وتار

ئارامگرتن سنووری ھەیە.. چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسیارە بێکۆتاکانی منداڵەکەتدا دەکەیت؟

وەرگێڕانی: وەفا تاھیر

“داھاتوو بۆ ئەوانەیە خۆیان لە شت ھەڵئەقورتێنن (فزولییەکان)، ئەوانەی کە لە (شتەکانی) داھاتوو ناترسن و ھەوڵئەدەن بیدۆزنەوە و ئەزموونی بکەن، لەوەش ناترسن کە بنکۆڵیبکەن و پرسیاری لەبارەوە بکەن و ئەمدیودیو و سەرەوخواری بکەن.”

ئایا مار ھەست بە ئازاری گەدەی ناکات کاتێک بە خشۆکی دەڕوات؟ بۆچی چۆلەکەکان لە کاتی فڕیندا باڵەکانیان دەجوڵێنن بەڵام فڕۆکە لە کاتی فڕیندا باڵەکانی ناجوڵێنێت؟ ئەگەر کرێمی سپیکردنەوە دەتوانێت خەڵکە رەشپێستەکان بکات بە سپیپێست، ئەی بۆچی زۆرێک لە خەڵکی رەنگی پێستیان ناگۆڕن؟ لەبەرئەوەیە کە پارەیان کڕینی ئەو کرێمانەیان نییە؟ ئایا لە سکی دایکی ھاوڕێکەمدا ئەکرێت منداڵێک ببێت بە دووان یان بە پێچەوانەوە دوو مندالڕ ببێت بە یەک مندالڕ؟ بۆچی چاومان ئەتروکێنین؟ ئەم پرسیارانە بەشێکە لە وەڵامی ئەندامانی پێگەی ئەلیکترۆنیی (کۆورا -Qoura) [پێگەیەکی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە پرسیار و وەڵامە، تیایدا پرسیار دەکرێ و وەڵام دەدرێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە لە لایەن کۆمپانیای کۆوراوە لە شاری ماوەنتەین ڤیوی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا دامەزراوە، ھەردوو زمانی ئینگلیزی و ئیسپانیی تێدا بەکاردێت، مانگانە نزیکی ١٠٠ ملیۆن کەس سەردانی دەکات] کاتێک کە پرسیاریان لێکراوە دەربارەی سەیرترینی ئەو پرسیارانەی کە منداڵەکانیان لێیان دەکەن.

پێدەچێت زۆرێک لەم پرسیارانە ناسراو بن لەلایەن زۆرێک لە خێزانەکانەوە، بەڵام پرسیاری منداڵان لەم ئاستەدا ناوەستێت، بەڵکو رۆژانە و بە بەردەوامیی ئەوەندە پرسیار لە بەخێوکارەکانیان دەکەن، کە ژماردنیان قورسە، و ھەندێک لە پرسیارەکان شتێکی تەێەورنەکراوی گەورەی تێدایە کە کەسوکاریان ھەندێک جار دەستەوستانن لە وەڵامدانەوەیدا، وەک: خودا چییە؟ بۆچی خەڵکی دەمرن؟ چۆن دروستکراوم؟ دوای ئەوەی کە مردم لە کوێ ئەژیم؟ بۆچی پێویستە بڕۆین بۆ قوتابخانە؟ مەبەستت چییە لەوەی کە دەڵێیت “تۆ ناتوانیت بچیتە ژێر ئەو بارەوە”؟

کەواتە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتانەدا بکەین؟ ئەی ھۆکارەکانی دیوی پشتەوەی چین؟

 

لێشاوێک لە پرسیار:

ھەر لەگەڵ یەکەم ساتی بەیانییەوە تاکو کۆتا ساتەکانی پێش خەوتن، دایکوباوک یاخود بەخێوکاری منداڵ رووبەڕووی لێشاوێک لە پرسیاری مناڵەکەیان دەبنەوە لەسەر ھەموو ئەو شتانەی کە لە دەوروبەرێتی، دەپرسێت چی؟ بۆچی؟ کەی؟ چۆن؟ کێ؟ لەکوێ؟ کاردانەوەی خێزانەکانیش بۆ پرسیارەکانی مناڵەکانیان جیاوازە، یان توڕەبوونە یان سەرکۆنەکردنی مناڵەکەیە یان ھەوڵئەدەن بێدەنگی بکەن یان گرنگیی بە پرسیارەکانی نادەن، ھەندێک لەم کاردانەوانە دەبێتە مایەی نائومێدیی لای مناڵەکە، بەڵام ئەو ھەر لە پرسیارکردن ناکەوێت. ھەندێک لە توێژەرانی بریتانیی ھەوڵیانداوە لێکۆڵینەوە لەم رەفتارەی مناڵان بکەن و تێبگەن لەوەی کە روودەدات، و تێکڕای دووبارەبوونەوەی چەندە، بۆ ئەم مەبەستەش لە لێکۆڵینەوەکەیاندا ١٥٠٠ دایکوباوکیان وەک سامپل وەرگرتووە و دەرئەنجامەکان بەمشێوەیە بوون:

سەبارەت بە مناڵان

سەبارەت بە دایکان و باوکان

مناڵان رۆژانە ٧٣ پرسیاری سەرسوڕمێن دەکەن و نیوەی ئەو پرسیارانە باوک یان دایک ناتوانن وەڵامی بدەنەوە.

کەسوکاری مناڵان پێگەی گەڕانی گۆگل بەکاردێنن بۆ زانینی وەڵامی پرسیارەکان یان تیشکخستنە سەریان.

خۆھەڵقورتانی زکماکیی (فزولی فیتری) لە مناڵدا دەگاتە کۆتا قۆناغەکانی کاتێک منالڕ لە تەمەنی ٤ ساڵیدایە (بۆ ھەردوو رەگەزی کوڕ و کچ).

پرسیاری بەردەوامی مناڵ دەبێتە مایەی ھەستکردن بە بێتاقەتیی (بێھیوایی) لای بەخێوکەری منال،

ئەمە لەلای ٤ کەس لە ھەر ١٠ کەسێک لەوانەی وەک سامپڵی توێژینەوەکە وەرگیراون.

منالڕ بەدرێژایی ١٤ سەعات لە شەوورۆژێکدا بەردەوام دەبێ لە پرسیارکردن.

رێژەی ٤٠% ی ئەو کەسانەی وەک سامپڵی توێژینەوەکە وەرگیراون، ھەست بە شانازیی دەکەن کاتێک دەبینن مناڵەکانیان گرنگیی بە دونیای دەوروبەری خۆیان دەدەن.

تێکڕای ئەو پرسیارانەی مناڵانی شاری (لەندەن) دەیکەن دەگاتە ٩٣ پرسیار لە شەوورۆژێکدا،

لە ھەر سەعاتێکدا کە منال بێدارە (بەخەبەرە)بە تێکڕا ٤ پرسیار دەکات.

مناڵان زۆرینەی پرسیارەکانیان ئاراستەی باوکیان دەکەن،

دایکانیش ھەفتانە مامەڵە لەگەل ٤١٣ پرسیاری مناڵەکانیاندا دەکەن.

 

ئەوە خۆھەڵقورتاندن (فزول)ـە:

لە ھەفتەکانی یەکەمی تەمەنیدا، مناڵ چاودەگێڕێت بەدوای ئەو دەنگ و دەموچاو و شتە سەرنجڕاکێشانەی کە لە چواردەوریەتی و لە تەمەنی ھەشت مانگیدا دەنگە نامۆکانی وەک خشەخشی ھەندێ لە یارییەکان سەرنجی رادەکێشێت و ھەوڵدەدات بە شێوەیەکی بەھێز بیانجوڵێنێ تاکو زیاتر دەنگیان لێوە بێت یاخود دەیانخاتە دەمییەوە تاوەکو بزانێت چی روودەدات، بە تێپەڕبوونی کاتیش ھەوڵدەدات تەلەفۆن بەدەستەوە بگرێت و دەبێتە یارییە پەسەندکراوەکەی، پاشان دەستدەکات بە لاساییکردنەوەی ھەڵسوکەوتی گەورەکانی چواردەوری، و “شتێکی سروشتییە کە منداڵ تاوەکو گەورەتربێت فزولی دەبێ و ھەوڵی زانینی دونیای دەوروبەری دەدات، ئێمەی دایکوباوک بە ئاسانیی ئەوەمان بیرچووە کە بەشێکی گەورەی ئەو زانیارییانەی کە مناڵەکانمان ھەیانە لەوەوە دەستیاندەکەوێت کە ئێمە پێیان دەڵێین، بەڵام رەنگە لەلامان قورس بێت بچینە ناو ئەو بابەتانەی ئاڵۆزترن وەک پارەوپول و کاتەکانی خەو.”

چەند توێژەرێک لە زانکۆی میشیگان لە ئەمریکا (University of Michigan) دوو توێژینەوەیان کردووە و سامپڵەکەیان کۆمەڵێک منداڵ بووە کە تەمەنیان لەنێوان ٢-٥ ساڵ بووە، و بە تایبەت زەین (تەرکیز)یان خستۆتە سەر ئەو دوو پرسیارەی مناڵەکان دەیکەن، “بۆچی؟” و “چۆن؟”، پاشان چاودێریکردنی رەفتاری مناڵەکان لەکاتی داواکردنی زانیارییدا و وردبینیکردنی کاردانەوەی ئەو مناڵانە لەکاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان لەلایەن کەسە گەورەکانی دەوروبەریانەوە.

توێژینەوەی یەکەم پشتی بەستووە بە شیکردنەوەی ٦ دەق لە گفتوگۆی رۆژانەی ناو ماڵی ئەو مناڵانەی تەمەنیان لەنێوان ٢-٥ ساڵدایە و لەگەڵ خێزانەکانیان یان خزمەکانیان یان میوانەکانیان دەیکەن، لە کاتێکدا توێژینەوەی دووەم تەرکیزی خستۆتە سەر ئەو گفتوگۆیانەی کە لەگەڵ ٤٢ منداڵدا لە تاقیگەدا کراوە بە بەکارھێنانی یاریی و چیرۆک و گرتە ڤیدیۆییەکان تاوەکو ھانی ئەو مناڵانەی تەمەنیان لە نێوان ٣-٥ ساڵدایە بدەن کە پرسیار بکەن.

لە ھەردوو توێژینەوەکەدا ئەوە روونبۆتەوە کە خۆھەڵقورتاندن (فزول) وا لە مناڵان دەکات بەدوای وەڵامەکاندا بگەڕێن، کاتێک وەڵامی روونیان بۆ پرسیارەکانیان چنگدەکەوێت ھەست بە رازییبوونێکی زیاتر دەکەن وەک لەو حاڵەتەی کە وەڵامیان دەستنەکەوێت، ئاماژەی رازییبوونەکەیان ئەوەیە کە رەزامەندیی دەردەبڕن لەسەر وەڵامەکان یان پرسیاری تازەی پەیوەندیدار بە بابەتەکەوە دەکەن، بەڵام لە حاڵەتی رازیینەبوونیان بە وەڵامەکان، ئەگەری زۆرە پرسیارەکە دووبارە بکەنەوە یان خۆیان روونکردنەوەیەکی بەدیل دەخەنەڕوو ئەگەر وەڵامی رۆشنیان دەستنەکەوت، ھەربۆیە مناڵان “لە گفتوگۆکردندا ستراتیجی تایبەت بەکاردەھێنن لەپێناوی دەستکەوتنی زانیاریی، کاتێکیش پرسیاردەکەن وەک ئەوەی دەڵێن: بۆچی؟ ئەوە بۆ ئەوەیان نییە کە درێژە بە گفتوگۆکە بدەن، بەڵکو دەیانەوێت بگەنە قوڵایی شتەکان. بەھۆی ئەوەی ژمارەی سامپڵە وەرگیراوەکانی توێژینەوەکە کەمە ناتوانرێت گشتاندن بۆ دەرئەنجامەکانی بکرێت، بەڵام توێژینەوەکە ئەوەی روونکردۆتەوە کە منداڵ ھەر کە پێی نایە ساڵی دووەمی تەمەنی، ئیتر بەشداریی لە پرۆسەی فێربوون و تێگەیشتن لە دونیای دەوروبەری دەکات.

بەڵام ئایا چۆن رەفتار لەگەڵ پرسیارەکانی منداڵدا بکرێت؟ ئایا ھەموو پرسیارەکانی ھەر لە خۆھەڵقورتاندن (فزول)ـەوەیە؟

پێشوازیی لە پرسیارەکان بکە:

“خۆھەڵقورتاندن یەکێکە لە سیفەتە ھەمیشەییەکانی خاوەن ئەقڵە بەھێزەکان.”

((ێامۆێل جۆنسۆن))

خۆھەڵقورتاندن (فزول) پاڵنەرێکە بەردەوام منداڵان ئاراستە دەکات تا مەعریفەی زیاتریان لەسەر دونیای دەوروبەریان ھەبێت، ئەم پاڵنەرە ھەر مەعریفەیان پێنابەخشێت، بەڵکو مێشکیشیان چالاک دەکات و بەھرەکانیان لە بنیاتنانی پەیوەندیی لەگەڵ دەوروبەریاندا پەرەپێدەدات و توانای فێربوونی شتی تازەیان زیاتر دەکات و گەشە بە خۆشەویستییان بۆ خوێندنەوە و سۆراخکردن دەدات، نەک ھەر ئەمانە، بەڵکو یارمەتیشیان دەدات بۆ زاڵبوون بەسەر دوودڵییدا. ھەربۆیە مامەڵەکردن لەگەل خۆھەڵقورتاندن (فزول)ـدا ئەوە لە دایکان و باوکان داوادەکات کە ھۆشیارییان ھەبێت بە سروشتی ئەم سیفەتەی مناڵەکانیان و بزانن چۆن مامەڵەی لەگەلڕ دەکەن و بە ئاگا و ئامادەش بن لەوەی ئەگەر لە حاڵەتی سروشتی خۆی لای دا.

مامەڵەکردن لەگەڵ پرسیارەکانی مناڵاندا دوو لایەنی سەرەکیی دەگرێتەوە، یەکەم/ توانای کەسوکار لە ئیدارەدانی ئەو ھەستەی بۆیان دروستدەبێت لە کاتی پرسیارکردنی مناڵەکانیاندا، دووەم/ دیاریکردنی سروشتی پرسیارەکان و چۆنێتی وەڵامدانەوەیان، بۆ روونکردنەوەی لایەنی یەکەم پسپۆڕانی پێگەی (بازنەی دایکوباوک – پەیرێنت سێرکل – Parent Circle) [یەکێکە لەو پێگە ئەلیکترۆنییانەی گرنگیی دەدات بە بڵاوکردنەوەی راوبۆچوونی کەسانی ئەکادیمی و شارەزا بۆ ھاریکاریکردنی خەڵکی لە پەروەردەکردنی مناڵەکانیاندا]، ئەو پسپۆڕانە گەنگەشەی ئەو وەڕسی و بێزارییە دەکەن کە توشی خەڵکی دەبێت بەھۆی پرسیاری مناڵەکانیانەوە، ھەروەھا چۆنێتی مامەڵەکردن  لەگەڵ ئەو پرسیارانەدا.

لە سەرەتادا، وەڕسی و بێزاریی کەسوکار بۆ کۆمەڵێک ھۆکار دەگەڕێتەوە، جیاوازیی ئەم ھۆکارانەش وایکردووە کە رێگای ئیدارەدانی ئەو بێزارییانە جیاواز بێ، بۆ نموونە: باوک یان دایک خەریکی کارێکە، بەڵام منداڵەکەی دێت و کارەکەی پێدەبڕێت و پرسیاری لێ دەکات، ئەمەش وا دەکات (باوک یان دایک) ھەست بە بێزاری و وەڕسی بکات چونکە پێویستە لەسەری وەڵامی پرسیارەکە بداتەوە، لەحاڵێکدا ئەگەر نەیتوانی دەستبەجێ وەڵامی پرسیارەکە باتەوە، ئەوا پێویستە بە منداڵەکە بوترێت کە من لە ئێستادا سەرقاڵی کارێکم و ھەر کە لێبوومەوە وەڵامت دەدەمەوە.

ھۆکارێکی دیکەی بێزاربوونی کەسوکار ئەوەیە کە وەڵامی پرسیاری مناڵەکەیان نازانن و حەزیش ناکەن وەکو کەسێکی نەزان و گەمژە لەبەردەم منداڵەکانیدا دەرکەون، لەم حاڵەتەدا ئامۆژگاریی کەسوکاری منداڵ دەکرێ بەوەی کە ئەو دۆخی نەزانینە قبوڵ بکەن و لای منداڵەکەشیان دانی پێدابنێن، چونکە ئەم رەفتارە دەرخەری سروشتی مرۆڤە کە زانیارییەکانی سنووردارن، پاشان دەتوانن بە بەشداریی منداڵەکانیان بەدوای وەڵامی پرسیارەکەدا بگەڕێن لە رێی ئینتەرنێتەوە یان خوێندنەوەی کتێب یان لە رێی پرسیارکردن لە کەسێکی تر، ئەم ھەڵسوکەوتەش منداڵ فێری رێگای جیاوازی فێربوون دەکات و پەیوەندیی بە باوک یان دایکییەوە بەھێزتر دەکات، واش لە دایکوباوکەکە دەکات کە بتوانن وەڵامی پرسیارەکە دوابخەن بۆ کاتێکی دیکە، بەڵام ئەوەمان لەبیرنەچێ کە منداڵەکە پرسیارەکەی دووبارەدەکاتەوە ئەگەر وەڵامی دەست نەکەوت.

ھەندێک خێزان بڕوایان وایە کە منداڵەکانیان پرسیارگەلێک دەکەن کە لەگەڵ بیروباوەڕی ئایینی ئەماندا تێکئەگیرێن، تەنانەت لەگەل ئەو رێنماییانەشدا ناگونجێت کە ئەمان بۆ مناڵەکانیانیان داناوە، وەک ئەوەی منال پرسیاردەکات لەوەی بۆچی خودا نابینرێت یان دەنگی نابیسترێت یان ئایا بوونی خودا چییە و یانی چی؟ ئەمەش ھۆکارێکی تری بێزاریی یان شڵەژانی خێزانەکانە، ھەرچەندە ئەم پرسیارانە ئاڵنگاریی (تەحەددی)ـە و رووبەڕووی کەسوکاری مندالڕ دەبێتەوە، بەڵام بەڵگەشە لەسەر خۆھەڵقورتاندن (فزولیبوون)ی منداڵی زیرەک کە ھەوڵدەدات بە روونیی لە شتەکان تێبگات، ھەربۆیە لەسەر خێزان پێویستە تووڕەبوونەکەیان وەلاوە نێن و کاتی تەواو بە خۆیان بدەن تاوەکو وەڵامی گونجاویان دەستبکەوێت و بە منداڵەکەیانی بڵێن.

ھەموو کاتێکیش گونجاو نییە بۆ پرسیارکردن، رەنگە دایک یان باوک باری خۆش نەبێ، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی بە پرسیاری منداڵەکەیان وەڕس و بێزار بن، لە حاڵێکی وادا پێویستە بۆ منداڵەکەی روون بکەنەوە کە ئێستا کاتی پرسیارکردن نییە، ئەم رەفتارە یارمەتی منداڵەکە دەدات تا تێبگات لەوەی کە گەورەکان بە کاتی دژواردا تێدەپەڕن و ھەستی نەخوازراو ئەزموون دەکەن، یارمەتی دایکوباوکەکەش دەدات کە دواتر وەڵامی پرسیارەکانی مناڵەکەیان بدەنەوە.

چۆن وەڵام دەدەیتەوە؟

دەکرێت ھەندێک ھەنگاو بگشتێنرێت (تەعمیم بکرێت) بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ زۆرێک لەو پرسیارانەی منداڵان دەیکەن، لەو ھەنگاوانە: وەڵامدانەوەی پرسیاری منالڕ بە پرسیارێکی دیکە، بۆ نموونە: “بۆچی بڕوات وایە؟”، ئەمەش بۆ ھاندانێتی تاوەکو بیربکاتەوە و وەڵامێکی دەستکەوێت. لەمڕووەوە ئامۆژگاری بۆ خێزان ئەوەیە کە منداڵەکانیان وەلا نەنێن و پشتگوێیان نەخەن یان وەڵامی ھەڵە یاخود لێلڕ و ناڕوونیان نەدەنەوە، بەڵکو پێویستە لەسەریان وەڵامی ھەموو پرسیارەکانیان بدەنەوە، و وەڵامەکانیشیان سادە و ورد بێت کاتێک پرسیارەکە پەیوەندی بەکاری گەورەکانەوە ھەبوو، ھەروەھا وشەگەلێک بەکاربێنن منالڕ بە سانایی تێیان بگەن. ھەرچەندە پرسیارەکانی منال کۆتاییان نایەت، بەڵام (پرسیارکردن) ئاماژەیەکی باشە لەسەر گەشەی توانا و بەھرەی شیتەڵکاریی منداڵەکە. ھەروەھا ئامۆژگاری خێزان دەکرێت کە لە رێگەی ھەندێک چالاکییەوە ھانی مندال بدەن تاوەکو پرسیار بکات، لەو چالاکییانەش: وێنە و یاریی و گرتەی ڤیدیۆیی پیشاندانی منال بدرێت و پاشان گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت لەگەل مناڵەکەدا، یان ھەندێک پرسیاری کراوە لە منال بکرێت کە  وەڵامەکانیان “بەڵێ” یاخود  “نەخێر” نییە، وەک پرسیاری ئەوەی ئەمڕۆ لە قوتابخانە چی روویدا؟ ھەروەھا دەرفەت بدرێ بە منداڵ کە چالاکیی کرداریی بکات و کارلێک لەگەلڕ شتەکاندا بکات، وەک ئەوەی ئاو و لم و قاپ و کەرەستەکانی وێنەکێشان بخەیتە بەردەستی تاوەکو پێیانەوە سەرقال بێت.

لەم قۆناغە پەروەردەییەدا خێزان پێویستی بەوەیە زۆرێکی ئەو سەرچاوانە بخوێنێتەوە و شارەزایان بێ کە یارمەتی دەدەن تا لەو پاڵنەرانە تێبگات کە لە پشتی دروستبوونی ئەو فزولییەتەی مناڵەوەن بۆ ھەر پرسیارێک کە دەیکات، نەک ھەر ئەوە، بەڵکو بۆ پەیبردن و ھەستکردن بە ھەر مەترسییەکیش ئەگەر لە پرسیارەکانیاندا ھەبوو. لەم رووەوە پسپۆڕان لەسەر پێگەی (دایکوباوک- پەیرەنتس) چەند نموونەیەک دەخەنەڕوو، وەک ئەوەی ئەگەر منال پرسیار بکات کە ھۆی چییە ئەم ھەموو زمانە زۆرە لەم جیھانەدا ھەیە، ئەوا دەبێت لە وەڵامەکەدا بیرۆکەی ئەوەی روونبکرێتەوە کە مرۆڤ ھەزاران ساڵ دەبێت بەشێوەی کۆمەڵگا لەم جیھانەدا بڵاوبوونەتەوە و ھەر کۆمەڵگایەک وشەگەلی تایبەت بە خۆی داھێناوە تاوەکو ئەندامەکانی لە پەیوەندیی نێوان خۆیاندا بەکاریبێنن و وەسفی حال و ژیانی خۆیانی پێبکەن، ھەروەھا ھەندێک زمان ھەیە نەیتوانیوە وەک خۆی بەردەوام بێت و چەندین گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە کە بۆتە مایەی ئەوەی جیاوازیی دروستبێت لە زمانێکدا و ئێستای لە سەدان سال پێش ئێستای نەچێت.

ئەوەی لەسەر خێزان پێویستە بیزانێت ئەوەیە کە ھۆی فزولیبوونی منداڵەکەیان دەربارەی زمانەکان ئەوەیە کە کاتێک مناڵەکە گوێی لە کەسێکە بە زمانێکی بێگانە قسەدەکات ئەوا ھەست بە نامۆیی دەکات، و لەوانەشە بیر و زەینی بشێوێت، “بەڵام ئەگەر ئێمە ھەر لە سەرەتاوە دەستپێشخەربین لە ھاریکارییکردنی مناڵەکانمان لە تێگەیشتن و فێربوونی کولتورە جیاوازەکان، ئەوا ئەگەری زیاترە منداڵەکانیش ھەوڵی ناسینی کەسانی تازە بدەن.”

پرسیارێکی دیکەی قورستر و ئاڵۆزتر ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە بۆ حەزناکەین کەسانی دیکە عەیبوعاری لاشەمان ببینن؟ لە وەڵامی ئەمەدا پێویستە تەرکیز لەسەر ئەوە بکرێت کە بەھۆی ئەوەوەیە کە ئەو عەیبوعار بۆ شتانێک بەکاردەھێنرێت کە ناکرێت لەناو خەڵکیدا ئەنجامبدرێت وەک چوونەسەر ئاو، ھەربۆیە ناونیشنراوە (عەیبوعار-عەورەت)، ھەر ئەمەش ھۆکاری داپۆشینی لە کاتی مەلەکردندا، لەبەرئەوە ئەو شوێنە تایبەتانە نابێت دیار بن و ببینرێن تەنھا لەلایەن دایک یان باوک یان کەسانی باوەڕپێکراوەوە و بۆ حاڵەتی تایبەتیی نەبێت وەک پزیشک، ئەویش لە ژووری پزیشکەکەدا و بە ئامادەبوونی دایک یان باوک، ھەر کاتێکیش کەسێک ویستی دەست لەو شوێنە تایبەتانە بدات یەکسەر دەبێت باوک یان دایک ئاگادار بکاتەوە. کردنی پرسیاری لەم جۆرە “ھەلێکی گەورەیە بۆ بنیاتنانی ھەڵوێستێکی رێک و راست لەسەر جەستە،” و دەشبێتە مایەی دانانی سنورێک بۆ زامنکردنی پاراستنی منداڵ.

لێرەدا ئەوەی شایستەی ھێمابۆکردنە ئەوەیە کە پێویستە خێزان بەئاگا بن لەو پرسیارانەی سەبارەت بە بابەتێکە کە زیان بە مندالڕ دەگەیەنێت، یاخود ناوەرۆکی پرسیارەکە شتی نەشیاوە و بیر و زەینی مندالڕ ئەشێوێنێت، وەک پرسیاری: کەسی لاقەکەر (ئیغتیێابکەر) کێیە؟ منداڵبازیی (پێدۆفیلیا) چییە؟ دوو ھۆکار ھەن بۆ دروستبوونی ئەم جۆرە پرسیارانە لای مندال: ١- لەکاتی تەماشاکردنی تەلەفیزیۆن یان خوێندنەوە لەسەر ئینتەرنێت مندال ئەم وشە و زاراوانەی بەرچاو دەکەوێ، ٢- یاخود لە ھاوڕێیەکی یان کەسێکی ترەوە بیستوویەتی. ھەندێک پرسیاریش ئاماژەن بۆ ئەوەی کە منداڵەکە کێشەیەکی دەروونیی ھەیە وەک کێشەی بیرۆکەی خۆسەپێنەر (وەسوەسەی قەھری)، لەم حاڵەتانەدا پێویستە خێزان راوێژ بە کەسانی پسپۆڕ بکات بۆ مامەڵەکردن لەگەلڕ ئەم پرسیارانەدا، ئەمەش بە پێی قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنی منداڵ دەگۆڕێت.

سەرچاوە:

ھالە ڕبو لبدە/ للێبر حدود.. کیف تتعامل مع ڕسئلە  گفلک التی لا تنتھی؟

https://midan.aljazeera.net/miscellaneous/٢٠١٩/٧/١٢/%D٩%٨٤%D٩%٨٤%D٨%B٥%D٨%A٨%D٨%B١-%D٨%AD%D٨%AF%D٩%٨٨%D٨%AF-%D٩%٨٣%D٩%٨A%D٩%٨١-%D٨%AA%D٨%AA%D٨%B٩%D٨A%A٧%D٩%٨٥%D٩%٨٤-%D٩%٨٥%D٨%B٩-%D٨%A٣%D٨%B٣%D٨%A٦%D٩%٨٤%D٨%A٩-%D٨%B٧%D٩%٨١%D٩%٨٤%D٩%٨٣-%D٨%A٧%D٩%٨٤%D٨%AA%D٩%٨A-%D٩%٨٤%D٨%A٧-%D٨%AA%D٩%٨٦%D٨%AA%D٩%٨٧%D٩%٨

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply