توێژینەوە

ئیتیکی میدیا، پرسێکی فەرامۆشکراو لەلایەن راگەیاندن و راگەیاندنکارانەوە

 

پێشەکی:

دوای پەیدابوون و فراوانبوونی پیشەی رۆژنامەگەری لە سەرانسەری جیھاندا، کە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ھۆکارەکانی پەیوەندیکردن ھۆکاربوون بۆ بڵاوبوونەوەی، رۆژنامەنووسیی بە ھەموو کەناڵە جیاوازەکانییەوە ھەنگاوی گەورەی نا، ماس میدیا، جیھانی کردە گوندێکی بچووکی پێکەوەگرێدراو، ھەر ئەوەش بوو کە راگەیاندن وەک دەسەڵاتی چوارەم ناوزەدەکرێ، بێگومان لەبەر ئەو رۆڵ و کاریگەرییە گرنگەیە، کە کەناڵەکانی میدیا دەیگێڕن.

ساڵانە لە سەرانسەری جیھاندا رۆژنامەنووسان و ھەواڵنێران، رووبەڕووی ھەڕەشە و لێدان و کوشتن دەبنەوە، زۆرجاریش تۆمەتبار دەکرێن بە پەیڕەونەکردنی بنەماکانی ئیتیکی پیشەی رۆژنامەنووسی. بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی میدیا بەدوور بن لە ھەر گلەیی و گازندەیەک، یاخود ھەڕەشەیەک، بۆیە پەیڕەوکردنی پرەنسیپە سەرەکی و گرنگەکانی ئیتیکی میدیا، پێویستییەکی ئەم قۆناغەیە.

بنەما و پرەنسیپی ئەخلاقی پیشەی رۆژنامەنووسی ھەندێکیان خودیی (زاتی)ین و پێویستە رۆژنامەنووس خاوەن ویژدانێکی زیندوو بێ و پەیڕەویان لێ بکا، بەشەکەی تریشیان لەلایەن کۆمیسیۆن و سەندیکاکانی تایبەت بە کاری راگەیاندن، ئامادەکراون و نووسراونەتەوە، لەو پێناوەشدا، چەندین کۆنگرە و کۆنفرانس لەو رووەوە رێکخراون، کە دواجار-ھەر وەکو ئاماژەمان بۆی کرد- لە دایکبوونی ژمارەیەک بەڵگەنامە و پێڕەوی کاری رۆژنامەنووسی لێکەوتەوە، کە بە بنەما ئاکاریی (ئیتیکی)یەکان ناسێنراون.

لەم توێژینەوەیەدا مەبەستمانە خوێنەران ئاشنابکەین بە بابەتێکی گرنگ، کە ئەویش ئیتیکی میدیا و ئامانجەکانیەتی، ھەروەھا پەیوەندیی نێوان ئیتیکی میدیا و یاسایە.

سەرەتا لە شیکردنەوەی وشەی ئیتیک و پێناسەی ئیتیکی میدیاوە دەست پێدەکەین: 

وشەی ئیتیک (Ethic) لە بنەڕەتدا لە  ( Etos)ی یۆنانیەوە وەرگیراوە، کە بە واتای ئاکار و نەریت دێت و زانستێکی ئاکارییە، بایەخ بە لایەنی تیۆریی و پراکتیکی بەھا ئاکارییەکان (moral) دەدات (١).

سەبارەت بە پێناسەی ئیتیکی میدیاش راجیایی زۆر ھەیە، بەڵام لە گرنگترینیان دەخەینەڕوو. (د. حسانە رشید) دەنووسێت: “بریتییە لە کۆمەڵێک پرەنسیپی ئەخلاقی پیشەیی کارکردن، کە رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندن لە کاتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵگە، پەنای بۆ دەکەن. بەڵام ئەوانەی کە تایبەتن بە جێبەجێکردنی ئەو ئاکارانە، بەرھەمھێنەرانی پەیامە میدیاییەکان، دامودەزگاکانی راگەیاندن و کۆمپانیاکانی بواری ریکلامن” (٢).

ھەروەھا (د. ھێرش ڕەسوڵ) پێناسەیەکی دیکە دەکات و دەڵێت: “دەتوانین بڵێین زاراوەیەکە ئاماژە بەو رێسا ون و ئاشکرایانەی رەفتاری پیشەیی لە ناوەندەکانی کەمیۆنیکەیشن دەکات، لەگەڵ ئەو ئاڕاستە کاریگەر و سکاڵایانەیشی، کە پەیوەندیدارن بە ھەموو ئەو شێوازانەی کارکردن و ئەو دەسکەتانەی گونجاون” (٣).

بەڵام (د. مەغدید سەپان) پێیوایە ئیتیک بەشێکە لە فەلسەفە و ھەوڵدەدات، وەڵامی ھەندێک پرسیار بداتەوە وەک: (شتی باش چییە؟) (شتی راست چییە) (مرۆڤ چ بکا)، بەڵام بەشێوەیەکی رونتر چەند رێسایەک ھەیە، بۆ ئەوەی مرۆڤ چۆن بە باشترین شێوە ھەڵسوکەوت بکات(٤).

سێیەم: مێژووی ئیتیکی میدیا:

دەتوانین بڵێین مێژووی ئیتیکی میدیا لەو کاتوساتەی، کە کەناڵ و ھۆیە جیا جیاکانی راگەیاندن دەرکەوتن، بیرکردنەوە لە زەرورەتی بوونی پرەنسیپەکانی ئەخلاقی کارکردنی میدیا و میدیاکارانیش سەریھەڵداوە.

ھەروەھا ھەوڵەکان بە ئاڕاستەی دانانی بەڵگەنامەی ئیتیکی پیشەی رۆژنامەنووسی بەدەوامبوون، تا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (١٩١٨ز)دا، ھەوڵێک بە فەرمی لە فەڕەنسا درا، ئەویش بە ھۆکاری ئەو رۆڵە کارایەی کە کەناڵەکانی راگەیاندن لەو کاتەدا دەیان گێڕا (٥).

ھەروەھا لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیھانیشدا” یەکەمین لیژنەی بەدواداچوونی پاشایەتی (١٩٤٧- ١٩٤٩) لە بریتانیا بۆ گەمارۆدانی چاپەمەنییەکان پێکھێنرا و کەسانی وەک لۆرد (رۆتەر میر)ی خاوەنی رۆژنامەی (دەیلی میل) و لۆرد (بیۆر برۆک)ی خاوەنی رۆژنامەی (دەیلی ئێکسپرێس) و …. تاد، خرانە ژێر لێکۆڵینەوە” (٦).

کەواتە دەتوانین بڵێین: ” تەمەنی  پرسی ئیتیکی رۆژنامەگەریی، بەو مانا و دەلالەتە نوێیانەی، کە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی زانستی وەریگرتووە و دەناسرێت، نزیکەی یەک سەدەیە ، واتە نزیکەی (١٠٠) ساڵە، ئەم پرسە لە بواری میدیادا مشتومڕو گفتوگۆی لەسەرەو دەوڵەمەند دەکرێت”. (٧)

 

چوارەم/ ئامانجەکانی ئیتیکی میدیا:

بە پەیڕەوکردنی پرەنسیپەکانی ئیتیکی میدیا، چەندین ئامانجی گرنگ بەرجەستە دەبن، کە بۆ خودی رۆژنامووسان و کەناڵەکانی راگەیاندن و کۆمەڵگەش پڕ بەھان و بەسوودن. گرنگترینی ئامانجاکانیش بریتین لە:

١- ئیتیکی رۆژنامەنووسی ئامانجی دروستکردن، یان پەروەردەکردنی رۆژنامەنووسی نموونەییە(٨).

٢- چاککردن و بەھێزکردنی ئەو رۆڵەی، کە راگەیاندن دەیگێڕێت و کۆنترۆڵکردنی کەناڵەکانی راگەیاندن لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیان(٩).

٣- گەشەپێدانی توانای پیشەیی و ئەخلاقی رۆژنامەنووسان و کارمەندانی راگەیاندن.

٤- ھەوڵ دەدات کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ تەشھیر و ناوزڕاندن بە کار نەھێنرێن(١٠).

ئیتیکی میدیا و ئازادیی رادەبڕین:   

ئازادیی رادەبڕین مافێکی خواییە، زۆرلێکردن و ھەڕەشەکردن تەنانەت بۆ مسوڵمانبوونیش لە ئایینی ئیسلامدا رەتککراوەتەوە، ھەروەک خوای پەروەردگار دەفەمووێت: (لا إکراە فی الدین) واتا: زۆرلێکردن بۆ باوەڕھێنان لە دیندا نییە. ھەروەھا خەبات و تێکۆشانی مرۆڤایەتی بەدرێژیی  مێژوو، جومگە و مەبەستێکی سەرەکی دابینکردنی “ئازادیی” بووە، بۆچی؟ چونکە ژیان بەبێ ئازادیی ھیچ مانایەکی نییە!.. لای رۆژنامەنووسان و دەزکاگانی راگەیاندنیش بە بێ بوونی ئازادیی رۆژنامەگەریی، ئازادییەکانی تر ھیچ مانایەکی نییە، ھەر وەک  (محەمەد فەریق) دەڵێت: “ھەموو ئازادییەکان بە بێ ئازادیی رۆژنامە ناتەواو ناکامڵن، چونکە ونبوونی ئازادیی رۆژنامەوانی دەکاتە ونبوونی ئازادیی رادەبڕین. مرۆڤیش کە نەیتوانی بە ئازادی ڕای خۆی دەببڕێ، ئەوا دەبێت کۆیلە، با ئاڵا و دەوڵەت و پەرلەمانیشی ھەبێ.”(١١).

بەڵام بەداخەوە زۆربەی کات، بە پاساوی ئازادیی بیروڕا و رۆژنامەگەریی، پێشێلی یاسابەکارەکان و  پرەنسیپەکانی ئیتیکی میدیا کراوە و دەکرێت، چونکە وا زانراوە، کە رۆژنامەنووسان و ھۆکانی راگەیاندن لە کارەکانیاندا ئازادیی رەھاییان ھەیە، بەڵام لە راستیدا بوونی ئەو ئازادییە بە نەبەزاندنی سنووری ئازادیی و سومعەی ئەوانی ترەوە پەیوەستکراوە، لەو بارەوە (د. سامان فەوزی) دەڵێت: ” لە ھیچ سیستەمێکی سیاسی و تیۆرێکی فەلسەفەدا نییە کەسەکان بە تەواوەتی  ئازاد بن لەوەی، کە لە سەر بیر و بۆچوون و رەفتاری کەسەکان دەری ببڕن، بەڵکو ئەو سنوورە فراوانەی ئازادی رادەربڕین زیاتر قسەکردن لە سەر بیرو بۆچوون و ئایدیا و کۆمەڵگا دەگرێتەوە، نەک رەفتار و گوفتاری کەسەکان، چونکە بە قەدەر ئازادی رادەربڕین مافی سومعە و ناوبانگ  گرنگ و پڕ بایەخە “(١٢).

ھەر لەو چوارچێوەیەدا، (د. ھێرش رەسوڵ) دەنووسێت: ” لە پەیوەندی نێوان ئیتیکی رۆژنامەنووسی و ئازادی رادەربڕیندا، دەبێت ئەوە بخەینەڕوو، ئەزموونی رۆژنامەنووسی لەگەڵ ئازادیی رەھا، زۆر ھەڵەی ئاشکرا کردووە، دەبینین ھەندێ رۆژنامە خۆیان بە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی تاوان و بێکەڵک و ئابڕوبەری گرتووە لە سەر حسابی ھەواڵە جددیەکان، لە پێشکەشکردنی ھەواڵدا وازیان لە پرەنسیپەکانی وردبینی و راستگۆیی ھێناوە”(١٣).

(کورتیس ماکدوگاڵ)یش جەخت لە ئازادیی لەگەڵ بەرپرسیاریدا دەکاتەوە و دەڵێت:” دەبێ ئازادیی رۆژنامەگەریی بە مافێکی بنەڕەتی دابنرێ بۆ رەگەزی مرۆڤایەتی، مافێکی دروست و نەگۆڕە و مایەی مشتومڕ نییە، کە بە ئاشکرا و راشکاوانە گفتوگۆ دەربارەی ھەر شتێک بکەیت، کە یاسا قەدەغەی نەکات، بەو یاسایانەشەوە کە کۆت و بەندکراون”(١٤).

جا کەواتە پێویستە رۆژنامەنووس لە پیشەکەیدا  ھەمیشە لە یادی بێ کە ئەو ئازادییەی نەدراوەتێ بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکاتە سەر ماف و ئازادیی کەسانی تر، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە لە رێی ئەو ئازادییەوە بەوپەڕی لێ پرسینەوە پەیامەکەی بگەیەنێتە خوێنەران –وەرگران-(١٥).

 

ئیتیکی میدیا و یاسا:

زۆربەی کات بابەتی بوونی ڕێسا و پرەنسیپەکانی ئیتیکی میدیا و یاسا تێکەڵاو دەکرێن، تەنانەت ھەندێک پێیانوایە مادام یاسای رۆژنامەنووسی بۆ رێکخستنی کاروباری رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن ھەیە، پێویستیمان بە ئیتیکی میدیا نییە، بەڵام لە راستیدا بوونی ھەردووکیان پێویستە، کە دواتر روونی دەکەینەوە.

پێشتر وتمان ئیتیکی میدیا بریتییە لە کۆمەڵێک پرەنسیپی ئەخلاقی پیشەیی کارکردن، کە رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندن لە کاتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵگە، پەنای بۆ دەکەن.

بەڵام یاسای رۆژنامەنووسی بریتییە لە کۆی ئەو بەند و ماددانەی، کە پیشەی رۆژنامەنووسی بە شێوازێکی گشتگیر و ئەبستراکت و زۆرەکی (بە زۆر، واتا بە حکومی یاسا) رێکیدەخەن.

ھەروەھا یاسای رۆژنامەنووسی بەشێکە لە یاسای گشتی، نەک یاسای تایبەتی، چونکە دەوڵەت لایەنێکی پەیوەندییەکانی نێو یاساکەیە و زۆربەی بەند و ماددەکانیشی بە شێوازی ئامیرەیە–ئەمرکردن- (القواعد اڵامرە)، کە ناشێ ڕککەوتن لە سەر پێچەوانەکەی بکرێت (جێبەجێ نەکرێ)(١٦).

لێرەدا پرسیارێک سەرھەڵدەدات: ئایا بوونی یاسا بۆچییە؟.. بێگومان ھەبوون و زانین و تێگەیشتن لە یاسا، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان تووشی ھەڵەی گەورە نەبن و ئەو بەرھەمەی پێشکەشی دەکەن، تێبگەن کە تەواوی ھەقیقەتەکانیان باس کردووە و بە  بڵاوبوونەوەشی کەسیان بۆ بەردەم دادگا ناچێت.

کەواتە دەتوانین بڵێین: بێگومان پەیوەندییەکی تەواوکاریی لە نێوان پرەنسیپەکانی ئیتیکی میدیا و یاسادا ھەیە، چونکە ئەو پرەنسیپانە بە تەنھا ناتوانن جڵەوگیری کاری رۆژنامەنووسیی بکەن، بۆیە لە تەواوی وڵاتان بۆ رێکخستنی پیشەی رۆژنامەنووسیی، یاسای رۆژنامەگەری دەردەکەن.

گرنگترین پرەنسیپەکانی ئیتیکی میدیا

لێرەدا لە گرنگترین پرەنسیپەکانی ئیتیکی میدیا دەدەوێین، کە چەندین جومگەی کاری پیشەیی رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی میدیا دەگرێتەوە، دوای چەندین ساڵ لە کار کردن و

گرنگترین ئەو پرەنسیپانەش بریتین لەمانەی خوارەوە:

١- پابەندبوون بە راستگۆیی و بابەتیبوون لە کاتی بڵاوکردنەوەی بابەت و ھەواڵ و وتارەکاندا.

٢- رێزگرتن لە راستی و مافی جەماوەر  بۆ گەیشتن بە راستییەکان (فاکت).

٣- پابەندبوون بە بێلایەنی و جیاکردنەوەی ھەواڵ لە بیروڕا.

٤- رێزگرتن لە ژیانی تایبەتی تاکەکان و جیاکردنەوەی لە ژیانی گشتی و پیشەیی.

٥- دوور کەوتنەوە لە وەرگرتنی بەرتیل لە کاری رۆژنامەنووسیدا.. بەرتیل جۆر و شێوەی زۆرە، وەرگرتنی زەوی، گەشتکردن، پارە و زێڕ، سەیارە، قبوڵ خاس.

٦- پێویستە رۆژنامەنووس رێگای دروست و رەوا بگرێتە بەر بۆ دەست خستنی ھەواڵ و وێنە و بەڵگەنامەکان. رێگای دروست و رەواش ئەوەیە، کە چ یاسای کاری رۆژنامەنووسی ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧ دیاریکردووە، چ ئەو رێگایانەش، کە لە چوارچێوەی ئیتیکی میدیادا ئاماژەیان بۆ کراوە.

٧- پێویستە رۆژنامەنووس لە پێناو دەست پێشخەریی میدیایی (سبق ێحفی) و زیادکردنی تیراژ و بڕی فرۆش و بازاڕ پڕکردندا، وردبینی خۆی لەدەست  نەدات و کار لە سەر وروژاندنی شەقام نەکات.

٨- رێزگرتن لە بەنھێنی ھێشتنەوەی سەرچاوەی زانیارییەکان.

٩- رەچاوکردنی باری دەروونی و ئیتیکی جەماوەر لە کاتی بڵاوکردنەوەدا (وتار، ھەواڵ، وێنە، ڤیدیۆ….ھتد).

١٠- رێزگرتن  لە مافە ھزرییەکانی ھاوپیشەکەی، واتە: بەرھەم و ھەواڵ و زانیاریی کەسانی دیکە نەکات بە موڵکی خۆی، ئەوەش چەند رێکاریکی تر دەگرێتەوە (١٧).

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

١- شوان ئادەم ئەیڤەس، ئیتیک لە رۆژنامەوانیی کوردیدا کوردییدا، سەردەم، چ١، سلێمانی، ٢٠٠٦، ل٧٤.

٢- د. حسانە رشید، الڕخلاقیات الإعلامیە فی الممارسە المھنیە، ترجمە: سعد ێالح، الحوار المتمدن، العدد (٢٩٠٤) فی ١/٢/٢٠١٠.

٣-  د. ھێرش رەسوڵ، ئازادیی رادەربڕین لە رۆژنامەنوسیی کوردیدا، چاودێر، چ١، سلێمانی، ٢٠٠٩، ل١٦٤.

٤- د. مەغدید سەپان، ژانرەکانی رۆژنامەوانی و مێژووی چاپخانە، چ١، ھەولێر، ٢٠٠٥، ل٢٢.

٥- د. حنان یوسف، اخلاقیات المھنە ومواپیق الشرف الإعلامیە، عمان – الڕردن، ٢٠٠٧

http://www.mql.cc/NewsDetails/ETHICS-٤٥٨٨.

٦-  د. ھێرش رەسوڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل١٦٥.

٧- عەدالەت، جیھانی میدیا و رۆژنامەگەری، چ١، سلێمانی، ل١٢، ٢٠١٢.

٨-د. سامان فەوزی، ھێڵە یاساییەکانی کاری رۆژنامەوانی، چ١، سلێمانی، ٢٠١١، ل٨٦.

٩- ڕمیرە عبداللە الجاف، القیم الڕخلاقیە فی العمل الإعلامی، مارس ١٠, ٢٠١٥ /http://www.rozhnamawany.com/ar/?p=١٤٨.

١٠-  د. حسانە رشید، الڕخلاقیات الإعلامیە فی الممارسە المھنیە، ترجمە: سعد ێالح، الحوار المتمدن، العدد (٢٩٠٤) فی ١/٢/٢٠١٠.

١١- محەمەد فەریق حەسەن، دەسەڵاتی چوارەم، چ١، ھەولێر، ١٩٩٨، ل٩.

١٢- د. سامان فەوزی، سەرچاوەی پێشوو، ل٤٨.

١٣- د. ھێرش رەسوڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل١٦٧.

١٤-پڕۆفیسۆر کۆرتیس ماکدۆگاڵ، بنەماکانی ھەواڵ نووسین، و: ھەندرێن شێرزاد،چ١، سلێمانی، ٢٠٠٥، ل٦٧.

١٥- د. کەمال سەعدی، چۆن رۆژنامە دەبێتە دەسەڵاتی جەماوەر؟!، گۆڤاری رۆژنامەنووس، ژ (٢٢)، ٢٠١٠، ل١١٩.

١٦- د. سامان فەوزی، سەرچاوەی پێشوو، ل٥٢.

١٧- بۆ زانیاری زیاتر بڕواننە: د. سامان فەوزی، سەرچاوەی پێشوو، ل١٦٠-١٦٣.

بینینی زیاتر

هەژار حاتەم

هەژار حاتەم حمە، لەدایك بووی 1979 ماستەر لە ڕاگەیاندن، چەندین چەندین وتارو توێژینەوەی نوسووە و خاوەنی دوو كتێبە...