وتار

بیری ڕیفۆرم و نوێخوازی پیرەمێرد

د. ئاراس محه‌مه‌د ساڵح

پیرەمێردی شاعیر دوای مانەوەی بۆ چارەکە سەدەیەک لەناو دەوڵەتی عوسمانی ئەو ڕۆژگارەدا و بەدەستهێنانی بڕوانامە و بەشداریکردنی لە کاری ڕۆشنبیريی و ڕێکخراوەییدا، بۆ دواجار دەگەڕێتەوە کوردستان و چارەکە سەدەیەک بەبیرێکی نوێخوازيیەوە بەردەوام دەبێت لە بڵاوکردنەوەی خوێندن و ڕۆشنبیريی و کاری ڕۆژنامەنووسی، لە هەموو کارە ڕۆشنبیريی و ئەدەبيی و ڕۆژنامەوانیەکانیدا بەردەوام هەوڵی ڕیشەکێشکردنی بیری دواکەوتوويی داوەو لە کەناڵە جیاوازەکانەوە هەوڵ و کۆششی خۆی خستووەتەکار بۆ پێشخستنی میللەت و نیشتمانەکەی، پیرەمێرد بە ورەیەکی بەرز و بەرنامەیەکی گەورەوە گەڕاوەتەوە نیشتمان، هەروەکو خۆی لە دێڕە شیعرێکدا دەڵیت:

چیم کردووە جارێ هێشتا لە کوێمە
میللەت لەمەودوا ئاواتی پێمە.

پیرەمێرد کە گەڕاوەتەوە کوردستان بینیویەتی میللەتەکەی گیرۆدەی دەردی نەزانی و نەخوێندەواريیە، هەربۆیە لەیەکەم ڕۆژی گەڕانەوەی بۆ کوردستان دەکەوێتە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی میللەتەکەيی و چاپخانە پەیدا دەکات و ڕۆژنامە دەردەکات، کاری ڕۆژنامەنوسی ڕۆڵی گەورە و کاریگەری هەبووە لە هۆشیارکردنەوەی گەلاندا، پیرەمێرد لە شارێکی فەرهەنگی وەک ئەستەمبوڵی ئەو ڕۆژگارەدا چاوی کردووەتەوە و بینیویەتی ڕۆشنبیرانی گەلە جیاوازەکان و ئازادیخوازان لە ڕێگەی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسییەوە لە هەوڵی خزمەتکردنی میللەتەکانیاندان، کەسێکی هۆشیاری وەک پیرەمێرد ئەو بارودۆخەی ئەوکاتەی ئەستەمبوڵی بینیوە، بڕیار دەدات لەپێناوی گەلەکەیدا ژیانی ئەوکاتی ئەستەمبوڵ و پۆست و ژیانی خۆی وازلیبێنێت و بگەڕێتەوە و خۆی تەرخان بکات بۆ خزمەتی گەل و نیشتمانەکەی، هەروەها بەگژ هەموو ڕێگرەکانی بەردەم پڕۆژە نوێخوازیەکەیدا بچێتەوە و کۆڵ نەدات هەتا دوا ساتەکانی تەمەنی .

پیرەمێرد سەرەتا کە دەگەڕێتەوە سلێمانی لە ڕۆژنامەی (ژیان) دەست بە نووسین دەکات، ڕۆژنامەی (ژیان)يش درێژەپێدەری (ژیانەوە) بوو، لە ژمارە (6)دا بەخێرهاتنەوەی پیرەمێرد دەکات، لە ژمارە (321) لە ڕۆژی 9/5/1932وە پیرەمێرد دەبێتە بەڕێوەبەری ڕۆژنامەکە، دەرکردنی ڕۆژنامە بە زمانی کوردی لە نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا و پەیداکردنی چاپخانە کارێکی گەورە و گرنگ بووە، لە هەمانکاتدا کارێکی زۆر قورس و گران و وەک مەحاڵ وابووە، لەو ڕۆژگارەدا تەنها ئەو چاپخانەیە هەبووە کە مێجەرسۆن لە ساڵی 1920 هێناویەتييە سلێمانی، هەرچەند پیرەمێرد و ڕووناکبیرانی ئەنجومەنی زانستی هەوڵی پەیداکردنی چاپخانەیەکی نوێ دەدەن، بەڵام سەرکەوتوو نابن، لە هەمانکاتدا پیرەمێردی دانا توانیویەتی هەموو بەربەستەکانی بەردەم پڕۆژە چاکسازییەکەی لابەرێت و درێژە بەکارەکانی بدات، لەو پێناوەشدا قوربانی و بەخششی زۆری بەخشیوە.

ئەم ڕوناکبیرە بەردەوام لە ڕۆژنامەکەیدا بانگەشەی بۆ خوێندن و خوێندەواری کردووە، لە هەمانکاتدا بیری کوردایەتی بڵاودەکردەوە و خەڵکی هانداوە داوای مافە نەتەوەییەکانیان بکەن، پیرەمێرد لەو ڕۆژگارەدا یەکێک بووە لەو ڕۆشنبیر و خوێندەوارانەی لە ئەستەمبوڵەوە گەڕابووەوە بە ئاسانی دەیتوانی ببێتە فەرمانبەرێکی پلە باڵای دەوڵەت، بەڵام وه‌ك خۆی دەڵێت لەگەڵ ئەوەشدا کاربەدەستان داوایان لێکردووە پۆستی حکومی وەربگرێت، بەڵام ئەو کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەموو شتێک بەلاوە گرنگتر بووە بۆ خزمەتی گەلەکەی و ئەو کارەی هەڵبژاردووە .

هەر بە هەوڵی پیرەمێرد و خەمخۆرانی ئەوکاتی میللەت (کۆمەڵەی زانستی) دادەمەزرێت کە ئامانجی سەرەکی نەهێشتنی نەخوێندەواری بووە، ئەم کۆمەڵە و خوێندنگەی زانستی ڕۆڵی سەرەکیان بینیوە لە پێشخستنی خوێندەواريی و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیدا، بەری هەوڵی کاری ڕۆژنامەنووسی پێرەمێرد و مونەوەرەکانی ئەوکاتی سلێمانی دوای چەند ساڵێک خەباتی مەدەنی شاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا گەشە دەکات و ڕوداوەکانی شەشی ئەیلولی 1930 لێدەکەوێتەوە، هەرچەندە ئەو ڕووداوە بە ڕەش ناودەبرێت و ڕاستە قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە، بەڵام یەکەم خۆپیشاندانی مەدەنیانەی شارییە لە کۆمەڵگاى کوردیدا بۆ داواکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانیيەکانی، ئیتر لە دوای ئەو ڕوداوانەوە خەباتی کوردایەتی لە ناو خێڵ و سەرۆک هۆز و لادێکانەوە گواسترایەوە بۆ شار و قۆناغێکی گەورە بیری کوردایەتی و نیشتمانی هاتە پێشەوە .

پیرەمێرد لە سێ بواری سەرەکیدا لە ڕێگەی نووسین و ئەدەب و ڕاگەیاندنەوە هەوڵی ڕیفۆرمی داوە:
یەکەم/ ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی:  کۆمەڵی کوردی له‌ نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا گیرۆدەی دەردی نەزانيی و نەخوێندەواريی و هەژاريی و نا ئارامی سیاسيی بووە، بێگومان هەموو ئەمانەش چەندین دیاردەی دزێوی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، پیرەمێرد بە شیعر و هەروەها وەک ڕۆژنامەنووسێکی بە توانا هەوڵی ڕیفۆرم و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاى داوە، پیرەمێرد چانسی ئەوەی بووە لە ڕۆژگارێکدا ژیاوە ڕۆژنامە و چاپەمەنی لە کوردستاندا هەبووە و وەک شاعیرانی پێش خۆی تەنها لە ڕێگەی شیعرەکانیيەوە کاری بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی نەکردووە.
ئەم شاعیرە بەهرەمەندە سەرچاوەی پێشکەوتن و ڕزگاری میللەتی تەنها لە خوێندەواریدا بینیوە، هەموو کات داوای له‌ نەوەی نوێى میللەتەکەی كردووه‌ بخوێنن و لە هەموو دواکەتن و بیرێکی کۆن خۆیان ڕزگار بکەن، هەروەک دەڵێت:

لەلای من  خوێندەواریە، ئاه خوێندەواریە
هەر میللەتێک عیلمی نەبێ دەردی کاریە
ئاخ خوێندنیش وەک من ئارەزوی دەکەم
بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی کفنەکەم
هەروەها لە شیعرێکی تردا دەڵێت:
زۆر کەم ئەمێنێ نوێژ و جەماعەت
لە ئەمانیش ئەکەن خیانەت
عیزەت ئەچێتە لای پیاوی زاڵم
قەدر و ئیمانی نامێنێ عالم
برەو ئەسێنێ شەراب و قومار
ماڵ گران ئەبێ لە شار و بازاڕ
کوشتن و دزی و تاڵان و درۆ
فەقیر و هەژار دەخاتە هاوار و ڕۆڕۆ

پیرەمێرد سەرچاوەی هەموو دیاردە کۆمەڵایەتیيە خراپەکان دەگێڕێـتەوە بۆ نەزانی و نەخوێندەواری، ئەم دەردەش هەموو ئاکارە ناشیرینەکان بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێ، بۆيه‌ بەردەوام لە شیعرەکانیدا و لە گوتاره‌ ڕۆژنامەنووسيیەکانیدا بەگژ هەموو دیاردە کۆمەڵایەتیيە خراپەکاندا چووەتەوە و هەوڵی ڕیشەکێشکردنی داون لەناو کۆمەڵگادا.
لە ڕۆژگاری پیرەمێردا بەهۆی کورتبینی ئايينى و دابونەرێتی دواکەوتووی کۆمەڵایەتیيەوە چوونی کوڕانیان بۆ قوتابخانەی مۆدێرن بە خراپ زانیوە، بەڵام پیرەمێرد هانی کچانی داوە بڕۆن بۆ قوتابخانە و بخوێنن و گوێ بە قسەی نەزان و توانجی کەس نەده‌ن، شیعری بۆ کچانی قوتابخانە و سروودی قوتابخانەی کچان داناوە و بەردەوام هانی داون بخوێنن.

دووەم/ ڕیفۆرمی ئاینی: لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەوە بیری ڕیفۆرمی ئاینی دەبێتە یەکێک لە پرسە گرنگەکانی جیهانی ئیسلامی، ئەویش لەژێر کاریگەری بۆچوونەکانی جەمالەدینی ئەفغانی و شێخ محەمەد عەبدەدا، پیرەمێرد لە ئەستەمبوڵدا کە ماوەیەک جەمالەدین لەوێ بووە و بانگەشەی بیری ڕیفۆرمی کردووە، هەروەها لە ڕێگای گۆڤارەکەیانەوە (العروة الوثقى) کە بێگومان گەیشتوەتە شارێکی وەک ئەستەمبوڵ و پیرەمێرديش وەک کەسێکی ڕوناکبیر و ڕۆژنامەنووس بینیویەتی، هەروەها پەیوەندی پیرەمێرد لەگەڵ کەسێکی وەک (سەعیدی نورسی) کە خاوەن دیدگا و بیرێکی ئیسلامی تایبەت بەخۆیەتی و ژیانی فەرهەنگی ئەستەمبوڵ هەموو ئەمانە کاریگەری زۆریان هەبووە لەسەر بیری ئاینی پیرەمێرد. پیرەمێرد ئایندارێکی عەقڵانی نوێخوازبووە و دژی لە هەموو خورافە و تەفسیرێکی دوواکەتووانە و بێبەما بووە بۆ ئایين لە ژێر کاریگەری دابونەرێتی دوواکەوتووی کۆمەڵدا.

پیرەمێرد لە شیعرەکانیدا ڕەخنەی توند لە ڕەوشی ئاینيی و هەموو ئەو خورافە و شتە پڕوپوچانە دەگرێت كه‌ تێکەڵی ئاین کراوە، لە هەمانکاتدا ڕەخنە لە گوتاری داخراوی ئايينى دەگرێت و داوای نوێبوونەوەی دەکات، سەرەتا بە هاوکاری کەسایەتیەکی ئاینيی مونەوەری وەک شێخ محەمەدی خاڵ دەستپێدەکات، چونکە دەزانێت شێخی خاڵ پێگەی ئاینيی و کۆمەڵایەتی بەهێزە و ناوەندە ئاینيیە تەقلیديیە دەروێشگەراکە ناتوانن هیچی لە دژ بکەن، لە هەمانکاتدا خەڵکی وەریدەگرن و دەڵێن قسەی شێخی خاڵە.

پیرەمێرد ساڵانە یادی مەولودی پێغەمبەر(د.خ)ی ڕێکخستووە و خەڵکی کۆکردوەتەوە وەک دەرفەتێک بۆ گەیاندنی پەیامی ئاینداريی و خۆشەویستی پێغەمبەر، لە ساڵی 1936دا دەیەوێت یادێکی مەولود بکات، بەڵام سەیر دەکات کتێبەکانی مەولودنامە پڕن لە شتی پڕوپوچ و خورافە و بێبنەما، داوا لە مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ دەکات مەولودنامەیەکی ڕاست و بە کورديیەکی ڕەوان بۆ بنوسێت، مامۆستای خاڵیش (مەولودنامەی نەوئەسەر یان ژیانی پێغەمبەر) دەنوسێت کە بەپێوەری ئەوکاتە کتێبێکی باشە و هەنگاوێکی گرنگە لە نوێکردنەوەی گوتاری ئاینیدا.
هەروەها پیرەمێرد هاوکارێکی باشی شێخ محەمەدی خاڵ بووە بۆ بە چاپ گەیاندنی تەفسیری خاڵ، تەفسیری سورەتی فاتیحە و جوزئی (عم)ەی بۆ چاپ دەکات، کە لە سيیەکانی سەدەی ڕابردوو بڵاوی کردوونەتەوە و لەسەر ڕێبازی تەفسیری شێخ محەمەد عەبدە نوسراون.

هه‌روه‌ها لە شیعرەکانیدا ڕەخنە لە ڕەوشی ئاینداری دەگرێت و داوای گۆڕینی دەکات، بەڵام پیرەمێرد خواناسێکی ڕاست و هۆشیار و بووە و ئاینيی ئیسلامی زۆر بەلاوە گەورە بووە، ئەو ڕەخنەی لە ڕەوشی ئاینداری گرتووە نەک ئاین وەک هەندێك کەس بە هەڵە باسی دەکەن و هەوڵدەدەن ئەو وێنای بۆ بکەن، هەروەها سوودیان وەرگرتووە لە قسەی هەندێك کەسی ئاینداری دواکەوتووی مەشرەب خورافی کە بیرە نوێخواز و عەقڵانیەکەی پیرەمێردی بۆ قبوڵ نەکراوە، نوێکردنەوەی ئاین، واتە: پاککردنەوەی ئاین لە هەموو ئەو خڵتەوخاڵانەی تێکەڵاوی کراوە نەک گۆڕینی ئاین.
لە شیعرێکدا ڕەخنە لەو ڕەوشە ئاینداریيەی ئەوکات دەگرێت و تيايدا دەڵێت:
وشکە سۆفیەکان بەهەشتیان ئەوێ
بۆئەوەی حۆری و کۆشکیان بەرکەوێ
یادی تۆم لە هەر شوێنێ دەسکەوێ
بەهەشت دۆزەخی لێ پڕ نامەوێ

پیرەمێرد ڕەخنە لەو بیرکردنەوە ئاینيیە دەگرێت کە ئایين کورت دەکاتەوە لە بیری بەهەشت و حۆریدا، ئایين پێش ئەوەی باسی بەهەشت و حۆری بێت ڕێکخراوەیەکی تەشریعی و قانوونیيە بۆ ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤەکان لەسەر زەویدا و ئاوەدانکردنەوەی دنیا، مەخابن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا کەسانێک بەناوی بانگخوازەوە هەر خەریکی گوتاری وەعزی دواکەوتوو و باسی حۆريی و ئەو جۆرە شتانەن.

ئەم شاعیرە بیر ڕووناکە لە شیعرێکی تردا ڕەخنە لە نوێژکەران دەگرێت کە نوێژەکانیان بەپێی بەرنامەی پاکی ئیسلام ناکەن، لە هەمانکاتدا ئەو نوێژانە لە کاری خراپ نایانگێڕێتەوە کە فەلسەفەی نوێژ لە قورئاندا ئەوەیه‌ خاوەنەکەی لە هەموو کردەوەیەکی خراپ بگێڕێتەوە و لایەنی ڕۆحی مرۆڤ ئاسودە و تێر بکات، لەمبارەیەوە دەربارەی نوێژکردنی مزگەوتی گەورەی سلێمانی دەڵێت:
هەرچی نوێژ ئەکات لەو بەرهەیوانە
سوجدە ئەباتە بەر ئەو قەبرانە
لە شێخ ئەترسێت لە خوا قەیناکا
لەبەر شێخ نەبێت هیچ نوێژێک ناکا
قەیناکا قەبری شێخی سەرکارە
سوجدە بۆ شێخە (زاتەن) لەم شارە
لە جەردەیشدا نوێژیان تەرک ناکەن
بۆ هەژار کوشتن پف لە دۆ ناکەن
چاولێکەرییە نوێژ کردنی کورد
هەر بۆئەوەیە بڵێن نوێژمان کرد
ژن و شێخ لە خوا پێشترە بۆ سوێند
ئیتر بەسیەتی تەواومان تێچەند
هەروەها ڕەخنە لە بانگدانی مزگەوتی گەورەی سلێمانی دەگرێت، کە کەسێکی دەنگ ناخۆش بانگ دەدات، کە لەڕاستیدا دەبوو کەسێکی دەنگخۆشی وەک بیلالی حەبەشی بانگی بدایە لەسەر پەیڕەوی سونەتی پێغەمبەر(د.خ) بۆئەوەی دڵ و دەروونمان زیندوو بکاتەوە.

وا دەستنوێژ شۆرا گوێمان لە بانگە
بۆڕە بۆڕێک دێت وەک بۆڕەی مانگا
مەلا سەعیدە وا سەڵا ئەکا
ڕۆحی بیلالمان بۆ ئەحیا ئەکا
دوور لە بانگەكە ئەمەم هاتە بیر
(أنکر الاصوات لصوت الحمیر)
دەک خوایە بانگدەر قۆڕەت لێ کەوێ
کە هەڵساین بۆڕەت بڕا بێ شەوێ
من بۆڕەی ئەمەم لا گران نایە
خەڵک ئەڵێن زەوقی مەملەکەت وایە
کەس نیە بڵێ موسڵمانینە
بانگی محەممەد ڕەونەقی دینە
بۆچی دەنگخۆشێ نییە بانگ بدات
هەر لێرەم دیوە بانگ بە قۆنتەرات .

لە شیعرێکی تردا پیرەمێرد ڕەخنە لە پیسوپۆخڵی مزگەوتی گەورە دەگرێت کە موسڵمانان گرنگی بە پاکوخاوێنی مزگەوت و ژینگەی گشتی سەرئاوەکان نادەن، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئاینی ئیسلام زۆر گرنگی بە پاکوخاوێنی دەدات و وەک یەکێک لە مەرجەکانی نوێژ و شوێنی نوێژ کردن دایناوە، لەو ڕۆژگارەدا هەموو خەڵکی لە یەک حەوزدا دەستنوێژیان گرتووە و وەک ئێستا دابەشکردن و سستمی بۆری نەبووە، بەڵام خۆشبەختانە هیواکەی پیرەمێرد ئێستا هاتووەتەدی و لە هەموو مزگەوتێکدا سستمی نوێی دابەشکردن و بۆری ئاوا دامەزراوە و گرنگی زۆر بە ژینگەی گشتی مزگەوتەکان دەدرێت.
لە حەوز بەرەو خوار تابڵێی خوارە
گەر باوەڕ ناکەی وەرە بنواڕە
حەوزە گەورەکەی کە دەڵێن پاکە
پڕیە لە قەوزە هەروەکو شیاکە
حەوز نیە خەزنەی چڵم و بەڵغەمە
هەر بەڵغەمێکی سەلکە شەڵغەمە

سێیەم/ ڕیفۆرمی سیاسی: پیرەمێرد خاوەنی پڕۆژەی بیری کوردایەتی و هۆشیارکردنەوەی میللەت و نەهێشتنی بیری دواکەوتوو بووە، لەم بوارانەشدا تووشی دژایەتی و تۆمەت بەخشینەوەی زۆر بووە، لە ڕووی بیری کوردایەتی و سیاسيیەوە پیرەمێرد بەلایەوە باش نەبووە کورد و سیاسيیەکانی ئیعلانی دوژمنایەتی  بەرەی ڕۆژئاوا بکەن و تەنها بەرەی ڕۆژهەڵات بە دۆست و فریادڕەسی خۆیان بزانن، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بزوتنەوەی سیاسی کورد بەهۆی باڵادەستی بیری چەپەوە کوێرانە دوژمنایەتی بەرەی ڕۆژئاوای سەرمایەداريیان دەکرد و تەنها بەرەی ڕۆژهەڵاتیان بە دۆستی بزووتنەوەی کوردایەتی دەزانی، هەرکەسیش بیوتایە هەڵەن، دەیان تۆمەتی کۆنەپەرستی و بەرکرێگیراوی ئینگلیز و شتی لەو بابەتەیان دەدایە پاڵ، ئەو هەڵە کوشندە یەک سەدە بزووتنەوەی سیاسی کوردایەتی پیادەی کرد. دەبوو بزووتنەوەی کوردایەتی بەپێی بەرژەوەندی سیاسيی و نیشتمانی خۆی دۆستایەتی و دوژمنایەتی بەرەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی بکردایە نەک لەژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیای کوێرانە، دوای یەک سەدە بۆچوونەکەی پیرەمێرد ڕاست دەرچوو کاتێک بزووتنەوەی کوردایەتی لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا بە یەکجاری ڕووی کردەوە ڕۆژئاوا و هیچ خێرێکی لە بەرەی ڕۆژهەڵات نەدی، بەپێچەوانەوە تووشی زیانی گەورە بوو بەهۆی سیاسەتی بەرەی چەپەوە، چونکە بە هاوکاری سۆڤیەتی ئەوکات کۆماری کوردستان لەناو براو سەرکردەکانی بە بەرچاوی جیهانەوە لەسێدارەدران و بەرەی ڕۆژهەڵاتی قیبلەی ئازادیخوازانیش هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکی نەبوو، لەکاتێکدا کە ڕژێمی شاهەنشاهی ئەوکاتی ئێران سەر بە بەرەی ڕۆژئاوا بوو.
پیرەمێردی بلیمەت لە ساڵی 1940دا کتێبی (ئاوە ڕەشەی ڕوسی سوری) دەرکرد و لە چاپخانەی (ژیان) لە سلێمانی چاپی کرد و بڵاوی کردەوە، بەڵام هەر ئەوکات تووشی دژایەتی زۆر و تۆمەتی ناشیرین بووەوە و کتێبەکەیشی دێزە بە دەخۆنەکراو نەیانهێشت کاریگەريی و کاردانەوەی هەبێت لەسەر خەڵکی.

لە ڕووی بیری کوردایەتیيەوە پیرەمێرد هەوڵی دەدا هەموو کەناڵەکان بەکاربهێنێت بۆ ئەو مەبەستە، یەکێک لەو هەنگاوانەی بەکاری دەهێنا بۆنەی ئاگری نەورۆز و کۆبوونەوەی گەورەی جەماوەريی و ڕازاندنەوەی بوو بە کەلتووری کوردی لە گردی مامەیارە لەسەر ئەرکی خۆی ساڵانە ئەو بۆنە جەماوەرییە گەورەی ساز دەکرد، هەر لەوپێناوەشدا دەیان تۆمەتی وەک ئاگرپەرستی و شتی لەو بابەتەی تووش بووە لەلایەن ناوەندە داخراو و بێ فکرەکانەوە.
پیرەمێرد ڕەخنەی توند لە سیاسيیەکان دەگرێت و باس لە پاشکەوتوويی بیرکردنەوەیان دەکات و دەڵێت:
سیاسیەکانمان هێند بە عیوانن
خەڵک بە مەخلوقی خۆیان ئەزانن
دەعوای ملووکی کرمی کەللەیە
گەر كامیان هەستێ گورگی گەلەیە
بەخۆ هەڵکێشان بە باڵ ئەفڕن
(ئوتێل ماجستیک) بە خەنجەر ئەدڕن.

پیرەمێرد ڕەخنە لە سیاسیيەکان دەگرێت کە لەبری ئەوەی خزمەتی نیشتمان و میللەت بکەن کەچی بە چاوی سوک سەیریان دەکەن وەکو ئەوەی ئەوان دروستیيان کردبن، هەروەها بە گورگ ناویان دەبات کە کرابێت بە شوانی گەلەڕان، بەداخەوە هەتا ئێستاش دەسەڵاتدارەکان ئەو بیرکردنەوە پاشکەوتووەیان تێنەپەڕاندووە کە پیرەمێرد پێش حەفتا ساڵ ڕەخنەی لێگرتووە.
پیرەمێرد وەک کەسێکی بیرمەند و دووربین و دڵسۆزی میللەت و نیشتمانەکەی هیچ یەکێک لەو بەرداشانە نەیانتوانیوە بیهاڕن و کۆڵی پێبدەن لە پڕۆژە ڕۆشنبیريی و نوێخوازيی و نیشتمانيیەکەی، ئەم بیرمەندە گەورەی کورد زانیویەتی پڕۆژەکەی بەرهەمی گەورەی دەبێت و نەوەی داهاتووی کورد چاوەڕێی بیر و بەرهەمی کەسانی وەک پیرەمێردن.

بەرگی یەکەمی کتێبی: ئاوە ڕەشەی ڕوسی سور، چاپی 1940.

بەرگی کتێبی: ئاوە ڕەشەی ڕوسی سور، ئامادەکردن و لێکۆڵینەوەی د.ئاراس محه‌مه‌د ساڵح، چاپی 2016.


سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان

-1ـ بڕوانە: مستەفا ساڵح کەریم، باخێک لە وشە، چاپی دووەم، چاپخانەی پەنجەرە، تاران،2015،  ل7 بەدواوە.
2ـ بڕوانە: نەوشروان مستەفا ئەمین، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، کتێبی دووەم، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، ، موسسە ناشرون- بیروت، 2013 ، ل12 بەدواوە.
-3ـ بڕوانە: پیرەمێرد، دیوانی پیرەمێرد، فائق هۆشیار، مه‌حمود ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د، مستەفا ساڵح کەریم، محه‌مه‌د نوری تۆفیق، ئه‌حمه‌د زرنگ، چ1 بەغداد، ،1990، ل39-40.
– 4ـ محه‌مه‌د ڕەسول هاوار، دیوانی پیرەمێردی نەمر، چ1، چاپخانەی شڤان، سلێمانی،2006، ل236.
– 5ـ محه‌مه‌د ڕەسول هاوار، دیوانی پیرەمێردی نەمر، ل240-241.
– 6ـ بڕوانە: د.عومەر عبدالعزیز، سەعید نورسی لە زمانی پیرەمێردەوە، گۆڤاری خاڵ، ژ(5) حوزەیرانی 2016.
-7ـ  بڕوانە: شێخ محەمەدی خاڵ، مەولودنامەی نەوئەسەر یان ژیانی پێغەمبەر، چ2، چاپخانەی کامەرانى، سلێمانی،1392ک،  ل4-5.
-8ـ ئومێد ئاشنا، پیرەمێرد پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی، ب1، چ2، دەزگای ئاراس- هەولێر،2009، ل270.
– 9ـ ئومێد ئاشنا، پیرەمێرد پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی، ب1، ل319.
-10ـ ئومێد ئاشنا، پیرەمێرد پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی، ب1، ل317- 318.
-11ـ ئومێد ئاشنا پیرەمێرد پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی، ب1، ل317.
-12ـ د.مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، ب5، چاپی دووەم، دەزگاری ئاراس هەولێر،2010، ل108 بەدواوە.
-13ـ ئومێد ئاشنا، پیرەمێرد پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی، ب1، ل320.
– 14ـ بڕوانە: د.ئاراس محەمەد صاڵح، پیرەمێرد لە نێوان بەرداشی دژەکاندا، ڕۆژنامەی ( کوردستانی نوێ) ژ(7298)، 20/6/2017.

د.ئاراس محمد صاڵح

Leave a Reply