وتار

حەج لە روانینی بیرمەند و زانایاندا

 

حەج، ناونیشانی پیرۆزترین جێگا، گوزارشت لە کاتێکی دیاریکراو و دووبارەبووەوە لە هەموو ساڵێکدا، پەرستشێکی دیار و بەرچاو، خواپەرستییەکی هەم تاک و هەم دەستەجەعیی، هەموو ئەمانە بەو کەشە رۆحی و بارە دەروونییە ناوازە و ئامادەییە جەستەیی و گیانییە دەوترێت کە ئوممەتی ئیسلامیی پێدەناسرێتەوە.
سەدان ساڵە موسوڵمانان لە هەموو قوژبن و سوچێکی ئەم زەمینەوە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی مانگی رەمەزان و جەژنکردنیان بۆ ئەو رۆژووەی کە گرتوویانە، وردەوردە خۆیان بۆ بەجیهێنانی واجبێکی تری ئیمانی ئامادەدەکەن، بنەوباری سەفەر و توێشووی رێگا کۆدەکەنەوە تا گەشت بە رۆح و جەستەیان بکەن بەرەو مەقام و پێگە و شوێنێکی ئێجگار تایبەت، بۆ پیرۆزترین پارچە زەمین، رێزدارترین ئاوەدانیی، پڕ بەرەکەتی ئیلاهی، داڵدەدەری دڵانی تینوو بۆ ئۆقرەیی، مەئوای دەروونە ماندووەکانی دەست جەنجاڵیی دونیا، مەسکەنی حەوانەوەی رۆحە تامەزرۆکانی گەیشتن بە ئارامیی.
فەریزەی حەج، بنەمایەکی بنەڕەتیی موسوڵمانێتی و پێنجەمین بناغەی ئیسلام و پایەیەکی گرنگی بونیادە رۆحی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەیەتی. حەج نموونەی ئاوێتەبوونی کۆمەڵێک رەگەزی جیاواز و گرنگی ژیانە، وەک بیرمەندی موسوڵمانی بۆسنی (عەلی عیززەت بیگۆڤیچ) دەڵێ: حەج پەرستشێکی ئایینی و ئەزمونێکی رۆحییە، لە هەمانکاتدا کۆبوونەوەیەکی سیاسیی و پێشانگایەکی بازرگانیی و کۆنگرەیەکی گشتیی ئوممەتە.
ئەم ئاوێتەبوونەی لایەنە جیاوازەکانی ژیان لەم فەریزەیەدا وایکردووە کە بوترێت قوڵترین عیبادەتی ناو ئیسلامە و هەموو عیبادەتەکانی تری تیادا کۆدەبێتەوە. هەروەک زانای بەناوبانگی بواری مەبەستگەرایی (ئەحمەد رەیسونی) ئاماژەی پێدەدات: خوای بەرز و بڵند رێزدار و شەرەفمەندیکردوین بە چەندین جۆری جیاوازی پەرستش، تاوەکو هەموو خەڵکی –بەجیاوازیی حاڵ و بار و توانایانەوە- فرسەت و پشک و بواری بەجێگەیاندنیانی هەبێ. وە بۆئەوەی هەموو ئەوانەی تەکلیفیان لەسەرشانە بتوانن، بەوەی هەیانە لە جەستە و عەقڵ و رۆح و ماڵ و کات، پەرستش ئەنجامبدەن. بۆ نمونە: نوێژ عیبادەتی رۆح و عەقڵە، رۆژوو هی لاشە و دەروونە، زەکات هی ماڵ و دەروونە، جیهاد هی لاشەیە یان هی سەروەت و سامانیشە، زیکریش عیبادەتی دڵ و عەقڵ و زمانە… بەڵام حەج هەموو ئەمانەی تێدایە بەزیادیشەوە، حاجی بەشێکی کاتی خۆی بۆ گەشت و بەجێهێنانی روکنەکانی حەج تەرخاندەکات، بەشێک لە ماڵ و سامانەکەشی بۆ خەرجی سەفەر و بۆ ماڵومناڵی، دەڕوات، لاشە و هەست و ئەندامەکانیشی ئەجوڵێن و ماندووئەبن، دڵ و رۆحیشی ئاوێزانی حەجەکە بووە، بە دڵ و زمانیش خەریکی زیکر و دۆعا و ویرد و (لبیک اللهم لبیک)ـە، بە قاچەکانیشی رێئەکات و بە دەستەکانیشی بەرد ئەگرێتە شەیتان و رەجمیئەکات.
ئەزموونی حەج، کە کۆکردنەوەی ئەم هەموو عیبادەتەیە پێکەوە لە گەشتێکی رۆحی و جەستەییەدا، وایکردووە تاموچێژێک ببەخشێتە کەسی حاجی کە لە هیچ شوێن و کاتێکی تردا دەستینەکەوێ. ئەم سەفەرە بێوێنەیە ئاوێکی سازگارە بۆ تینووان و ماندووبووانی رێگای گەیشتن بە ئارامیی، وەڵامێکی دڵگوشادکەرە بۆ ئەوانەی لە سەحرای عەدەمدا خەریکە بە هیلاک ئەچن، سایە و سێبەرێکی دڵڕفێنە بۆ خاوەنی دەروون و رۆحە ماندووەکان. مێژوو باسی زۆرێک بیرمەند و زانا و فەیلەسوفی بۆ گێڕاوینەتەوە کە ئەم سەفەرە نورانییە زاخاوی دڵی داون، تین و رووناکیی ئیمانیانی لە خەفەبوون رزگارکردووە و بڵێسەی پێ داونەتەوە. هەر لە: محەمەد ئیقباڵەوە بۆ ماڵکۆڵم ئێکس، لە محەمەد ئەسەدەوە تا موراد هۆفمان، لە عەلی شەریعەتی تا ئەگات بە جەلال ئال ئەحمەد. نەک هەر موسوڵمان، بەڵکو ئەم شوێنە پیرۆزە مایەی کەمەندکێشکردنی رۆژهەڵاتناسانیش بووە و هەندێکیان سەردانیشیان کردووە و بە ناو و جلوبەرگ و هەڵسوکەوت خۆیان بە موسوڵمان پیشانداوە، تاوەکو لەو نهێنییە تێبگەن کە بۆچی ئەو ناوچە سەحرا و بەردەڵانە وشک و کاکی بە کاکییە، دڵان پاراو و دەروونان تێراو و ماندووان حەساوە دەکات.
بەخوێندنەوەی یاداشت و سەفەرنامەی ئەو زانا و بیرمەندە زیارەتکارانە، وەڵامی جوان و قسەی سەرنجڕاکێش و تێبینی ورد و ئەزموونی رۆحی ناوازە ئەبینین. وا لە خوارەوە هەندێ لەوانە نەقڵ دەکەین.
– ئیبن بەطوطە:
مێژووناس و گەڕیدەی بەناوبانگی موسوڵمان و خەڵکی تەنجەی مەغریب (محەمەد عەبوڵڵا محەمەد ئەل لەواتی ئەلتەنجی) ناسراو بە ئیبن بەطوطە (٧٠٣- ٧٧٩ ک/ ١٣٠٤-١٣٧٧ز) لە تەمەنی ٢٢ ساڵییەوە وڵاتی خۆی (تەنجە) بەرەو حیجاز بەنیازی حەجکردن جێدێڵێ، بەڵام ئەو ساڵە ناتوانێ حەج بکات و ساڵی دواتر (٧٢٦ک) فەریزەی حەج ئەنجامدەدات، هەرچەند ئەوکات تەمەنی ٢٣ ساڵ بووە، بەڵام بە رۆحێکی ئەدەبی و زمانێکی شاعیرانەوە تەعبیر لە کاتەکانی ئەنجامدانی روکنەکانی حەج دەکات. لەسەرەتای بەڕێکەوتنیدا بۆ سەفەرەکەی، دەنوسێت: لە تەنجەی زێدی لەدایکبوونمەوە لە رۆژی ٥ شەممە ٢ ی رەجەبی ساڵی ٧٢٥ی کۆچی بەرەو حەجی ماڵی خوا و زیارەتی گۆڕی پێغەمبەر (صەلات و سەلامی خوای لەسەر بێ) بەڕێکەوتم، بەتەنیا و بێئەوەی کەسێ هاوەڵم بێ،…. بەهۆی ئەو تامەزرۆییەی لە سینەمدایە بۆ ئەو شوێنە پیرۆزانە، بڕیاری کۆتاییم دا و خۆشەویستانم -لە نێر و مێ- جێهێڵا، وڵاتم جێهێشت وەک تەرابوونی باڵندەکان لە هێلانەکانیان…
بۆ یەکەمجاریش لە ٢٠ی زولقەعدەی ساڵی ٧٢٦ک دا دەچێتە مەککەی پیرۆزەوە و کە کەعبەی موشەڕەفیش ئەبینێ، ئاوا تەعبیری لێدەکات: کەعبەی شەریفمان بینی، خوای گەورە بڵندتری بکا، وەک بوکێکی ژێر پەردە لەسەر تەخت و عەرشی جوانیی خۆی ئەنواند، بە میوانانی خودا دەورەدرابوو، ئەیگەیاندی بە بەهەشتی رەزامەندیی خودا.
کاتێکیش تەوافی قودوم و رۆیشتنی نێوانی صەفا و مەروە تەواو دەکات، دەڵێ: یەکێ لەو کارانەی خوا کە سەرسوڕهێنەرە، ئەوەیە کە دڵەکانی وا لێکردووە مەیلی بینینی ئەو دیمەنە جوان و قەشەنگانەیان هەبێ، تامەزرۆی ئەو شوێنە پیرۆزانە بن، وایکردووە خۆشەویستی ئەو شوێنە لە دڵاندا جێگیر بێ و هەر کەس چووە ئەوێ دڵی پڕاوپڕ دەبێ لەو خۆشەویستییە و کە جێشیهێشت ئەسەف ئەخوات و کە لێی دووردەکەوێتەوە دێوانە دەبێ، زۆر هۆگری ئەبێ و ئەیەوێ دوبارە بێتەوە سەردانی، موبارەکی ئەم زەوییە لەبەرچاوانە، دڵگیربوونەکەی حیکمەتێکی باڵای خودایە، تەصدیقی بانگەشەکەی ئیبراهیمی خەلیلی خودایە (سەلامی خوای لەسەر بێ)، تامەزرۆبوون بۆی دووریت بۆ نزیک ئەکاتەوە و ئەیهینێتە پێشچاوت، هەموو ناڕەحەتی و ماندوێتی رێگات لا ئاسان دەکات، زۆر کەسی لاواز و بێتوانا هەبوون کە لەو رێیەدا مردنیان بە چاوی خۆیان بینیوە، یان لەو رێیەدا زۆر شتیان لەدەستداوە، بەڵام کە گەیشتونەتە لیقای ئەو ماڵە پیرۆزە، بەجۆرێ دڵخۆش و شادمان بوون وەک ئەوەی هیچ تاڵی و سوێرییەکیان نەبینیبێ.

– موراد هۆفمان:
باڵیۆز و نوسەری موسوڵمانی دیاری بە رەچەڵەک ئەڵمانی (دکتۆر موراد وەڵفرێد هۆفمان) لەدایکبووی (١٩٣١ز) و یەکێکە لە نوسەرە دیارەکانی ئەوروپا کە بە خوێندنەوە و تێڕامان و ژیان لە وڵاتانی ئیسلامیدا و بەتایبەت لەسەروبەندی شۆڕشی جەزائیردا کە فەرمانبەر بووە لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە جەزائیر، قەناعەتی گۆڕاوە و لە ساڵی (١٩٨٠ز)ەوە موسوڵمان بووە، چەندین کتێبی جیاوازی لەبارەی ئیسلامە نوسیوە، کاتێکیش فەریزەی حەج جیبەجێئەکات، گەشتی حەجەکەی و ئەزموونی ئەو سەفەرە رۆحییەی ئەکاتە کتێبێک بەناوی (گەشتێک بۆ مەککە)، لەم کتێبەیدا هەڵوەستە لەسەر هەموو قۆناغ و روکنە جیاوازەکانی حەج ئەکات و تێبینی و تێڕامانی خۆی لەسەر تۆماردەکات. بۆ نمونە، ئەو دەڵێ: موسوڵمان پێش سەفەری بۆ حەج پێویستە ئامادەیی رۆحیی هەبێ و لەو ئایەتانەی هەردوو سورەتی بەقەرە و حەج کە تایبەتن بە حەج و ئەو فەرموودانەی پێغەمبەر (صەلات و سەلامی خوای لەسەر بێ) جوان وردببێتەوە. ئەو پێیوایە کە روکن و بەشەکانی حەج لە روکار و ناواخن و لە رووی ماددی و رۆحییەوە پێکەوە پەیوەستن، ئەمە پەیوەستییەش نامۆ نییە لەناو موسوڵماناندا، چونکە بیروباوەڕی ئیسلامیی رۆح و ماددە پێکەوە گرێدەدات، هەربۆیە لە ئیسلامدا رووکردنە خودا تەنها بە رۆح یان تەنیا بە جەستە نییە، بەڵکو موسوڵمان لە نوێژ و رۆژوو و قوربانیکردنەکەی و حەجکردنیدا بە رۆح و جەستە و عەقڵ و دڵ و خوێن و گۆشتییەوە ئامادەیە. کەواتە یان ئەبێ بە تێروتەواوییەوە حازر بێ یان با حازر نەبێ، ئەمەش لە تەوحیدەوە، کە بنەمایەکی گشتگیری ئیسلامییە، سەرچاوەیگرتووە.
لە شوێنێکی تردا باس لە ئارامگرتن و شێنەییبوون و خۆکۆنترۆڵکردن دەکات و دەڵێ: دەبێ حاجی ئارامگر بێ، ئەبێ لە کێشە و دەمەدەمێ خۆی بەدوور بگرێ، چ جای شتی گەورەتر، کە لێی حەرامە کەسێ بریندار بکات یان رووەکێک هەڵکەنێ تەنانەت مێشێکیش بکوژێ. ئەو پێیوایە کە: ئەم خۆکۆنترۆڵکردن و پابەندبوونەی ئەم سەدان هەزار حاجییە مایەی سەرسوڕمانە، بەتایبەت کە سەیری پابەندیی حاجییەکان دەکەیت بەوەی ئازاری هیچ مرۆڤ و ئاژەڵ و گیانلەبەرێک نادەن. پێش ئەم ئەزموونەم قەت بڕوام وا نەبووە کە رێنماییە ئایینییەکان بتوانن بۆ ماوەیەک هەندێک لە قانون و رێسا کۆمەڵایەتییەکان رەتبکەنەوە.
پۆشاکی حەج یاخود ئیحرام، یەکێکی ترە لەو شتانەی سەرنجی دکتۆر هۆفمانی راکێشاوە، ئەو دەڵێ: ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە حاجییەکان یەک جۆر پۆشاکیان لەبەردایە، لەمڕووەوە هەموویان یەکسانن، دەوڵەمەند و هەژار، بەهێز و لاواز، لێهاتوو و سادە، گەورە و بچووک، پۆشاکی ئیحرام سادەیە و یەکجۆرە و نەخشونیگاری تیا نییە، هەربۆیە کەس لەوی تر جیاناکرێتەوە بەهۆی جلەکەیەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ یەکسانیی مرۆڤەکان لەبەردەمی خوادا، ئاماژەشە بۆ رۆژی دوایی کاتێک بە کفنەکانمانەوە لە گۆڕ دێینەدەر، هەربۆیە زۆر حاجی هەبوون پۆشاکی ئیحرامەکەیان هەڵئەگرت تاوەکو کە مردن بکرێتە کفن بۆیان.
دیمەنی کەعبە و شێوەی بنیاتنانەکەی، مایەی تێڕامانی دکتۆر هۆفمان بووە، چونکە پێشتر لە رەخنەی هونەریدا کاریکردووە، ئەو پێیوایە کە شێوەی بیناکردنی کەعبە پەیوەندیی هەیە بەو تایبەتمەندییەی کە بیروباوەڕی ئیسلامیی هەیەتی ئەویش روون و ئاشکرایی و سادەییە و دووربوونە لە هەر ئاڵۆزییەک کە لە ئایین و ئاینزاکانی تردا هەیە. لەمڕووەوە دەڵێ: کەعبە خشتەکییە و ناوەوەی بەتاڵە بە بەردی گەورە دروستکراوە، ئەمەش وێنەیەکی تەلارسازیی ماڵی خودایە لە سادەترین شێوەدا، و دوورە لە هەموو ئاڵۆزییەک کە لە هونەری (قوتی و روکوکو)دا دەردەکەوێت، کە ئەم دوو جۆرە هونەرە لە سەدەکانی ناوەڕاست و دواتردا لە ئەوروپا باو بوون و بە ئاڵۆزیی و بەیەکداچوویی و نەخشونیگار ناسراون.
لەگەڵ ئەم سادەییەشدا، جێگیریی و سەنتەربوونی کەعبە دیمەنێکی زۆر جوانی نەخشاندووە، بەجۆرێک کە کەعبە بۆتە سەنتەر بۆ چەندین بازنەی یەکلەدواییەک کە لە هەزاران شتی سپی بێگەرد پێکهاتوون، ئەوانە مرۆڤگەلێکن یەک شتیان ئەوێ، بەدوای شتێکدا دەگەڕێن، یەک شتیش دەکەن، ئەمەش رەمزی تەسلیمبوونی دەروونە بە بەدیهێنەرەکەی.
هەمەجۆریی حاجییانیش ئەوەی لای دکتۆر هۆفمان دروستکردووە کە حەج کۆنگرەیەکی جیهانیی هەموو موسوڵمانانە و نوێنەری هەموویانی تێدایە. ئەو دەڵێ: هەستمانئەکرد هەموومان گەردیلەی یەک پێکهاتەی گەردوونین، بە جۆرێک کە لە مەککەدا جیاوازیی نێوان رەچەڵەک و نەژادەکان نامێنێ، لەکاتی چەمانەوەمدا لە نوێژدا و بینینی ئەو قاچە رەنگ جیاوازانە، بۆم روونبووەوە کە هەموو رەچەڵەک و نەژادەکان نوێنەریان لێرە هەیە.

– عەلی شەریعەتی
دکتۆر عەلی محەمەد تەقی شەریعەتی (١٩٣٣-١٩٧٧ز) یەکێکە لە بیرمەندە گەورە و دیارەکانی ئێران و لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهان ئیسلامە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا. سەرەڕای کەمی تەمەنیی، بەڵام لە رووی نەوعی و لە رووی ژمارەشەوە، بەرهەمگەلێکی زۆری پێشکەشی کتێبخانەی ئیسلامیی کردووە لە ئیسلامناسییدا لە بواری مەعریفە و فیکر و فەلسەفە و کۆمەڵناسیی.
گرنگیدانی دکتۆر شەریعەتی بە فەریزەی حەج لەوەوە سەرچاوەئەگرێ کە لە بنەڕەتدا فیکر و دونیابینی ئەو بە دەوری سێ بەهای گرنگدا دەخولێتەوە، ئەوانیش: تەوحید و ئیستیشهاد و حەج، واتە یەکێ لە روکنەکانی فیکری شەریعەتی بریتییە لە حەج، هەربۆیە سێ کتێبی تەنها لەبارەی حەجەوە نوسیوە بەناوەکانی:
– حەج، فەریزەی پێنجەم.
– حەج، فەلسەفەی پەرستش و مانا.
– ژوانێک لەگەڵ ئیبراهیم.
دکتۆر شەریعەتی پێوایە چەندین مەبەستی گەورە لە حەجکردندا هەیە، ئەو مەبەستانەش لە سێ بیرۆکەی بنەڕەتیدا رەنگدەداتەوە، ئەوانیش:
١- حەج پرۆسەی بەرزبوونەوەیە بەرەو خودا، ئەمەش لە رێی نمایشکردنی پێنج بابەت و پرسی گرنگەوە لە یەککاتدا، ئەوانیش: أ- چیرۆکی خەلق ئادەم کە یەکپۆشیی و یەکمەبەستی و یەکجۆر پەرستشی حاجییان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لە یەک سەرچاوەوە هاتوون کە باوکە ئادەمە، ب- نیشاندانی مێژوو و یادهێنانەوەی حاجییان بەوەی کە ئەم پەرستشەی ئێوە رەگوڕیشەی لە مێژوودا هەیە و تا سەردەمی ئیبراهیم پێغەمبەر (سەلامی خوای لەسەر بێ) دەڕوات، ج- وەحدەت و یەکبوونی موسوڵمانان بەوەی کە حەج گەورەترین بۆنەیە کە ئەو ژمارە زۆرەی موسوڵمانانی تێدا کۆبێتەوە، د- بیروباوەڕی ئیسلام، لە هەموو هەنگاو و روکنەکانی حەجدا تەوحید و ناسین و پەرستنی خودای تاقانە دوپاتئەبێتەوە و ئەمەش لە شیعاری (لبیک اللهم لبیک)دا بە روونی دیارە، هـ- نیشاندانی ئوممەت، چونکە تەنها لە حەجدا هەموو دەنگ و رەنگ و تەمەن و پلەوپایە جیاوازەکان کۆدەبنەوە و نوێنەری تەواوی ئوممەت لەوێیە، وەک ئەوەی دکتۆر هۆفمان دەڵێ.
٢- حەج بانگی مرۆڤ دەکات لەو روکارە ساختانە هەڵبێت کە دەوری ژیانی داوە، ئەویش بە فڕێدانی ئەو چوار دەمامکەی مرۆڤ رۆژانە دەیانپۆشێت،
– دەمامکی گورگ، رەمزی دڕندەیی و ملهوڕیی
– دەمامکی مەڕ، رەمزی سەرشۆڕی و زەلیلی
– دەمامکی رێوی، رەمزی فرتوفێڵ
– دەمامکی مشک، رەمزی دەخەڵی و ئیشی ژێربەژێر
٣- بنەمای سێهەمیش وەک دکتۆر شەریعەتی دەڵێ: ئەوەی لە حەجدا پەیم پێبردووە و لێیتێگەیشتووم، دەکرێ لە سێ بنەمادا پوختی بکەمەوە، کە بریتین لە:

بنەمای یەکەم/ پەیوەندیکردن
مانای پەیوەندیکردن لای شەریعەتی ئەوەیە کە لە حەجدا مرۆڤ هەموو ساڵێ پەیوەندیی خۆی بەو شوێنە بنەڕەتیی و پڕ یادەوەرییەوە نوێدەکاتەوە، پەیوەندیی بە رابردوویەوە توندوتۆڵ دەکاتەوە، بەو بەها گەورە و رۆحە مەزنەش ئاشنا دەبێ کە لە قوڵایی مێژووەوە و لە ئیبراهیم پێغەمبەر (سەلامی خوای لەسەر بێ)وە سەرچاوەیگرتووە، پەیوەندیی خۆی توندوتوڵ دەکات لەگەڵ ئەو رەگوڕیشە و سەرچاوە گەورە و دەوڵەمەندانەی خۆی کە هەیەتی و دوژمنان بەردەوام ویستویانە بنەبڕی بکەن، لەمەشەوە حەج بەردەوام و ساڵانە گوزارشتە لە پەیوەندیی مرۆڤ بە فیترەت و بە چارەنوسی مێژوویی و بە پەیامە گەورەکەی مرۆڤایەتییان.

بنەمای دووەم/ کۆبوونەوە
ئەم بنەمایەش ئەوەیە کە هەمووان لە حەجدا ماڵ و شوێنی خۆیان جێدێڵن و لە شوێنێکدا کۆدەبنەوە، هەم بە جەستە و هەم بە رۆح و فیکر یەکئەبینن و یەکئەدوێنن، دۆخی کۆمەڵایەتی خۆیان بۆ یەکتری باسئەکەن و لە ژیان و گوزەران و خۆشی و ناخۆشیی یەکتر شارەزا ئەبن. پێکەوەگرێدان و کۆکردنەوەی ئەم کۆمەڵ و گروپە جیاواز و دوورلەیەکانە لە شوینێکدا ئەبێتە مایەی ژیانەوەی رۆح و فیکری کۆمەڵایەتی. جیاوازیی ئەم کۆبوونەوەیە لە کۆبوونەوە و کۆنگرەی شوێنانی تر ئەوەیە کە حەج زۆرترین ژمارە و جۆر و تەمەن و ئاستی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی ئەگرێتەخۆی.

بنەمای سێهەم/ جوڵەیەکی رێکخراو
لەمڕووەوە دکتۆر شەریعەتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یەکەمین شتێ کە سەرنجی راکێشاوم و وایلێکردووم لە وشەی هیجرەت بڕوانم ئەو جوڵە بەردەوام و رێکەی ناو حەجە. هەر لەو کاتەوە ئینسان ئامادەیە و دەکەوێتەڕێ بۆ حەج، ئیتر لە جوڵەدا ئەبێ، روکنەکانی یەکبەدواییەکدا دەکرێن بەبێ سکون و وەستان، مرۆڤ ناوەستێ و ناشبێ بوەستێ، بەڵکو دەبێ لە جوڵە و کۆششی بەردەوامدا بێ. لە میقاتەوە ئەچێ بۆ طەواف و لەوێشەوە بۆ سەعی نێوان صەفاومەروە و ….، ئەمەش یادخستنەوەی جوڵە و هەوڵەکانی ئیبراهیمە (سەلامی خوای لەسەر بێ) لە دژایەتیکردنی بتپەرستی و زیندوکردنەوەی تەوحید و بەرقەرارکردنی دادگەریی.

سەرچاوەکان:
ئەم سێ بابەتە سەرچاوەی سەرەکیی وتارەکەیە و هەرسێکیان لە سایتی (میدان)ی الجزیرە بڵاوکراونەتەوە،
– أنیس غنايم، كيف نظر المفكّر الإيراني علي شريعتي لفريضة الحج؟
– محمد شعبان أيوب، الرحلة الحجازية.. مَشاهد الحج بين ابن بطوطة والبتنوني
– أنيس غنايم، فلسفة المنسك والمعنى.. الحج بعيون مراد هوفمان

بینینی زیاتر