توێژینەوە

ئایە خودا بوونی نییە؟ هەتا کەی سۆفستائییەتی ناخوداباوەڕەکان بەردەوام دەبێت!

نووسینی: بەتین جەمال

وەڵامێك بۆ بابەتی “بۆچی خودا بوونی نییە؟، نووسینی: ارمین نوابی، وەرگێڕانی: فاکت” لە ژمارە ٣ – ٤ـی گۆڤاری فاکت

هەر لە دەمی گفتوگۆکردن لەگەڵ ناخوداباوەڕدا؛ پرسیاری “بوونی زاتی خودا” خۆی دەبێت بە ڕۆشنایی بابەتەکە، چونکە ئەمە جیاوازيیەکی مەزن و ئاشکرایە لە نێوان باوەڕداران لەگەڵ ناخوداباوەڕەکاندا. جا وەها نەبێت ئەم باسە باسێکی نوێ بێت: بەڵکو هەر لە دێرین سەردەمەوەبڕواداران بەڵگەکانی خۆیان لەهەمبەر بوونی خودایەکی زانا و دانا و بەدەسەڵات خستووەتە ڕوو، کەلامی و فەیلەسووفەکانی گێتی ئیسلامیش بەدەر نەبوون لەم هەوڵە. هەوڵیانداوە بەڵگەی ئاوەزی بۆ تاك بە تاکی بیروباوەڕی ئیسلامی بهێننەوە. سەلماندنی بوونی خودایەکیش لە ئاستێکی بەرزدا بووە، چونکە وەك بەشێك لە کەلامییەکان گوتوویانە: “یەکەم شت کە لەسەر بەندە پێویستە ناسینی خودایە.” دیارە ناسینی خوداش لە ڕێگەی بەڵگەوەیە، چونکە هەر ناسینێك لەسەر بنەمای بەڵگە نەبێت هێشتا دەروونمان خاڵی نابێت لە گومان کردن لێی. جا کە ئەو زانا و فەیلەسووفانە دەبینیت گفتوگۆیەکی هێندە مەزن و وردیان هەبووە لە بابەتە لاهووتیيەکاندا، دووچاریسەرسووڕمانێکی ئێجگار مەزن دەبیت؛ کە هێشتا کەسانێكهەبن بانگەشەی نەبوونی بەڵگە بۆ بوونی خودا دەکەن!

ڕەنگە کەسانێك بڵێن کوا لە سەردەمە دێرینەکاندا کەسانێكهەبوون بوونی خودایەك ڕەتبکەنەوە؟ بەڵام ئەوەی لە لامان ڕوونە شتێكیش نەبووە بەبێ لایەنگر بێت. هەروەکو پێشەواغەزالی باسیان دەکات لە پەرتووکی (ڕزگارکەر لە گومڕایی) بە “دەهریيەکان”  ناویان دەبات.

ئەوەمانزانی کە هەر لەو سەردەمەوە بوونی خودا مشتومڕی گەرمی لەسەر بووە و  هەر قوتابخانەیەکی کەلامی بەڵگەی تایبەت بەخۆی هەبووە بۆ سەلماندنی، لە  ئەشعەريی و ماتۆریدیيەکانەوە هەتاوەکوو شیعەکانیش بەڵگەیان بۆ بوونی خودا هێناوەتەوە لە گێتی ئیسلامیدا. بێگومان لاهووتی مەسیحی و یەهوودیش بەدەر نیین لەم بەڵگەکاريیە  بۆ سەلماندنی بوونی خودا.

دوور لەم پێشەکییە ڕەنگە کەسانێك بپرسن؛ بۆچی ئەم بابەتە لە ئێستادا باس دەکرێت؟ بەکورتییەکەی ئەم نووسینە وەڵامی گۆڤارێکی هزری  کوردییە؛ سەرەبابەتەکەیان نووسیبوو بەناونیشانی بۆچی خودا بوونی نییە؟، وەها جوان نووسینەکەیان ڕازاندبوویەوە، ئارەزووم پەی برد بۆئەوەی ئەم گۆڤارە؛ ئاخۆ وەڵامی کام لەو فەیلەسووف و کەلامییانەیدابێتەوە، کە لە پەرتوکەکانی پەیوەست بە بوونی خودادا بەڵگەکانی خۆیان خستووەتە ڕوو!

سەیر لەوەدا بوو وەك گشت جارێکی دیکە  ئەوانەی بانگەشەی نەبوونی خودا  دەکەن، خۆیان بە وەڵامدانەوەی پرسیاری کەسانی ئاساییەوە خەریك دەکەن. لەکاتێکدا باش دەزانن کەسانی ئاسایی کە هیچ زانستێکیان پێ نەگەشتووە و لەسەر ئاستێکی کولتووری باوەڕیان بە خودا هێناوە، کەچی لەلایەکی دیکەیە بەڵگەی سەدان زانا و فەیلەسووف و کەلامی  بڕواداریان  فەرامۆش کردووە، وەکووئەوەی هەر نەبن. لە دواجاریشدا دەیانهەوێت بەم ڕێگەیە بگەنە ڕاستی. سەرەڕای ئەمەش؛ نووسیویانە: “وەڵامی ئەو بەڵگانەی ئايینداران دەیخەنە ڕوو.” دەی ئەگەر هەر زانایەکی  باوەڕدار ئەو بەڵگانەی بەکارهێنابێت، کەسێکی بێئاگا بووە لە بەڵگەکانی پەیوەست بە بوونی خودا و دەبێت لە ڕیزی کەسانی ئاسایيدا هەژمار بکرێت لە بابەتی (لاهووتدا). دەبێت ئەو ڕاستيیەمان لەبەرچاو بێت، مەرج نییە گشت زانایەك  لەکۆتايیدا شارەزایی بابەتە لاهووتیيەکان بێت. لەکاتێکدا هەر  لەم  سەردەمەدا کەسانی وەهامان هەیە، بانگەشەی (ریچارد دۆکنز) دەکات بۆ دیبەیت، یەکێکە لە مەزنترین و بەناوبانگترینی ناخوداباوەڕی سەردەم، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە؛کورسیەکە لەکاتی دیبەیت بە بەتاڵی دەمێنێتەوە تەنها فەیلەسووف و لاهووتی کریستیانەکان (ولیام لەین کرەیگ) ئامادە دەبێت.

هەروەکو گوترا وەڵامدانەوەی کەسانی ئاسایی دهۆلەخۆکردن خۆچەقبەستووکردنە بەرامبەر بەڵگەکانی بوونی خودا! ئێمە چەندین بەڵگەی بەهێز وەکو باوەڕدار پێشکەش دەکەین بۆ بوونی خودا. وەکو نوێنەرێك لەو کۆمەڵە بەڵگانەی کە هەمانن. بەڵام بەوپەڕی سۆفستائیيەتەوە وەڵاممان دەدرێتەوە و بە بڕیارێکی پێشوەختە پێمان دەڵێن: ئێوە لەو باسەدا بەڵگەتان نییە، بۆیە هەڵە ژیربێژییەکە دەکەن کە بانگەشەی بوونی بەڵگە دەکەن. وەها دیارە نووسەری بەڕێز هیچ کام لە پەرتوکەکانی “گەشتی ئەقڵ، خورافەی ئیلحاد، براهین وجود الله، مستعدون للمجاوبة و دەیان و سەدان پەرتووکی دیکەی پەیوەست بە بوونی خودا  پێی نەگەیشتووه. پاشان وەکوو سەرچاوەی زیادە ئاماژەیان پێ دەدەین!

هەندێك لە ناخوداباوەڕەکان دەڵێن بەڵگەکانی بڕواداران خولگە بەڵگەیە. ئەمەش لەوانەیە بەرامبەر ئەوە گوترابێت، هەندێكجار کۆمەڵێك ئایەت و دەقی پەرتووکی پیرۆز باس دەکرێت بۆ پشتگیری لە گریمانەی بوونی خودا. باس لە کۆمەڵێك ئاماژە دەکات، نموونەیەکی دیار لە سورەتی (الطور: 35) خودای مەزن دەفەرمووێت: {أم خلقوا من غيرشيء أم هم الخالقون}  واتە: ئا ئەوانە بەبێ هۆ دروست بوونە یاخود خۆیان ئافرێنەری خۆیانن.

بۆیە ناخوداباوەڕان ڕاستەوخۆ لەمبارەیەوه دەڵێن باوەڕدارانکەوتوونەتە هەڵەیەکی ژیربێژی بەڵگەی خولگەییەوە، گوتەیەکی ناو پەرتووکەکەیان وەک سەرچاوە بۆ سەلماندنی خوداکەیان دێننەوە و لەناو بازنەیەکی داخراودا دەخولێنەوە، بەڵگە بۆ بوونی خوداکەیان پەرتووکەکەیە و بەڵگە بۆ ئاسمانی بوونی پەرتوکەکەش خودایە. لەکاتێکدا ئەمە لە بازنەیەکدا خولانەوەیه بەبێ ئەوەی هیچیان ببنە سەلمێنەری ئەوی دیکەیان. بێئاگان لەوەی ئەم جۆرە بەڵگە هینانەوە؛ بە هیچ جۆرێكخولگە بەڵگەیی نییە. بەڵکو ئاماژەدانە بەوەی پەرتووکە پیرۆزەکە باسی بەڵگەیەکی ئاوەزی کردووە، کە دەتوانیت لە ڕاستیيەکەی بکۆڵیيەوە. بۆیە ناکرێت بەمە بگوترێت “سوڕە بەڵگەیە”، هەرگیز لە فەلسەفەی ئایيندا وەك بەڵگەیەکی یەکلایکەرەوە و سەلمێنەری بوونی خودا پشت بەم ئاماژانە نەبەستراوە. نموونەیەکی ڕوون؛ کاتێك لە دادگا کەسێك بەڵگە بۆ بێتاوانی خۆی دەهێنێتەوە، دادوەر بە پارێزەرەکەی دەڵێت ئەوە خولگە بەڵگەداری دەکات؛ بۆیە بەڵگەکانی وەرناگرم؟ بێگومان نەخێر! وەعی ئێمە ئەوە ئیدراك دەکات، کەسەکە بەڵگەیەك باس دەکات لە دەرەوەی خۆیەتی، وەلێ ئەگەر کەسێکی ئاسایی  بڵێت لەبەرئەوەی قورئان دەڵێت خودا هەیە، بۆیە خودا هەیە. ئەوە سەیرە بۆ کەسێکی بیرمەند دابنیشێت پەرتووك و گوتار لە وەڵامی ئەم جۆرە بەڵگە سادانە بداتەوە.

ئەو پەرتووکانەی باسکران؛ هەریەکە و کەمترینی ٣٠٠ لاپەڕەیە، ئایە ئەو ناخوداباوەڕەی  هاوڕێمان پێی وەهایە گشتی دووبارەکردنەوەی دەقە پیرۆزەکانمانە؟ ئەگەر من لەجیاتی ئەو وەڵام بدەمەوە؛ دەڵێم:  بێگومان نەخێر. ئەگەر هەرکەسێکیش بڕوای وەهایە؛ بەڵێ دووبارە کردنەوەی دەقەکانە، دەبێت وەڵامی بەڵگەکان بداتەوە کە لەم گوتارە و لە پەرتووکەکانی دیکەی تایبەت بە سەلماندنی بوونی خودا نووسراون.

ئایا پەرتووکی پیرۆز و قورئان هەڵەیان تێدایە؟

هەرچەندە وەک موسڵمانێك ئەوە دەنووسم، بەڵام لەسەرمە ڕاستيیەکان وەك خۆی بگەیەنم بە خوێنەری خۆشەویست، هەتاوەکوو بزانێت مەنزومەی ئایينی ئەوەنە شتێكی سادە نییە؛ بەیەك گەڕان لە دوو دەقی ئاسایی و سادە بەبێ ڕاڤە و قوڵبوونەوە لە گیانی دەقەکە و تێڕوانین لە سیاقی دەقەکە؛ ڕاستەوخۆ ڕەخنە بگریت لە بابەتە سەرەکيیەکە، بابەتەکە بگۆڕیت، کە دوورە لە ناونیشانی گوتارەکە. دیارە ئەمەش هۆکارەکەی پێموایە تێڕوانینی نووسەرە و وەها تێگەیشتووە كه پێویستە بۆ ڕاستبوونی ئایین؛ خودا هەبێت؛ ئایین ڕاست نییە، کەواتە خودا بوونی نییە. بەڵام ئەمە هەر لە خۆیدا هەڵەیە، وەکوو ئەوەیە بڵێی:پێویستە بۆ دەوڵەمەندبوون پارەت زۆر بێت، پارەت زۆر نییە؛ کەواتە هەژاریت.”

ئەو قەفەزە باوەڕدارییە لە هیچەوە هاتووە کە پێیوایە خودا لە ئایین هاتووە، یان وەکوو نموونەکەی هێندرایەوە، پێیوایە یان هەژار هەیە یان دەوڵەمەند. لەکاتێکدا ئەمە شێواندنی تێگەیشتنی خوێنەرە بەوەی وەها وێناى بکەیت؛ ئەم بابەتە لە دوو گریمانە زیاتر هەڵناگرێت، نووسەر بە زانین بێت یان بە نەزانین خۆی دووچاری هەڵەیەکی ژیربێژی کردووە، دەتوانین بە هەڵەی (دوو ڕێگەخوازی) ناوی ببەین، چونکە ئێمە دەکرێت بژاردەی سێیەمان هەبێت کە سەلماندنی زاتێکی دانای زانای بەدەسەڵاتە، بەدەر لە هانابردن بۆ ئایین، تەنها لە ڕێگەی بەڵگە ئاوەزییەکانەوە و بەدوور لە فوڕمە ئايینیيەکە.

سەرباری ئەمەش نووسەر؛ هەوڵیداوە ڕەخنەگرتن لە پەرتووکە ئاسمانیيەکان وەك بنەمایەك بۆ نەبوونی خودا بەکاربهێنێت. سەرباری ئەوەش کۆمەڵە گومانێکی زۆر سادە باس دەکات لەسەر پەرتووکە ئاسمانییەکان کە هەرکەسێکی خاوەن هزر بیبینێت؛ بە هیچ جۆرێك پێی کێشەیەکی وەها نییە هەتاوەکوو بکرێتە پێش گریمانەیەك بۆ بە ئەنجام گەیشتنی نەبوونی خودا.

بیر لەوە بکەوە نووسەر بڕوای وەهایە لە سەرەتایپەرتووکی پیرۆزدا هەڵەیەکی مەزن هەیە، بەڵام هێشتا باوەڕداری مەسیحی ڕوو لە زیادبوونە! تەنانەت زۆربەی زانا سروشتیيەکان مەسیحین، ئایا بەڕاستی پێتوایەکەسیان سەرنجی ئەو هەڵە مەزنانەیان نەدابێت؟

بێگومان یەکێك لەو هەڵانەی کە باسکراوە ئەوە بووە؛ لە سفری پەیدابوون باسی ئەوە دەکات خودا بەهەشت و زەمینی یەکەم ڕۆژ ئافراندووە. بەڵام ئەوە هەڵەتێگەشتنە لە دەق. وشەی (havens) لە ئینگلیزیدا دوو واتای هەیە؛ یەکەمبەهەشتەکان، دووەمیان ئاسمانەکان. بۆیە ئەو هەوڵەی نووسەر کە دەیەوێت  بڵێت بەپێى ئەو دەقە؛ زەوی پێش ئاسمانە، هیچ گەرەنتیەك نییە! چونکە دەقەکە هەردوو واتاکە هەڵدەگرێت. ئەگەر خوێنەر بۆ ئەو سیاقە بگەڕێتەوە کە دەقەکەی تيادا هاتووە؛ تێدەگات زیاتر مەبەست لێی ئاسمانەکانە. هەر ئایەتی پاش ئەوەش کە باس لەوە دەکات زەوی سەرەتا شێوەی نەبوو بۆ هەمان مەبەست کەمەندکێشمان دەکات.

پاشان نووسەر دێتە سەر باسی قورئان؛  باس لەوە دەکاتكه گوایە  ئەوەی قورئان باسی زەوی تەخت دەکات و باس لەوە دەکات کە خۆر لە  گۆمێکی  قوڕدا ئاوا دەبێت! دووبارە ئێمەش دەڵێن هەر هەڵەتێگەشتن و سادە خوێندنەوەی دەقەکانە. ئەمەش کاتێك خودای مەزن  دەفەرمووێت: ئەی سەیر ناکەن چۆن زەوی ڕاخراوە، واتای ئەوە نییە زەوی لەڕاستیشدا ڕاخراوە! بەڵکوو ڕاخستنەکە تەنها بۆ ئێمەیە. ئەگەر زەوی مەزنتر بێت لە ئێمە ئاساییە لە پارچەی تەخت پێكبێت. هەروەها سەیر دەکەین خودای مەزن لە شوێنێکی دیکە  دەفەرمووێت: ئەی سەیر ناکەن وشتر چۆن دروستکراوە؟ کەواتە ئەو کارەی خودا کردوویەتی لەگەڵ ئەوەی دەیبینین جودا کراوەتەوە، دەنا داوای ئەوە ناکات سەیری بکەین، چونکە ئەگەر خودا مەبەستی تەنها سەیرکردن بووایە؛ چی پێویستی دەکرد پێیان بفەرمووێت:سەیری بکەن لەکاتێکدا ڕۆژانە بینیویانە! بۆیە ڕوون دیارە مەبەستی ئایەتەکە ئاشکراکردنی شتێکی جودایە لەوەی دەبیندرێت و لەبەردەستدایە. بە هەمان شێوەش بۆ زەویيەکە ڕاستە! ئەوەی لەبەردەستمانە ئەوەنییە کە خودا کردوویەتی، بۆیە ئاساییە زەوی تەخت نەبێت وەکوو ئەوەی دەیبینین و بەشێك بێت لەو هەڵانەی بەهۆی هەستەکانمانەوە دووچارمان دەبێتەوە. پاشان لە لام سەیرە کەسانێك  ماون باسی چاڵە قوڕەکەی (سورەتی الکهف) دەکەن و کەچی هەر کەمێك ڕانامێن هەتاوەکوو بزانن ئایەتەکە لە سیاقەکەیدا چیمان پێ دەڵێت؟ لەکاتێکدا  ئایەتەکە بە ڕوونی باس لە بینینی زولقەڕنەین دەکات؛پەیوەندی بە کەتوارەوە نییە!

بۆیە پێم وەها نییە ئەو بابەتانە هیچی بەڵگە بێت بۆ ناڕاستی ئايینێك؛ چ جای وەك بەڵگە بن بۆ نەبوونی خودایەك، ئاخۆ ئێوەی ناخوداباوەڕ  کە گومانێکی گەلێك سادە دەکەنە سەر بەڵگەکانی بوونی خودا و بە ئێمەش دەڵێن بەڵگەکانتان بەتەواوی بێسوودن! ئەی بۆ ئەو مافه بە خۆتان نادەن؛لەکاتێکدا گومانەکانتان هیچی هەڕەشە نین و هەڵەخویندنەوەی دەقن؟

هەروەها بیرمان نەچێت بەلاڕێدابردنی نووسەر بۆ خوێنەر لەژێر ناونیشانی “بۆچی خودا بوونی نییە؟” و هێرشکردنە سەر ئایین خودی خۆی هەڵەیەکی ژیربێژییە، بە هەڵەیسوورەماسی ناودەبرێت. لەم هەڵە ژیربێژییەدا؛ نووسەر یاخود قسەکەر دەیەوێت سەرنجت بۆ شتێك ڕابکێشێت کە پەیوەندی بە باسەکەتان نییە، ئەمەش گوتەکەی ناپەیوەندیدار دەکات و پێمان دەڵێت ئەو کەسە سۆفستائیانە بیر دەکاتەوەهەتاوەکوو خۆی دەرباز بکات.

ئایە بەڵگە هەیە بۆ نەبوونی خودا؟

ئایا کەسێکی ناخوداباوەڕ بەڵگەی هەیە؟ ئایا بەڵگە هەیە کە ئەو گەردوونە ئافرێنەرێکی نییە؟ ئایا بەڵگە هەیە کە خودا بوونی نییە؟

لێرەدا دەبێت وریابین وشەی خودا بەواتای خودایەکی تایبەت نایەت؛ یاخود تەنها مەبەست لێی خودای  ئایینەکان بێت، مەبەست لێی چەمکی خودای زاتە بە سێ سیفاتە سەرەکیەکە: تەواو باش، تەواو زانا، تەواو دەسەڵاتدار.

کەواتە پێویست ناکات بکەوینە ناو هەڵەی دیکەوە زانیمان مەبەستمان لە خودا چییە. ئایا ئێستا بەڵگە هەیە بوونێکی وەها ڕێی تێناچێت؟ بێگومان نەخێر. ئەی ئەوان بانگەشەی بێباوەڕیان لەسەر چی بنیاتناوە؟

بێگومان بێئایین ناتوانێت بانگەشە بۆ بەرنامەکەی بکات، هەتاوەکوو فەیلەسووفی مەزن (بیرتراند رسل) دەیگوت:”من لەگەڵ کەسێکی نەزاندا بێخودام، لەگەڵ کەسێکی ڕۆشنبیریش نازانمگەرا. بەڵام سەیرم لەوە دێتنووسەری گوتارەکە  بە بیرۆکەی نەبوونی بەڵگە بۆ نەبوونی خودا دەڵێت پوچگەرایی؛ لەکاتێکدا پوچگەراییه ئەگەر بە واتا بوونییەکەی بێت، هەر هەڵەیە: بەواتا ماریفەناسییەکەشی بێت هەر بە هەمان شێوە.

هەربۆیە لێرەدا کەوتووەتە هەڵەوە کە دەڵێت پوچگەراییە،بەڵکوو ئەو دەیەوێت بڵێت؛ ئەگەر وەها بێت؛ دەبێت باوەڕ بە گشت شتێك بکەین! چەند نموونەیەکیش دەهێنێتەوە کە هەندێکی ژیربێژی نییە، بۆ نموونە دڕندە سپاگێتیيەکە بکاتە خودا، دڕندەیەکی سپاگێتی ماددەیە، چۆن ماددە ئافرێنەری ماددەیە؟ خۆ ئەگەر دەڵێین ئافرێنەرییەتی؛مەبەستمان ئەوەیە لە نەبوونەوە هێناویەتی. چۆن ماددە هەبووە؛ بەڵام ماددەی هێناوەتە بوون و پێشی دەڵێت خودا؟ بێگومان ئەوە دژیەکە!

خۆ ئەگەر بڵێن:ماددە نییە ئەو سپاگێتیە، کەواتە تۆ تەنها ناوی خودات گۆڕی بۆ سپاگێتی، ئەمە دەمارگیری نەبێت دەبێت چ ناوێکی لێ بندرێت؟

خۆ نموونەکانی دیکەی وەکوو شەیتانەکەی (کارل ساگان) و قۆريیەکەی (بیرتراند رەسل) تەواوی ژیربێژی نەبوونەکەیان بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە. ئەمە تەنها ئەوە دەسەلمێنێت شتانێك هەن کە باوەڕیان پێ ناکەین و ئەگەریان هەیە بوونی هەبێت.

بەدڵنیاییەوە من باوەڕ بە قۆريیەکەی (ڕاسل) و شەیتانەکەی (کارل ساگان) ناکەم، خۆ ئەگەر بوونیان هەبێت؛ ئەوە شتانێکی ناوازەن. بەڵام چ بوونی لەوە دەکەم قۆریيەك هەبێت یاخود نەبێت؟ لە کاتێکدا بوونی زاتی خودا پەیوەندی بە چارەنووسمەوە هەیە. ئایا ئەوەی دەیکەم زاتێك ئاگادارە؟ ئایا چاکەکانم چی لێ دێت؟

گشت ئەمانە بە قۆریيەك ناچوێندرێت، بێگومان کەسمان نامانەوێت ئازار بچێژین، بۆیە ئەگەر لەودیوی گێتی؛ خودا لەبەردەمماندا فەرمووی: ئەی بەڵگەت چی بوو من بوونم نەبوو؟  هەروەها دابنیشین بەبێ وەڵام و چاوەڕێ بکەین بەزەیی پێماندا بێتەوە؟

بە بۆچوونی من؛ ئەوەی ڕوونە ناخوداباوەڕەکان هیچ بەڵگەیەکیان پێ نییە دژی خودا، بۆئەوەی خۆیان لەم گێژاوی نەبوونی بەڵگەیە ڕزگار بکەن! دەڵێن سەلماندن لەسەر کەسێکە کە بانگەشەی بوونی شتێك دەکات، بەڵام نازانم زاتێك بەدرێژايی ئەو مێژووەی پێى ئاشناین لەگەڵمانە، بەشێکە لە کولتوور و ژیانمان و کاریگەرییەکی مەزنیلەسەرمان هەیە، باسکردن لە بوونی؛ بانگەشە و سەلماندنی دەوێت، یاخود بانگەشە کردن بۆ نەبوونی؟ بەڵام سەرباری ئەوەی بڕوامان وەهایە کە بێخودایی بەڵگەی نییە، بەڵام لەکۆتايی گوتارەکەدا ئاڵنگارییەکەیان وەردەگرین و هەوڵدەدەین ئاماژە بە کۆمەڵێك بەڵگە بدەین. لە قازانجی کەسیشمان نییە، پاش ئەوەی کۆمەڵێك بەڵگەم زانی لەسەر بوونی خودا؛ دانی پێدا نەنێین!

لە نووسراوی ئەو هاوڕێیەدا  خوێندمەوە کە وەهاى دادەنێن ئەوان بانگەشەی نەبوونی خودا ناکەن. تەنها باوەڕیان وەهانییە خودا بوونی هەبێت. ئەمەش جۆرێکە لە وشەسازی، وەلێ واتاکەیان هەمان واتایە.

جۆرێکە لە هەڵاتن لە بەڵگە هێنانەوە، چونکە کە من دەڵێم: “بەڵگەت چییە؟ تۆ بڵێيت: “من بانگەشە ناکەم هەتاوەکوو بەڵگە بهێنم.” ئەو دەمە تۆ دوو شت بە من دەبێژیت: یاخود ئەوەتا تۆ جیهانبینیت نییە؛ یان ئەوەتا تۆ نازانمگەرایت و نازانیت خودا بوونی هەیە یاخود نا!” کە شتێکیش نەزانی بڕیاری لێ نادەیت و گرنگیش بێتلامان کە بڕیاردان و زانین “دڵنیایی پێویست نییە”،هەروەکوو لە فەلسەفەی ماریفەناسیدا زاندراوە تەنها خودی خۆت دڵنیاییت، خۆ ئەگەر وەها بێت بانگەشەی ١+١=٢ بانگەشەیەکی نادڵنیاییە و ناتوانیت فێری کەسی بکەیت.

زانایان چارەی ئەوەیان بەوە کردووە کە پێویستت بەدڵنیاییەکی سەد لە سەد نییە؛ تەنها زانینت بەسە کە ڕێژەکەی لە ٦٠ بۆ ٩٩ـیە، هەتاوەکوو بڕیار بدەیت، ئیدی خۆ تۆ گوتت من چ بەڵگەم لە بندەست نییە؛ کەوایە چۆن بوونی خودا ڕەتکرایەوە؟

پاشان بانگەشەی “بەڵگەم نییە؛ بەڵام باوەڕم نییەبانگەشەیەکی ناتەندروستە. هەر گریمانەیەك کە دەیکەیت، لەوانەیە کۆمەڵێك باوەڕدار بن؛ دەبێت بەڵگەیەکی بۆ سازبدەیت، دەنا خۆ ئاوەز لە کار دەکەوێت لە گریمانەدانان،هەر خودی میتۆدی زانستی لەبەر تەندروستیيەکەی ڕێگە بە هەندێك گریمانە نادات. لەوانەیە تۆ بچیتە تاقیگە، بتەوێتکەوتنەخوارەوەی تەنێك بپێویت؛ لەوبارەدا کۆمەڵێك گریمانە بەهۆی داتاکانی دەستتەوە فەرامۆش دەکەیت، لەوانە؛ فڕینی تۆپەکە لە جێی کەوتنەخوارەوەی.

بەمەش دەگەینە وێستگەی کۆتایی، کە بەڵێ بانگەشەکردن بۆ نەبوونی خودا  بەڵگەی دەوێت، تەنانەت ئەویش لە باوەڕدەرنەچووە؛ بەتایبەت پاش خستنەڕووی  بەڵگەکانمان بۆ بوونی خودا، چونکە وەك ڕوونە نەبوونی زانیاری بە شتێك؛واتای ئەوە نییە شتەکە بوونی نییە، بۆ نموونە کاتێك من نەزانم ئاژەڵی (ا) لە ئەمەزۆن هەیە و شێوەی لە فیل دەکات، واتای ڕەتکردنەوەی شتەکە ناکات لەو دارستانە، بە هەمان شێوە نەزانینی ئەوان لەهەمبەر زاتی خودا و ئاشنانەبوون بە بەڵگەکانی بوونی؛ ڕەتکردنەوەی خودا و بەڵگەکانی بوونی ناکات.

بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی له لامان ڕوونە؛  بێخوداکان ناتوانن بەڵگەیەکی دڵنیاکەرەوه بۆ بانگەشەکەیان بهێنن و هەر خودی بەڵگە لە دەرەوەی باوەڕەوە شتێكی قسەهەڵگرە. لەبەرئەوەی مێشکمان پەرەسەندوویەکی بێئامانجە بە بڕوای ئەوان، بۆیە کاتێك بەڵگە داوا دەکەین؛ وەکوو ئەوە وەهایە مێشهەنگێك داوای شیلەی گوڵ بکات بۆ باوەڕهێنان؛ بەوەی شیلەی گوڵ هەیە، یاخود چامپانزيیەك داوای مۆز بکات بۆ باوەڕ. ئایا کاتێك ئێمەش بەرهەمی پەرەسەندنین؛ بەڵگەش وەکوو ئەو مۆز و شیلەیە بۆ ئێمەش؟ بێنرخە لەڕاستیدا. گشت ئەوە بۆ ئەوە خۆشبێت کە ئێمە ناتوانین لە سایەیناخوداباوەڕییەوە بتوانین ڕاستییەك ببینین، پەرەسەندوویەکی بیئامانج، دەی خۆ سروشت گوێ نادات بەوەی کە من ڕاستی دەبینم یاخود نا؟ تەنها منم دەمەوێتبمێنمەوە، دەکرێت بە بیروباوەڕی هەڵە بمێنمەوە. بەڵگە یەکێکە لەو بیروباوەڕانە، بۆیە بەڵگە بێسوودە لە سایەی ناخوداباوەڕیدا، چونکە بەڵگە؛ کاری بەشێك نییە لە سروشتی پەیوەست بە مانەوەی من، لەکاتێکدا ئەمەگرنگترین خاڵی پەرەسەندنە.

خۆ گەر یەکێك بیەوێت بەڵگە بۆ بەڵگە بهێنێتەوە، بنەماکانی بەڵگە بەکاردەهێنێت، کە بنەماکانی بەڵگەی بەکارهێنا، هەتاوەکوو بەڵگە بسەلمێنێت، ئەمەخولگە بەڵگەیە و هەڵەیەکی ژیربێژییە. ئەگەر بیەوێت لە بەڵگە دەربچێت؛ ئەوا بە شتێکی ديكه بەڵگە بسەلمێنێت؛ کەواتە ئەو بناغەی ڕووخاند کە زانین بەڵگەی دەوێت. بۆیە داروینیزم خۆش بێت؛ ئێمە ناتوانین بزانین. هەر بۆیە نەك ناخوداباوەڕی  بەڵگەی ناوێت؛ بەڵکوو هەر بەڵگە سفر دەکاتەوە. بۆیە (سامی عامری) دەڵێت: “ئاژەڵ بوونی مرۆڤی هەڕەمەکییانەى پەرەسەندوو؛ ڕێگری دەکات لە بەئاوەزبوونی پڕۆسەی بیر کردنەوە.”

لەمەشەوە دەگەین بەو ڕاستییەی کە تەنها بوونیادی ئایینەکان گرنگی بە بەڵگە دەدەن، خۆ لام سەیر نابێت ناخوداباوەڕی وەها پەیدا بێت؛ گاڵتە بە هزری بەڵگە بکات لە داهاتوودا، چونکە هەر خودا دەزانێت سبەی ئەوان لەسەر چ ڕێبازێك ڕێ دەکەن.

کورت و پوخت: بەڵگەکانی بوونی خودا لە دیدگای باوەڕدارەکانەوە.

چەندین بەڵگەی مۆدێرن هەن بۆ بوونی خودا؛ ئێمە هەوڵدەدەین بەکورتی ئاماژە بە هەندێکیان بکەین:

1. بەڵگەی ڕەوشتیئایا دەتوانیت بە ڕەوشت بیت بەبێ خودا؟”

لەوەیە پێکەنینت بێت! هاوڕێ بێئایینە نەرمونیانەکەت بیربکەوێتەوە و بڵێیت:”چۆن دەبێت؛ ئەوەتا ئەو باوەڕی بەخودا نییە و کەسیکی بەڕەوشتە، بەڵام بێئەوەی هەستبکەیت هەڵە تێگەیشتی، من نەمگوت بەبێ “باوەڕبوون” بە خودا دەتوانی بەڕەوشت بیت؟ گوتمان: ئایا بەبێ خودا دەتوانیت بەڕەوشت بیت؟

بەڵگەکەمان بەم شێوەیە دادەڕێژین:

1. ئەگەر خودا بوونی نەبێت، پێوانەیەکمان بۆ بەهاڕەوشتییە بابەتیيەکان نابێت.
2. بەڵام پێوانە ڕەوشتی بابەتی هەیە.

کەواتە دەبێت خودایەك بوونی هەبێت.

ڕەنگە کەسێك بڵێت ڕەوشتی بابەتیانە چییە؟ بڕوام وەهایە کەسێك بە جوانی توانیبێتی ئەم بابەتە بناسێنێت (ویلیام ڕیتچی سورلی)ـە، لە پەرتوکەکەیدا بەناوی (بەها ڕەوشتییەکان و بیرۆکەی خودا) کە دەڵێت:“ئەو دەمەی کە دڵنیادەبمەوە کە کارێك باشە یاخود خراپە، واتای ئەوە نییە من چێژ یاخود ئازار دەبینم لە مامەڵەکردن بە دەرئەنجامی دڵنیایيەکەمەوە، یاخود هەست بە سەرسووڕمان یان ڕقلێبوونەوە  لەهەمبەری بکەم. ڕەنگە هەستەکە هەبێت، بەڵام ئەوەی له لام ڕوونە؛ بڕیاردان لەسەر باشی و خراپی شتەکان هیچ پشت بە هەڵبژاردنی ئاوەزی ئێمە نابەستێت!بەڵکوو پەیوەسته بەو بەها بابەتيیەوە کە لەوبوارەدا هەیه،ئەوە چی وابەستەبوونێك لەو بابەتی بوونە دەهێنێتە گۆڕێ؟ زۆر بە ڕاشکاوی لە سۆنگەی بابەتی بوونی بابەتەکەوە، بڕیاردان لەسەر شتەکه دەبێتە بابەتێکی سەربەخۆ. بۆیە ئەگەر من گوتم:ئەو شتە چاکە، واتای ئەوە نییه تەنها بۆمن چاکە، بەڵکوو ئەوە  بۆ گشت کەسێك چاکە. خۆ ئەگەرگوتم: ئەمە شتێکی چاکە، لەولاوە کەسێك هات گوتی:نەخێر چاك نییە، بەبێ سێ و دوو دەبێت یەکێك لەو دووانەمان هەڵە بین. هۆکارەکەی ئەوەیە ڕاستی بڕیارێکی ڕەوشتی پەیوەست نییە بەوکەسەوە کە قسەکە دەکات، بەڵکوو بابەتێکی دەرەوەی گوتەی خەڵکە و لەسەر ئەوەش ڕانەوەستاوە کە ئێمە دانی پێدا دەنێین یاخود نا.

ڕەنگە کەسێك بێت و بڵێت بابەتی ڕەوشت بابەتێکی ڕێژەییە؛نەك بەوشێوەیەی باسی لێ دەکەن!

لە وەڵامدا پرسیارکەر ڕووبەڕووی پرسیارێکی جددی دەکەینەوە، بۆچی دەبێت تانە بدەین لە کەسانی بیروباوەڕ توندی وەك (نازيیەکان) ئەگەر ڕەوشت شتێکی ڕێژەییە؟ دیدگای نازیيەك ڕێگەی پێ دەدات کە کۆمەڵکوژی (یەهوودییەکان) بکات و دیدگای پیاوکوژێکیش ڕێگەیدەدات کەسانی بێتاوان بکوژێت لەپێناو دەستکەوتنی بڕێكپارە. کاتێك پێمانوایە ڕەوشت ڕێژەییە و کۆمەڵە بنەما و بەهایەکی جێگیر نییە، چۆن ڕاڤەی ئەمانە دەکەیت؟ چونکە ئەگەر ڕەوشت ڕێژەیی بێت بەپێی ویست و ئارەزوو و پاڵنەرە بیروباوەڕییەکان بگۆڕێت، چۆن کارێکی ڕەوشتی و ناڕەوشتی لە یەکدی جودا دەکەینەوە؟

ئێمە بە هەستە ناوەکیيەکانمانەوە باش دەزانین بناغەیەکی ئەنتۆلۆژی هەیە بۆ ئەو ڕەوشتانەی کە ئێمە پەیڕەوی دەکەین،بۆیە ئەو بەهایە لە زاتی خودادا نەبێت؛ ئەی چی دیکەیە؟

لێرەدا جوداکاری لە نێوان ماریفەناسيی و ئەنتۆلۆجی ڕەوشت دەکەین، لەبەرئەوەی دەتوانرێت بزانرێت، هەر لەوێوە دەگەینە ئەنتۆلۆجیيەکەی کە بوونی خودایە.

بۆیە ئەوەی ڕوونە؛ کەسانی ناخوداباوەڕی لە ڕاڤەیئەنتۆلۆژی ڕەوشت تێناگەن. ئەو بە شوێن وەڵامی پرسیاری “بۆچی ڕەوشتیانە مامەڵە دەکەین؟” دەگەڕێت، لەکاتێکدا  جەوهەری پرسەکە ئەوەیە:بۆچی دەبێت ڕەوشتیيانە مامەڵە بکەین؟ کرۆکی پرسەکە ئەوەیە دەبێت چۆن بین؛نەک چۆنین.

هەر ئەم ڕاستییەیە وەهای لە یەکێك لە ڕابەرانی ناخوداباوەڕی وەکوو۰ ل ۰ ماکی) كردووه کە بڵێت:وەرگرتنی بابەتی بوونی ڕەوشتی، زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی کە وەها دابنێین لەلایەن خوداوە هاتووە.

2. بەڵگەی کەلامی گەردوونی:

زۆرجار کە لە شەوێکی زستاندا لە شانشینەکەی ماڵەوە دادەنیشتم و لە ئاسمانم دەڕوانی و هەستم بە سەرسامبوونێکی لە ڕادەبەدەر دەکرد لە بەردەم بووندا؛ نەك لەبەر جوانی و سیستەمەکەی! بەڵکوو لە مێشکمدا بیرم لەم پرسیارە دەکردەوە: “بۆچی شت هەیە لەبری ئەوەی نەبێت؟ بۆچی هەبوون هەیە؟

هەر لەم پرسیارانە بوو کەلامییەکان و فەیلەسووفە ئاییندارەکانی بەرەو ئاڕاستەی  داڕشتنی بەڵگەیەك بۆ بوونی خودا برد، بەڵگەکەش بەم شێوەیه:

1. هەرشتێك دەستبکات بە دروستبوون؛ هۆکارێکی هەیە.
2. گەردوون دەستیکردووە بە دروستبوون.

ـــــــــــــــــ

کەواتە هۆکارێکی هەیە!

گەردوون بوونێکی بێسەرەتایی نییە و لە خاڵێکەوە دەستی بە دروستکردن کردووە و سەردەمانێك نەبووە، کەواتە بوون  “قابیلە بۆ نەبوون و بوون”  کەواتە هۆکارەکەی لە دەرەوەی شوێن و کات کە بوونی پێویستە هۆکاری بوونی ئەم گەردوونەیە. هەر ئەم باسەیه وەهای لە فەیلەسووفی بەڕیتانی  (کیث وارد) کردووە كه بڵێت: “گەردوون خۆی توانای ڕاڤەکردنی خۆی نییە، بەڵکوو پێویستی بە ڕاڤەی دەرەکییە.”

بەڵگە گەردوونیيەکان پێمان دەڵێن کەمبوونی وزە لە گەردووندا ئاماژەیە بۆ بوونی سەرەتایەك، ئەمەش ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بەڵێ سەرەتایەك ئەگەری بوونی زۆرە. کەواتە ئەم بەڵگەیە سەرکەوتووە، چونکە بوونی هەرشتێکی ماددی؛ داخوازی هەبوونی هۆکارێکە بۆ هەبوون کە لە دەرەوەی خۆی بێت. چونکە گەردوون یاخود ماددە خۆی دەستپێکێکی هەیە و مومکین بوو ئەو دەستپێکەشی هەبێت و مومکین بوو نەیبێت. ئەوەشی ئاشکرایە گریمانەی نەبوونی زاڵترە بەسەر بووندا، چونکە وەك (سێر مارتن ڕیز) لە پەرتووکەکەیدا (تەنها شەش ژمارە) دەڵێت: “بچووکترین گوڕانکاری لەو بەها جێگیرانەی کە گەردوونیان لەسەر بنیاتنراوە، گەردوون بەم شێوەیەی ئێستا دەبووە شتێکی مەحاڵ”. کەواتە پێویستی بە هۆکارێکی دەرەکی هەیە کە بێنێتە بوون ئەو هۆکارەش (خودا)ـیە؛ وەك باوکی فەلەکناسی نوێ (ئالان سانداج) دەڵێت: من وەهای دەبینمکە بەهیچ شێوەیەك ناکرێت سیستەمی گەردوون بەشێوەیەکی خۆکرد لە ناڕێکيیەوە پەیدابووبێت. پێویستی بە ڕێخەرێك هەیە، ئەگەر خودا لای من ناڕوون بێت: بەڵام لەلام تاکە لێکدانەوەیە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی نەبوون کۆتای  هات و بوون دەرکەوت؟

بەڵگەی بوون (ئەنتۆلۆژی):

خودا زاتێکی تەواو و کامڵە، کە پێویستە بوونی تەواو باش؛تەواو زانا؛ تەواو بە توانایە. ئەو زاتە هیچ دژیەکێك لە بوونیدا نییە، کەواتە ئەگەر بوونی ئەو خودایە بە گریمانەیی لە چەند گێتییەکی گریمانەیی هەبێت، کەواتە دەکرێت لە گشت گێتییەگریمانەییەکان هەبێت، کە لە گشت گێتییە گریمانەییەکان هەبوو، کەواتە خودا بوونی هەیە.

لێرە تەنها ئەگەری بوونی خودا کار دەکات، کە وەها دەکات بڵێین ئایا ئەگەر شتێکی پێویست نەگۆڕ ئەگەری بوونی هەبێت لە گێتییەکی گریمانەیی واتای ئەوەیە لە گشت گێتییەکاندا بوونی هەیە؛ چونکە بوونەکە ناگۆڕێت، تەنها بارەکەی دەگۆڕێت لە گێتییەكەوە بۆ گێتییەك. گەر لە گشتیشی بوونی هەبێت، لەڕاستیشدا بوونی هەیە.

بەڵگەی بەهاگەرایی:

٢٨ بەها گەردوونییە نەگۆڕەکان کە هەن؛ بوونیان  یان پێویستن یان دەرفەتن، یان دیزایين کراون. هیچ کەس ناتوانێت بانگەشەی دەرفەت یان پێویست بوونیان بکات؛کەواتە دیزایين کراون.

نموونەیەکیش بۆ ئەم بەهایە؛ دەکرێت نموونەکەی زانایفیزیایی بەناوبانگ (پۆل دێڤیز) بێت کە  تێبینی ئەوەی کردووە ڕێژەی ئەو هێزە موگناتیزیيەی ئەلیکترۆنەکانی گەردیلە لە تەوقی ناوك دەپارێزێت، لەگەڵ هێزی کێشکردندا کە بەش و گەردیلە و تەنەکان بۆ لای یەکدى ڕادەکێشێت؛ڕێژەیەکی هەستیارە، چونکە ئەگەر ئەم ڕێژەیە بەڕێژەی ۱٭ ۱۰ـ٤۰ زیاد بکات؛ ئەوا بەس ئەستێرە بچووکەکان بوونیان دەبوو، ئەگەر بە هەمان ڕێژەش کەم بکات؛ ئەوا تەنها ئەستێرە مەزنەکان بوونیان دەبوو. لەکاتێکدا بوونی هەردوو قەبارە لە ئەستێرە بۆ بوونی ژیان پێویستە.

ئەگەر دەشڵێن فرەگەردوونی هەیە؛ کەواتە دەرفەتە،فرەگەردوونی هەر بەو ٢٨ بەها جێگیرە یەکتۆز بگۆڕێت؛گەردوون دروست نابێت. بەتایبەت بەهای کۆسمۆلۆجی، کەواتە دەرفەت لەم بابەتەدا بەدەرە، وەك (ڕۆبن کۆلێنز) لە کاریگەری جێگیری بەهاکانی ئەم نەگۆڕە گەردوونيیانەی کوڵیوەتەوە و باسی لەوە کردووە؛ ئەگەری پەیدابوونی ژیان بەڕێکەوت بریتییە لە ۱٭ ۱۰ بەتوانی کەم 123 کە ئەم ژمارە ئەستەمە نووسین و وێناکردنی.

پاشان ئەگەر فرەگەردوونی هەبێت؛ چەن گەردوونی شێواو هەیە، ئەوەنەش دیزايینکراو هەیە لەبەرئەوەی ناکۆتا گەردوون هەیە، کەواتە هەر لە پرسیارەکە دەربازمان نەبوو،بەڵکوو بووە هۆی ئەوەی ناکۆتا کێشەت بۆ دروست بێت.

بەڵگەی دیزايین:

کاتێك ڕۆژێکی بەهار، لەگەڵ خێزانەکەتدا دەچیتە دەرەوە بۆئەوەی چاوت تێر بکەیت لە دیتنی دیمەنەکانی سروشت وچاو لە هەرکوێیەوە دەڕوانیت، ئاڵۆزيی و بەرپرسیارێتی ئەم گێتییە زیندەوەرزانییە هەست پێ دەکەیت. هەر ئەم هەستە ناوەکیيە کە وەهای کردبێت ئەم بەڵگەیە ببێتە مەزنترین بەڵگەی هەبوونی خوایەك بە درێژای مێژوويی زاندراوی مرۆڤایەتی.

تەنانەت ناخوداباوەڕیش گرنگییەکی ئێجگار بەم بەڵگەیە دەدەن بە گومان خستنەسەری یان ڕەخنە لێگرتنی. ئەمەش ڕوونکەرەوەی ئەوەیە، بەڵگەکە چەند پتەوە و هاوکۆکە لەگەڵ بەڵگە نەویستیيە ئاوەزییەکانی مرۆڤدا، وەك (ڕاسل) دەڵێت:ئەم بەڵگەیە لەسەر ئەوە دامەزراوە تێبگەین کە ناکرێت ئەم بوونە ماددییە؛ بگەڕێندرێتەوە بۆ دەستی دەسەڵاتی سروشتێکی کوێر.”

دەکرێت شێوازی بەڵگەکە بەم شێوەیە دابڕێژینەوە:

۱. ئەو سیستەمه ڕێکوپێکەی هەیە، ناکرێت بەرهەمی هەڕەمەکيیەت بێت.

۲. زیندەوەران و ئەو گێتیيەی تیايدان، هەڵگری سیستەمێکی زۆر ورد و هەستیارە.

۳. گێتی زیندەوەران، هەڕەمەکی و شپرزە نییە.

کەواتە، گێتی زیندەوەران شوێنەواری سیستەم  و نەزمە.

ئا ئەمەیە کە (سوکرات) بۆمان باس دەکات و دەڵێت:هەرشتێك بۆ بەکارهێنان بشێت، ئەوە شوێنەواری زیرەکییە.

بۆیە پاش ئەوەی بەڵگەی نەزم بەگشتی و لە گێتی زیندەوەرزانیدا؛ بەتایبەتی پاش هاتنی (داروین) پشگوێخرا، هەتاوەکوو کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و دەرکەوتنی بەرگریکاران لە “دیزايینی زیرەكو پێناسەی فەرمیشیان بۆ دیزايینی زیرەك ئەوەیە: “هۆیەکی زیرەكباشترین ڕاڤەیە بۆ دەرکەوتنی ئەم گەردوونە، نەك کردارێکی بێئاراستە.

ئا ئەمەیە بەبڕوای من لەگەڵ کرۆکی قورئانیشدا هاوتەریبە،وەك خودای زانا  دەربارەی بەجوانی ئافراندنی گەردوون دەفەرمووێت:{الذي أحسن كل شيء خلقة(7)} السجدة

فەرهەنگۆك:

ئافراندن: بەدیهێنان

ئافرێنەر: بەدیهێنەر

ئایین: ئۆل، دین

ئاوەز: عقل

ئارەزوو: حەز

ئاڵنگار: تحدى

بوون: وجود

بیروباوەڕ: ئایدۆلۆژیا

بێئایین: بێدین، لادین

پێشەوا: امام

پەرتووك: کتێب

پەرتووکی پیرۆز: پەرتووکی پیرۆزی مەسیحییەکانە لە دوو بەش پێکدێت، بەشی یەکەمی پەیمانی دێرینە، ئەویش پێکهاتووە لە تەورات و نووسراوی پەیامبەرە پێشینەکان و پەرتووکەکانی دیکەی وێژەیی ئایینیی یەهودی کە بە عیبری پێیان دەگوترێت “تەورا، نەبییم، کەتوبییم.” بەشی دووهەمیشی پەیمانی نوێیە، ئەویش هەرچوار ئینجیلی “مەتتا و مەرقۆس و لۆقا و یوحەننا”ـن لەگەڵ نامەکانی پۆڵس و پەتڕۆس و یاقوب و یوحەننا و بینینەکەی یوحەننا. لەڕووی تایبەتمەندیشەوە پەیمانی دێرین سیفاتی تەشریعی و یاسایی تێدایە و پەیمانی نوێش بەرەو پەروەردەی ڕۆحی هەنگاو دەنێت.

پەرەسەندن: ئیڤۆڵەیشن

تەوق: دەور، گەمارۆ

دەم: کات

دهۆ: فێڵ

دێرین: کۆن

زیندەوەرزانی: بایۆلۆژی

ژیربێژی: لۆژیك

ڕاڤە: تفسیر

ڕەوشت: اخلاق

سفر: بەشەکانی پەرتووکی پیرۆز

فرە: گەلێك

کەتوار: واقع

کۆمەڵکوژی: جینۆساید

گێتی: جیهان، دنیا

گومڕایی: ضلالة

گشت: هەموو

گەلێك: زۆر

لەهەمبەر: سەبارەت

مەزن: گەورە

ناخوداباوەڕ: ملحد، ئەیسیێست

نوێ: تازە

نازانمگەرا: ئەگنۆستیك

هزر: فکر

وەلێ: بەڵام

سەرچاوەکان

أ. سەرچاوە ئینگلیزییەکان:

١. Knowledge of God by Alvin Plantinga

۲ـ Is There a God?  by Richard Swinburne

۳ـ The Design Argument  by Elliott Sober

٤ـ The Kalam Cosmological Argument

By William L. Craig  

۵ـ . A Debate on God and Morality: What is the Best Account of Objective Moral

By William Lane Craig، Erik J. Wielenberg

٦ـ . mark linville `the moral argument´ in the blakwell companion Good God: The Theistic Foundations of Morality

by David Baggett and Jerry L. Walls

ب. سەرچاوە عەرەبییەکان:

٤. مستعدون للمجاوبة ـ وليم لين كريج

٥. الصنع المتقن – دلالات الفيزياء علي وجود الخالق ـ مصطفي نصر قديح

٦. قصة الإيمان بين الفلسفة والعلم والقرآن  ـ شیخ ندیم جسر

٧. كيف بدأ الخلق  ـ عمرو شريف

٨. ليطمئن عقلى – احمد خیری العمری

٩. وهم الإلحاد ـ عمرو شريف

١٠. برهان الإمكان والوجوب بين ابن سينا وصدر الدين الشيرازی ـ  عادل محمود بدر

ج. سەرچاوە کوردییەکان:

١١. عەقڵ و ئیمان ـ نووسینی: دکتۆر کاوە ئەحمەد

١٢. بەڵگەکانی بونی خودا ـ نووسینی: سامی عامری

١٣ حەقیقەتی ئیلاهی ـ نووسینی: هەمزە تزۆرتس.

 

– ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ژماره‌ (34)گۆڤاری خاڵ  بڵاوكراوه‌ته‌وه‌..

گۆڤاری خاڵ، گۆڤارێكی هزری ڕۆشنبیری وه‌رزییه‌، به‌سپۆنسه‌ری سه‌نته‌ری زه‌هاوی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكریی چاپ ده‌كرێت

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply