وتار

پێغەمبەر ناسی لە ڕوانگەی مەحوییەوە

سڵاوی خواتان لێبێت
سڵاوێکی پر لە مەوەدەت و مەحەبەت ،
زۆر سوپاسی ئەم گروپە بەڕێزە خۆشەویستە ئەکەم کە متمانەیان دا بە من بۆ دەسکردن بە وەرزێکی فکری ، ڕۆشنبیری ، عیرفانی بۆ ئەمساڵ ودەسپێکی کارەکەیان بریتیە لە مەحەبەت و ئەوینی پێغەمبەر صل الله و علیە وسلم .
ئەوەی کە فەیلەسوفان یان موتەکەلیمان ڕەنگە نە توانن وا بەخێرایی وا بە کاریگەری بیگەیەنن عاریفان و خواناسانی ئێمە بە عیبارەتی کورت ، بە عیبارەتی پوخت بە ئەخلاق و بە ڕەوشتی جوان گەیاندویانە کە ئەوان ئاوێتە بوون لەگەڵ مەحەبەتی پێغەمبەر ی خۆشەویست وە بە دڵ و بە گیان و سیرە و سونەتی ئەو پێغەمبەرەیان بەرجەستە کردوە و بە خەڵکیان گەیاندوە .
لەڕوانگەی عاریفانەوە پێغەمبەری خوا « مجمع البحرین » ە ،یانی شوێنی بەیەک گەشتنی دەریای شەریعەت و دەریای حەقیقەتە ، شوێنی بەیەک گەشتنی عیلمی چاھیر و عیلمی باگنە ، شوێنی بەیەک گەشتنی غەیب و شەھادەیە . بەتێ گەشتن لە مەقامی پێغەمبەر ێلی علیە وسلم لە فەرھەنگی عاریفان زۆر لە ئیشکالاتی فکری و سیاسی و ئەخلاقی و معریفی حەل ئەبێ بۆیە ئەوانەی لەسەر پێغەمبەر کۆ ئەبنەوە ، لەسەر مەحەبەتی ئەو زاتە کۆ ئەبنەوە ، لەسەر ناسین و مەعریفەتی ئەو زاتە کۆ ئەبنەوە ، کێشەیان نیە لەگەڵ یەک ھەمویان بەرەو یەک مەبەست ھەنگاو دەنێن ھەمویان ڕوو لەیەک ئامانج دەکەن ھەمویان یەک تینو تاو و یەک وزە وھەنگاویان ھەیە ، جا لە ڕوانگەی شاعیر و و عاریف و زانایەکی وەکو محوی ئەمڕۆ چەن ڕاستیەک لەبارەی پێغەمبەر ەوە باس دەکەین .
ئێمە چۆن لە پێغەمبەر ی خوا بڕوانین پێغەمبەری خوا بە چی بزانین ؟ پێغەمبەر ناسی ئەساسی ئیسلامە ، ئەینا خودا ناسی لە دینەکانی تریشدا ھەیە ، ھەرکەس ڕەنگە مەعبودی خۆی بە تەعبیری خۆی ،بەدیدگای خۆی بناسێ ، بەڵام ناسینی محمد مرۆڤ ئەخاتە ناو ئیسلام . بەتەنھا ناسینیش کافی نیە ، مەحەبەتەکەی توقیر و تعزیم ڕێزلێ گرتن و پەیڕەوکردنی .جێی شانازیە کەوا ئێمە پێغەمبەری خوامان خۆشبوێ وە پێغەمبەری خوا خۆشویستن بکەین بە بەھانەی ڕزگاربوون وەکوو محوی ئەفەرموێ :
دوری مەبینە تۆ لە کەریمی بەھانە جۆ
ھەرچی کە کوردە پاکی ببەخشێ بە «بوالوەفا»
بولوەفا مەبەستی پێغەمبەرە ، یانی مادام میلەتی کورد پێغەمبەری خویان خۆش دەوێ ،دووری مەبینە ھەر ئەم مەحەبەتی پێغەمبەرەتان بۆ بێتە بەھانە و بەڵگە خوا ھەمویان بخاتە بەھەشت ، تەنانەت گەر عەمەلێکی وات نەبێت مەحەبەتی پێغەمبەر ببێتە بەھانەی ڕزگاربونی
. عەفوم کە ( یا عفو)بە حەققی جاھی ئەو شەھە
ئایەی عولووی جاھی ئەوە ئایەتی «عفا»
محمودی (فی السما) یە، حەبیبی خودایە ئەو
مەقبولی بارەگاھ، ئەوە موختار و موستەفا
خوایە بەمەحەبەت و پێگەو مەکانەتی ئەو پێغەمبەرە کاتێ خوا فەرموی عفا اللە عنک خوا بت بەخشێ ، خوا عەفوتکا ، ئەوە مەحەبەتە خوا بە مەحەبەتەوە قسە لەگەڵ پێغەمبەر ئەکا .کەواتە لەبەر مەحەبەتی ئەوپێغەمبەرە خۆشەویستە بمان بەخشە . مەحەبەتی پێغەمبەر بەھانە و حوجەیە بۆ ئیسلام ،بۆ پەیوەندی لەگەڵ خەڵک ،یانی ئاوا چاوو ئەنوقێنم ھەرکەس مەحەبەت و ئەوینی ھەبێ بۆ پێغەمبەر خۆشم دەوێ و بەواجبی سەرشانمی ئەزانم خۆشم بوێ ، ھەرکەس موحیبەت و ئەوینی نەبێ بۆ پێغەمبەر نزیکترین کەسم بێ نامەوێ و خۆشم ناوێ . جا تەماشاکە گومڕایی ئەگاتە جێیەک خەڵکی نەتەوایەتی ئەکا بە معیار ، ھاوشاری، ھاومەزەبی،ھاو حیزبی ئەکاتە معیار ئەمانە ھەموی چەلالەتە معیار مەحەبەتی ڕەسوڵی ئەکرەمە ، خۆشەویستی ئەو زاتەیە کە خوا بەتەنھا بە خۆشەویستی ئەو ئەمان بەخشێ ، تەبعەن خۆشەویستی داوای ئەوە ئەکات کە پەیڕەوی لێ بکرێت یانی تۆ کەسێکت خۆشبوێ داوای ھەرچیت لێ بکا بۆی ئەکەی ،ناکرێت تۆ کەسێکت خۆشبوێ و ھیچی بەقسە نەکەی. کەوایە یاڕەبی خوایە بۆخاتری گەورەیی ئەم پێغەمبەرە ، صل الله و علیە وسلم ئەو مەحەبەتەمان بۆ بکە بە گەنجینە بۆ مان بکە بە رێید بۆ قیامەت ان شاءالله .
لەشوێنێکی ترا محوی بەم شێوە باسی پێغەمبەر ئەکا
بەیتی زاتی تۆ لە دیوانی وجوود
مۆری حەق کردە بە نوقتەی ئینتخاب
گەر ھەموو بوون وەک دیوانە شیعرێک حسابی بۆ بکەین ،پێغەمبەر بەیتی فەرد ( دێڕی تاقانە) ی ئەو دیوانەیە بەمانایەکی تر ئەڵێ تۆ لە دیوانی وجودا تاقانەی .
دەلیلیشم چیە ؟ خوا مۆری قبوڵی ناوە بەسەر شانتەوە ،
ناسینی دووەمی مەحوی بۆ پێغەمبەر ئەوەیە کە خوا ناردویەتی و مۆریشی ناوە بەسەرشانیەوە جا لێرەداشانازیەکی گەورە ئەکا بە پێغەمبەرەوە ئەفەرموێ :
بێ حیسابە گەر گوناھ باکم چی یە!
حەزرەتی ئەو شافیعە ڕۆژی حیساب
ئەونە گوناھم زۆرە حساب ناکرێ بەڵام ترسم نیە ئەو نازدارە تکام بۆ ئەکا ، ھەرکەسێ پێغەمبەر تۆماری ئیمانەکەی بۆ ئیمزا بکا ئەوە خوا قبوڵی ئەکا ، ھەرکەسێ پێغەمبەر قبوڵی نەکا خواش قبوڵی ناکا .
محوی لە شوێنێکی تردا پێغەمبەر بە مەعشوق ئەزانێ ، بە مەحبوب ئەزانێ ناوی ئەبا بە جانان .
عاریف یا عاشق دوو دەستە واژە بەکار ئەھێنن جان و جانان جان مەبەستی گیانە گیانێک کە پێی ئەژین جانان مەبەستی ژیانی گیانە یانی ژیانی ئەو گیانەی کەپێی ئەژین بۆیە ئەڵێ :
خزر ئەگەر چاوی حەیاتی بڕییە ئاوی حەیات
من لە خاکی دەری جانانەمە ھەر چاوی حەیات ”
حەزرەتی خزر کە توانیویەتی ئاوی حەیات بەدەس بھێنێ و ھەر نەمرێ ، بەدوای گیانێکا گەڕاوە کە جەستەی پێ بژی ، من لەبەر قاپی جانان بەتەمای شتێکم کە گیانی پێ بژی کەوایە پێغەمبەر لە چاوی مەحوی و عاریفاندا گیانی گیانێکە کە پێی ئەژین ھەر ئەوەش نا :
مردنێکی لەبەر ئەو قاپییەدا مەردانە
بەخوا چاترە ئەمڕۆ لە گلاراوی حەیات
گەر دڵسۆزانە و عاشقانە و بەبێ خەوش لەبەر پێی پێغەمبەرا بمری ئەو مردنە زۆر خۆشترە لەو ژیانەی کە دڵ ببەستی بە دنیایەکەوە کە دنیایەکی ھیچ و پوچە.
لە شوێنێکی تردا مەحوی ڕوودەکاتە پێغەمبەر دەڵێ :
تۆ نەبی مەلجەئی من بی ،«ڕبدا» نیمە مەلاز
لەودەرە بێتو دەرم کەی ،بە خودا نیمە مەلاز
قاپی یو بابی کەسێکی کە، نیشانم دە، بچم
غەیری قاپی کەرەم و بابی عەتا نیمە مەلاز
من لە دنیادا بۆلای کێ ڕاکەم لەم بەڵا و ناڕەحەتی کەم و کورتی و نەخۆشی و نەگبەتی و خەفەتە بۆ کوێ ڕاکەم ؟ ئەڵێ قاپی و بابی کەسێکی ترم نیشان بە ئەڵێ ،نیمە کەسی تر شک نابەم :
تەمی غەم عالەمی داگرتووە، بێ مەئوا بووم.
بەردەری مەیکەدە و بەس ، لەوەلا نیمە مەلاز
بەم ھەموە تیرە وە دڵ سینەمی دی، ئەو شێرە
لەرزی ھاتێ ،وتی ئەم بێشە نەما نیمە مەلاز
بەختە زاھید کە بەھەشتی بووەتە مەئوا،من
غەیری «بیت الحزن » ی دەرد و جەفا نیمە مەلاز
شوکری حەق بەر دەری ھەر فەقرە ئیقامەتگاھم
بەر دەروباری نە سوڵتان و نە شا نیمە مەلاز
زاھید لە ئەدەبیاتی عیرفانیدا نمونەی ئەو کەسانەن بەڕیا عیبادەت ئەکەن بۆ ئەوەی خەلک پێی بڵێ ماشاء الله. نوێژ کەرە ڕۆژوو گرە خواناسە یانی نیەتەکەیان خوای نیە ئەڵێ :زاھیدێک کە بەھەشت بۆی بوەتە مەئوا ئەڵێ من لە بەیت و حەزەنا ئەژیم .
یەکێ لەو بەھایانای عاریف زۆر گرنگی پێ ئەدا خەمە ھەندێ لە مەقاماتی بەرزی عیرفان لەڕێی حوزنەوە بەدەس دێ بۆ نمونە حوزنی یەعقوب بوە بە زەربول مەسەل ئەو حوزنەی نەبوایە ئەو مەقامە بەرزەی نە ئەبوو ، سەبری ئەیوب ، حوسنی یوسوف ھەموو ئەمانە وەک و پەیژە وان یانی خوا ھەرشتێکی یا بەتۆ.
تۆ حسابی پەیژەی بۆ بکە کە پێی بخەیتە سەر و بەرز بیتەوە بۆلای خۆی :
بەڵکە لەو ڕێ یەوە من پەی بەمە عیمرانی بەقا
{مەحویا } غەیری خەراباتی فەنا نیمە مەلاز
ئەمە دەرسە بۆ ئێمە ڕوو لە قاپی کێ کەین جگە پێغەمبەر ڕوو لەقاپی ھەرکە کەین دوای ماوە یەک شکست دێنین ، قا پیەکی تر نیە ڕووی لێ بکەین ڕوو لەھەر مەدرەسەو فەلسەفەیە و دەسەڵاتێ ئەکەی تەماشا ئەکەی لەو سەرەوەشکست دێنین لە ڕوانگەی بڕواییەوە چۆن باسی پێغەمبەر ئەکا محوی ئەڵێ :
ئەم ئال و گۆڕی دینە لەکارا بووە ھەتا
دەوری یەکێ بە دینی ئەوە نەسخی جوملە دین
خوا لە مێژودا یانی خوا لە مێژوی مرۆڤایەتی دا بەردەوام پێغەمبەری ھێناوە و پێغەمبەری پێشوی پێ نەسخ کردوەتەوە ھەموو پێغەمبەرەکان بۆ قۆناغێکی دیاری کراو بوون بەڵام پێغەمبەرێک ھەیە بۆ ھەموو مرۆڤایەتی و بۆ ھەموو سەردەمەکانە:
یەعنی پەیامبەری عەرەبی ،ھاشمی نەسەب
ئەحمد لە ئاسمان و ، محمد لەسەر زەمین
پێغەمبەر لە ئاسماندا ناوی ئەحمەدە ، لەسەر زەویدا ناوی محمدە بۆ لە ئاسماندا ناوی ئەحمەدە ؟ لەبەر ئەوەی ھەموو ئەھلی ئاسمان خەریکی حەمد و ستایشی خوان ڕۆحی پێغەمبەر لە ئاسمانیشدا ھەر خەریکی حەمد و ستایشی خوایە لەوان زیاتر . ئەھلی ئاسمان شایەتی دەدەن محمد حەمدی بۆ خوا لە ئێمە زیاترە ئەی لەسەر زەوی بۆ محمدە ؟ ئەوانەی ئەگەن بە فەزیلەتی ئیمان خوای گەورە ڕەحم و بەرەکەتیان بەسەردا ئەڕێژێ ، لە عەینی ئەوەدا سوپاسی خوا ئەکەن خۆشیان بەقەرزاری پێغەمبەر ئەزانن کەواتە محمدی سەر زەویشە .
دین و کوتوب نەما ، بووە دین و کیتابی ئەو
باقی دەبێ شەریعەتی ئەو تاکوو یەومی دین
عیسا کە دێتە خوار بۆ کوشتنی جەجاڵ
خۆی و ئەوانە تابیعی ئەوبن ، موحەممەدین
تەبعەن ئەمە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی بیانەوێ و نەیانەوێ ، بمانەوێ و نەمانەوێ شەریعەتی پێغەمبەر شەریعەتی مرۆڤایەتیە ، قەدەری مرۆڤایەتی ئەوەیە بێنە سەر ئەم شەریعەتە دنیایەک پیلان و فێڵ و موئامەرە بەکار ئەھێنن لەدژی ئەم دینە بە ئەنواعی تۆمەت .
ھیچ دینێک نیە بەقەد ئیسلام دژایەتی بکرێ بەلام لە ئەنجامدا کاتێ عیسا دێتە خوار بۆ کوشتنی جەجاڵ خۆی ئەوانەی تابیعی ئەون محمدین.
سەرداری ئەنبیایە بە کول، خاتەمی روسول
ساحیب لیوایە ، پێشڕەوە ،ڕۆژی واپەسین
ئیمامەتی پێغەمبەر لە ئیسراو میعراجا بۆ ھەموو پێغەمبەرەکان نیشانەی ئەوەیە ئەبێ ئومەتەکەشی پێشەوای ئومەتەکانی تر بێ.
ئەھمیەتی ئسیراو میعراج لە چی دایە؟
قبووڵی لێ کرا ھەرچی رجا بوو،پێی درا ھەرچی
عگا بوو، ھاتە جێ ھەرچی سزای ئیکرامی میھمانە
ھەرچی داوای بوو خوا بۆی جێ بە جێ کرد ، ھەچی عگا بوو خوا پێی دا، ھەرچیە پێویست بێ بۆ ڕێزگرتن لە میوانێ بۆی ئەنجام درا بەلام لە ھەمووی موھیم تر:
لەگەڵ ھەر خەتوەیەک تەحسیلی عیلمێکی «لدنی»ی کرد
لە ھی ئەو سەر دەپرسی ڕۆحی حیکمەت نووری عیرفانە ”
لەم سەرەوە کە ڕۆی بۆ ئاسمان لەھەر ھەنگاوێکیا زانستێکی تایبەتی لەلایەن خواوە وەر گرت ، ئەگەر لەخەڵاتی ئەو سەریشی دەپرسی ، پوختەو خۆلاسەی تێ گەیشتن و خواناسی -ڕۆحی حیکمەت و نوری عیرفان – لەگەڵ خۆی ھێنایەوە. ” یەکێ لە عاریفەکان ئەڵێ من بچومایە بۆ میعراج نەدەھاتمەوە محمد ئیقبال ئەلێ ئاخر تۆ نایەیتەوە بەڵام محمد دەبێ بێتەوە ئەو ڕۆحی حیکمەت و نوری عیرفانە بێنێتەوە بۆ مرۆڤایەتی .
مەحوی قە سیدەیەکی ھەیە بەناوی بەحری نور.
بەحری نور قەسیدەیەکە ھەر دێڕێکی کتێبێک شەرحی ئەوێ ، ھەر کەلیمەیەکی نورێکە ئەفەرموێ:
لەتاریکی شەوی کوفرا بەیەک دەم لەمعەیێکی دا
ھەزار و سێسەدوبیست و دووە ، دنیا چراخانە
خۆی لەمعەی چرا لە تاریکیدا زیاتر دەرەکەوێ و ئەھمیەتی ھەیە دەنا تۆ بەڕۆژی نیوەڕۆ چرات بۆ چیە ؟ بەلام پێغەمبەر لەتاریکی شەوی کوفرا بە یەک لەحزە بە یەک نەفخەی ئیلاھیانە بە بڕیارێکی ئیلاھیانە لەوکاتەوە تا ئێستا دنیا چراخانە .
خوای گەورەش ئەم دینەی بەنور داناوە وە ڕۆژ بە ڕۆژ حەقانیەتی ئەم دینە زیاتر دەردەکوێ :
«تعالی الله » بە دوو دەھ بوو کە ھەردوو عالەمی داگرت
بنازم بەم کەماڵی عەزم و حەزم و شەوکەت و شانە
بۆ ئێمەش مایەی شانازیە کەسێک بتوانیت لەماوەی ٢٣ ساڵدا ئەو گۆڕانکاریە عەمیقە ئەو گۆڕانکاریە ھەمەلایەنە بکات، خۆی گۆڕانکاری کردن لەناو میلەتێکا کە ھیچ پێشینەیەکی کلتوری ، ژیاری ،فکری،فەرھەنگی،تەشریعیان نەبی قورسە زۆر ،بەڵام تەماشاکە بەچی پێغەمبەر توانی ئەمە بکا بە عەزم و حەزم و شەوکەت و شان خاوەنی ئیرادە بەو حەزم یانی ئیرادە خاوەنی ئیرادە بوو عەزم خاوەنی مەحکەم بوو لەڕوی ئیرادەوە بەھێزبوو شەوکەت و شانی بوو توانی مەجمووعەیەکی لەگەل بێ وەک ئەو وابن ، نوسخەیەک بن لەو ئەوپایەش خوا پێت ئەدا چوون ھەموو ئەمانەشت ھەبێ و خوا یارمەتیت نەدا نابێ .
عەزمیشت ھەبێ و حەزمیشت ھەبێ شەوکەت و شانیشت ھەبێ و دەوڵەتیشت ھەبێ پاڵپشتی ئیلاھیت نەبێ و تەوفیقت نەبێ نابێ .
ئەوە گرنگە پێغەمبەر بەم عەزم و شەوکەت و شانەوە چۆن ژیاوە:
لەگەڵ ئەم ئیحتیشامە زوھدی دنیایی تەماشاکە
کەیەک لەت نانی جۆ بوو قووتی ، یا خورما دووسێ دانە
تۆ گرنگە ھەموو ئیمکاناتی زەویت لەبەردەستا بێ و بەڵام دەستی بۆ نەبەی پەیڕەوەکان و ئەتباعەکان بە ھەموو شێوەیەک لەخزمەتابن و ئامادەبن بەڵام تۆ بۆ خزمەتی خۆت بەکاریان نەھێنی . بۆچی ئەم پێغەمبەرە وایە ؟ کەسێک دەپرسێ مەگەر پێغەمبەر بەشەر نەبوو ؟ ھەر مرۆڤیک حەزی لەوە نیە خەڵک لە خزمەتیابێ؟ نا مەحوی ئەڵێ ئەم کەسێکی تر بوو :
فەلەک جاھێ سەری خەرمانی تا عەرش، ئەڵبەتە نابێ
تەنەززول کا عولووی ھیممەتی بۆ دەنکە زیزانە
ئەلێ ئەم پێغەمبەری خوایە فەلەک جاھە ، ئەڵێ سەری خەرمانەکەی تاعەرش چوە نابێ تەنەزول کا بۆ دەنکە زیزانە دیارە پێغەمبەر لە شوێنێ تر خوا پڕی کردووە، لە شوێنێ تر تێرە کەوایە ئەبێ ئەم پێغەمبەرە زۆر موھیم بێ:
موھیممێ غەیری زاتی حەی لە ھیممەتیا نیە، ئیلا
لەبەر ئەم ئوممەتە بێ ھیممەتە دائیم بە ئەحزانە
پێغەمبەر یەک خەمی ھەبوە خەمی ئومەتەکەی ، خەمی ئێمە ، خەمی مرۆڤایەتی .
عیرفانی نەبەوی ئەمەیە عیرفان ئەوە نیە خواناسی بکەی بۆخۆت و لە گۆشەیەکدا دانیشی و بڵێی خەڵک کەیفی خۆیەتی من حەقم نیە بەسەر کەسەوە عیرفانی نەبەوی عیرفانێکی گۆشەگیر نیە ، عیرفانێکی کۆمەڵایەتیە ، عیرفانێکی بەشدارە لە موعاناتی خەڵکدا ئێمە بەرامبەر ئەم پێغەمبەرە نازدارە چی بکەین ؟محوی جواب ئەداتەوە:
بەزیکر و فیکری شیمەی موستەففا وەقتت موسەففا کە
کە باسی ئەو سەفابەخشە ،تەرەب خێزە،دوڕ ئەفشانە
ئێمە ئێستە کاتتمان لێڵە مەزاقی ڕۆحمان تێک چوە بۆ چاک بوونەوە یادی پێغەمبەر بکە یادی خەسڵەتەکانی بکە یادی سیفاتەجوانەکانی بکە بیری لێبکەرە وەو کە باسی ئەو سەفابەخشە ،تەرەب خێزە،دوڕ ئەفشانە ھەتا تۆ ناوی محمد ئەبەی چێژی لێ وەر ئەگری.
خودا لەو زیکر و فیکرە م قەت نەکا غافڵ زوبان و دڵ
ھەتا غونچە دڵ و ،سۆسەن زوبانی باغ و بوستانە ”
تا لە باغی ژیاندا دڵ وەک خونچە وایە و زوبانیش وەک گوڵی سۆسەنە ، خوا ھەرگیز زوبان و دڵم لە باسکردنی پێغەمبەر و بیر لێ کردنەوەی بێ ئاگا نەکا” تەبعەن زیکر بە زمان ئەکرێ و فیکریش بە دڵ .
لەکن مەحزی خەیاڵی ، دڵ بەجارێ بۆتە کێوی توور
لە کن وەسفی جەماڵی ، لێوی واسیف گوڵ بە دامانە
ھەر بیری لێ ئەکەمەوە دڵم وەک کێوی تور ئەسوتێ کەخەیاڵی ئەکەم خەیاڵی ئەو کە دورە لێم کە دورم لێی دڵم وەک کێوی تور ئەسوتێ ھەرکە وەسفی جەماڵی ئەکا وەک ئەوە وایە لە لێوی گوڵی لێ ببارێ وایە .
یان:
گەھی دانیشتنی، کێوێکی تەمکینت لە بەرچاوە
لە وەقتی ڕۆینیدا ، ھەر دەڵێی سەروە خەرامانە
لەڕوخساری لەتیفی : گوڵ ، لە جەعدی عەنبەرینی دڵ
دەجۆشێت و دەبارێ، ئەو گوڵستان ، ئەم دڵستانە
ڕوخساری وەک گوڵستان وایە جەعدی عەمبەرینیشی پڕە لەدڵ ئەم عاریفانە ھەمویان دڵیان کەوتوەتە ناوی و بوە بەھێلانەی دڵان.
جا ئێمەش گەشتینە ئەوەی بلێین یاڕەبی خوایە بۆ خاتری ناوە جوانەکانت ئێمەش بەھرەمەند بکەی لە فەیزی مەحەبەتتی پێغەمبەر بەھرەمەندمان بکەی لە عیلمەکەی ، لەشەریعەتەکەی لە سونەتەکەی لە سیرەتەکەی و لەگەڵ ئەھلی عیلم و عیرفانا حەشرمان بکەی.
١

بینینی زیاتر