توێژینەوە

لادانی جینسی و دەرئەنجامەکانی لەنێوان شەریعەت و زانستی سەردەمدا

 

پێشەکەی:

خوای گەورە مرۆڤی بە جوانترین شێوە دروستکردووە و  کردوویەتی بە بەڕێزترین درووستکراوەکانی: ﴿وَلَقَدۡ كَرَّمۡنَا بَنِيٓ ءَادَمَ وَحَمَلۡنَٰهُمۡ فِي ٱلۡبَرِّ وَٱلۡبَحۡرِ وَرَزَقۡنَٰهُم مِّنَ ٱلطَّيِّبَٰتِ وَفَضَّلۡنَٰهُمۡ عَلَىٰ كَثِيرٖ مِّمَّنۡ خَلَقۡنَا تَفۡضِيلٗا٧٠﴾ (الإسراء). لە ڕێزلێنانی مرۆڤ ئەوەیە کە خاوەن ئەقڵ و بیرکردنەوەیە، دەتوانێت ڕێی ڕاستی خۆی بدۆزێتەوە گەر هۆکارە درووستەکان بدۆزێتەوە.

خوای بەدیهێنەر ئەو درووستکراوە بەڕێزەی خۆی هەر وا بەجێنەهێشتووە، بەڵکو هەر لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە پێغەمبەرانی بۆ ناردوون تا ڕێگای ڕاستیان نیشان بدات.. ئەوەی کە تێبینیش دەکرێت، گشت شەریعەتە ئاسمانییەکان – ئەوانەی کە بەردەست دەکەون – کۆدەنگن لەسەر مەحرومکردنی پەیوەندی جینسی لەنێوان هاوڕەگەزبازاندا، یان نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، تەنها یەک جۆری پەیوەندیان ڕێپێداوە، ئەویش لەنێوان دوو توخمی جیاوازدایە، دیارە ئەویش بە ڕێگا درووستەکانی خۆی.. مرۆڤیش پێداویستی ماددی هەیە، هەروەک چۆن پێداویستی مەعنەویشی پێویستە، لەوانەش لایەنی جینسی، کە دەبێت لەڕێگەیەکی پاکەوە بێت، چونکە خوای گەورە تەنها پاکەکان وەردەگرێت. بێگومان زانستیش، بە هەردوو جۆری مرۆیی و ئەزموونیی، هەمان ڕایان هەیە، گەر بە ئازادی بدوێن، بەڵام هەندێک جار لەبەر بوونی فشار، یان بەرژەوەندی چەند گروپێک، یان شوێنکەوتنی بێسنووری ئارەزووەکان، مرۆڤەکان جار جار لەو هێڵە ئاشکرا و ڕوونەی فیترەت لادەدەن، بەڵام، بە درێژایی مێژوو، بیرمەندان و دانایان و چاکسازان دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردۆتەوە و خەمی مرۆڤایەتیان خواردووە لەوەی بکەوێتە زەلکاوی ئارەزوو و نەفامییەوە. گەڕانەوەش بۆ فیترەتە جوانەکەی مرۆڤ، بێگومان، مایەی خۆشگوزەرانیی و کامەرانیی مرۆڤەکانە ﴿فِطۡرَتَ ٱللَّهِ ٱلَّتِي فَطَرَ ٱلنَّاسَ عَلَيۡهَاۚ﴾ (الروم ٣٠).

لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین ڕای زانستیی، لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و پزیشکییەوە دەربخەین دەربارەی ڕاستێتی بابەتی لادانی جینسی، بە تایبەتی لە لایەنی پزیشکییەوە، کە چۆن پڕاوپڕە لەگەڵ ڕێنماییەکانی شەریعەتی ئیسلام، کە لە گەورەترین مەبەستەکانی پاراستنی مرۆڤ و ئەقڵ و نەسلە ﴿ثُمَّ جَعَلۡنَٰكَ عَلَىٰ شَرِيعَةٖ مِّنَ ٱلۡأَمۡرِ فَٱتَّبِعۡهَا وَلَا تَتَّبِعۡ أَهۡوَآءَ ٱلَّذِينَ لَا يَعۡلَمُونَ ١٨﴾ (الجاثیة).

ئایا لادانی جینسی نەخۆشیی دەروونیە؟

هەر لە مێژ بوو فەیلەسوفان و پزیشکان ویستوویانە تیۆرەکانی سرووشتی مومارەسە جینسیە نائاساییەکان دابنێن. هەندێک پێیان وابووە کە ئارەزووە سێکسیەکان هەر وا بوون لە مێژەوە و نەگۆڕڕاون.. هەندێک وتوویانە تەنها چوارچێوەکەی گۆڕڕاوە، جاران سەرکووت کراون، بەڵام دووایی توانیویانە ئەو حەزانە دەرببڕن.. لە ناوەڕاستی سەدەی پێشووشدا هەندێک پێیان وا بووە کە ئەوانە سرووشتین و مومارەسەیەکی دروستن، بەڵام عورف و بەهاکان گۆڕڕاون لە کۆمەڵگا جیاکان، لە زەمەنە جیاکاندا.. هەتا لای هەندێک وا بووە کە هەندێک لەو مومارەسە سێکسیانە بەهۆی پێشکەوتنی بۆچوونە یاسایی و پزیشکییەکانەوە بەدیهێنراون.. تا ئەو کاتەی یەکەم چاپی (ڕێبەری ناسينەوە و ئاماركردنی تێكچوونە دەروونيەكان) (DSM-I) كە كۆمەڵەی پزيشكانی دەروونی ئەمريكی دەريدەكەن، بڵاوکرایەوە لە ساڵی (١٩٥٢ز)[1]، کە تیایدا لادانە جینسییەکان بە تێکچوونی دەروونی دانران.

پەيوەندی نێوان دوو توخمی هاويەك لەلايەنی سێكيەوە بە جۆرێك لە نەخۆشی دانرا[2]، بۆیە پێیان وابوو پێویست بە چارەسەری دەروونی دەکات لە چاپی یەکەمی (ڕێبەری ناسينەوە و ئاماركردنی تێكچوونە دەروونيەكان) (DSM-I). بەڵام لەبەر هۆكاری سياسی و ئابووری، دووای بەرهەڵستییەکی بەهێز لەلایەن چالاكوانی هاوڕەگەزبازی ناو کۆمەڵەکە، لە ساڵی (١٩٧٣)دا، لادانی جينسی لە چاپی دووەمی  (DSM-III) دەرهێنرا[3]، كە وەك نەخۆشيەكی دەروونی دابنرێت!! كە ئەوە بە هيچ شێوەيەك كارێكی زانستيی نەبوو، وەك زانايانی ئەم بووارە باسی لێوە دەكەن..

هەندێک، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا پێیان وایە هاوڕەگەزبازی سرووشتییە و ئەوانە هەر لە منداڵییەوە وان و جۆرێکە لە جیاوازیی لەنێوان مرۆڤەکاندا، وەک چۆن یەکێک چەپەیە و یەکێک ڕاستەیە[4].

وەک دەردەکەوێت، ئەم هەڵسوکەوتانە، پێشتر پێیان دەوترا لادانی جينسی (الشذوذ الجنسي/ الانحراف الجنسي) و لە هەموو كۆمەڵگا و كەڵچەرەكاندا بە قێزەون سەيركراون.. ئينجا كرديان بە تێكچوونی مەيلی جینسی (اضطراب الميول الجنسية).. ئێستاش پێی دەڵێن: مەيلكردنی جينسی ڕەفزكراو لە خودەوە (لە منەوە) (ego-dystonic sexual orientation)!! بۆ نموونە: لادانی جينسی لەنێوان نێرينەكاندا، كە بە (اللواط) ناسراوە، كرديان بە هاوڕەگەزبازی، يان پێی دەڵێن (MSM)، واتە: سێكس لەنێوان نێر و نێر!!

هەژمارنەکردنی ئەم لادانانە (هاوڕەگەزبازی، لیسبیان و بایسێکچوال) بە نەخۆشی، وەک توێژەران باسی دەکەن، یان تێکچوونی دەروونی، وای کردووە کەو کەسانە داوای (ماف)ی خۆیان بکەن لە مارەبڕینی نێوانیان[5]، چونکە ئەوە جۆرێکە لە جیاوازیی فیسیۆلۆجی (سرووشتی!)، بۆ دەبێت ئەوان دژی وەڵامدانەوە سرووشتییەکانی خۆیان بوەستن، یان قەدەغە بکرێن!!

لەم دوواییەشدا هەندێک هەوڵیان دا هۆکاری هاوڕەگەزبازی (نێربازی) بگەڕێننەوە بۆ بوونی کڕۆمۆسۆمی تایبەت لە هاوڕەگەزبازەکاندا[6]، کەواتە ئەو هاوڕەگەزبازانە هیچ دەستیان نییە لە تووشبوونیان بەو (نەخۆشییە) جەستەییە کە بەهۆی هۆکاری بۆماوەییەوە تووشی هاتوون و هیچ بژاردەیەکی خۆیانی تیا نییە تا بە تاوانبار دابنرێن! نيل وايتهيد و بريار وايتهيد، له بابەتی (جينه‌كانم وای لێ كردم ئه‌وه ‌بكه‌م) ده‌ڵێن: “به‌ڕاستى وڵاتانى ڕۆژئاوا بابه‌تێك بوو بۆ هه‌ڵمه‌تى گومڕاكردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن له‌م بيست سى ساڵه‌ى دواييدا، واى له‌ دامه‌زراوه‌ گشتييه‌كان،‌ ياسا دانه‌ران، دادوه‌ران، كه‌نيسه‌كان ‌و‌ تەنانەت پسپۆییە ته‌ندروستيیەکانیش، به ‌شێوه‌يه‌كى فراوان باوه‌ڕيان به‌وه‌ هێنا كه‌ هاو‌ڕه‌گه‌زبازی بۆماوه‌ييه‌ و ناتوانرێ بگۆڕدرێ”[7].

لەوەش زیاتر، چەندین وڵات، نەک ئەم جۆرە لادانانە بە یاسایی دادەنێن، بەڵکو یاسای تایبەتیان داڕشتووە بۆ بەیاساکردنی مارەیی نێوان هاوڕەگەزبازەکان، لەوانەش:  هۆڵەندا، دانیمارک، بەلچیکیا، ئیسپانیا، فەرەنسا، کەنەدا، سوید، فلەندا، نەرویچ، پورتوگال،  باشووری ئەفریقیا، کۆلۆمبیا، ئەرجەنتین، بەرازیل، ئۆرۆگوای، ئەمریکا، … هتد[8]. لە ساڵى (٢٠١٥)دا دادگاى باڵاى ئه‌مەريكا ڕێی دا به‌ هاوسه‌رگيرى له‌ نێوان هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان له‌ سه‌رجه‌م ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەريكا، چونکە پێشتر‌ ته‌نها له‌ 36 ويلايه‌تدا هەبوو[9].

لادانی جینسی لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلامەوە:

جیاوازی هەیە لە پێناسە و مەبەست لە شەریعەت؛ لای هەندێک شەریعەت هەر خۆی ئیسلامە، هەندێکیش تێکەڵی دەکەن لەگەڵ فیقهدا.. پێ دەچێت ئەو ڕایەیان ڕاستتر بێت کە دەڵێت: شەریعەت مەبەست پێی ئەو حوکمانەیە کە کە خوای گەورە بۆ بەندەکانی داناوە، کە لە ڕێی پێغەمبەرێکەوە ناردوویەتی، بەو مانەیە شەریعەت بریتییە لە قەراردانێکی خودایی، نەک ئیجتیهادی مرۆڤ، کەواتە جێگیرە نەک گۆڕڕاو.. شەریعەت لە فیقهـ جیایە، چونکە فیقهـ ئیجتیهادی مرۆڤە لە چوارچێوەی شەریعەتە ئیلاهییەکە.. کەواتە شەریعەت دیینە، بنەماکانی دیینە و جێگیریشە، بەڵام فیقهـ دەگۆڕڕێت چونکە دەچێتە وردەکارییەکانەوە و بەردەوامە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی زەمان و شوێن و واقیع و بەرژەوەندیی و تێگەیشتنەکان، هەر بۆیە دانەری شەریعەت هەر خودایە، پێغەمبەریش (دروودی خوای لێبێت) ڕوونکەرەوەی شەریعەتە خوداییەکەیە.. بەڵام فیقهزان (الفقیه) شەریعەتدانەر (شارع) نییە..[10].

بۆیە لێرەدا زاراوەی شەریعەت بەکار دێنین، چونکە ئەوەی زانراوە کە حوکمی لادانە جینسییەکان، بە شێوەیەکی گشتی، لە شەریعەتی ئیسلامدا، جێگیرە و یەکلا کراوەتەوە، مەگەر لە حاڵەتێکدا کە ڕوون نەبێت ئەو مومارەسەیە لادان بێت و ڕای جیاوازی لەسەر بێت.. مەبەستیشمان لەم باسەدا، ئەو لادانانەیە کە لە لە لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی و پزیشکیشدا جۆرە یەکدەنگییەکی لەسەرە لەنێو زانایانی ئەو بوارانەدا، مەگەر مەبەستێکی تری لە پشتەوە بێت.

خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿قُلۡ إِنَّمَا حَرَّمَ رَبِّيَ ٱلۡفَوَٰحِشَ مَا ظَهَرَ مِنۡهَا وَمَا بَطَنَ..﴾ (الأعراف٣٣)، ﴿وَلَا تَقۡرَبُواْ ٱلۡفَوَٰحِشَ مَا ظَهَرَ مِنۡهَا وَمَا بَطَنَۖ﴾ (الأنعام ١٥١)،. کەواتە ئەوەی پێی بوترێت کاری ناشرین (فاحشة) دیار بێت یان پەنهان، خوای گەورە حەرامی کردووە، تەنانەت خوای گەورە ئەمری کردووە کە هەر ڕێگەیەکیش مرۆڤ نزیک بکاتەوە لێیان، دەبێت لێی دوور بکەونەوە، دەفەرموێت: (ولا تقربوا). لە بارەی بەتاڵکردنەوەی پێویستی سێکسیش، خوای گەورە دیاری کردووە، کە دەبێت تەنها لەگەڵ هەوسەری خۆی بێت، ئەوەش کە لادەدات لێی بە لەسنوور دەرچوو ناوی بردووە: ﴿وَٱلَّذِينَ هُمۡ لِفُرُوجِهِمۡ حَٰفِظُونَ ٥ إِلَّا عَلَىٰٓ أَزۡوَٰجِهِمۡ أَوۡ مَا مَلَكَتۡ أَيۡمَٰنُهُمۡ فَإِنَّهُمۡ غَيۡرُ مَلُومِينَ ٦ فَمَنِ ٱبۡتَغَىٰ وَرَآءَ ذَٰلِكَ فَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡعَادُونَ ٧﴾ (المؤمنون)، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ کەنیزەکیش بێت، کە بە یاسای خۆی و لە کاتی خۆیدا حەڵال بووە، ئەوەش هەر پەیوەندی نێوان نێر و مێیە. کەواتە پەیوەندی نێوان دوو توخمی هاوشێوە، لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، شیاو نییە.

لەم بابەتەدا ناچینە سەر باسی زینا، کە دیارە یەکێکە لە حەرام کراوەکان، نەک لە شەریعەتی ئیسلامدا بە تەنها، بەڵکو لە گشت شەریعەتە ئاسمانییەکاندا هەر بە حەرام دانراون.. دیارە زیناش ئاکامی خراپی هەیە لە لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتیی و پزیشکیدا، بەڵام لەبەر ئەوەی بابەتەکە باس لە لادانە جینسییەکان دەکات، واتە ئەو جۆرە مومارەسانەی کە بە لادان دادەنرێت، ئەوانەی کە لە لایەنی ئایینییەوە حەرامن، بەڵام لەهامان کاتدا، ئەوانەی کە زینایان کردووە بە پیشە، ئەوانیش، زۆر تا کەم بە لادانی سێکسی دادەنرێن لەم لایەنانەوە، بۆیە هەندێک ئاماژەی پێ دەدەین.

جۆرەكانی لادانی جينسی:

لادانی جينسی چەندین جۆرن، بەڵام ئەوانەی لە توێژینەوە زانستییەکاندا زۆر باسیان لێوە دەکرێن، گرنگترینیان بریتین لە: پەيوەندی نێوان دوو نێر (نێربازی: هاوڕەگەزبازی) (اللواطة) (Homosexual)، پەيوەندی نێوان دوو مێ (لیسبیان) (السحاق) (Lesbian)، سێكس كردن لەگەڵ هەردوو توخمدا (بايسێكچواڵ) (bisexual) و ڕەگەز گۆڕڕاو (transgender).

ئەوەی کە لە کتێبەکانی تەندرووستی دەروونیدا ماون لە لادانە جینسیەکاندا وەک نەخۆشی،  بریتین لە ڕەگەزگۆڕڕاو (transgender)، مناڵبازی (Pedophilia)، ماشۆچیزم (Masochism) و سادیزم (Sadism)، بەڵام نێربازی، لێسبیان و بایسێکچوال وەک نەخۆشی نەماون – وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا – بەڵکو وەک شتێکی سروشتی باسیان لێوە دەکرێت، گوایە ئەو جۆرە مرۆڤانە سەربەستن لە هەڵبژاردنی ئەو مومارەسە سێکسییەی کە دەیانەوێت!! ئەو گرفتە سێکسیانەی تر کە پەیوەندی بە تێکچوونی لایەنی لاشەییەوە هەیە باسکراوون، بەڵام ئەوانە پەیوەندیان بە باسەکەی ئێمەوە نییە، چونکە لادان نین، بەڵکو تێکچوونی تەندروستی سێکسییە.

لە سەرچاوە نوێکانی نەخۆشییە دەروونیەکان زاراوەی (گرفتی تێرنەکردنی جێندەر) (Gender dysphoria) بەکار دەهێنن بۆ پێناسەکردنی ئەو لادانانە، کە بریتییە لە: نارەحەتی و نەگونجانی نێوان ئەو جێندەرەی کە تاک مومارەسەی دەکات یان دەریدەبڕێت لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت هەیبێت. هەرچەندە هەموو تاکێک ئەو ناڕەحەتییە نابینێت لە ئەنجامی ئەو نەگونجانەدا، زۆر جار لەو کاتانەدا دەبێت کە بە هۆی وەرگرتنی هۆڕمۆنەوە یان نەشتەرگەرییەوە حەز لەو مەمارەسە لاشەییە بکات و نەیبێت[11]. ئەمەش ڕێگەیەکی نوێیە بۆ دیاریکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕوودەدات لە تێڕوانینی (DSM-V) بۆ گرفتەکانی نەگونجان لە جێندەردا.

تەنها لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، بە پێی کۆمپانیای گالوپ (Gallup)ی ئەمریکی، ڕێژەی ئەوانەی لادانی جینسیان هەیە گەشتوونەتە (٤.٥٪) لە ساڵی (٢٠١٧)دا، لە کاتێکدا لە (٢٠١٢)دا (٣.٥٪) بوو[12].

دەرەنجامی لادانی جینسی لە لایەنی ئەقڵیی و دەروونییەوە:

لەم بوارەدا، چەند ئاماژە بە چەند توێژینەوەیەکی زانستی دەکەین، وەک نموونە:

لە کۆتوێژینەوەیەک، کە ١٣٧٠٦ توێژینەوەی لەخۆ گرتووە لە نێوان ساڵانی (١٩٦٦ بۆ ٢٠٠٥ز)، دەربارەی ڕێژەی پەشێویی ئەقڵیی و دەروونی، بەکارهێنانی نابەجێیی شتەکان، خۆکوشتن، تێڕوانین بۆ خۆکوشتن و خۆئەزێتدان لەناو ئەوانەی لادانی جینسیان هەیە) لیسبیان، نێرباز و بایسێکچوال: LGB)، دەرەنجامەکان نیشانی دا کە هەوڵی خۆکوشتن تیایاندا دوو هێندەی مرۆڤەکانی ترە کە سێکسکردن لەنێوان پیاو و ژندایە (Heterosexual)، بەتایبەتی لەناو نێربازەکان و پیاوە بایسێکچوالەکان. خەمۆکی ئەوەندە و نیو تیایاندا زیاترە. هەروەها ئالوودەبوون ئەوەندە و نیو زیاترە تیایاندا (زیاتر لە مێینەکاندا)[13].

لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگەی تازەی نێودەوڵەتی دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە لادانە جینسییەکان و بوونی ئەو کەمیینانەی کە جیاوازن لە مرۆڤە ئاساییەکان شتێکی سرووشتییە و مرۆڤەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی ئەوەی کە دەیانەوێت، بەڵام توێژینەوەکان دەریدەخەن کە کۆمەڵگە لەگەڵ ئەوەی دەست ناخەنە هەڵبژاردەی ئەو کەمیینانە، بەڵام هەر بە چاوی کەم سەیر دەکرێن، بەڵکو لادەرەکان خۆشیان لە ناخەوە بە بێزراو سەیری خۆیان دەکەن.. لە توێژینەوەیەکدا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە، کە ١٢٨ نێرباز و ١٢٣ لیسبیان بەشداربوون تیایدا، کە ئایا هەست بە تەنگپێهەڵچنین (مضایقة) دەکەن و دەیانەوێت حەزە سێکسییەکەیان بشارنەوە؟ بۆ زانینی ترسە تەندرووستییەکانی کە تووشی دەبن، ئایا ڕێزی خۆیانیان لایە و ئەو پەشێویانەی کە لەوانەیە تووشی بن دووای ئەو نسکۆیانە.. پاشان چ ڕەفتارێکیان دەبێت؟ وەک: وەرزش کردن، نووستن، کحول خواردنەوە، جگەرە کێشان، دینداری کردن، تووڕەیی دەربڕین و تووڕە خواردنەوە.. دەرکەوت کە هەردوو تاقمەکە دەیانویست حەزە سێکسیەکانیان بشارنەوە، نێربازەکانیش هەستیان بە تەنگپێهەڵچنین دەکرد. تاقە کاردانەوەشیان بریتی بوو لە خواردنەوەی تووڕەییان. بۆیە توێژەرەکان ئەو ترسەیان دەرخست کە ئەو جۆرە خۆگونجاندنەی ئەو کەسانە مەترسی دەرەنجامی دەروونی خراپی لێ دەکرێت، لەبەر ئەوە پێشنیار دەکەن کە کەسانی ڕاوێژکاریی هەستن بە ڕێبەرایەتی کردنی ئەو کەمیینە سێکسیانە تا کرانەوەی سۆزداریان بۆ درووست ببێت و فشاریان لەسەر کەمکرێتەوە[14].

لە توێژینەوەیەکی تردا دەرکەوتووە نێربازەکان کەمتر هەست بە ڕەسەنایەتی دەکەن بەوەی کە ناسنامەی کۆمەڵایەتیان پەیوەندی هەبێت بە ڕاستکردنەوە یان هەڵکردنی دەروونی لە کۆمەڵگادا[15].

لە تێزێکی دکتۆرادا کە لە زانکۆی مەمفیس لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە، ساڵی (٢٠١٣ز)، لەسەر ١٠٧ بەشداربوو، بۆ زانینی تەنگانە (Stress) دەروونییەکانی کە نێربازەکان لەوانەیە تووشی ببن لە شوێنی کارەکانیان، تا چەند حوکمدانی پێشتر بەسەر نێربازەکاندا (homophobia) ئەشاررێتەوە لەنەو شوێنی کاردا، دەرکەوت کە ئەوانەی هەڵبژاردە سێکسیەکانیان قەبووڵە و ئاسوودەن پێی، زیاتر ڕووبەڕووی تەنگانەی جیاکاری دەبنەوە لە شوێنی کارەکانیان، پاشانیش کەمتر هەست بە ڕەزامەندی دەکەن لە کارەکانیاندا[16].

لە تێزێکی ماستەر کە لە ئەمریکا کراوە لەسەر ٢٠١ کەس (نێرباز، لیسبیان، بایسێکچواڵ و  هیتیرۆ) دەرکەتووە کە ئەوانی لادانی جنسیان هەیە زۆرتر هەست بە تەنگانەی کەمینە دەکەن، بەتایبەتی بایسێکچواڵەکان، کە کاری کردۆتە سەر چۆنێتی ژیانیان[17].

دەرەنجامی لادانی جینسی لە لایەنی جەستەییەوە:

سێکس لە ڕێگەی کۆمەوە: کە لە نێربازەکان و بایسێکچواڵیشدا هەیە.

نێربازی بەو لادانە دەوترێت کە نێر واز لە مەیلە سرووشتییەکی خۆی دێنێت بۆ توخمی بەرامبەر، لە جیاتی ئەوە مەیل و ئارەزووی بەرەو هەمان توخمە. خوای گەورە لە باسی قەومی لوتتدا دەفەرموێت: ﴿وَلُوطًا إِذۡ قَالَ لِقَوۡمِهِۦٓ أَتَأۡتُونَ ٱلۡفَٰحِشَةَ مَا سَبَقَكُم بِهَا مِنۡ أَحَدٖ مِّنَ ٱلۡعَٰلَمِينَ ٨٠ إِنَّكُمۡ لَتَأۡتُونَ ٱلرِّجَالَ شَهۡوَةٗ مِّن دُونِ ٱلنِّسَآءِۚ بَلۡ أَنتُمۡ قَوۡمٞ مُّسۡرِفُونَ ٨١﴾ (الأعراف)، ﴿وَلُوطًا إِذۡ قَالَ لِقَوۡمِهِۦٓ أَتَأۡتُونَ ٱلۡفَٰحِشَةَ وَأَنتُمۡ تُبۡصِرُونَ ٥٤ أَئِنَّكُمۡ لَتَأۡتُونَ ٱلرِّجَالَ شَهۡوَةٗ مِّن دُونِ ٱلنِّسَآءِۚ بَلۡ أَنتُمۡ قَوۡمٞ تَجۡهَلُونَ ٥٥﴾ (النمل)، بۆیە دەبینین کە خوای گەورە بە زیادەڕۆ (مسرف) و نەفام (جاهل) وەسفیان دەکات، چونکە ئەم جۆرە کارانە زیادەڕەوی (لادان)ە لە فیترەت، هەروەها نەفامییە، چونکە ئەوپەڕی نەزانیینە بە ڕێڕەوی درووستی دەروونیی و تەندرووستی – وەک دووایی دەردەکەوێت -. خوای گەورە ئەو کارە قێزەونەی قەومی لوطی بە پیسییەکان (الخبائث) ناوبردووە: ﴿وَلُوطًا ءَاتَيۡنَٰهُ حُكۡمٗا وَعِلۡمٗا وَنَجَّيۡنَٰهُ مِنَ ٱلۡقَرۡيَةِ ٱلَّتِي كَانَت تَّعۡمَلُ ٱلۡخَبَٰٓئِثَۚ إِنَّهُمۡ كَانُواْ قَوۡمَ سَوۡءٖ فَٰسِقِينَ ٧٤﴾ (الأنبیاء). پێغەمبەری ئازیزمان دەفەرمێت: “ملعون من عمل بعمل قوم لوط”

نێربازی، چەند جۆرێکی هەیە[18]:

– نێربازیی هەرزەکار، کە دیاردەیەکی کاتییە لە هەندێک هەرزەکاردا، زۆربەیان دووای هەرزەکاریی نامێنێت[19]

. هەروەها لەنێوان کچانیشدا بینراوە کە جۆرێک لە لیسبیانی هەیە، بۆیە پێغەمبەری خۆشەویست فەرمانی کردووە کە منداڵەکان لەو تەمەنەدا جێگاکانیان جیا بکرێتەوە: “.. وفرقوا بینهم في المضاجع” (أبو داود)، هەروەها دەفەرموێت: “لا ینظر الرجل الی عورة الرجل، ولا المرأة الی عورة المرأة، ولا یفضي الرجل الی الرجل، ولا تفضي المرأة الی المرأة في ثوب واحد” (مسلم).

– نێربازی کاتیی: پێشی دەوترێت (نێربازی زەرورەت)، جاری وا هەیە لە بەندیخانەکاندا یان لای کەشتیوانەکان ڕوودەدات، واتە لە ناخیاندا نێرباز نین، بۆیە کە ئەو هەلومەرجانە نەمان ئەو کارەشیان نامێنێت.

– نێربازی لای نەخۆشە دەروونی و عەقلییەکان: وەک حەڵەتی شیزۆفرینیا.

– نێربازی لادانی جینسی: ئەوانەی کە لە ڕاستە ڕێی فیترەت لایانداوە و، لە تەواوی توانای ئەقلیدان، کە ئەمەیان مەبەستی بابەتەکەمانە.

هەروەها چونە لای ئافرەت لە ڕێگەی کۆمەوە، بە هەمان شێوە لە ئیسلامدا قەدەغەکراوە، پێگەمبەر (دروودی خوای لێبێت) دەفەرموێت: “من أتی إمرأة في دبرها لم ینظر الله تعالی إلیه یوم القیامة”، “ملعون من أتی المرأة في دبرها” (أبو داود)، “لا ینظر الله الی رجل جامع إمرأته في دبرها” (أحمد وابن ماجة).

كۆم، كە ئەندامێكی گرنگی لاشەی مرۆڤە، توێكارييەك و فسيۆلۆجيەكی گەلێک ئاڵۆزی هەیە. كاری بنەڕەتی كۆم بريتيە لە ڕێكخستنی کرداری پيسايی كردن و هێشتنەوە و درێژەپێدانی كۆنتڕۆڵكردن بەسەر خۆدا (خۆڕاگرتن)[20]. بوونی هەستياريی زۆری دەرچەی كۆم، لەبەر ئەوەیە كە مرۆڤ كۆنتڕۆڵی خۆی لەدەست نەدات و، جياواز بێت لە ئاژەڵان، كە ئەمەش نيعمەتێکی گەورەیە.. تەنانەت لە كاتی نەشتەرگەری لابردنی شێرپەنجەی بەشی خوارەوەی ڕێکە، هەوڵدەدرێت كە كۆم دەستكاری نەكرێت، بەردەواميش ئامێر و تەكنەلۆجيای نوێ دەدۆزرێتەوە، تا نەشتەرگەريەكان ئاسان بكرێن[21]..

لە لايەنی زانستی توێكارزانی (تشريح) و فسيۆلۆجی (كارئەندامزانی) و نەشتەرگەريەوە، بەهيچ شێوەيەك نابێت كۆم بەكاربهێنرێت لە كاری سێكسيدا، با ئەگەر لەنێوان نێر و مێشدا بێت، چ جای ئەوەی كە لەنێوان دوو نێرينەدا بێت!! چونكە ڕوپۆشی ناوەوەی زۆر ناسك و هەستیارە.. جاری وا هەیە بچوكترين هەڵە يان پەستان يان لە كاتی پشكنيندا، لەوانەیە ببێتە هۆی دڕانی ئەو ڕوپۆشە!!

خوای گەورە خۆی بەدیهێنەری مرۆڤە و زاناترە بەوەی كە سوود و زيانی هەیە بۆ مرۆڤ، دەفەرموێت: ﴿نِسَآؤُكُمۡ حَرۡثٞ لَّكُمۡ فَأۡتُواْ حَرۡثَكُمۡ أَنَّىٰ شِئۡتُمۡۖ وَقَدِّمُواْ لِأَنفُسِكُمۡۚ وَٱتَّقُواْ ٱللَّهَ وَٱعۡلَمُوٓاْ أَنَّكُم مُّلَٰقُوهُۗ وَبَشِّرِ ٱلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ (البقرة٢٢٣).. با ئافرەت حەڵاڵی مێردەکەشی بێت، بەڵام پياو تەنها بۆی هەیە لە شوێنی خۆیەوە بچێتە لای خێزانی، كە ئەويش زێيە، كە جگە لەوەی مايەی خۆشی بينينە، شوێنی زاوزێشە، بۆیە خوای گەورە بە (حرث) ناوی هێناوە، واتە (كێڵگە)، كە شوێنی تۆو چاندنە..

هاوڕەگەزبازی زيانی تەندروستی زۆری هەیە، هەندێك لەو زيانانە بريتين لە:

١- هۆكاری يەکەمی گواستنەوەی نەخۆشی ئايدزە (AIDS) يان (HIV): لە توێژینەوەیەكدا كە ٣٤٩٢ هاوڕەگەزباز بەشداربوون تيايدا، تەمەنيان لەنێوان ١٥ بۆ ٢٢ ساڵ بوو، لە چەند شارێکی ئەمريكادا، دەركەوت كە (٧٪)يان توشی ئايدز بوون..[22].

تەنانەت ئەگەر سێكس لە ڕێگەی كۆمەوە لەنێوان پياو و ژنيشدا ڕووبدات، هۆكارێكی سەرەکی گواستنەوەی ئايدزە، كاتێك سەيركراوە كە ئايدز لەنێوان ژن و پياويشدا دەگوێزرێتەوە، زياتر هۆکەی ئەوە بووە كە لە ڕێگەی كۆمەوە سێكس دەكەن[23].

لە كۆتوێژينەوەيك (Meta-analysis) كە ٦٢٦٤٣ توێژينەوەی لە خۆ گرتووە، دەرکەوتووە کە سێكس لە ڕێگەی كۆمەوە هۆکاری سەرەکی گواستنەوەی ڤایرۆسی (HIV)يە. هەروەها ئاماژەش بەوە دەكەن كە: “راپۆرتە نوێكان دەريدەخەن كە سێكس لە ڕێگەی كۆمەوە لەنێوان هيترۆسێكچوەڵەكانيش زيادی كردووە، لێرەوە لە ڕۆڵی سێكس لە ڕێگەی كۆمەوە تێدەگەین، بۆ گواستنەوەی  ئايدز (HIV) چۆنە”[24]..

٢- هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر، جۆری (B) و (C): دۆزراوەتەوە گواستنەوەی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر لە جۆری (B) (HBV) ٨،٦ جار زياترە لە ئايدز (HIV) بەهۆی هاوڕەگەزبازیەوە[25].. لە توێژينەوەیەكيشدا لە ئەمريكا ساڵی ٢٠٠٦، دەركەوتووە زۆرترين هۆی توشبوون بە هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی لە جۆری (B) (HBV) بەهۆی سێكسەوە بووە؛ ٣٩٪ سێكسی نێوان ژن و پياو و، ٢٤٪ بەهۆی سێکسی نێوان نێر و نێر (MSM)..[26].

هەروەها چەندين گروپی توشبوو بە هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری (C) (HCV) تۆماركراوە لە ئەوروپادا، كە هەڵگری ڤایرۆسی ئايدزن (HIV)، لەنێو ئەوانەی كە نێر لەگەڵ نێر سێكس دەكات (MSM)، يان ئافرەت لەگەڵ چەند پياوێكدا (Multi partner). چونکە ئەو جۆرە سێكسە دەبێتە هۆی برينداركردنی ڕوپۆشی كۆم[27]..

تەنانەت لە توێژينەوەیەكدا، ساڵی ٢٠٠٣، لەسەر ئەوانەی كە بەژداربووان پياو لەگەڵ ژن سێكس دەکەن (پێيان دەڵێن: هيترۆسێكچواڵ: Heterosexual)، گەيشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە ڤایرۆسی (HCV) بەکەمی دەگوێزرێتەوە، يان هەر ناگوێزرێتەوە لە پەيوەندی سێكسی نێوان ژن و پياودا[28]..

٣- هۆكاری يەكەمە لە توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی كۆم: توێژەران دەڵێن: “رێژەی توشبوون بە شێرپەنجەی كۆم لە زيادبووندايە لەم سی ساڵەی دووايدا. هۆكارەكانی تووشبوون چاك زانراونن، بريتين لە هەوكردن بە ڤایرۆسی (HPV) و (HIV) كە هەردووكيان پەيوەندن بە زيادبوونی ژمارەی هاوسەرەكان (دۆستەكان) (partners) (ئافرەتێك يان پیاوێک لەگەڵ چەند كەسێكدا سێكس بكات) و زيادبوونی سێكسكردن لە ڕێی كۆمەوە..”[29].

لە توێژينەوەیەکی تردا (فريش و هاوەڵانی، 1997) دووای توێژینەوە لەسەر ٤١٧ توشبوو بە شێرپەنجەی كۆم، بۆيان دەركەوت لە هۆكارە سەرەكيەكانی توشبوون بەم جۆرە شێرپەنجەیە: لەو ئافرەتانەدايە كە لە ١٠ دۆست (پارتنەر) و زياتريان هەیە، يان سيفلس و نەخۆشيە سێكسيەكانيان هەیە، يان ئايدز. هەروەها ئەوانەی پێش تەمەنی ٣٠ ساڵی لە ڕێی كۆمەوە سێكس دەكەن[30].

(لیسبیان) (السحاق) (Lesbian) مێ سێکس لەگەڵ مێدا (WSW):

پەیوەندی سێکسیی لەنێوان دوو مێ، هەندێک دەیگەڕێننەوە بۆ فەرەزییەی هەستکردن بە سیفەتە نێرینییەکان (Masculine trait)ی فرۆید[31]. ڕێژەیان لە ئەمریکا (٣- ١٠٪)یە[32].

لە توێژینەوەیەکدا لە سیدنی کراوە لەنێوان ساڵەکانی (١٩٩١ بۆ ١٩٩٨ز)، کە تیایدا لێکۆڵینەوە لە ١٤٠٨ ئافرەتی لیسبیان کراوە، لەگەڵ گروپی کۆنتڕۆڵدا کە ژمارەیان ١٤٢٣ ئافرەت بووە، دەرکەوتووە کە ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی بەکتریایی زێ و هەوکردنی جگەری ڤایرۆسیی جۆری (C) و ئایدز زۆر زیاترە لە لیسبانەکاندا[33].

بینراوە کە ئافرەتە لیسبیانەکان بەشێوەیەکی گشتی پارتنەری زۆرتریان هەیە و پێش تەمەنی ١٨ ساڵی ڕێژەی جیماع تیایاندا زۆرترە، ئەمانە هەردووکیان ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی (HPV) زیاد دەکات تیایاندا، هەروەها شێرپەنجەی ملی منداڵدان[34].

منداڵبازی (الغلمانیة) (Pedophilia):

بریتییە لە حەزی سێکس کردن لەگەڵ منداڵدا، لە هەمان توخم یان توخمی بەرامبەر. ژمارەیان بە تەواوەتی نەزانراون، دەگاتە نزیکی (٣- ٥٪) لە نێرینەکاندا، لە مێینەکاندا کەمتیش زانراوە[35]. تا ئێستا بە پیشێوی دەروونی دادەنرێت، بەڵام هەوڵ دەدرێت لە پسێوڕییە دەروونییەکان دەربهێنرێت!

ئاژەڵبازیی (البهیمیة) (Bestiality):

بریتییە لە سێکس کردن لەگەڵ ئاژەڵاندا. لە تێژینەوەیەکدا ساڵی (١٩٧٤) کراوە، باس لەوە دەکات کە (٣- ٨٪)ی دانیشتوانی ئەمریکا تووشی سێکس ئەنجامدان بوون لەگەڵ ئاژەڵدا[36].

کۆتایی

یاسا و ئامۆژگارییەکانی ئیسلام هاوتایە لەگەڵ فیترەت و بەرژەوەندی مرۆڤدا. لادانی جینسی لە مێژەوە بوونی هەیە، بەڵام لەم سەردەمانەی دوواییدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بڵاوبۆتەوە، بە شێوەیەک نابێت بە لادان ناو ببرێن، بەڵکو زۆر بە تووندی ڕەد دەدرێنەوە و لەوانەیە تووشی لێپرسینەوەی یاسایی ببن، تا گەشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە لە هەندێک وڵات زەواجی هاوڕەگەزبازەکان بە یاسا کراوە. لەوەش خراپتر مافی مندڵ هەڵگرتنەوەیان بۆ ئاسان کراوە.

لادانە جینسییەکان مایەی چەندین کێشی دەروونی و کۆمەڵایەتین. هەروەها هۆکاری سەرەکین لە تووشبوون بە چەندین نەخۆشی خراپ، بە تایبەتی سێکس لە ڕێگەی کۆمەوە.

زانایان و توێژەران لەو وڵاتانەی کە ئەو لادانە جینسیانەیان تیا بڵاوە، بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریکا، چارەسەریان بۆ ئەو کێشانەی کە بەهۆی ئەو جۆرە مومارەسانەوە دەردەکەوێت، خۆی دەبینێتەوە لە چارەسەری نەخۆشییەکان، بە دەروونیی و جەستەییەوە، هەروەها هۆکارەکانی ڕێگر یان کەمکەرەوەی ماکەکان، وەک بەکارهێنانی کۆندۆم، ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنیی، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندرووستی و پەنابردن بۆ کەسانی ڕاوێژکاریی دەروونیی. لەکاتێکدا لە شەریعەتی ئیسلامدا لە سەرەتاوە بنەبڕی ئەو مومارەوانە دەکات، بەڵکو ڕیگاکانیشی لێ دەگرێت.

[1] De Block A, Adriaens PR. Pathologizing sexual deviance: A history. Journal of sex research. 2013 Apr 1;50(3-4):276-98.

[2] Krafft-Ebing, R. Psychopathia Sexualis; Wedeck. H., Trans.; Putnam: New York, NY, USA, 1965.

[3]  Drescher J. Out of DSM: depathologizing homosexuality. Behavioral Sciences. 2015;5(4):565-75.

[4] Kinsey AC, Pomeroy WR, Martin CE. Sexual behavior in the human male. American Journal of Public Health. 2003 Jun;93(6):894-8.

Kinsey AC, Pomeroy WB, Martin CE, Gebhard PH. Sexual behavior in the human female. Indiana University Press; 1998 May 22.

هەروەها:

Kinsey AC, Pomeroy WB, Martin CE, Gebhard PH. Sexual behavior in the human female. Indiana University Press; 1998 May 22.

[5] Datta V. When homosexuality came out (of the DSM). Mad in America: Science, Psychiatry and Social Justice. 2014 Dec;12.

[6] https://www.independent.co.uk/news/science/largest-ever-study-into-the-gay-gene-erodes-the-notion-that-sexual-orientation-is-a-choice-9875855.html

[7]  van den Aardweg GJ. Gay inspiration in the interim report of the bishops’ synod.

بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: (بێتاوانيى جينەكان لە هاوڕەگەزبازيی- هــاوڕه‌گه‌زبازى، ملكه‌چیى جينه‌كانه‌ يان ڕەفتارێكى ده‌ستكه‌وتووه‌؟) گۆڤاری هەیڤ، ژمارە (٥٠).

[8] https://en.wikipedia.org/wiki/Same-sex_marriage

[9] http://www.bbc.com/arabic/worldnews/2015/06/150626_us_gay_marriage

[10]  الشریعة الإسلامیة والعلمانیة الغربیة، د. محمد عمارة، دار الشروق، ط١، ١٤٢٣هـ/ ٢٠٠٣م (١١).

[11] Diagnostic and Statistical Manual of Mental Disorders, 5th edition DSM-5th, American Psychiatric Association, 2013, p451-453.

[12] https://news.gallup.com/poll/234863/estimate-lgbt-population-rises.aspx?g_source=link_NEWSV9&g_medium=TOPIC&g_campaign=item_&g_content=In%2520U.S.%2c%2520Estimate%2520of%2520LGBT%2520Population%2520Rises%2520to%25204.5%2525

[13] King M, Semlyen J, Tai SS, Killaspy H, Osborn D, Popelyuk D, Nazareth I. A systematic review of mental disorder, suicide, and deliberate self harm in lesbian, gay and bisexual people. BMC psychiatry. 2008 Dec;8 (1):70.

[14] Hendy HM, Joseph LJ, Can SH. Repressed anger mediates associations between sexual minority stressors and negative psychological outcomes in gay men and lesbian women. Journal of Gay & Lesbian Mental Health. 2016 Jul 2;20(3):280-96.

[15] Tragakis MW, Smith JL. The relation between social identity integration and psychological adjustment: A focus on mainstream and marginalized cultural identities. Identity: An International Journal of Theory and Research. 2010 Jul 30;10(3):201-21.

[16] Ueng HH. Internalized Homophobia, Psychological Distress and Job Satisfaction Among Sexual Minority Males in the Workplace. The University of Memphis; 2013.

[17] Vosvick MA. Minority stress, spirituality and psychological quality of life in a lesbian, gay and bisexual sample (Doctoral dissertation, University of North Texas).

[18]  من علم الطب القرآني الثوابت العلمیي في القرآن الکریم، د. عدنان الشریف، دار العلم للملایین، ط١، ١٩٩٠م (١٩٥- ١٩٧).

[19] 19. Freud, S. Three Essays on the Theory of Sexuality; Standard Edition Volume 7; Hogarth Press: London, UK, 1953 [1905]; pp. 123–246.

هەروەها:

. Sullivan, H.S. The Interpersonal Theory of Psychiatry; Norton: New York, NY, USA, 1953

[20] Sabiston Textbook of Surgery, 19th edition, International Edition- 2012, p1382.

[21] Williams, N. S., P. Durdey, and D. Johnston. “The outcome following sphincter‐saving resection and abdomino‐perineal resection for low rectal cancer.” British journal of surgery 72.8 (1985): 595-598.

[22] Valleroy, Linda A., et al. “HIV prevalence and associated risks in young men who have sex with men.” Jama 284.2 (2000): 198-204.

[23] Halperin, Daniel T. “Heterosexual anal intercourse: prevalence, cultural factors, and HIV infection and other health risks, Part I.” AIDS patient care and STDs 13.12 (1999): 717-730.

[24] Baggaley, Rebecca F., Richard G. White, and Marie-Claude Boily. “HIV transmission risk through anal intercourse: systematic review, meta-analysis and implications for HIV prevention.” International journal of epidemiology 39.4 (2010): 1048-1063.

[25] Kingsley, Lawrence A., et al. “Sexual transmission efficiency of hepatitis B virus and human immunodeficiency virus among homosexual men.” Jama 264.2 (1990): 230-234.

[26] Mast, Eric E., et al. “A comprehensive immunization strategy to eliminate transmission of hepatitis B virus infection in the United States.” MMWR 54.16 (2005): 1-32.

[27] Götz, Hannelore M., et al. “A cluster of acute hepatitis C virus infection among men who have sex with men–results from contact tracing and public health implications.” Aids 19.9 (2005): 969-974.

[28] Marincovich, B., et al. “Absence of hepatitis C virus transmission in a prospective cohort of heterosexual serodiscordant couples.” Sexually transmitted infections 79.2 (2003): 160-162.

[29] Nelson, Valerie M., and Al B. Benson. “Epidemiology of Anal Canal Cancer.” Surgical oncology clinics of North America 26.1 (2017): 9-15.

هەروەها:

Chiao, Elizabeth Y., et al. “A population-based analysis of temporal trends in the incidence of squamous anal canal cancer in relation to the HIV epidemic.” JAIDS Journal of Acquired Immune Deficiency Syndromes 40.4 (2005): 451-455.

[30] Frisch M, Glimelius B, van den Brule AJC, et al. Sexually transmitted infection as a cause of anal cancer. N Engl J Med 1997;337:1350-8.

هەروەها:

Ryan, David P., Carolyn C. Compton, and Robert J. Mayer. “Carcinoma of the anal canal.” New England Journal of Medicine 342.11 (2000): 792-800.

[31] Freud, S. The Psychogenesis of a Case of Homosexuality in a Woman; Standard Edition Volume 18; Hogarth Press: London, UK, 1955 [1920]; pp. 145–172.

[32] Gates GJ. How many people are lesbian, gay, bisexual and transgender?.

[33] Fethers K, Marks C, Mindel A, Estcourt CS. Sexually transmitted infections and risk behaviours in women who have sex with women. Sexually Transmitted Infections. 2000 Oct 1;76(5):345-9.

[34] Waterman L, Voss J. HPV, cervical cancer risks, and barriers to care for lesbian women. The Nurse Practitioner. 2015 Jan 16;40(1):46-53.

هەروەها:

Matthews AK, Brandenburg DL, Johnson TP, Hughes TL. Correlates of underutilization of gynecological cancer screening among lesbian and heterosexual women. Preventive Medicine. 2004 Jan 1;38(1):105-13.

[35] Diagnostic and Statistical Manual of Mental Disorders, 5th edition DSM-5th, American Psychiatric Association, 2013, p698.

[36] Hunt M. Sexual behavior in the 1970s.

بینینی زیاتر

د.دیاری ئه‌حمه‌د قه‌صاب

لەساڵی 1968 لەسلێمانی لەدایك بووە، بروانامەی دكتۆرای لەنەشتەرگەری گشتیدا هەیەو ئێشتا پزشكی ڕاوێژكارە لەنەشتەرگەری گشتیداو پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی نەشتەرگەری- کۆلێجی پزیشکی- زانکۆی سلێمانی، جێگری سەرۆكی سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكری و ئەندامی دامەزرینەر و دەستەی گشتی ناوەندی کوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا، سەرنوسەری گۆڤاری (هەیڤ)ه.