هەنووكە

مرۆڤ لەسەردەمی شارستانیەتی ماددیدا

گومان لەوەدا نییە شارستانییەتی ماددی خزمەتێكی جوزئی بەمرۆڤەكان كردوە لەڕوی مادیەوە، بواری تەكنەلۆژیایی تاڕادەیەكی باش بەرەو پێش بردوە، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: ئایا شارستانییەتی ماددی توانیویەتی مرۆڤ بەختەوەر بكات؟ لەئارامی و خۆشی و ئەماندا بژی؟ ئایا هەموو مرۆڤەكان وەك یەك لەڕووی مرۆڤ بوونەوە تەماشا دەكات؟ یان چینایەتی و كۆیلەو عەبدایەتی ژیاندوتەوە؟ لەوەڵام دا دەڵێین:
1. لەسەردەمی شارستانییەتی ماددیدا، مرۆڤ لەبەهاو نرخ و ئەخلاق داڕندراوەو بۆتە ماددە.
2. متمانەو ڕەحم و بەزەیی نێوان مرۆڤەكان لەلێواری لەناو چووندایه‌.
3. چەند سەرمایەدارێكی جیهانی بێ‌ ڕەحم بڕیاری سیاسی دەردەكەن و چارەنووسی مرۆڤەكان كەوتۆتە دەست ئەوانە، نموونەی وەك ترامب باشترین بەڵگەیە.
4. سەردەمی دزی و تاڵان و كوشتن و شەڕو ئاژاوەو بێ‌ نرخی گیانی مرۆڤەكانە.
5. بەملیۆنان كەس لەجیهاندا برسی و ڕوت و ڕەجاڵ و بێ‌ نانن.
6. عەبدایەتی بەشێوازێكی تر سەری هەڵداوەتەوە، لەسەردەمی شارستانییەتی ماددیدا مرۆڤ بۆ تیكه‌ نانێك بووه‌تەوە عەبدی بەرپرس و سەرمایەدارەكان.
7. كەسایەتی مرۆڤەكان رۆژانە لەكەدار دەكرێ‌، بێ‌ ڕێزی و بێ‌ حوڕمەتی و ئەتكی ناموسی دەكرێ‌! لەبەر دەستی سەركردە سیاسیە عەلمانییە خۆفرۆشەكان.
8. دزی وخیانەت و گەندەڵی و داوێنپیسی و نامەردایەتی عەیبە نییە، بەڵكو بۆتە شانازی و ئاسایی.
9. لەوەتەی خودا مرۆڤی دروست كردوە بەئەندازەی ئەمڕۆ ڕێژەی بێ‌ متمانەیی و قەلەقی و دودڵی و ناڕەحەتی و ئازارو نەهامەتی بەسەر مرۆڤەكاندا نەهاتووە.
10. ڕووی دەرەوەی مرۆڤەكانی جوانكاری كردوە، لەجل و بەرگ و پۆشاك و خانوبەرەو بینای بریقەدارو ناوماڵی جوان!، بەڵام نەی توانیوە ڕوح و لایەنی مەعنەوی مرۆڤەكان ئاسودە بكات.
تیبینی : ئەمانە زۆر بەكورتی باس لەحاڵی مرۆڤە لەشارستانیەتی ماددیدا.

5-4-2020.

بینینی زیاتر