وتار

چۆن مێژووی ژیان بنوسینەوە؟

 

ژیاننامە واتە خستنە پێش چاوی کەسایەتیەک وەکو خۆی،  کاتێک ئەوپێناسەیە ڕاست دەر دەچێت، ئەو کەسە ئازا بێت لە پاڵ سەروەری و کارە شکۆدارەکانیدا، ھەڵەو کەم و کورتیەکانیش تۆمار بکات، بە زۆری لە ڕۆژ ھەڵاتی ناوەڕاستدا،  ڕووە پۆزەتیف و جوانەکان ئەخرێنە پێش چاو، کە ئەمەش لە باتی ژیاننامە و پێناسەی کەسەکە ئەبێتە پیاھەڵدانی کەسەکە،  مرۆڤ خۆ فریشتە نیە تەنھا برێتی بێت لە جوانی و چاکەو سەرکەوتن، دیوی شکست و ھەڵەو کەم و کورتیشی ھەیە،  ھەرچەند من لەگەڵ ئەوەنیم مرۆڤ بەناوی ڕاشکاوی و ڕاستگۆییەوە باس لەکارە خراپ و ئاکارە ناشیرین و نا پەسەندە شاراوەکانی بکات، بەڵکو ئەوانە ئەگەر شاراوە بوون پێویستە سەری ھەڵنەدرێتەوە، ھەروەھا شوکری خوا بکات کە نھێنی ھەڵنەماڵیوەو خەڵکی بە عەیب و عارەکانیانی نەزانیوە، چونکە ھەندێک ھەڵە وەکو لوغم وایە یەکجار پێتدا دەتەقێتەوە، ئیتر دوای ئەو جارە ناتوانیت لەناو ئەوکۆمەڵگەیەدا سینگ دەرپەڕێنیت و بڵێیت من ھەم! لە وحاڵەتانەدا بۆ دەستکردن بە ژیانێکی تازە باشترین شت جێھێتنی ئەو شوێنەیە بۆ شوێنێکی دوور لەو کۆمەڵگەیە، تا ژیانێکی تر دەست پێ بکات.

ھەندێک ھەڵەو کەم و کورتی و شکستی سیاسی و فەرھەنگی و زانستی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ھەیە ناکرێت باسنەکرێن، ئەو مێژووی ژییانانەی برێتین لە پیاھەڵدان و باسکرنی سەرکەوتن و سەروەری و خاڵە پۆزەتیفەکان، لە ھەمان کاتدا خاڵە نیگەتیف و شکستەکانی شاردۆتەوە،  بە تایبەت کە ڕۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست، خاوەن سیستەمی سیاسی پێویست  و ھوشیاری پێویست نییە، کە چەندین بەڵگەمان لە بەردەستە، ئەگەر کەسەکە زۆر زۆریش سەرکەوتو بوو بێت، ئەتوانیت بڵێیت ئەوە  ٦٠ـ٧٠% ی  ژیاننامەکەی ڕاستە، ئەوی تری موبالەغەو زیادە ڕۆییە، لە مێژوودا ھەمیشە سەرکەوتوەکان دانیان بە ھەڵەو شکستی خۆیاندا ناوە، لەکاتێکدا ئافرەتێک لە مارەییدا بەبەڵگەی ئایەتی : (وَآتَيْتُمْ إِحْدَاهُنَّ قِنطَارًا)  النساء: ٢١. ڕەخنەی لە عومەری کوڕی خەتاب گرت خوا لێی ڕازی بێت، لە ووڵامدا ووتی: خوایە داوای لێخۆش بوونت لێدەکەم، ھەموو کەس لە عومەر شارەزا ترە، ( تەفسیری ئیبن و کەسیر بەرگی٢/ل:٢٤٣

ئیبنو کەسیر ئەڵێت ئیسنادەکەی بەھێزە)     لە ڕایەکەی خۆی پەشیمان بۆوە، یان ئەیفەرموو:(إن أحب الناس إليّ من أهدى إليّ عيوبي)  واتە: خۆشەویستترین کەس بەلامەوە ئەو کەسەیە، خەوش و نەنگیەکانم بە دیاری بۆ دەنێرێتەوە.

یان لەناو سەرکردەکانی جیھاندا سەرکەوتووەکان باسی کەم و کورتی خۆیان کردووە، ئەوەی بەدیدەکرێت، مھاتما غاندی و نیلسۆن مەندێللا، لە ژییان نامەکانیاندا بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە و ئازایانە ھەردوو دیوی شکست و سەرکەوتنی ژیانی خۆیان باسکردووە.

چەند ھۆکارێک ھەیە کە سەرکردە سیاسیەکانی وڵاتەکانی ئێمە خۆیان لە باسکردنی ھەڵەو کەم و کورتیەکانیان دەپارێزن:

ھۆکاری یەکەم: ئەگەر کاراکتەرەکانی لای ئێمە باسی خاڵە لاوازەکانیان بکەن، لەباتی ئەوەی بە سەر ڕاست  و ڕاستگۆ بناسرێن، بەرانبەرەکانیان لە ویستگە جۆراو جۆرەکاندا، خاڵە لاوازو شکستەکانیان ئەکەن بە کوتەکێک و ئەیکێشن بەتەوقی سەریاندا، ئەم جۆرە داب و نەرێتەی وڵاتی ئێمە ھاندەرنین خەڵکی ئازایانە باسی کەم و کورتییەکانی خۆیان بکەن.

ھۆکاری دووەم: ئەوانەی ژیاننامەی خۆیان دەنوسن خاڵە بەھێزەکانیان ئەوەندە بەرچاوی خەڵکیان نەگرتوە، تا بە باسکردنیان، شکستەکانیان زیان بە پێگەکانیان نەگەیەنێت، یان لە باتی ئەوەی بیکەن بە ڕەخنە بەسەریانەوەو بێ متمانە بن پێیان، لە پێش چاوی خەڵکی گەورە ببن و دەورو بەری بڵێن مۆڤ قابیلی ھەڵەیە، بۆیە ئێستا بە باسکردنی ھەڵەکانیان متمانەمان زیاتر ئەبێت، بۆیە زۆربەی کات سەرکردەو کەسە دیارەکانی وڵاتانی ئێمە، ناحەزو بەرانبەرەکانیان ھەڵەکانیان تۆمار دەکەن، جاری وا ھەیە ئەوانیش بە پێچەوانەی خۆیان لە سەر بنەمای ئایدۆلۆژییەکی تایبەت و کۆنە قین، تەنھا باس لە خاڵە نیگەتیف و شکستەکانیان ئەکەن، دیسان ئەمەشیان وەکو ئەویتر ڕێژەیەکی کەمی ڕاست دەر دەچێت، خۆ ئەوکەسە شەیتان نیە چاکەیەک، یان خاڵێکی پۆزەتیفی نەبێت، بەواتایەکی تر ھەردوو شێوە باسکردنەکە لە ناوەند و توێژینەوە ئەکادیمی و زانستیەکاندا، جێگە متمانەو پشت پێ بەستن نین.

ھۆکاری سێیەم: ئەو سەرکردانەی کە چاو نەترسانە باسی ھەڵەو کەم و کورتی خۆیان دەکەن، وەکو وڵاتە دیموکراسیەکان، ئەوندە لەسیستەمی دەسەڵاتدا نامێننەوە تا خەڵکی لێیان بێزار بن و بیکەن بەخاڵی لاوازیان و لە وێستگەکاندا بیان شکێنن، یان لەترسی پێگەی سیاسی و حیزبیان نەوێرن باسی لێوە بکەن، یەکێکی وەکو ماندێللا تەنھا چوار ساڵ لە دەسەڵاتدا بوو، دوای ئەوە خۆی بە ویستی خۆی جێی ھێشت

بەڵام لە بەرانبەردا کەسایەتیە ئاینی و ئەدەبی و فیکری و ڕۆشنبیرییەکانی وڵاتی خۆمان وەکو: م.مەلا موحەمەدی گەورەی کۆیی لە تەفسیری قورئانەکەیدا، لە ڕاڤەی ئایەتی ( إِنِّي لَأَجِدُ رِيحَ يُوسُفَ لَوْلَا أَن تُفَنِّدُونِ) یوسف: ٩٤ ، باسی خۆشەویستی باوکی بۆ کچێک دەکات، یان م. ھەژار موکوریانی لە چێشتی مجێوردا، لە باسی فەلسەفەی دیالکتیکیدا ئەڵێت من ھەڕی لە بڕی ناکەم.

ئامانج لە ژیاننامە پیا ھەڵدان، یان لەکەدار کردنی کەس نیە، بۆیە نابێ ھیچ ھەڵوێستێکی لەسەر بنیات بنرێت.

ھەموو کەسێک لە ژیانیدا، ھەندێک نھێنی تایبەتی سیاسی، یان کۆمەڵایەتی، لای خۆی گل ئەداتەوە، لەوانەیە قۆناغێک نەیەتە پێشێ بتوانێت باسیان بکات، جاری واھەیە لەگەڵ خۆی ئەیباتە ژێر گڵ، ھەندێک لە شارەزایانی مێژوو ڕایان وایە، ھەر ڕووداوێک پازدە ساڵی بەسەردا ڕۆیشت ئەبێت بە مێژوو، بەڵام ھەندێک بابەت و پڕوپاگەندەی ھەواڵَگری وەکو پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکاو ئیسرائیل چۆنە، تاچەنێک ڕاستە، ئەم پەیوەندییانە لە کوێوە سەرچوەیان گرتووە و لەکوێ کۆتاییان پێدێت؟ یان پەیوەندی قاعیدە بە ئەمریکاوە چۆنە، ئایا لەسەر بنەمای دوژمنی دوژمنم کە ئەوان دژ بە ڕوسیا لە ئەفغانستان دەجەنگان، ئەمریکا یارمەتیانی داوە، یان ڕێکەوتنێکی ستراتیژی بونی ھەبووە؟ پاشان بۆ دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤییەت مانگی ھەنگوینیان لەگەڵ ئەمریکادا تەواو بوو ھاوکێشەکە پێچەوانەبۆوە؟ یان ئەو ڕایە ڕەگ و ڕیشاڵەکەی لەکوێوەیە کە ئەوترێت ئەمریکا پشتیوانی سەرھەڵدانی قاعیدە بووە،یان ئەوان کار ئاسانیان بۆ تەقاندنەوەی بورجەکان کردووە؟یان داعش دروستکراوی ئەمریکا بووە؟ ئەم پرسیارانەوە چەندین پرسیاری تر، ئەبێ بەڵگەنامە مێژووییەکان وڵامی ڕاستیان بدەنەوە، کە سەرچاوەیەکی باشن بۆ زانیاری مێژوویی، وەکو ویکلیکس کە ئەمریکیەکان لێی بێزارن؟، لەوانەیە دوای  چەندین ساڵ ھەل و مەرجی باسکردنیان بسازێت و ڕاستیەکانیان ئاشکرا ببن.

یان ھەندێک بابەت ھەیە باسکردنی لەوانەیە کۆی ژیاننامەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە، چۆن باسنەکردنی ڕووداوەکانی ڕابوردوو وەکو خۆیان زیانی ھەیە، بە ھەمان شێوە چی ھەبووە ھەمووشی باسکەیت زەرەری ھەیە.

پێش ھەموو شت ئەبێ لەکاتی نوسینی مێژوو و فەلسفەی ژیاندا ئاگاداری  سنورەکانی خودای باڵادەست بین و بیان پارێزین: (إِنَّ اللَّەَ کَانَ عَڵیْکُمْ رَقِیبًا ) النساء:١.

ئامانجیش لێی شارەزا بوون و پەند وەرگرتن بێت لەھەڵە، یان کارە چاکەکانی ڕابوردوو، تاکو ببێت بە خزمەتێکی موتەوازیعانە بە ڕابوونی ژیان بەگشتی و ھوشیاری ئیسلامی بەتایبەتی، ئەوەی باشبوو پێکانی ئامانجی تێدا بوو شوکری خوای لەسەر بکرێت، ئەوەش ھەڵەو کەم و کورتی بوو لە پێشدا داوای لێبوردن لە خوا بکرێت و پاشان لە خوێنەران .

بینینی زیاتر