وتار

کاریگەریی حەزی بەکاربردن لە پێکھاتنی کۆمەڵگای نوێدا

نووسینی: شەریف موراد

ریگمۆنت باومان کۆمەڵناسی دیاری پۆڵەندی لە میانەی شیکردنەوەی زیادبوونی حەزی بەکاربردن لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی سەردەم لەم چەند دەیەی دواییدا دەڵێ ڕاستییەکی حاشا ھەڵنەگرە کە ھەموو مرۆڤێک بە سرووشتی خۆی بەکاربەرە
وە ھەر لە دێر زەمانەوە ئەم حەزی بەکاربردنەی ھەبووە بە مەبەستی تێرکردنی پێویستی و ئارەزوەکانی، بۆیە گرنگیدانمان بە بەکاربردن شتێکی نوآ نییە، بەڵکو کردەی بەکاربردن و تێرکردن سیمای سرووشتیی مرۆڤە و زۆر پێش سەرھەڵدانی ئابووری سەرمایەداریی و پیشەسازیی نوآ و بازاڕە زەبەلاحەکان ھەبووە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە دیاردەیەکی نوێیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەم سەردەمەدا کە پێشتر وێنەی نەبووە لە بەکاربردنی کاڵاکان لای مرۆڤ ئەویش دیاردەی کۆمەڵگای بەکاربەرانە یان بە دەربڕینێکیتر کۆمەڵگای بازاڕکردن.
کۆمەڵگای بازاڕکردن
ئەوە شتێکی نوآ نیە لەم دیاردەیەدا کە قەبارەی بەکاربرردنی کاڵا گەورەبووە، چونکە ئەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان چالاکیەکە تاک ئەنجامی دەداتبەپێی پێویستیەکانی ئەگەرچی لە کۆمەڵگاشدا بیکات، بەڵکو ئەوەی نوێیە لە کۆمەڵگای بازاڕدا –دیاردەیەکە لەم سی ساڵەی دواییدا بەدیدەکرێت- ئەوەیە بەکاربردنی کاڵا وەک پێوەرێک سەیردەکرێت بۆ خۆش گوزەرانیی یان دەکرێتە پێوەری بەرەو خۆش گوزەرانیی چوون.
کۆمەڵگای بازاڕٍکردن بە بۆچوونی فەیلەسوفی فەڕەنسی (ئاڵتۆسێر) “کۆمەڵگایەکە تاکەکانی ناچاردەکات”، ڕایان دەھێنێت لەسەر بەکاربردن لەسەرەتا تاکۆتایی، ھەروەھا کۆمەڵگایەکە لە ڕوانگەی توانای بەکاربردن و کڕینەوە یان ھەڵسوکەوت و شێوازی بەکاربردنیانەوە حوکم بەسەر تاکەکانیدا دەدات.
لەھەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەم کلتووری بەکاربردنە بەستراوەتەوە بە بڵاوبوونەوەی ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و ئابووریی کۆنەوە بەڵام بەرگێکی نوێی لەبەرکراوە و ناونراوە (لیبڕالیزمی نوێ)، ئەمەش ئایدۆلۆژیایەکە لەسەر بنەمای تایبەتکردنی ھەموو پڕۆژەکانی دەوڵەت دامەزراوە، ھەروەھا کردنەوەی بانکە لۆکاڵیەکان بەڕووی زاڵبوونی بێگانەدا و یەکسانیی تەواو لەنێوان کۆمپانیان ناوخۆیی و بیانیەکاندا، ھەروەھا ئازادیی گواستنەوەی قازانج و سەرمایە بۆ دەرەوە و لابردنی ھەموو ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانیی ئازاد، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا لیبڕالیەتی نوآ مۆرکێکی ئابووری کردەیی پێوەیە بەڵام ئەو پاڵنەرێکی بەھێزە لە پشت پەرەپێدانی ئەم کلتووری بەکاربردنە و سەرلەنوآ داڕشتنەوەی کۆمەڵگاکان لە زۆرێک لە وڵاتاندا لەسەر شێوەی کۆمەڵگای بازاڕ، یان کۆمەڵگای بازاڕکردن.
ئەوەی جێگای سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کە زۆرێک لە شیکردنەوە سیاسی و ئابووریەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن بە تایبەتی لەم دواییەدا کە ھەوڵێکی جیھانی بەتین ھەیە بۆ ئەوەی زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و باکوری ئەفریقیا و وڵاتانی کەنداو بکرێنە “تەویلە و کۆزی لیبڕالیزمی نوآ”، مێژووی ئەم شیکردنەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ پێش بەھاری عەرەبی، بەڵام دوای پاشەکشەی شۆڕشەکان و پەککەوتنی جوڵانەوەکان و پاشەکشەی فشاری جەماوەری دژی دەسەڵات، ئەم تێڕوانین و شیکردنەوانە ئاماژە دەکەن بۆ سەرلەنوآ زیاتربوونی ھەوڵی دامەزراوە ئابووری و سیاسیە نێودەوڵەتیەکان بەم ئاڕاستەیەدا.
لێرەدا پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و کۆمپانیا گەورەکان و ئاڕاستە سیاسیەکان کە پەیڕەوی لیبڕلیزمی نوآ دەکەن چۆن ھەژموونی خۆیان بنیات دەنێن و زاڵی دەکەن بەسەر پانتاییەکی فراواندا لە جیھانی ئەمڕۆدا؟ ھەروەھا ھۆکاری بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی خێرایان بۆژی دەگەڕێتەوە؟
لیبڕالیزمی نوآ: دەسەڵاتێکی بێناو
زۆرێک لە بیرمەندان و ڕەخنەگرانی ئایدۆلۆژیا بەتایبەتی پێیانوایە کە ھەر ڕێبازێکی بیرکردنەوە بۆئەوەی پەرەبستێنێت لە واقیعدا دەبێت تۆڕێکی تێر و تەواو لە چەمک و مانا بنیات بنێت، بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەستێت بۆ بەڵگەی بوون و پێویستێتی خۆی، ئەم بەڵگایەش دەبێت سەرچاوە بگرێت لەو پاڵنەر و بەھا ڕەسەنەکانی مرۆڤبوونمان و ڕەنگدانەوەی حەزە تاکەکەسی و کۆمەڵیەکانمان بێت.
کاتێک پاسا و بەڵگەی بوون سەرنج ڕاکێش دەبن و لەسەر بنەمای بەھێز دادەمەزرێن لە ڕووی مێژوویی و جیھانییەوە، ئەوا پێ بە پآ ڕەگ دادەکوتن لەناو فیترەت و ڕاوبۆچوونماندا بەشێوەیەک کە وا دەردەکەون کە چەمک و واتای بەڵگە نەویستن و ناکەونە ژێر ڕەخنە و لێپرسینەوەوە.
نووسەری بەریتانی (جۆرج مۆنبیوت) نموونەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە دەھێنێتەوەو دەڵێت: وایدابنآ کە خەڵکی لە یەکێتی سۆڤیەت ھەر ھیچیان نەبیستووە لەبارەی شیوعیەت و پلاندانانی مەرکەزیەوو، بۆچی؟ چونکە ئەوە ڕێبازی ژیانیان بووە ھەر لەسەرەتاوە، کاتێک ھاتوونەتە ژیانەوە ئەم ڕێبازە لە ژیاندا پەیڕەوکراوە و ئەوانیش وایانزانیووە کە ئەو سرووشتی ژیانە، کاتێک چەمکە ئایدۆلۆژیەکان بالڕ دەکێشن بەسەر ژیانماندا سەرچاوەکەیان نادیارە بەنیسبەت زۆرینەی خەڵکەوە، وە کاتێک لە قسەوباسدا باسیان دەکەیت زۆر ئاسایی وەردەگیرێن.
لێرەوە بیرمەند و مێژوونووسی ئابووری (دێڤید ھارڤی) ئاماژە بۆ سەرکەوتنە گەورەیە دەکات کە دامەزرێنەرانی بیری لیبڕاڵی نوآ بەدەستیان ھێنا لە بیناکردنی چەمک و تێزە ئایدۆلۆژیەکانیان لەسەر زاڵترین و گرنگترین بەھا و پاڵنەرە ئینسانیەکان وەک بەھای ئازادی و کەرامەت و حەزی موڵکداریی و جیاوازبوون، ھەڵبژاردنەکەیان ڕاست و دانایانەبوو تا ڕادەیەکی زۆر، چونکە ئەم بەھا و پاڵنەرانە بەریان پێناگیرێت و توانای کێشکردن و قەناعەتپێکردن و جوڵەی سیاسیان ھەیە.
پآبەپآ و لە کاتێکی پێوانەییدا نیولیبڕالیزم لە واقیعیدا گەشەی سەند بەشێوەیەک وامانلێھات کە بە ئاستەم وابزانین بیرێکی سیاسیە، بەڵکو وا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت کە شتێکی بەڵگەنەویستە و ھیچ ڕەخنەیەک ئاڕاستەی باکگراوندە مەعریفیەکەی ناکرێت، جا لەبەر نەزانین بێت یان بەھێزی و خێرایی بڵاوبوونەوەی بێت لەھەمانکاتدا.

بێگومان نیولیبڕالیزم ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە تائێستا لە خوڵقاندنی قەیرانی ئابووری جۆراوجۆردا لە جیھاندا، وەک: قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٧-٢٠٠٨، گواستنەوەی سامان و دەسەڵات بۆ دەرەوەی بازنەی سیاسی دیموکراسی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھاندا، ھەرەسھێنانی لەسەرخۆی خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان و فێرکردن، بڵاوبوونەوەی بێکاریی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێلانەبوونی منداڵان، پەتای دابڕان لە کۆمەڵگا، ھەرەسھێنانی سیستمە ژینگەییەکان و لە کۆتایی ھەموویاندا دەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ.
بەڵام ئێمە وا سەیری ئەم دیاردانە دەکەین کە قەیرانگەلێکن بەجیاجیا و دابڕاو لەیەکتری سەریھەڵدەدەن، بێئەوەی ھەست بەوە بکەین کە ھەموویان پاڵنراون یان بەرھەمی ھەمان ئەو فەلسەفە تۆکمە و بەیەکالکاوەن کە پێشتر ناوێکی ھەبوو بەڵام ئێستا خۆی حەشارداوەو مومارەسەی دەسەڵات دەکات، ئێستا ھیچ ھێزێک نیە بەھێزتر بێت لەو دەسەڵاتی بێ ناوو ناونیشان خۆی دەنوێنێت.
سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی خەیاڵ
یان ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە نوێیە چییە؟
کلتووری نیولیبڕالیزم لەسەر گریمانەیەکی سەرەتایی دادەمەزرێت، ئەویش ئەوەیە کێبەرکێکردن (المنافسە) تاکە سیمایە کە پەیوەندیی مرۆڤایەتی دیاریدەکات، ئەمەش لە میانەی سەرلەنوآ پێناسەکردنەوەی ھاوڵاتی کە کۆمەڵێک بەکاربەرن و ھیچیتر وەکو سیمایەکی سەرەکی کۆمەڵگای بازاڕکردن، کە لای نیولیبڕالیستەکان ھاوڵاتیان بەئازادانە دەتوانن بژاردەکانیان لە کڕین و فرۆشتندا بەرجەستە بکەن نەک بەوەی دەنگ بدەن بە کاندیدێک یان بەرنامەیەکی سیاسی بەو شێوە تەقلیدیەی کە باوە لە سیستمە دیموکراتیەکاندا، ئەمەش دەبێتە پڕۆسەیەک کە تێیدا زۆرزانوکان دەبنە خاوەن دەست پێشخەریی و داھێنەر و ئەوانیتر دەبنە بێتوانا و کەسی ناشایستە.
بۆیە نیولیبڕالیزم جەخت لەوە دەکاتەوە کە (بازاڕ) نەک (دەوڵەت) ئەو مەیدانەیە کە ھەموو چالاکی و پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان لەخۆی دەگرێت و چارەسەری ھەموو گیروگرفتە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان دەکات.
لیبڕالیزمی نوآ بەشێوەیەکی گشتی ھەوڵدەدات بۆ زیادکردنی ڕۆڵی بازاڕی ئازاد لە ڕێکخستنی ژیانی ئابوریدا و کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت لە چاودێریی ھاوڵاتیان و بنیاتنانی تۆڕی ھاوکاریدا، بەشێوەیەک بەرنامەی حکومەت دەبەستێتەوە بە گەندەڵی و وێنای فەرمانبەری حکومەت بەوە دەکات کە تەمبەڵ و بێتوانا و ناچالاکن، لە بەرامبەردا ھەوڵدەدات کەرتی تایبەت و قازانج کۆکردنەوە بەرزبنرخێنێت، پەرە بە پشتبەستن بە خود و کلتووری تاکەکەسی دەدات، ئەوە لای تاکەکان جوان دەکات کە بەدوای قازانج و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوە بن بەبآ گوێدانە ھیچ بەندوبارێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی، بەڵکو تەنھا ڕازیبوونی بەکاربەر و موشتەری بەلایەوە گرنگ بێت، ئەمەش ھەمووی بە پێوەری ئازادی کەسەکان دادەنێت.

ئەم خەیاڵە کۆمەڵایەتیەی کە نیولیبڕالیزم ھێناویەتی لە ھەموو جیھاندا بەشێوەیەکی بەربڵاو گەشەیکردووە بەجیاوازیی سیاسەت و گوتاری سیاسی دەوڵەتان لەسەر ئاستی نیشتمانی وڵاتەکانیان، بۆیە وەکو ئەنجامێکی ھەژموونی نیولیبڕالیزمی جیھانیی وا دەردەکەوێت گوتار و نموونەی (دامەزراوەیی بازاڕ) دزەی کردووەتە ناو ھەموو بوارەکانیتری ژیانی ھاوچەرخ، ڕاگەیاندن و کلتووری گشتی ئەوە دووبارە دەکەونەوە کە دەبێت ئێمە ھەریەکەمان ڕووحی پێشەنگبوون و خاوەنداریمان ھەبێت و ھەموو کاتێک ئامادەبین بۆ قۆستنەوەی ھەل و خۆڕاھێنان لەگەلڕ باری نوێدا، وە ھەوڵدان تەنھا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆت کارێکی ئاساییە،و دەوڵەمەندی و سامانی زۆریش تەنھا بۆ کەسە داھێنەر و خاوەن بیرۆکە سەرکەوتووەکانە.
ئەمجۆرە لە خەیاڵی کۆمەڵایەتی و بیرکردنەوەیە وایکردووە کە ئایدۆلۆژیای نیولیبڕاڵی لە ناو سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵناسیدا بچەسپێت و ببێتە نموونەی چاولێکەری تەنانەت لای ئەو کەس و لایەنانەش کە نیولیبرٍِالی زەرەری لێداون.

د.ئیسماعیل سەید ئیبراھیم

لەدایکبووی ۱۹۷٨ دکتۆرا لە ئەدەبی عەرەبی پلەی زانستی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی خاوەنی ٦ کتێبی چاپکراو و وەرگێڕدراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی

د.ئیسماعیل سەید ئیبراھیم

لەدایکبووی ۱۹۷٨ دکتۆرا لە ئەدەبی عەرەبی پلەی زانستی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی خاوەنی ٦ کتێبی چاپکراو و وەرگێڕدراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply