وتار

(ئیعجازی علیمی) یان (ڕاڤەی زانستی) و (پێش زانست کەوتن)؟

ئەمڕۆ بابەتی (ئیعجازی زانستی لە قورئان و سونەتدا) بۆتە یەکێک لەو بوارانەی قسەی زۆر و توێژینەوەی ورد و چڕی لەسەر دەکرێت و، ژمارەیەکی زۆر لە مسوڵمانان پێی سەرسام و سەرقاڵن.
ئەمەش بە دیواێکدا ئەرێنی و پەسەندە، چوون بۆتە ھۆی بڕواھێنانی خەڵکانێکی بێ باوەڕ و، دڵنیایی زیاتری بەشێک لە بڕواداران. بەڵام نابێ ئەوەشمان لە یاد چێت (ئیعجازی زانستی قورئانی پیرۆز و فەرمودەی شیرین) ئەوەندەی بایەخ بە ڕەوانبێژی و وردەکاری زانستی دەدات، کەمتر لەو بوارە دەدوێ کە ناونراوە (ئیعجازی زانستی).
ھەرچەند ئەم بابەتە بۆ زانایان و کەسانی نا مسوڵمان گرنگ و پێویستن، چوون ئەوان بە عەقڵیەتێکی زانستی و مادیانەی وشک و ڕوتەوە بۆ حەقیقەتە ئایینیەکان دەڕوانن، بەڵام ئێمەی مسوڵمان پێویستیەکی ئەوتۆمان بەم جۆرە شتانە نییە، چونکە بڕوای تۆکمە و دامەزراومان بە پەیامی پەروەردگارمان ھەیە و، ھاتنەجێی بەڵێنەکانیشی لەلامان یەقینییە، بەم پێیەش ئەو شتانەی ناوی لێنراوە (ئیعجازی زانستی) ھیچێک لە بیروباوەڕی مسوڵمانی ساغ زیاد ناکەن.
بۆیە پێویستە پسپۆڕانی ئەم بوارە لەم خاڵەدا بێدار و وریابن، زانست نەکەن بە پێوەر بۆ ڕاستی و دروستی بەڵێن و پەیامی پەروەردگار، بە تایبەت ئەمڕۆ زانست بەدەست وڵاتە زلھێز و پێشکەوتوەکانەوە بووەتە کەرەستە و کاڵای بازرگانی و، توێژینەوە زانستییەکانیش کەوتونەتە بازنەی گریمانە و گومانەوە، ئەوەتا دەبینین چەندین توێژینەوە و تێزی بەناو زانستی دژ بەیەک بڵاودەکرێنەوە و، ھەر دەزگا و ناوەندێکیش بە ئاراستەی تایبەت بە خۆی و بەرژوەندیەکانی دەرەنجامەکان دەخاتە ڕوو.
شێخی (شەعراوی، بە ڕەحمەت بێت) لەمبارەیەوە دەڵێت: {ھەوڵەکانی بەستنەوەی قورئان بە تیۆریا زانستیەکانەوە ترسناکترین شتێکە ئێمە ڕوبەڕوی دەبینەوە، ھەندێک لە زانایان لە ھەوڵ و بەرگریدان بۆ ڕاڤەکردنی قورئان و بەستنەوەی بە پێشکەوتنە زانستییە ئاشکرا کراوەکانەوە… دواتر دەبینین ئەو زانست و ڕاڤەکردنە ڕاست دەرناچێت، ئەوان لەمەدا چەند ھەنگاوێکی پەلەیان ناوە کە دەیانەوێت قورئان بە زانست بچەسپێنن، لە کاتێکدا بۆ سەلماندنی قورئان پێویستمان بە زانست نییە، چونکە قورئان کتێبی زانستی نییە، بەڵکو کتێبی پەرستن و ڕێبازە.
خودا بە زانستی خۆی دەیزانی دوای چەند سەدەیەک لە دابەزینی قورئانی پیرۆز کەسانێک دێن و دەڵێن: سەردەمی باوەڕ کۆتایی ھاتووە ئێستا چەرخی زانستە، بۆیە لە قورئانەکەیدا شتگەلێکی داناوە ئەوانە دەستەوسان بکات} .
مامۆستا (گولەن)یش ناتەبایە لەگەڵ ئەو شێوە بەرجەستەکردنەی ئیعجازدا و، دەڵێت: {لە ڕاستیدا وشە نورینەکانی قورئان و فەرمودە ھەرگیز پێویستیان بە زانستە سروشتیەکان نییە، چونکە تیشکی بەیان و نورەکەی وا بە ڕاسەری زانستەوە و ویژدانی مرۆڤیش بەردەوام قبوڵیەتی… ئەوانەی سەرقاڵی ئەم کارەن گەر ھاتوو ئامانجی ھەوڵەکانیان شتێکتر بوو، وەک ئەوەی بیانەوێ ڕاستیەکانی قورئان و فەرمودە بخەنە نێو تیۆریا زانستییەکانەوە، ئەوا دەڵێین: ئەمە بێ ھێز و لاوازە و لەوە لاوازترە ڕاستییە گەورەکانی قورئان ھەڵبگرێت.
چۆن ئێمە بڕوا بەم بەڵگانە دەکەین لە کاتێکدا ھەتا ئێستا نە سەلمێنراوە نە گومانێکی بەھێزیشمان پێیان ھەیە؟ کێ گرەنتی دەدات ئەم بۆچونانە بە گەردەلولێکی دیکەی زانستی لەناو ناچێت و ڕاناماڵرێ؟! پاشان چۆن چەسپاندنی ئایەتەکانی قورئان و فەرمودەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بە شتانێکی لاوازی وەک ئەم بابەتە و لەسەر بنەمای بڕواھێنانمان بە قورئان و سونەت لەسەر زانستە سروشتیەکان بنیات بنێین؟! ئایا ئەمە بێ ئەدەبی نییە دەرحەق ڕاستیگەلێک کە ئێمە خۆمان نەزر کردووە بۆ بەرگری لێکردنی؟!} .
{ئێمە لێرەدا مەبەستمان نییە نەفی ئیعجازی زانستی بکەین لە قورئاندا، چونکە قورئان و زانست دەستلەملانی یەکترن و ھیچ ژیرێکیش ناتوانێ نکوڵی لەمە بکات یاخود ڕەخنەی لێ بگرێت، چونکە ئەوە یەکێکە لەو بابەتانەی لەم سەردەمەدا سەری ھەڵداوە و کاریگەری گەورەیشی ھەبووە لەسەر بڕواھێنان و ڕێنمونی زۆرێک لە نامسوڵمانەکان، سەرباری ئەوەی دڵنیایی زیاتری بەخشیوە بە بڕواداران و دامەزراوتری کردوون.
بەڵکو دەمانەوێ بڵێین: ئەو ڕاڤە زۆرەملێیانەی دراونەتە پاڵ قورئانی پیرۆز لە کاتێدا تێیدا نەھاتووە، وە ئەو تیۆریا زانستییانەی دراونەتە پاڵ قورئان و دواتر دەرکەوتوە بە ھیچ جۆرێک ڕاست دەرنەچوون، دواجار ئەمە بۆتە ھۆی گومان پەیداکردن لە قورئاندا و ئاستی ڕاستی و متمانەی} .
پێویستە گشت لایەک بزانن تێڕوانینی ئیعجازی زانستییانە بۆ قورئانی پیرۆز {لە (چوار) ڕووەوە توشی ھەڵە ھاتووە:
یەکەم/ لەبەرچاونەگرتنی یاساکانی زمانی عەرەبی (نەحو، ێەرف)، بە تایبەتی لە گێڕانەوەی ڕاناو (چمیر)ەکان بۆ شوێنی خۆیان.
دووەم/ دووری نێوان واتا و لێکدانەوەکان و زمانی عەرەبی.
سێھەم/ پشتگوێ خستنی مانا و مەبەستی گشتی ئایەتەکان و ڕاڤەکردنی ئایەتێک بە سەربەخۆیی و دابڕاو لە ئایەتەکانی دیکەی پەیوەست بەو بابەتە.
چوارەم/ تەئویلی زۆرەملێ بۆ کارە دەرئاساکان (موعجیزەکان)، بۆ ئەوەی وەکخۆیان دەڵێن: دەقەکان لەگەڵ ژیری مرۆڤدا پێکبێتەوە} .
ئەمەش وا دەکات ھەندێ جار ڕاڤەیەکی بێ کۆت و بەند و نازانستی بۆ ئایەتەکان بکرێت و لە مەبەستە سەرەکییەکەی دوور بخرێتەوە.
ھەر لەمبارەیەوە (دکتۆر محمد سەعید ڕەمەزان بۆتانی ـ بە ڕەحمەت بێت) سەرنجی جوان و ورد دەخاتە بەردەست و، دەڵێت: {لەنێو ھەموو ئەوانەی قورئانناس و قورئانزانن، -جا قورئان ھەموی یان بەشێکیان خوێندبێتەوە-، کەسێک نییە نەزانێ قورئان موعجیزەیە، ئیعجازەکەیشی چەندین ڕێگا و شێوازی ھەیە، ھەواڵدانی بە ھەندێک ڕاستی زانستی کە پێشتر کەس نەیزانیوە و پەی پێ نەبردووە یەکێکە لەو ڕێگا و ڕووانە، ….بەڵام ئەوەی ژیری ژیرەکان وەری ناگرێت -جا باوەڕداربن یا نا- ئەوەیە یەکێک لە ئێمە بێت و قورئان بەتاڵ بکاتەوە لەو مانا ئاشکرایانەی پێی دابەزیوە، پاشان -زمانی عەرەبی قبوڵ بکات یان نا- ئایەتەکە بکات بە کیسەی گومان و گریمانە زانستییەکان کە دواتر پوچەڵییەکەی ئاشکرا دەبێت!…
ئەم جۆرە ڕێبازەی ئیعجازی زانستی قورئان بۆتە شتێکی بەربڵاو، خاوەن خەونە زانستە جۆراوجۆرەکان پێشبڕکێی بۆ دەکەن و، چەندین دامەزراوەی کارگێڕیان بۆ داناوە… من دڵنیام ئەم ڕێبازە سەرگەردانەکانی دوورتر خستۆتەوە و بەگومانەکانیشی گوماندارتر کردووە} .
ڕۆچووانی ئەم ڕەوتە ھەندێ جار لە ژێر ناوی ئیعجازدا سوکایەتی بە پیرۆزییەکانیش دەکەن، وەک خستنەڕووی ھێلکەی مریشکێک وەک موعجیزەیەک کە گوایە لەسەری نوسراوە (اللە)؟!! لە ڕاستیدا ئەمە لە بری ڕێز و گەورەیی و نیشاندانی دەسەڵاتی خودا گەورەترین سوکایەتییە، تۆ بڵێی خودا ناوی پیرۆزی خۆی لەسەر ھێلکەیەک بنەخشێنێت کە لە شوێنی پیسییەوە دێتە دەرەوە؟!! ئەمە و چەندین نمونەی دیکە.
بۆیە بە بۆچونی من باشترین و شیاوترین ناوێک بۆ ئەم بابەتە: پێش زانست کەوتنە (سبق العلم)، نەک (ئیعجازی زانستی). بۆ نمونە قورئانی پیرۆز لە پێش زانست باسی (فتق و رتق)ی کردووە و فەرمویەتی: [أَوَلَمْ يَرَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنَّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ كَانَتَا رَتْقًا فَفَتَقْنَاهُمَا وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ أَفَلَا يُؤْمِنُونَ]. الأنبياء: 30. بەڵام دواتر زانست ئەم ڕاستییەی ئاشکرا کرد، دیارە ئەوەش پێشکەوتنە بەسەر زانستدا، نەک دەستەووسان کردنی زانست لە ئاشکراکردنی.
یاخود ناو بنرێت: (ڕاڤەی زانستی بۆ قورئان و فەرمودە)، چونکە لە ڕاستیدا جیاوازیەکی ورد ھەیە لە نێوان: (ڕاڤەی زانستی قورئان و فەرمودە) و (ئیعجازی زانستی)دا، کە خەڵکانی پسپۆڕی ئەو بوارە دەیزانن و دەرکی دەکەن.
کەواتە دروستتر ئەوەیە لەبری (ئیعجازی زانستی)، بڵێین: (ڕاڤەی زانستی) یاخود (پێش زانست کەوتن)، بۆ ئەوەی لە و ھەمووە گرفت و کەلێنانە دەربازمان ببێت.

 

[1] ـ معجزة القرآن، محمد متولي الشعراوي (بلا): 1 / 85.

[1] ـ محمد فتح الله كولن، ت: أورخان محمد علي ـ عبدالله محمد عنتر، نحو عقيدة صحيحة، الناشر: دار النيل ـ القاهرة، 2014م: 89 ـ 90.

[1] ـ برِوانة/ د. أحمد محمد الفاضل: نقد تفسير العلمي والعددي للقرآن الكريم – نماذج وتطبيقات-، الناشر: دار نور الصباح ـ سوريا، الطبعة الأولى/ 2012م: 7 ـ 8.

[1] ـ برِوانة/ د. أحمد محمد الفاضل، هةمان سةرضاوة: 6 ـ 7.

[1] ـ برِوانة/ د. محمد سعيد رمضان البوطي، من هنا وهناك-هموم من قضايا الساعة-، الناشر: دار الفكر ـ دمشق، الطبعة الأولى/ 1440 هـ ـ 2019م: 54 ـ 55.

بینینی زیاتر

بابەتەكانی نوسەر