وتار

نێوان (کورد) و (چیا) پەیوەندییەک لە ھەناوی قورئانی پیرۆزەوە

لەناو کوردەکانا وتەیەک وەک پەندی پێشینان دەوترێتەوە کە دەڵێت: (تاکە دۆستی کورد چیاکانن).
مێژووی ئەم نەتەوەیەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە چیاکان ئەو قەڵا سەختانەبوون کە کوردەکان لە ڕۆژانی تەنگانە و لێقەوماندا پەنایان بۆ بردووە و ھەزاران ساڵە ئەم نەتەوەی لە تیاچون و توانەوە پاراستووە.
پەیوەندی کورد و چیا بە جۆرێک لە مێژینە و دێرینە تەنانەت ئەو ئەفسانە و چیرۆکانەشی کە بۆ مەبەستی دۆزینەوەی بنەچە و سەرھەڵدانی ئەم ڕەگەزە (کورد) ھۆنراونەتەوە خاوەنەکانیان نەیانتوانیوە کورد و چیا لە خەیاڵدانیاندا لێک جیا بکەنەوە.
لە مێژووی کوردا شاخەکان فەزڵ و چاکەی زۆریان بەسەر نەتەوەی کوردەوە ھەیە و، لە زۆرێک لە ڕۆژگارە سەخت و دژوارەکاندا تاکە پشت و پەنا بوون و، لەو ھێرش و لەشکرکێشیانەی دەکرایە سەر کورد، قەڵای قاییم و سەنگەری ڕوبەڕوبونەوە بوون.
ھەربۆیە میلەتی کورد ھەمیشە شاخی خۆشویستووە، لە ھەر شوێنێک کورد بوونی ھەبوبێت، دەبینی لە پەنای شاخێکدا لەنگەری گرتووە و شارۆچکە یاخود گوند و لادێ و ئاوەدانی بنیاتناوە.
دیارترین نیشانەکانیشی بنیاتنانی ھەریەکە لە شارۆچکەکانی (ڕەواندز، ئامێدی، بەدلیس، قەڵاچوالان، و…). کە لە ھەمانکاتدا مەڵبەندی سیاسی و ھەم شوێنی نیشتەجێبون بوون.
ئاوێتەبوونی کورد و چیا تا ئاستێکە ھەر منداڵێک کاتێ دەیەوێ وێنەیەک بکێشێ وێنەی شاخ و خۆر و گوندێکیش لە بناریدا دەکێشێت.
یاخود دەبینین لە نەورۆزدا ئاگری ئەو جەژنە دەبەنە سەر لوتکەی چیاکان، ئەمەش وەک ھێمایەک بۆ بەستنەوەی سەرکەوتنەکان بە شاخ و چیاکانەوە و بەرز نرخاندنی ڕۆڵیان.
لەبەر ئەوەشە دەیان شاعیرمان بە باڵای کێوەکاندا شیعریان گوتووە و کردویانە بە ھەوێنی شیعریان و پەیوەندی نێوان و کورد و شاخەکانیان پێکەوە گرێداوە.
ئەم خۆشویستن و پەیوەست بوونەش بە شاخەوە دوور نییە لە پیرۆزی چیای (جودی)ەوە سەرچاوەی گرتبێت، کە خوای گەورە کردویەتی بە لانکەی دووەمی مرۆڤایەتی و، خاکی کوردستانی پێ پیرۆز کردووە.
ھەرئەم پەیوەندیەشە وای لە گەڕیدە و کوردناسان کردووە کاتێک باس لە کورد دەکەن یەکسەر بیبەستنەوە بە شاخەکانەوە، بۆ نمونە (ڕێنیە موریس) دەڵێت: (چیا بۆ کورد دروست بووە و کوردیش پاژێکە لە چیا و لێی جیا نابێتەوە. کورد وەک دیمەنی چیا جوان و بەرزە، چیا ھاوڕێ و پارێزەری کوردە).
(مبجەر نوئێل)یش دەڵێت: (کورد نەتەوەیکی کێونشینە و ھەمووو شێوازەکانی دانیشتوانی شاخ لەواندا ھەیە، وەک: شەیدای ئازادین و شانازی و بەخ ئەکەن بە شکۆ و بەرزی نەتەوایەتیانەوە…).
(مینورسکی)ش دەڵێ: (بە گشتی دەتوانین بڵێین کورد و چیا لێک جیا نابنەوە، ھەر کە دەشتایی دەست پێدەکات ئەوا کورد زەوییەکە بۆ عەرەب و فارس و تورک بەجێدێڵێت، لە دەوروبەری وانیش بۆ ئەرمەنەکان).
کورد ھەرکات دورژمن پەلاماری دابێت پەنای بۆ چیاکان بردووە، بە وێنەی مرۆڤێک لە چۆڵەوانیدا گورگێگ پەلاماری دەدات و درەختێکیش لە نزیکێتی ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر درەختەکە بۆ ئەوەی گورگەکە لەنێوی نەبا، ئەو درەختە ھەمان ڕۆڵی چیا دەبینێت، ھەروەک چۆن مرۆڤەکە نایەوێت لە درەختەکە دوور بکەوێتەوە.
لە گشت سەرچاوە مێژووییەکانیشدا ئەوە چەسپاوە، کە خاکی کورد لەڕووی بەڕێوەبردنەوە بەسەر (چوار) یاخود (سێ) ھەرێمی سەرەکیدا دابەش بووە، ئەوانیش ھەرێمی (جزیرە) و، ھەرێمی (ئازەربایجان و ئەرمینیا و ئاران) و، ھەرێمی (خوزستان) و، ھەرێمی (چیاکان/ کوێستان و شارەزوور).
جا لەبەر ئەوەی کوردستان وڵاتێکی شاخاوییە و، چەند زنجیرە چیایەکی بڵند و درێژ دەگرێتەخۆ و، زۆرینەی ڕووبەرەکەی لە چیای بڵند و سەخت پێکھاتووە، لە سەردەمانی پێش ئیسلامەوە ناوی کورد بە (چیا)وە لکاوە، دوای پرۆسەی فەتحی ئیسلامیش، کوردستان یەکەم ووڵاتی چیایی بوو لەبەرەی ڕۆژھەڵاتەوە کە عەرەبە مسوڵمانەکان پێیان نایە ناویەوە، لەبەر ئەم ھۆیە و لە ژێر کاریگەری ئەدەبیاتی (ساسانی) و وەک وەرگێڕانێک بۆ ناوی (قوھستان-کوێستان)، نیشتمانی کورد لای عەرەبەکان پتر بە (جبال الاکراد) دەناسرا.
شاعیر (بەشار بن بەرد) لە شیعرێکدا دەڵێت:
جُونَ الرُّبَى مِثْلَ جِبَالِ الْكُرْدِ
مُنْبعقِ الْقصْفِ هَزيم الرَّعْدِ.
لە شیعرێکی (ئەبو میقداد)یشدا ھاتووە:
جبال بها الأكرد صمّ صخورها.
ھەروەھا لە دابەشکردنی گۆی زەوی بەسەر ھەرێمەکاندا، کوردستان کەوتوەتە ھەرێمی (چوارەم) سەربە بورجی (گا)، کە بە (الاکراد الجبلیون) ناوزەد کراوە.
لەلایەکی ترەوە مێژوونوسان و جوگرافیاوان و گەڕۆکانی مسوڵمانیش بە ھەمان چەشن کوردستانیان بە (جبال الاکراد- جبل الکرد) وەسف کردووە.
وە لە دوای دەرکەوتنی ناوی کوردستانیش و تا سەردەمی (مەملوکی) و سەدەکانی دواتر، سەرچاوە (مەملوکیەکان) ھەر (جبال الاکراد)یان بەکار دەھێنا.
جێی باسیشە بەرزترین شاخەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە خاکی کوردستاندایە، ئەوانیش شاخەکانی (زاگرۆس) و (ئەرارات)ن.
سەرەڕای ئەوەش، ئەوەتە شاخەکانی کوردستان ھەمیشە مەڵبەندی خۆڕاگری و پشوو درێژی و خەباتی کوردایەتی بوون، لە ھەمانکاتدا سەرچاوەی زانست و ڕۆشنگەریش بوون، ئەمەش بە ھەڵێنجان لە ئایەتی پیرۆزی:[ أَلَمْ تَرَ أَنَّ اللَّهَ أَنْزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَخْرَجْنَا بِهِ ثَمَرَاتٍ مُخْتَلِفًا أَلْوَانُهَا وَمِنَ الْجِبَالِ جُدَدٌ بِيضٌ وَحُمْرٌ مُخْتَلِفٌ أَلْوَانُهَا وَغَرَابِيبُ سُودٌ َومِنَ النَّاسِ وَالدَّوَابِّ وَالْأَنْعَامِ مُخْتَلِفٌ أَلْوَانُهُ كَذَلِكَ إِنَّمَا يَخْشَى اللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ الْعُلَمَاءُ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ غَفُورٌ]. سورة الفاطر، الآية: 27 و 28.
حەتمەن بێ ھۆ نییە لێرەدا خوای میھرەبان لەگەڵ باسکردنی شاخەکاندا دێتەسەر باسی زانست و زانایان.
بە بۆچونی بەندە، دەبێ پەیوەندییەکی توند و تۆڵ لەنێوان شاخ و زانستدا ھەبێت، ھەروەکچۆن تا ھەنوکەش لە ناوچە.

بینینی زیاتر