باڵندەیەکی دیکە دەکرد کە بەئاسمانەوە بوون، بەدرێژایی دوو ساڵی ڕەبەق ئەم قەسابخانەیەی دژ بە چۆلەکە درێژەی کێشا کە بووە ھۆی نیمچەلەناوچوونێکی تەواوەتیی چۆلەکە لە وڵاتی چین.
لەسەرەتای مانگی نیسانی ساڵی ١٩٦٠دا، شەست ساڵی ڕەبەق پێش ئێستا، ئەنجا سەرکردەکانی حیزب درکیان بەو کارەساتە کرد کە بەسەر وڵاتەکەیانیاندا ھێنا، لەبەرئەوەی لەجیاتی بەرزبوونەوەی بەرھەمی برنج پاش ھەڵمەتەکە، کەچی بەرھەم بۆ کەمتر لە سێیەک کەمی کرد. ئیتر کارەساتەکە کە بەدەستی خۆیان ئەنجامیان دا لێرەدا دەرکەوت: چۆلەکە وەک چۆن دانەوێڵەی دەخوارد، لەھەمانکاتیشدا بڕێکی زۆر مێرووی دەخوارد، جا کاتێک چۆلەکەکان نەمان مێروو زیادی کرد و لەناو کێڵگەکاندا بڵاوبوونەوە، بەوەش کێڵگەکان فەوتان و ڕەوە مێرووی جۆربەجۆر بەشێوەیەکی زۆر خراپ بەرھەمی دانەوێڵەیان خوارد.
ئەنجا “ماو تسی تۆنگ” فەرمانی کرد بە کۆتاییھێنانی ھەڵمەتی کوشتوبڕی چۆلەکەکان، لەجیاتیدا لەھەڵمەتی چوار بەڵاکەدا گۆڕیی بە کوشتنی سیسرک، بەڵام تا ئەمە کرا کار لەکار ترازا بوو، لەبەرئەوەی سوپای کولـلـە و شەپۆلی کولـلـە بەبێئەوەی ھیچ دوژمنێک بیوەستێنێت دابووی بەسەر کێڵگەکاندا، چونکە پێشتر چۆلەکەکان پەلاماری شەپۆلە کولـلـەکانیان دەدا کە ھێرشیان دەکردە سەر کێڵگەکان، چۆلەکەکان کولـلـەکانیان دەخوارد. بەڵام ئێستا کولـلـەکان زۆرتر بوون و کێشە ژینگەییەکانیش کە “بازدانە مەزنەکە”ی چین دروستی کردبوو زیادیان کردبوو. بەتایبەتی پاش لەناوبردنی دارستانەکان و ڕاماڵینی گڵی کێڵگەکان لەبەرئەوەی پێیانوابوو قوڵایی خاکەکە گونجاوترە بۆ چاندن، ھەروەھا بەکارھێنانی ژەھر و قڕکەری مێرووەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان زیادی کرد وەک ھەوڵێکی بێئومێدانە بۆ کۆنترۆڵکردنی ھێرشی مێروو و کولـلـەکان، ئیتر تێکچوونی ھاوسەنگیی ژینگە بووە ھۆی سەرھەڵدانی برسێتییە گەورەکەی چین لەساڵی ١٩٥٨ـەوە تا ساڵی ١٩٦٢.
“میرسکی” لەبارەی ئەو ماوەیەی دەستبەسەرداگرتنی زەویی جوتیاران و سیاسەتە نوێیەکانی چین دەڵێت: “ئەو قەدەغەیەی سەپێنرابوو بەسەر ماڵءموڵکی تایبەتدا ژیانی جوتیارانی لەگرنگترین ئاستیدا وێران کرد، گوندنشینەکان ئیتر توانای ئەوەیان نەما بڕی پێویستی خواردن لەپێناو بەردەوامبوونی ژیاندا دەستی خۆیان بخەن، لەبەرئەوەی بێبەش کران لە ھۆکارە نەریتییەکانی پەیوەست بە بەکرێدان یان فرۆشتن یان بەکارھێنانی زەوییەکان وەک گەرەنتی بۆ بەدەستھێنانی قەرز لەڕێی سیستەمی شارەوانییەکانەوە”.
لەو سەردەمەدا ڕووداوی زۆر توندوتیژ ڕوویاندا، چ لە گوندەکان یان شارە سەرەکییەکاندا، ئەمە ھاوکات لەگەڵ ئەو کارەساتە ژینگەییە بەردەوامەی بێ ھیچ سڵەمینەوەیەک درێژەی ھەبوو، کاری بەزۆر و ئەشکەنجەدان بەبێ مۆڵەتی حەسانەوە یان خواردن بەردەوام بوو، کارکردن کارکردن کارکردن، شەو و ڕۆژ کار، ھەموو کاتێک کار، بەتایبەتی لەگەڵ کاراکردنی سیستەمی شارەوانییەکاندا، کە ھەموو خەمیان سەفتەکردنی کاغەز و (یاری وەرەق) و پڕکردنی کۆگاکان لەدانەوێڵە و کرێ بوو. ڕووداوێکی زۆر بەناوبانگ ھەیە لەوکاتەدا ڕوویداوە کە سەرۆکی حیزب و ھاوڕێکانی کاری ئەشکەنجەدانیان بۆخۆشی خۆیان ئەنجامداوە، ئەوەبوو سەدان کەسیان لە گوندنشینەکان ڕاپێچی کارکردن کردووە لە کێڵگەکاندا، لەسێبەردا لەژێر بارودۆخێکی زۆر خراپدا و لەبەردەم ھێرشی مێرووەکاندا و لەسەرمای شەودا خەوتوون، ناچاریان کردوون بۆ چەندین کاتژمێر کە لەتوانای مرۆڤدا نەبووە، کاربکەن. ناچاریان کردوون بەپێی پەتی و بەنیمچەڕووتییەوە ڕێ بکەن، ڕیخۆڵەکانیان بەھۆی برسێتییەوە دەتەقین، جەستەی لاواز و پڕ لەدەرد و دا، بەزۆر بردوونیانن بۆ پرۆژەی کاری زیادە و زۆر دوور لەشوێنی کارەکەی یەکەمیان.
سەرەڕای ھەموو ئەوەی باسکرا لەو کودەتا ئابوورییەی کردیان، حیزبی شیوعی گۆڕینی کۆمەڵایەتی زەبەلاحی لە گوندەکاندا جێبەجێ کرد، ھەموو دامەزراوە و ئاھەنگە ئاینیی و سۆفیگەراییەکانی قەدەغەکرد، ھەموو ئەو ڕێگا و شێوازانەیان تێکدا کە جوتیاران بۆ ژیان و گوزەرانی خۆیان پشتیان پێدەبەست، ڕژێمی شیوعییەت کۆبوونەوە سیاسییەکان و گردبوونەوەکانی ریکلامکردنیان بۆ پڕوپاگەندەکردن بۆ بۆچوونەکانی خۆیان بەکارھێنا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو شکستە قورسەی کە لە زەمینەی کرداریدا بەسەر وڵاتدا ھێنابوویان. لەبەرامبەردا دژ بەو ڕژێمە ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشێکی بەرفراوان لە ڕاستڕەوەکان دەستیپێکرد، “ماو” ھەر بەوەندەی کە گەل بەھۆی برسێتی و ھەژاری و چەوساندنەوەوە نەیاریی بەرامبەر سیاسەتەکەی نیشان دا، بەوپەڕی لاموبالاتییەوە چووە پاڵ توندڕەوەکان و وەک فەرمانڕەوایەک کە سۆسیالیستی دەکاتە پەردەیەک بۆ داپۆشینی کارە ھەڵەکانی، رۆڵی دیکتاتۆری بەرجەستە کرد… “ماو” زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی لەھەڵمەتی دژایەتیی ڕاستڕەوەکاندا لەناوبرد، لێھاتووییانە توانی ھەموو دەنگێکی نەیاری ناو حیزب یان لای پسپۆڕە کشتوکاڵییەکان یاخود لە حەشیمەتی میـلـلـەت کپ بکات. کوشتن و کوشتن، تا ئەو ئاستەی خەڵک ڕاھاتبوون ببینن کەسێک لەکاتی بەڕێگاڕۆیشتندا بەر گولـلـە بدرێت و بکەوێت، وایلێھاتبوو بینینی تەرم لەناوەڕاستی شەقام یان لەناو کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا یان لەناو ڕووبارەکاندا کارێکی زۆر ئاسایی بوو لایان.
قۆناغی یەکەمی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی ھیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەھێنا، بەڵام سەرەڕای ئەوە ھیچ کام لە سیاسییەکان دانی بەو برسێتییە بەرفراوانەی وڵاتدا نەنا کە سەرەتاکەی لەساڵی ١٩٥٦ـەوە دەرکەوت، جا ھەرچەندە ھۆکانی پڕوپاگەندەی تایبەت بە حیزب بەشێوەیەکی ڕوولەزیاد باسیان لە زیادبوونی ئاستی بەرھەم دەکرد، بەڵام لە ڕاستیدا گەلی چینی پاروویەکی وشکی دەستنەدەکەوت تا برسێتییەکەی پێ دابمرکێنێتەوە، ئیتر لێرەوە گەڕانەوە بۆ نەریتە کۆنەکەی خۆیان لە خواردنی گشت بوونەوەرە زیندووەکان، ئەو نەریتەی کە تا ئەوکاتە بەشێوەی پێویست بڵاونەبووبوویەوە، بەڵام ئەمجارەیان خەڵکەکە کۆیان لەھیچ نەدەکرد، سڵیان لە ھیچ نەدەکردەوە، بەدوای باڵندەدا دەگەڕان، داویان دەنایەوە و بەھەموو جۆرێک ھەرچییەکی بگرتایە دەیانخوارد، سەگ و پشیلە و مشک و خشۆک و مار و شەمشەمەکوێرە و مێروویان دەخوارد، ماسییان دەگرت و کرمیان دەمژی و چەو و بەردیان دەلستەوە، کاوێژیان بەو گەڵا و چڵەدارانە دەکرد کە بەکەڵکی ھەرسکردن دەھاتن و قوتیان دەدان، ھەمەجۆر گژوگیایان دەخوارد، چەند حاڵەتێکی خواردنی گۆشتی مرۆڤ یان تەرمیش لەو سەردەمەدا تۆمار کران، ھەروەھا گیانلەبەری مردارەوەبوویان دەخوارد، جا سەرەڕای خواردنی ئەم ھەموو زیندەوەر و گیانلەبەرانە ھێشتا ملیۆنان کەس مردن، ڕاپۆرتە چینییەکان خۆیان جەختیان لە مردنی نزیکەی بیست ملیۆن مرۆڤ دەکردەوە، ھەرچەندە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەیانوت ژمارەکە گەیشتووەتە چل ملیۆن کەس یان زیاتریش.
پاش لەناوچوونی چۆلەکەکان دەستیان کرد بە داونانەوە بۆ کولـلـەکان کە ھێرشیان دەکردە سەر کێڵگەکان، داوی سیکۆتینی بۆ گرتنیان، خەڵک کولـلـەیان وەک سەرچاوەی خۆراک لەو قەیرانەدا بەکارھێنا، نەک ھەر کولـلـە بەڵکو ئەو مشکانەی کە لەھەڵمەتی بەڵاکەدا دەبووایە بیانگرتنایە و تەسلیمی شارەوانییان بکردایە لەوەدوا ئەو مشکانە بوون بە ژەمەخواردنی خەڵکەکە خۆیان، ئەوان ھونەری جۆربەجۆریان بەکارھێنا بۆ چۆنیەتی لێنان و خواردنی مشک، (کوڵاندن، برژاندن، سوورەوەکردن)، سڵ لەھیچ شتێک نەدەکرایەوە، برسێتی نەریتی خەڵکەکەی لەگەڵ یەکتردا کرد بە یەک نەریت، ئیتر چینییەکان سەرەڕای ئەو نەخۆشییانەی بەھۆی ئەو خۆراکانەوە تووشی دەبوون بەڵام پابەندبوون بەو نەریتە جیاوازانەی خۆراکەکانیانەوە، بۆ چەندین دەیەی دوور ئەوە لە زەینی ئەو گەلەدا چەسپا کە “ئەم زیندەوەرانە بوون لەکاتی برسێتییە گەورەکەدا ڕزگاری کردن، ھۆکاری مانەوەیان بەزیندووێتی؛ ئەو زیندەوەرانە بوون”، جا دواتریش ھەرچەندە ڕەخنەیان لێدەگیرا بەڵام ھەر سووربوون لەسەر خواردنی گشت بوونەوەرە زیندووەکان، وایلێھات پەیوەندی و پەیوەستییەک دروست بوو لەنێوان ھاوڵاتی چینی و ئەو ژەمە خۆراکانە دا، بەتایبەتی ئەزموونی ئەو برسێتییانە کە باوان و باپیران بۆ نەوەکانیان دەگێڕایەوە ھێشتا ئامادەگی ھەبوو، ئەستەمە دەستبەرداری ئەو نەریتانە ببن، لەبەرئەوەی لەکاتی برسێتییەکەدا تاکە ڕێگای مانەوەیان بووە، ھەموو ئەمانە لەکتێبی “برسێتییە گەورەکەی ماو”دا تۆمار کراون کە ئەو کتێبە خەڵاتی “سامۆیل جونسۆن”ی بردووەتەوە.
پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە بەجۆرێک لە جۆرەکان نەوەی نوێی چینییەکان ئەو ژەمە خۆراکە ناباوانەیان کەمکردووەتەوە، ھەروەھا ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی گشتیی بۆ ڕەتکردنەوە و لابردنی ئەو خۆراکانە دروستبووە، سەرەڕای پابەندبوونی ھاوڵاتییە بەتەمەنەکانی چین بە خواردنیانەوە، بەڵام گەنجانی چینیی کراوە بەڕووی جیھاندا ئەو خۆراکانە ڕەتدەکەنەوە، لەچێشتخانە گشتییەکاندا ئەو خۆراکانە قەدەغە کراون، بەڵام لە بۆنەکاندا وەک ئاھەنگی خۆشی، پێویستە ھەر بیخۆن، لەبەرئەوەی بووەتە نەریت و ھەوڵدەدەن چەندێک بۆیان بکرێت پابەند بن پێیەوە، چەندین کارگە دامەزراون بۆ ھەڵھێنان و بەخێوکردنی مێرووی جۆربەجۆر و ھاوردەکردنی گیانلەبەری ماڵیی لەوڵاتانی تازەگەشەسەندووی جیھانەوە بۆ بەخێوکردنیان لە کێڵگە و پەلەوەرخانەی تایبەت و پاشان کوشتنیان لەقەسابخانەی تایبەت و گشتیدا، بەڵام ئەمانە ھەمووی لە چەند ژەمێکی ڕۆژانە و لەھەندێک شوێن و گونددا قەتیس ماون، نەک لەسەرجەم وڵاتی چیندا.
ئەم نووسینە، مێژووی ئەو خۆراکە سەیرانەی خستەڕوو، ئەوەیشی خستەڕوو چی چینییەکانی پاڵنا بۆ خواردنی ھەموو شتێکی زیندوو…

بینینی زیاتر

بابەتەكانی نوسەر