وتار

ئیسلام و بەهای ئازادیی

هاوژين عومه‌ر كريم

چەمکی ئازادی، لە ساناترین لێکدانەوە و واتایدا، ئازادبوون و ئارەزوومەندیی مرۆڤ دەگەیەنێت لە هەڵبژاردنی هەر بیروباوەڕ و بژاردە و ڕێگەچارەیەک، کە لە ناو کۆمەڵێکی زۆر بیروباوەڕ و بژاردە و ڕێگەچارە، دەخرێنە بەردەمی، بە بێ هیچ مەرج و زۆرلێکردنێک.

ئازادیی مرۆڤ، وەکو مافێکی خودایی بۆ بەندەکانی، هەر لە ساتەوەختی دروستبوونی مرۆڤەکانەوە بڕیاری لەسەر دراوە و وابەستەی هیچ قۆناغێکی دیارییکراوی ژیانی مرۆڤایەتی نییە بە تەنها. هەموو فەلسەفە و ئایدیا و ئایينە زەمینی و ئاسمانییەکانیش باسیان لێوە کردووە، هیچ ئايین و ئایدیا و ڕێباز و فەلسەفەیەک بە تەنها، خاوەنی لێکدانەوە و ئەفراندنی ئەو چەمک، یان زاراوە، یان بەهایە نییە. کاتێکیش دەوترێت ئازادی لە ئیسلامدا، یان باسی پەیوەندیی نێوان ئیسلام و ئازادی دەکرێت، مەبەست پێی ئەو پێگە و گرنگیپێدانە تایبەت و ئەو ڕێکارە کۆتایی و گرنگانەن کە ئەم ئایينە پیرۆزە، بۆ باشتر وێناکردن و چەسپاندنی لەسەر ئەرزی واقیع، جیاواز لە هەموو ڕێباز و ئایينەکانی پێش خۆی و دوای خۆیشی، ئاماژەی پێداون و فەرمانی کارپێکردنی ڕاگەیاندووە.
ئیسلام جیاواز لە ئايین و ڕێباز و فەلسەفەکانی دی، بە شێوەیەک بۆ ئازادی ڕوانیوە، یان ڕاستر بڵێین ئازادی لە ئیسلامدا بە شێوەک بڕیاری لەسەر دراوە، کە سنووری زەمین تێدەپەڕێنێت و دەگاتە ئاسمانەکانیش، بەو واتایەی ئازادیی مرۆڤ وەکو مافێکی بنەڕەتی، سنووری پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان تێدەپەڕێنێت و دەگاتە سنووری پەیوەندیی نێوان خودا و مرۆڤەکان، مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە لە نێوان ئەوانەی خوای گەورە بە چاک و خراپی داناون، یەکیان هەڵببژێرێت و ئەوانی دیکەش ڕەت بکاتەوە، لەو پێناوەشدا هیچ کەس و دەزگایەک مافی لێزەوتکردنی ئەو مافەی نییە. کاتێکیش دەوترێت لە بیروباوەڕی ئیسلامییدا مرۆڤ دروستکراوێکی موجبەر نییە لە بڕیاردان و هەڵگرتنی هەنگاوەکانیدا، ئەوە ئەوپەڕی ئازادییە بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە.

زانایان و بیرمەندانی ئیسلامیی، ئازادی وەکو یەکێک لە بەها قورئانییەکان دادەنێن، لە پاڵ ژمارەیەک بەهای تری وەکو دادگەریی و ڕاویژکردن و هتد، بۆ ئەوەش چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆز بە بەڵگەی قسەکانیان دەهێننەوە. هەروەک چەندین فەرموودە و دەقی ڕاست و ڕەوانیشمان لە لایەن پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت) هەن، کە ئازادی بە بەهایەکی شارستانیی دەناسێنن و میکانیزم و ڕێکارەکانی بەرپاکردن و پاراستنی ئەو بەها گرنگە دیاریی دەکەن. نەک هەر ئەوانە، بەڵکو بەشێکی دیار لە بیرمەند و زانایانی سەردەمیش، لە باسی گرنگی و پێگەی ئازادیی لە ئیسلامدا، پێشنیازی زیادکردنی بەهای ئازادییان بۆ یەکێک لە مەبەستەکانی ئیسلام (مقاصد الشريعة) كردووە، دکتۆر یوسف قەرەزاویی یەک لەو زانایانەیە.

ئەوانەی دەیانەوێت لە بابەتی ئازادی لە ئیسلام و یاسا و ڕێساکانی و پێگە و گرنگیی ئەو بەهایە تێبگەن، پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵێک بکەن، ئەوانیش:
یەکەم: ئازادیی لە ئیسلامدا، وەکو ماف و پێدراوێکی خوایی بۆ هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازیی لە ئایين و ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و هەر جۆرە پاشخانێکی دیکە، بڕیار دراوە. بۆ هیچ کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان نەهاتووە و ڕەوا نییە زەوتی ئەو ئازادییە بکەن، یان قەدەغەی بکەن لە کۆمەڵ و کەسانێکی دیکەی جیا لە خۆیان. دیارییکردنی سنووری ئازادیی و مافەکان تەنها لە ڕێی دەستوور و یاسایەکی مرۆڤدۆست و سەردەمییانەوە دەبێت. بۆ ئەم خاڵەش ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگە و بەسەرهاتمان لە نێو دەقە پیرۆزەکان و قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی ئیسلامییدا هەن.

دووەم: هەروەکو پێشتر ئاماژەمان پێکرد، ئازادی لە ئیسلامدا سنووری پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان تێدەپەڕێنێت و دەگاتە سنووری پەیوەندیی نێوان خودا و مرۆڤەکان، مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە لە نێوان ئەوانەی خوای گەورە بە چاک و خراپی داناون، یەکیان هەڵببژێرێت و ئەوانی دیکەش ڕەت بکاتەوە، لەو پێناوەشدا هیچ کەس و دەزگایەک مافی لێزەوتکردنی ئەو مافەی نییە. کاتێکیش دەوترێت لە بیروباوەڕی ئیسلامییدا مرۆڤ دروستکراوێکی موجبەر نییە لە بڕیاردان و هەڵگرتنی هەنگاوەکانیدا، واتا هیچ ڕەوا نییە ئازادی وەکو مافێکی مرۆڤەکان تەنها لە کاروباری ڕۆژانەی دنیاییدا تێبگەین و هەرچیش پەیوەندیی بە دەرەوەی سنووری مرۆڤ و دنیاوە هەبێت، ئێمە بکاتە دوژمن و نەیاری ئەو ئازادییە.
سێیەم: لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، ئێمە لەوە تێبگەین کە ئازادی و مومارەسەکردنی، یان بانگەشەکردن بۆ ئازادییەکان لە لایەن هەرکەس و دەزگایەکەوە، دەبێت دەرکەوتەی ئیجابیی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکاندا هەبێت، وەگەرنا هەموو ئەو بانگەشانە بۆ ئازادبوون و پاراستنی ئازادییەکان، لە بازنەی دروشمدا دەمێننەوە.

لە هەر شوێنیک ئازادیی ڕاستەقینە هەبوو، ئەو شوێنە ستەم و نادادیی تێدا نابێت، مەگەر لە بازنەیەکی بچووکدا، بگرە یەکەمین هەنگاو بۆ دەستەبەرکردنی دادگەریی، بەرپاکردنی ئازادیی ڕاستەقینەیە، کاتێکیش سەردەمی خیلافەتی پێشەوا عومەری کوڕی خەتتاب (ڕەزای خوای لێبێت) بە یەکێک لە قۆناغە هەرە زێڕین و دیارەکانی مێژووی ئیسلامیی دادەنرێت لە ڕووی هاتنەدیی دادگەریی ڕاستەقینەوە، بەو هۆیەوەیە کە ئەو خەلیفەیە زۆرترین ئازادیی بۆ مرۆڤەکانی شوێنکاتی خۆی فەراهەم هێنابوو، باس و خواسی دادپەروەریی پێشەوا عومەر، لە لای هەموان ڕوون و ئاشکرایە. هەرکاتیش ستەم و نادادیی نەما، ئەوا بێگومان واتە نەمانی کەس و دەسەڵاتدارانی تاکڕەو و ملهوڕ.
بەهای ئازادی لە سەردەمی ئێستاماندا لە بەردەم کۆمەڵێک قەیران و ئاستەنگی گەورەدایە. لەسەر ئاستی جیهان و لای زلهێزانی ئێستای دنیا، بە تایبەتیش وڵاتانی پێکهێنەری سیستمی نوێی جیهانی و بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، ئازادی بە دوو پێوانەی جیاواز دەپێورێت، بەو هۆیەوە گەلانێکی زۆری دنیا کەوتوونەتە ژێر باری ستەمێکی گەورە و دڕندانەوە. لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامییش، چەمکی ئازادی و تێگەیشتن لێی کێشەی گەورەی هەیە.

زانینی پێگە و گرنگیی بەهای ئازادی لە ئیسلام و بەتایبەتیش لە قورئان و سوننەتدا، هاوکات لەگەڵ ئەو دەرئەنجامە سلبییانەی ئەمڕۆ لە جیهانی ئیسلامیی و غەیری ئیسلامییشدا لە بواری زەوتکردنی ئازادییەکاندا دەبینرێن، ئەوە دەسەلمێنن کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە گشتی و کۆمەڵگەی ئیسلامیی بە تایبەت، زۆر دوورن لە ڕوحی ئیسلام و ئەو بەهای ئازادییەی لە هەناوی ئیسلامدا بەئامانج گیراوە. بێگومان چارەسەری هەموو ئەو گرفت و قەیرانانەش، بە گەڕانەوە بۆ ڕوحی قورئان و شەریعەتى ئیسلام دەستەبەر دەکرێن.

بینینی زیاتر