وتار

پاشەکشەی دیموکراسی لە دەلاقەی ئابوورییەوە

 

ئەوەی پێش کۆرۆنا قەدەغەبوو ئێستا خەریکە دەبێتە شتێکی ئاسایی، لەوانەیە دوای ماوەیەکیتر پێویستیش بێت، لەم پێناوەدا خەریکە بەخشکەیی سیستمی دیموکراسی لە گرنگترین بنەماکانی خۆی پاشەکشەدەکات کە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا، چۆن؟
یەکێک لەو ڕێکارانەی دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی حکومەت بەئاسانی دەستاودەست بکات بە ئیرادەی هاوڵاتی و هەڵبژاردن و بێ کارتێکردنی لاوەکی ئەوەیە دەسەڵاتی دارایی و پاشەکەوتی دراو و دیاریکردنی نرخی دراوی نیشتیمانی و زۆر بابەتیتر لای بانکی ناوەندی وڵات دەبێت و سەربەخۆیی خۆی دەپارێزێت (لانیکەم لە ڕووکەشدا)، بۆئەوەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان ئەم دەسەڵاتە بەکارنەهێنن بۆ مانەوە و بەرژەوەندی خۆیان چونکە موڵکی گشتیە و پێویستە هەموو هێزەکان یەکسانبن لەبەرامبەریدا.
هەروەها بۆ ئەوەی کەشێکی لەبار بڕەخسێت بۆ کەرتی تایبەت و هاوڵاتیان سوودمەندبن لە وەرگرتنی قەرز لە بانکی ناوەندی بەڕێژەی سودی جیاواز کە بانکەکە دەیخاتە سەر قەرزدارەکان.
لە کاتی قەیرانی دارایی و ئابووریدا بانکی مەرکەزیی کارئاسانی دەکات بۆ قەرزدارەکانی بە دابەزاندنی ڕێژەی سوود و درێژکردنەوەی ماوەی دانەوەی قەرزکان.
بەڵام بۆ حکومەتەکان یان کابینەی وەزاری کە حکومەتی بەدەستە ئەوا بانکی مەرکەزی ڕاستەوخۆ پارەی پێنادات، واتە مامەڵە لەگەڵ حکومەتدا دەکات بەو شێوەیەی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا دەیکات، پێویستە حکومەت داهاتەکانی خۆی بەکاربهێنێتەوە بۆ خەرجیەکانی، بۆ نموونە گریمان حکومەت ۱۰ ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت لە ساڵێکدا بەڵام خەرجیەکانی ۹ ملیۆن دۆلارە ئەوا دوای دەرکردنی خەرجیی بڕی یەک ملیۆن دەگێڕێتەوە بۆ بانکی مەرکەزی وەک داهاتی گشتی، بەڵام ئەگەر داهاتی ئەو حکومەتە ٨ ملیۆن بوو لەو ساڵەدا ئەوا کورتهێنانی بودجەی دەبێت، چی بکات لەو حاڵەتەدا؟ بانکی مەرکەزیی نابێت هەروا ئەو کورتهێنانەی بۆ پڕبکاتەوە ملیۆنێک دۆلاری بداتێ.
وڵاتانی ڕۆژئاوا ئالیەتێکیان دۆزیوەتەوە بۆ ئەمە کە حکومەت پەنا ئەباتەبەر قەرزکردن، لە کەرتی تایبەت و بانکی مەرکەزی، قەرزەکەش لە ڕێگای خستنەبازاڕی قەواڵەی دارایی دەبێت، قەواڵەکان بە نرخێک دەفرۆشێت و دواتر بەنرخێکی زیاتر دەیانکڕێتەوە (لێرەدا قسە لەسەر ئەو ناعتدالەتیە ناکەین کە تەنها خاوەن سەرمایەکان سوود لەم قەرزە وەردەگرن)، ئەمە لەپێناوی ئەوەی بانکی مەرکەزی ڕاستەوخۆ پارە نەدات بە حکومەت هەرچەندە ئەمە جۆرە فێڵێکە دواتر هاوڵاتی باجەکەی دەدات لەڕێگای زیادکردنی باج و کەمکردنەوەی خەرجی بەکاربردن.
لەئێستادا کە کەرتی تایبەت پارەی نەماوە چونکە هەموو سێکتەرەکان وەستاون، حکومەتەکان پارەی زۆریان پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، لە بەرامبەردا داهاتیان کەمی کردووە، قەواڵەیان خستووتە بازاڕەوە، تاکە کڕیار بانکی ناوەندییە، بەڵام هێشتا پارەی قەواڵە داراییەکان بەشی خەرجیەکان ناکات، دەبێ لە خەمی هاوکاریکردنی کۆمپانیا گەورەکانیش دابن بۆ ئەوەی مایەپووچ نەبن، چونکە باجێکی باش دەدەن بەحکومەت.
بۆیە بانکە ناوەندییەکان ئەو قەواڵانە دەکڕن و ڕازی دەبن کە بە هەمان نرخی خۆیان بەبێ سوود دوایی بە حکومەتەکانی بفرۆشنەوە، بەڵام ئەمەش هێشتا بەس نیە بۆیە بانکی ناوەندی ژاپۆن لەدوای قەیرانی 2008ەوە ئێستا بە ئاشکراو بێ فێڵ و فەرەجی قەواڵە و قەرزا پارەی کورتهێنان دەدات بە حکومەت، بانکی ناوەندی ئینگلتەراش هەمان نیازی هەیە و لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە نەریتی هەموو بانکە ناوەندییەکان چونکە ڕێگای تریان لەبەردەستدا نەماوە، ئەمە پێش کۆرۆنا بڤەبوو.
ئێستا حکومەتەکانی دنیا لە ئەمریکاوە تا بچوکترین وڵات بە نزیکەی (250) تریلیۆن دۆلار قەرزدارن هەریەکەیان بەڕێژەی جیاواز، واز لەوە بێنن ئەم قەرزانە بەچی دەدەنەوە.
لە کۆتاییدا ئەوانەی حکومەتیان بەدەستە سوود لە دارایی گشتی وەردەگرن بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات یان دووبارە هەڵبژاردنەوەیان و ئەو کەشوهەوا دیموکراسیەی کە دەبێ هەبێت بۆ مونافەسەی سیاسی ڕکابەریکردن تەواو شێواوە، ئەمەش یەکەم دەلاقەی خۆدزینەوە دەبێت لە هەڵبژاردنی بێخەوش و ئازاد، لە پاڵیدا ڕۆڵی حکومەت و دامودەزگاکانی بەهێز و زیاتر دەبێت و کەرتی تایبەت و دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی لاواز دەبن، بەدوایدا ڕۆڵی پەرلەمان و دادگاکانیش کەمدەبێتەوە، بەمەش سیستمی دیموکراسی دەکەوێتەبەر هەڕەشەی جددی و جۆرێک لە مۆدێلی سەرکردەی کاریزمی و نیشتیمانی و دەوڵەتی نەتەوەیی بەهێز دەبێت وەک پێویستی و زەروورەتی قۆناغی نائاسایی و هەڕەشە.

بینینی زیاتر

د.ئیسماعیل سەید ئیبراھیم

لەدایکبووی ۱۹۷٨ دکتۆرا لە ئەدەبی عەرەبی پلەی زانستی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی خاوەنی ٦ کتێبی چاپکراو و وەرگێڕدراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی

بابەتەكانی نوسەر