وتار

ئاینی موحەممەد، نەک ئاینی مارکس.. بۆچی نابێت پارەی تێچووی حەج و قوربانی ببەخشرێت؟

ئەنەس حەسەن

لەگەڵ گۆڕانی جیھان و ڕووکردنە بۆچوونە ماددییەکان، ھەمان بۆچوونی ماددیی دزەی کردووەتە ناو وتاری ئاینییشەوە، بەتایبەت بۆچوونی مارکسیزم، یان ئەوەی کە من ناوم ناوە “بەمارکسیکردنی ئاین” بەمانای ئەوەی پەرستش و پاککردنەوەی دەروون و کارە چاکەکارییەکان بە چەمکە مارکسییە کۆمەڵایەتییەکەیان پێوانە بکەین، نەک بەوشێوەیە لێی بڕوانین کە ئەمانە پەرستشن و ھەردوو “بەھای ڕۆحیی” تایبەت بە پەرستش و عیبادەتەکە و “بەھای ماددیی” جیابووەوە لێی، لەیەک کاتدا کۆکردووەتەوە و پێکەوە گرێی داون.
زۆرینەی پەرستشەکانی ئیسلام، وەک قوربانیکردن و زەکات و خێروخێرات و نانبەخشین، “ئەزموون”ێکن پێویستە کەسی پەرستشکار، واتە ئەو کەسەی ئەنجامی دەدات، خۆی تیایدا بژی، ئەم پەرستشانە “تەرازوویەکی بازرگانی” یان “ھەژمارێکی بانکی” یان دۆزێکی ئابووریی نیین کە پەیوەست بن بە “بەھای بازاڕ”ەوە، بەمانایەکی دیکە: تۆ وەک پەرستشکار داوات لێکراوە یەکەم جار خۆت لەگەڵ ئەو ئەزموونەدا بژیت و پێیھەستیت، لەبەرئەوەی تۆ یەکەم کەسی قسەلەگەڵکراویت بۆ ئەو عیبادەت و پەرستشە.
وتارگەرای “بەمارکسیکردنی ئاین” لەگەڵ وەرزی حەج و قوربانیکردندا، بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، دەڵێن: ئایا باشتر نییە لەجیاتی ئەوەی پارە لە حەج و قوربانیکردندا خەرج بکرێت، لەپرۆژەیەکی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردن و بەخشیندا خەرج بکرێت؟ ھەروەھا دەڵێن ئەم پارەخەرجکردنە بۆ حەج و قوربانیکردن بەفیڕۆدانی پارە و سامانە لەبەرانبەر زیادبوونی پێویستییە ماددییەکانی گەلان و تەشەنەکردنی برسێتیدا. جا ئەم قسانە، تێکەڵکردنێکی گەورەی تێدایە لەنێوان: ئەوەی ڕۆڵی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسییە، لەگەڵ ئەوەی کە دەستکەوتێکی تاکەکەسیی خەڵک و کەسەکانە، ھەروەھا گۆڕینی بەرپرسیارێتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی ھەژارییە لەسەر شانی دەسەڵات، واتە بەرپرسیارێتیی ھەژاربوونی خەڵک لەسەر شانی دەسەڵات لاببەیت و بیخەیتە ئەستۆی پەرستش و دروشمە ئاینییە ڕۆحییەکان کە پێویستوایە تاک خۆی لەگەڵ ئەو پەرستشانە بژی و ئەزموونیان بکات.
ئەسڵ و بنچینەی پەرستشەکان ئەو “دەق”ـەیە کە خاوەنی پەرستشەکان (کە پەروەردگارە) دایناوە، واتە مەبەستی ھەر پەرستش و عیبادەتێک، بەدیاریکراوی لە خۆیدایە، سەرەڕای ئەو سوودانەی کە لەو پەرستشەوە دەکەوێتەوە بۆ کەسانی دیکە، بەڵام ئەزموونکردنی پەرستش حیکمەت و دانایەتییەکی تێدایە کە پێویستە کەسەکە خۆی لەگەڵیدا بژی تا بەشداربێت لەچاککردن و ڕاستکردنەوە و بەھێزکردنەوەی خۆیدا لەڕووی ڕۆحییەوە، ئەمەش ھەرگیز بە پارە و باشبەکارھێنانی پارە، نایەتەدی.
بۆنمونە قوربانیکردن، کارێکە لەبەرئەوە کراوە بەعیبادەت و دانراوە تا کەسەکە خۆی قوربانییەکە بکات، خۆی خوێنی ئاژەڵەکە ببینێت و خۆی ئامادەی سەربڕینەکەی بێت، بەدەستی خۆی گۆشتەکەی بەسەر کەسوکار و دەرودراوسێدا ببەخشێتەوە، کە لە مانای خۆیدا ئەمە پەرستشێکی ھێمادارە لەسەر پەیڕەو و پڕۆگرامی قوربانیکردنەکەی ئیبراھیم بۆ ڕزگاریی گیانی ئیسماعیل و لەھەمانکاتدا پیادەکردنێکی کۆمەڵایەتییە کە پەیوەستە بە خودی خۆمانەوە، ئەوەتا کاتێک دەبینین پێغەمبەری خوا (سەلامی خوای لێبێت) داوای کرد لە لەگۆشتی قوربانییەکە ببەخشرێتەوە، (واتە کەسێکی دیکەش بیبەخشێتەوە ئاساییە) بەڵام کرداری قوربانیکردنەکە دەبێت بەشێوەیەکی تەواوەتی لەلایەن کەسی خاوەن قوربانییەکە ئەنجام بدرێت (و خۆی ئامادە بێت و حزووری ھەبێت).
دیقەت بە، ئەوەی کە ماڵومنداڵەکانت ئامادەی قوربانیکردن ببن و خوێنی ئاژەڵەکە ببینن و خۆشیی ئەو پەرستشە بەچاوی خۆیان ئەزموون بکەن، ئەوە خۆی مەبەستەکەیە، دووبارەکردنەوەی کارەکەی ئیبراھیم مەبەستەکەیە، بەڵام بیرۆکەی گۆڕینی بۆ پارە و بەخشینی پارەکە، یان ھەر لابردن و ئیلغاکردنەوەی بەوەی کە جەژن دوای جەژن بێت و بڕوات ماڵومنداڵەکەت قوربانییەک نەبینن بەپاساوی ئەوەی پارەکەیت کردووە بە خێر، ئەمە خۆی بۆ خۆی گۆڕینی مەبەستی سەرەکیی عیبادەتەکەیە. لەئایندا چەندین جۆری دیکەی عیبادەت ھەیە کە بە بەخشینی پارە دەکرێت، دەی بۆچی دێیت شانەخشێ دەکەیت لەفەرز و داواکراوێکی خواییدا دەڵێیت با مانای ئەم پەرستش و عیبادەتە بگۆڕین؟ ئەی نازانیت ئەگەر خوا بیویستایە ھەموو عیبادەت و پەرستشەکانمانی دەکرد بە پارەبەخشین و تەواو!!
ھەروەھا حەج، حەج ئەزموونێکی ڕۆحیی پڕاوپڕ و تەواوکارییە کە خوا لەسەر بەندەکانی خۆی فەرزی کردووە تا کەسەکە خۆی لەگەڵیدا بژی، ئەزموونێکە کە بەشدارییەکی کارای ڕۆحیی ھەیە لەژیانی خەڵکیدا، بەڵام تۆ بێیت “بەھای ڕۆحی”ی پەرستشی حەج ھەڵبوەشێنیتەوە و بیگۆڕیت بۆ کەیسێکی دارایی و بەس، کە گوایە پارەکەی ببێتە ھۆی گەشەپێدانی بوارەکانی دیکە، ئەمە خۆی بۆخۆی بە”عەلـمانیکردنی ئاین” و “بەمارکسیکردنیەتی”. (دیقەت بە) مرۆڤی خۆرئاوایی لەوانەیە ملیۆنان دۆلار بدات بۆئەوەی ئەزموونێکی ڕۆحیی لە ناوچە پەیپێنەبراوەکانی ئەفەریقادا بەسەربەرێت، تا خودی خۆی بدۆزێتەوە، ئەو خودەی کە شارستانێتیی پارە و پیشەسازیی لێی سەندووەتەوە و ونی کردووە، (بەڵام ئێمە بێین ئەم ئەزموونە ڕۆحییەی خۆمان بگۆڕین بۆ پارە)، لەبەرئەوە ئامانج لە پەرستش لەئاینەکاندا ھەر تەنھا “دەستگرۆییەکی کۆمەڵایەتی” نییە و بەس، بەڵکو ئامانج لێی چاککردن و ئیسڵاحی ڕۆحی مرۆڤە، ئەمەش شتێکە کە بە “بەھای دارایی و پارە”ی عیبادەتەکان، ناپێورێت و بەدینایەت.
لەبەرانبەردا، ئاین چەندین ڕێگە و شێوازی دیکەی دارایی و پارەدانی بۆ پەرستشکردن دیاریکردووە، لەوانە خێرکردن و بەخشینی پارە و خواردندان بەخەڵکی و پارەی زەکات و پارەی کەفارەتی تاوانەکان، ئەمانە دەروازەگەلێکی زۆری بێکۆتایین، دەی بۆچی مافی “حیکمەتدانان لە جۆرەکانی عیبادەتدا” لەخوا بسەنینەوە، بۆچی ھەوڵبدەین ھەموو عیبادەتەکان بگۆڕین بۆ ھاوکێشەی دارایی و ژمارەیی؟! ئەمە، لەکاریگەرییەکانی وتاری مارکسیزمە لەسەر کەسی دیندار، (کە کاریگەر بووە بەقسە ماددییەکانیان و دەیەوێت لەسەر عیبادەتەکانیش جێبەجێی بکات). ئەسڵ و بنچینە لە پەرستشەکاندا ـ وەک زانایانی پێشین وتوویانە ـ “تەوقیفییە”، واتە وەک چۆن ھاتووە و فەرمانی پێکراوە، ئاوا جێبەجێی بکەین بەبێئەوەی لێکدانەوەی بۆ بکەین یان لەمانا و واتای خۆی لایانبدەین.
سەرچاوە: سایتی جەزیرە.

بینینی زیاتر

بابەتەكانی نوسەر