هەنووكە

دوێنی و ئەمڕۆ ـ کشتوکاڵ و نەوت سەرنجێک لەسەر سورەتی (السبأ)

پوختەی ئەوەی کە ئایەتەکانی سورەتی (السبأ) ئاماژەی بۆ دەکەن ئەمەیە:
شاری سەبەئ شارێکی وڵاتی یەمەن بوو، بووژانەوەیەکی ئابووری گەورەی بەخۆ بینی، ئەو بووژانەوەیە بەشێوەیەکی گەورە پشتی بە فرەیی بەرهەمی کشتوکاڵی بەستبوو، پاشان بازرگانیکردن بەو بەرهەمانە و هەناردەکردنی بۆ شار و ئاوەدانییەکانی دیکە. ئەو کاروانە بازرگانییانەی کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وڵاتی سەبەئی دەگواستەوە و دەیفرۆشتن بە ڕێگایەکدا دەڕۆیشت کە چەندین شار و ئاوەدانیی لەسەر ڕێگاکە هەبوو (قُرًى ظاهِرَەً)، ئەمەش مانای ئەوەبوو بەدرێژایی ڕێگای بازرگانییان سەنتەری شارنشین هەبوو کە وایکردبوو ڕێگاکە سەلامەت و بێ کێشە بێت، لەبەرئەوەی چەتە و ڕێگرەکان نەیاندەتوانی لەڕێگا ئاوەدانەکاندا کاروانە بازرگانییەکان ڕووت بکەنەوە، تەنها ئەوکاتە نەبێت کە بەڕێگای چۆڵەوانیدا دەڕۆیشتن.
(وَجَعَلْنَا بَيْنَهُمْ وَبَيْنَ الْقُرَى الَّتِي بَارَكْنَا فِيهَا قُرًى ظَاهِرَةً وَقَدَّرْنَا فِيهَا السَّيْرَ سِيرُوا فِيهَا لَيَالِيَ وَأَيَّامًا آَمِنِينَ) (ئێمە لەنێوان ئەوان و ئەو شوێنەدا کە بەرەکەتمان بەسەردا رژاندبوون، دێهات و ئاوەدانیی ئاشکرا هەبوون، کە بە بێ ماندووبوون ئەو سەفەرانەیان دەکرد لەنێوان شام و یەمەندا، ماوەی نێوان دێهاتەکانیان دەبڕی بەئاسانی و بێ ماندووبوون. بڕۆن چەندەها شەو و ڕۆژ بێ ئەوەی هیچ ترس و بیمتان هەبێت).
سەرەڕای باشیی ئەم تایبەتمەندیی و مواسەفاتەی بازرگانییەکەیان، بەڵام ئەوانەی کە چاویان تێر نەدەبوو و بەدوای پارەی زیاترەوە بوون، ئەمەیان بە کەموکوڕی دەزانی، بوونی ئەو ئاوەدانییانەیان بە خراپ دەزانی، لەبەرئەوەی ڕێگای سەلامەت و بێ کێشە ڕێ لە بازرگانەکان دەگرێت کە قۆرخکاری بکەن و نرخ بەرز بکەنەوە، چونکە کە ڕێگا و هاتوچۆ سەلامەت بوو هەموو کەسێک دەتوانێت ڕاستەوخۆ بچێت بۆ سەرچاوەی سەرەکیی کاڵاکە و هەمان کاڵا بهێنێت بۆ فرۆشتن. ئەمەش بۆ چاوچنۆکەکان گرفت بوو.
لەبەرئەوە دەسەڵاتدارانی وڵاتی سەبەئ، قوربانییان بە سەلامەتی ڕێگا و هاتوچۆ دا لەپێناو قازانجی زیاتردا.. وتیان (فَقَالُوا رَبَّنَا بَاعِدْ بَيْنَ أَسْفَارِنَا وَظَلَمُوا أَنْفُسَهُمْ فَجَعَلْنَاهُمْ أَحَادِيثَ وَمَزَّقْنَاهُمْ كُلَّ مُمَزَّقٍ). (کەچی ئەوان وتیان: پەروەردگارا! نێوانی ڕێگە و سەفەرەکانمان لەیەک دوور بخەرەوە. بەم داواکارییەیان ستەمیان لەخۆیان کرد، ئێمەش کردمانن بە داستان و باسی سەرزاری خەڵکی و پارچەپارچەمان کردن).
خەیاڵی ئەوەی کە ئەوان بەهێزن و کەس چاریان ناکات، وایلێکردن پێیانوابوو دەتوانن پارێزگاریی لە ئاسایشی کاروانەکانیان بدەن و بازرگانییەکەیان قۆرخ بکەن و قازانجی زیاتر بەدەستبهێنن.
بەڵام گورزیان بەرکەوت، گورزێک کە ڕاستەوخۆ دای بە سەرچاوەی سەرەکیی بازرگانییەکەیاندا: بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان.
هەرەسی بەنداوی مەئرەب و ژێرئاوکەوتنی وڵاتەکە.
لەکتێبی (القران نسخة شخصية).
ئای چەندە ئەمڕۆ لە دوێنێ دەچێت… ئەگەر لە جیاتی “بەرهەمە کشتوکاڵییەکان” دەستەواژەی “بەرهەمە نەوتییەکان” و لە جیاتی “کاروانی بازرگانی” “تەنکەرە نەوت” و لەجیاتی “هەرەسی بەنداوی مەئرەب” “هاڕەکردنی نرخی نەوت” دابنێین، ڕێک دەڵێیت ئەو ئایەتانە باسی ئەمڕۆی ئێمە دەکەن..

فەرەیدون ئەحمەد پێنجوێنی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply