وتار

پەیڤە مروارییەکانی کتێبی(پەیوەندییەکانی نێوان دایباب و منداڵ)

ئامادەکردنی: وەفا تاھیر

ھەر لە دێرزەمانەوە تاوەکو ئێستا پرۆسەی پەروەردە و بەتایبەت پەروەردەی منداڵ و رۆڵی دایک و باوک لەو پرۆسەیەدا، جێگای سەرنج و گرنگیپێدانی بیرمەندان و پسپۆڕان و زانایان بووە و زۆر کتێب و بابەت و سەرچاوەشی بە زمانە جیاوازەکان لەسەر نوسراوە. کتێبی (پەیوەندییەکانی نێوان دایباب و منداڵ: رێبەرێک بۆ پەروەردەکردنی منداڵان) یەکێکە لەو کتێبە ناوازانەی کە لەم بواردا بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمییانە لەلایەن سێ ئەکادیمییەوە: (د. ھیشام یەحیا تالیب، د. عەبدولحەمید ئەحمەد ئەبو سولەیمان، د. عومەر ھیشام تالیب) نوسراوە، گرنگی ئەم کتێبە لەوەوە دەستپێدەکات کە نوسەرەکانی خوێندنی ئەکادیمییان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تەواوکردووە و سەرەڕای جیاوازیی پسپۆڕییان، ناوێکی دیار و بەرچاون لە بواری فیکر و پەروەردەدا و چەندین بەشداریی و نوسین و وتار و تێزی جوانیان لە بواری پەروەردەدا ھەیە، لەمانەش گرنگتر ئەوەیە کە کتێبەکەیان بە شێوازێکی سەردەمییانە نووسیوە و سودیان لە زۆرترین سەرچاوەی پەروەردەیی و فیکریی ئیسلامیی و رۆژئاوایی وەرگرتووە. بە کۆڵێ سوپاسەوە (سەنتەری زەھاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکریی) ئەرکی وەرگێڕان و چاپکردنی بە زمانی شیرینی کوردیی گرتە ئەستۆی خۆی و لە ساڵی (٢٠١٧)دا لە دووتوێی (٦٠٠) لاپەڕەدا بە زمانێکی پاراو و شێوەیەکی زۆر جوان و چاپێکی رەنگاوڕەنگی قەشەنگ و دیزاینێکی پێشکەوتووەوە پێشکەشی پەروەردەکاران و خوێنەرانی کوردی کردووە.
ئەم کتێبە رێبەرێکی زۆر باشی دایکان و باوکانە، لە ھەر تەمەنێک و لە ھەر شوێنێکدا بن و ھەر ئاینێکیان ھەبێت زۆر بە سوودە بۆیان. چونکە بە تێروتەسەلیی باسی پەروەردەیەکی باش و زانستییانە و سەردەمییانە بۆ ھەموو تەمەنەکانی منداڵ دەکات و جێبەجێکردنی رێنمویی و ئامۆژگارییەکانیشی زۆر ئاسان و بەردەستە. بۆیە داوا لە دایکان و باوکان دەکەم کە ھەوڵی دەستخستن و خوێندنەوەی ئەم کتێبە بدەن.
کتێبەکە لە پێشەکیی و سێ بەش و دەرئەنجام پێکھاتووە، بەشەکانیش دابەشی چەندین بەند کراون، بەشی یەکەم بە ناونیشانی (پەروەردەکردن دانانی بناغەکە) بەندەکانی (١-٧)ی لەخۆگۆتووە، بەشی دووەم ناوی (گەشەکردنی منداڵ)ـە و لە بەندەکانی (٨-١٣) پێکھاتووە، ھەرچی بەشی سێیەمیشە باسی (بونیادنانی کەسێتی و کەسایەتی) دەکات و بەندەکانی (١٤-٢٣)ی بۆ تەرخانکراوە.
دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، ھەوڵمدا لە چەند تەوەرێکدا بەکورتیی کۆمەڵێک لە وتە بەنرخ و پەیڤە مروارییئاسا و شتە ھەرە باش و بەسودەکانی کتێبەکە ھەڵبژێرم و بە ھەندێک دەستکاریی و زیادوکەمکردنەوە بیخەمە بەردەم ئێوەی خوێنەری بەرێز، بەھیوای سومەندبوونی ھەمووان.
تەوەری یەکەم: بۆ پەروەردەکردنێکی باش چۆن دەستپێبکەین؟
لەم تەوەرەدا بە چواردە خاڵ دەتوانین باشترین دەسپێکی پەروەردەیی دەستنیشان بکەین کە رێخۆشکەرن بۆ پەروەردەیەکی باشتر، ئەوانیش:
١- لە رۆژگاری ئەمڕۆدا پەروەردەکردنی موسوڵمانانە یەکجار پڕ کێشەیە، چونکە دایک و باوکی ئەمڕۆ ھەرچەندە خوێندەواریش بن کەچی کوێرانە لاسایی کەلتووری رۆژئاوا دەکەنەوە. دایک و باوک ھەرچی بکەن منداڵەکانیان ھەر تاکێکی سەربەخۆ دەبن و خۆیان بەرپرسیار دەبن لە کارەکانی خۆیان. ھەربۆیە ھەموو ئەوەی کە دایک و باوک پێشکەشیدەکەن تەنھا بریتییەلە یارمەتی و رێنیشاندان، کاتێک لەم ئەرکەیاندا سەرکەوتوو بوون، رۆژێک دێت خۆشحاڵدەبن و شانازییدەکەن کە بڵێن ئێمە دایک و باوکێکی باش بووین.
٢- پێویستە دایک و باوک لەوە تێبگەن کە گەشەکردنی منداڵ پرۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆزە، دەبێت زۆر لەسەرخۆ لەگەڵ ئەم پرسەدا ھەڵسوکەوت بکەن و پەلەیان نەبێت بۆ بەرھەمەکەیان.
٣- زۆر گرنگە ئێمەی دایک و باوک منداڵەکانمان فێربکەین کە چاک و خراپ لێکجیابکەنەوە، پاشان ھەوڵنەدەین ئەوەی منداڵەکە پێی خۆشە بۆی دەستەبەربکەین، بەڵکو تێیبگەیەنین کە ھەموو شتێک بۆ ھەموو تەمەنێک نابێت.
٤- بوونی متمانە لە نێوان دایک و باوک و منداڵدا زۆر گرنگە، بۆیە ھەر زوو دروستیبکە و بیپارێزە و برەوی پێبدە. چونکە زۆربەی دایک و باوک کە دەبینن منداڵەکانیان درۆیان لەگەڵ دەکەن نیگەران دەبن، لە کاتێکدا درۆکردن بەلای منداڵانەوە مایەی نیگەرانی نییە، بۆیە دایک و باوک ئەبێت بە ناچاریی لە حاڵەتی درۆکردنی منداڵدا دان بە خۆیاندا بگرن تا ئەو کاتەی رێگایەکی گونجاو و کاریگەر دەدۆزنەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو درۆکردنەدا.
٥- ئەبێت لە منداڵەکانمان بپرسین ئێوە چی لە دایک و باوکتان چاوەڕێدەکەن، ئینجا باسی ئەوەیان بۆ بکەین کە ئێمە چی لەوان چاوەڕێ دەکەین.
٦- باشتر وایە دایک و باوک لیستێک ئامادەبکەن کە ھەڵەکانی منداڵەکانیان تێدا بنوسن، و دانایی ئەوەشیان ھەبێت یان بوێرن بە منداڵەکانیان بڵێن کە ئەوانیش لیستێک دابنێن تا ئەو شتانەی دایک و باوکیانی تێدا بنوسن کە لای ئەوان ھەڵەیە.
٧- فێرکردنی بەرپرسیارێتی پێویستی بە ئارامگرتنە. لەسەرەتای تەمەنی منداڵییەوە پێویستە منداڵ فێربکرێت ئاگای لەخۆی بێت، ئەوەش یەکەم ھەنگاوی بەرپرسیارێتییە. دایکان و باوکان نابێت منداڵەکانیان زۆر بەناز گەورەبکەن تا ھەموو ئەرکەکانی منداڵەکە خۆیان بیکەن و وا لە منداڵەکەیان بکەن لە ھەمووکاتێک و بۆ ھەموو ئەرکێک پشت بە دایک و باوکی ببەستێ، بەڵکو ئەبێت منداڵ ھانبدرێت کە کاربکات ئەگەرچی کارەکان زۆر سادە و کەمیش بن، بۆ ئەوەی ھەست بە بەرپرسیارێتی بکات، ئەگەر ئەمە لە منداڵییەوە فێربکرێت ئەوا لە تەمەنی پێگەیشتندا خۆیان تەواو کامڵ دەبن.
٨- پێویستە برەو بدرێت بە متمانەبەخۆبوون و پشتبەخۆبەستن نەک بەتەواوی پشت بەوانی دیکە ببەسترێت و پاشان لە بڕیاردان بترسن. ئەمە بابەتێکی گرنگە و پێویستە دایکان وباوکان توانست و سەربەخۆیی لە منداڵدا بچێنن ئەوکات خودی منداڵ ھەست دەکات کە بەتوانایەو تەواو سەربەخۆیە.
٩- نەوەکانی پێشوو ھەمان خێزان لەسەر ژیان لە ھەمان گوند و شارۆچکە راھاتبوون، داپیرە و باپیرەکان، پور و مام و خاڵ، خوشک و برا بۆ یارمەتیدان و ئامۆژگاریی ئامادەبوون، بەڵام ئێستا ژیانی خێزان ئاستەنگی زیاتری لەبەردەمدایە و زۆر خێزان ھەن دایک و باوکی سەڵتیان لەبەردەمدایە و لێکترازانی ھاوسەرگیریی زیاد بووە، ژمارەی ئەو دایکانەی کە کاردەکەن لە ھەموو کاتێک زیاترن، بۆیە ئەرکی پەروەردەکردن خۆماندووکردنێکی زۆری ئەوێت.
١٠- منداڵ کاتێک ھەڵەیەک دەکات چارەسەریش بۆ ھەڵەکە دەدۆزێتەوە ھێشتا ھەر پێویستی بە ھاندانە. ئەبێت لەوە تێبگەیەنرێت کە ھەڵەکردن ئەوەندەی ئەزموونکردنە ئەوەندە شکست نییە، بۆیە نابێت لەکاتی ھەڵەکردنیدا منداڵ سەرکۆنە بکرێ و قسەی روخێنەری پێبوترێ، بەڵکو ئەبێت ھانبدرێت کە ئەو ئیتر ھەڵەی وا ناکاتەوە.
١١- خۆشەویستی و ئازایەتی و داھێنان و راستگۆیی و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی، سیفەتگەلێکن، بەشێوەی راستەخۆ یان ناڕاستەخۆ، دەبنە ھۆی بنیاتنانی متمانە و باوەڕ بەخۆبوون، ھەموو ئەو تایبەتمەندیانەی ناویان ھێنرا بەشێوەیەک لە شێوەکان دەبنە ھۆی بەھێزتربوونی ئەوی دیکە. بە ھەمووشیانەوە دەبنە ھۆی زیادبوونی ھەست و سۆز و توانای دەروونیی لای منداڵ.
١٢- ھەرچەندە پەروەردەکردن کارێکی پڕ ئاستەنگە، بەڵام خۆشترین و بەبەرھەمترین و چالاکترین و لە کۆتایشدا پر چێژترین ئەزموونە کە لەوانەیە زۆربەی زۆرمان ھەمان بێت، ھەربۆیە دایکان و باوکان ئەبێت ھەردەم سوپاسگوزار بن لە ھەبوونی ئەو نیعمەتە.
١٣- زانست پێویستی بە رێگا و پێکھاتە و ستراتیژ و گریمانە ھەیە، ھونەر پێویستی بە دانایی و سەلیقە و پەیپێبردن و خۆشەویستی و ھەستی گشتیی ھەیە. پەروەردەکردنی منداڵ ھەم زانست و ھەم ھونەرە، لە ھەمانکاتدا دەسکەوتێکی رۆحییشە.
١٤- منداڵان ئایندەی مرۆڤایەتین، دەتوانین لە رێگەی منداڵانەوە جیھان بگۆڕین. چونکە نەتەوە کۆکراوەی خێزانەکانە و ئەوانیش کۆکراوەی ژن و پیاوەکانن. بۆیە تا بتوانین با پەروەردەیەکی باش بکەین بۆئەوەی وڵاتەکەمان بەرەو پێشەوە بڕوات.

تەوەری دووەم: خێزان و ئەرکەکانی بۆ پەروەردەیەکی باشتر
لەم تەوەرەیەدا باسێکی کورتی خێزان و ئەرکەکانی دەخەینەڕوو، کە لامان روونە ئەرکی خێزان زۆر گەورەیە و دایک و باوک کاریگەری راستەوخۆیان ھەیە لە پرۆسەی پەروەردەکردنی مناڵدا، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک رێنمایی بۆ دایک و باوک تێدایە لەپێناو پەروەردەیەکی باشتر، پەیڤە گرنگەکانی ئەم تەوەرەش:
١- کاتێک ئێمە بیر لە خێزان دەکەینەوە، ئەوا بەشێوەیەکی ئاسایی بیر لە دایک و باوک و خێزان دەکەینەوە. یەکەمجار دایک و باوک بە قۆناغێکی گواستنەوەدا دەڕۆن، لە دوو کەسەوە بە لەدایکبوونی یەکەم منداڵ ئەبن بە سێ و بەمەش دایک و باوک دەچنە قۆناغێکی نوێوە و بەرپرسیارێتی دەستپێدەکات، کە زۆرێک لە دایکان و باوکان بەبێ خۆئامادەکردن ئەچنە ناو ئەم پرۆسەیە و بەمەش زیان بە خۆیان و بە کۆمەڵگەکەش دەگەیەنن.
٢- دایک ناتوانێت ھەموو کاتێک ھەموو شتێک بێت، چونکە شتێک نییە بەناوی دایکێکی بێئیش. بەڵام دایک ئەبێت کارەکانی خۆی رێکبخات و خشتە بۆ ئەرکەکانی خۆیی و ماڵەوە دابنێ.
٣- کۆنفۆشیۆس ئەڵێت با ھاوسەرەکان ئاگایان لەخۆیان بێت، کۆمەڵگە خۆی ئاگای لە خۆی دەبێت.
٤- پەیوەندی دایک و باوک و منداڵ بەناچاریی بەرەو جیابوونەوە دەڕوات بە پێچەوانەی پەیوەندی نێوان ھاوسەرەکان، کە پاش بەجێھێشتنی منداڵەکانیان جارێکی تر ھەر خۆیان دەمێننەوە، ھەرچەندە کە بوویت بە دایک و باوک ئیتر ھەتاھەتایە ھەر دایک و باوکیت و پەیوەندییەکی بەردەوامت لەگەلڕ منداڵکانت دەبێت با ئەوان ھاوسەرگیرییش بکەن و ماڵ بەجێبھێڵن.
٥- ئەوانەی کە تەنھا دایک یان باوکن (واتە لەبەر ھەر ھۆیەک بێت لەگەلڕ ھاوسەرەکانیاندا ناژین)، بێبەشن لە سوودی ھاوژینێکی بەئەمەک کە ئەویش ھاوسەرەکەیانە. ھیچ گومانی تێدا نییە جیابوونەوەی ھاوسەران لە یەکتریی کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ دروستدەکات، کاردەکاتە سەر لایەنی ئابووریی و سۆزداریی و باری دەروونیی منداڵەکە. ئەمەش کاردەکاتە سەر منداڵەکانیشیان چونکە دایک ناتوانێت جێگەی باوک بگرێتەوە و باوکیش بە تەنھا ناتوانێت جێگەی دایک بگرێتەوە، ئەو منداڵانەی کە لەگەڵ دایک و باوکیاندا دەژین تەندروستترن و بەباشیی گەشەدەکەن.
٦- ئەبێت لای دایک و باوک زۆر روون بێت کە چی گرنگە؟ دوای چڵ ساڵی دیکە گرنگ نییە کە چەن سەروەتت ھەیە و لە چ جۆرە ماڵێکدا دەژیت یان چ جۆرە ئۆتۆمبیلێکت ھەیە،…. ئەوەی کە بە راستی گرنگە ئەوەیە ئایا تۆ لە ژیانی منداڵەکانت و نەوەکانتدا چەند گرنگیت ھەیە.
٧- ئەگەر ئێمە سبەینێ بمرین، ئەو کۆمپانیایەی یان ئەو دامەزراوەیەی کە کاری تێدا دەکەین لە ماوەی چەند رۆژێکدا کەسێک بۆ جێگەکەمان دەدۆزنەوە، بەڵام ئەو خێزانەی کە لەدوامان جێیدێڵین، ھەتا کۆتایی ژیانیان ھەست بە لەدەستچوونمان دەکەن. کەچی ئێمە زیاتر لە خێزانەکەمان خۆمان بە کارەکانمانەوە سەرقاڵ دەکەین، کە ئەمەش ھەڵبژاردنێکی ناژیرانەیە.
٨- ئەبێت ئەوەمان لا روون بێت کە کەلتوورە باشەکانی خێزان بەھاگەلێک فێری منداڵەکان دەکەن کە لە قوتابخانە فێریان نابن، ھەر بۆیە نابێت منداڵەکانمان بە تەواوەتی تەسلیمی خوێندنگاکان بکەین، ئەبێت ماڵەوە شوێنی سەرەکیی فێرکردنی دابونەریت و بەھا جوانەکان بێت.
٩- باشبوون لەگەڵ دایک و باوک ئەوەندە گەورەیە کە خوای گەورە لە سورەتی (الإسراء: ئایەتی ٢٣) ئەفەرموێ: پەروەردگارت بڕیاریداوە کە ھیچ شتێک نەپەرستن بێجگە لە ئەو و لەگەڵ دایک و باوکتان چاکە بکەن.
١٠- ئەبێت ئێمەی موسوڵمان خێزان زۆر بەگەورە تێبگەین و وا تێنەگەین کە تەنھا شتێک بەیەکمانەوە ئەبەستێتەوە، لامان روون بێت خێزان تەنھا لەبەر خۆشەویستی دروستنەبووە بەڵکو بەرپرسیارێتی و چاودێریکردنیشی لەگەڵە.
١١- یەکێک لە کێشەکانی بەخێوکردنی منداڵ کێشەی ئازادیی کەسییە. چەندین دایک و باوک ئازادییەکی بێسنوور بە منداڵەکانیان دەدەن ئەمەش لە کۆتایدا خراپ دەشکێتەوە، چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی نەمانی بەربەست و سنوور لەبەردەم ئارەزووە کۆنترۆڵنەکراوەکانی منداڵ و ئارەزووە کۆنترۆڵنەکراوەکانیش ترسناکن. لەمڕووەوە، لەسەر ئازادی کەسی ئەفلاتوونی فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێت: “ئازادیی دیارییەکی بەنرخە کە نابێت تەنیا بەمەبەستی چێژوەرگرتن و نابەرپرسیارانە بەکاربھێنرێ چ راست بێت یان ھەڵە.”
١٢- منداڵێک لە ژینگەیەکی باشی ماڵەوەدا بەخێوکرابێت بەھێزتر و تەندروستر دەبێت کاتێک تێکەڵی کێلگە فراوانەکە دەبێت و زیاتر بەرگەی نەخۆشییە ئەخلاقییەکان دەگرێت. بۆیە دەبێ دایک و باوک ھەوڵبدەن ژینگەیەکی تەندروست و باش بۆ منداڵەکانیان فەراھەمبکەن.

تەوەری سێھەم: دانانی ئامانجی راست و دروست بۆ پەروەردەیەکی باش
لێرەدا رێنوێنی دایک وباوک دەکرێ بەوەی کە پێویستە بە وردیی پلان بۆ کاروباری منداڵەکانیان دابنێن، چونکە ئامانجی دایک و باوک بەرھەمھێنانی منداڵێکی شارستانیی و بەھێز و متمانەپێکراوە، دیارترینی ئەو رێنماییانەش:
١- پێویستە دایک و باوک پەروەردەکردنێکی زیرەکانە جێبەجێبکەن، ئەمەش ئەبێت زۆر بەوردی پلانی بۆ دابنرێت.
لە فەرموودەیەکدا پێغەمبەرمان (دروود و سەلامی خوای لەسەر بێت) دەفەرمووێت: “خەڵک وەک کانزا وان کە ھەریەک خەسڵەتی خۆیانیان ھەیە، باشترین خەڵک لە پێش موسڵمانبووندا، باشترینیانن لە کاتی ئیسلامدا، ئەگەر تێبگەن.”
٢- تاقیکردنەوەیەکی بەھێز ھەیە بۆ منداڵەکانتی بکە، ئەویش ئەوەیە: دایکێک یان باوکێک گۆزەیەکی گەورەی بەتاڵی ھەڵگرت و پڕیکرد لە تۆپی گۆلف، پیشانی منداڵەکانی دا و پرسیاری لێکردن ئایا گۆزەکە پڕبووە؟ ئەوانیش وتیان بەڵێ، قوتویەکی بچوکی چەوی کردە ناو گۆزەکەوە و لەسەرخۆ رایوەشاند و چەوەکە رۆیشتە شوێنە بەتاڵەکانی نێوان تۆپەکانەوە. جارێکی تر پرسیی ئایا گۆزەکە پڕبووە؟ ئەوانیش وتیان بەڵێ، دواتر سندوقێکی بچووکی لمی ھەڵگرت و کردییە ناو گۆزەکەوە و لمەکە ئەو بۆشایانەی کە مابوو پڕی کردەوە. ئینجا پرسیی ئایا گۆزەکە پڕبووە؟ ئەوانیش وتیان بەڵێ، ئینجا دوو کوپ قاوەی لە ژێر مێزەکە دەرھێنا و کردییە ناو گۆزەکەوە و ئەو بۆشایانەی نێوان لمەکەی پڕکردەوە، و منداڵەکان دەستیان کرد بە پێکەنین. مەبەستی لەمە ئەوەبوو ئەیویست منداڵەکانی فێربکات ئەو گۆزەیە وەک ژیانتان وایە، تۆپە گۆڵفەکان شتە گرنگەکانن وەک: خواپەرستی و تەندروستی و ھاوڕێکان و خولیا گرنگەکانتان. چەوەکەش کارەکانتان و سەیارەکانتانن، و لمەکەش ئەو شتانەی ترە کە چێژیان لێوەردەگرن کە شتی زۆر بچووکن. بۆیە ئەگەر ژیانتان ھەر تۆپە گۆڵفەکە بێت و ئەوانی تر ون ببن ژیانتان بە پڕیی ئەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر یەکەمجار گۆزەکە پڕبکەیت لە لمەکە، ئەوا شوێن بۆ تۆپەکە و چەوەکە نامێنێتەوە. بۆ ژیانیش ئەمە راستە ئەگەر تۆ ھەموو کات و وزەت بۆ شتە بچووکەکان سەرف بکەیت ھەرگیز شوێنی شتە گرنگەکانت بۆ نامێنێتەوە، بۆیە گرنگی بەو شتانە بدە کە بۆ سەرکەتن گرنگن. ئەوە بۆ ئێمەی دایک و باوکیش ھەر راستە، ھەمیشە نوێژەکانت بکە و خێری زیاتر بکە و کاتت لەگەڵ منداڵەکانت بەسەر ببە و ئاگات لە تەندروستیت بێت و لەگەڵ خێزانەکەت بچۆ دەرەوە بۆ نانخواردن، با کاتیشت ھەبێت بۆ خوێندن. بۆیە خەمت نەبێت ھەمیشە کاتت ئەبێت بۆ ئیشە وردەکانی ناوماڵ.
٣- باشترە منداڵەکانمان وا گەورە بکەین خۆشترین ژینگەیان ماڵەوە بێت. بەردەوامیش پرسیاریان لێ بکرێ ئایا کە دێیتەوە ماڵەوە ھەست بە ئاسودەیی دەکەیت؟ یان ئایا کە لە دەرەوەی ماڵیت حەز ئەکەیت زوو بگەڕێیتەوە ماڵەوە؟
٤- زۆر گرنگە ئەندامانی خێزان لە رۆژێکدا جارێک لەسەر سفرەی نانخواردن کۆببنەوە، ھەفتەی جارێکیش، بۆ نموونە شەوی ھەینی دابنرێ، خێزان بەیەکەوە دابنیشن وگفتوگۆبکەن ھەتا لە نزیکەوە ئاگایان لە خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتری بێت و دڵنیاش بیت کە ھیچ بار گرژی و فشارێکی نادروست لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیە دروست نابێت.

تەوەری چوارەم: بەخێوکردنی منداڵانێک کە خوای گەورەیان خۆشبوێت، ئامانجێکی زۆر گرنگە.
لەژێر ئەم ناونیشاندا ئاماژە بەوە ئەدەین کە یەکێک لە ئەرکە ھەرە گەورەکانی دایک و باوک ئەوەیە وا لە منداڵەکانمان بکەین کە خواناس بن و خوای گەورەیان خۆش بووێت، ئەمەش نەک تەنھا بەسەرزارەکیی بێت، بەڵکو ئەبێت لە کردەوە و گوفتاریاندا بەدی بکرێت. مەبەستەکەشمان لەم خاڵانەدا دەخەینەڕوو:
١- ئێمەی دایک و باوک ئەبێت زۆر ئاگاداری منداڵەکانمان بین، تەلەفیزیۆن نەبێتە دایەن بۆیان و پەخش و بەرنامەکانی تەلەفیزیۆن لەبری ئێمە منداڵەکانمان پەروەردە نەکەن، لەبەرئەوەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە ئێمەی تێدا دەژین لە زۆر کات و بواردا پەرە بە عەقڵییەتی ناھاوسەنگ دەدات، وەک ئەو بۆچوون و بیرکردنەوەیەی کە دەیەوێت خوای گەورە لە ژیانماندا جیادەکاتەوە. بۆیە دەبێت ئاگامان لە خوێندنگە و ئەو بەرنامانەی تەلەفیزیۆن بێت کە بە بایەخ و گرنگییەوە باسی خوای گەورە ناکەن و دەخەنە ریزی پشتەوە.
٢- ھەندێک دایک و باوک ھەن منداڵەکانیان وا گەورە دەکەن کە خۆپەرست بن و زیاتر خەریکی ئەوەن کە منداڵەکان چی لەبەر دەکەن و چی دەخۆن، بێئاگان لەوەی کە فێریان بکەن کە چۆن ئاگایان لەوانی تر بێت و بەبەزەیی بن و ھەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، بە تایبەت لەگەڵ ھەژاران و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
٣- ئێمە داوا لە دیکان و باوکان دەکەین کە راستگۆیانە سەیری بیروباوەڕ و ئایینەکان بکەن، چونکە تێگەیشتنی ژیرانە لە کارەکان و پێداویستییە ناوەکییەکان کاریگەری بەسودی لەسەر چۆنێتی بەخێوکردنی منداڵەکان دەبێت. گرنگە پەروەردەکردن بەشێوەیەک بێت کە بەناوی مۆدێل و شارستانییەتەوە سەرنەکێشێت بۆ کەلتوری دوور لە بەھا ئاینییەکان.
٤- بۆ پەروەردەکردنی منداڵانێک کە خوای گەورەیان خۆشبوێت پێویستە دایک و باوکەکان قورئانیان پێبناسێنن، لەبەرئەوە نا کە تەنھا کتێبێکی پیرۆزە و تەنھا لە بۆنەکان چەند ئایەتێک دەخوێنرێَت. بەڵکو ئەوەیان فێربکرێ کە قورئانی پیرۆز سەرچاوەی ھەموو زانستەکانە و پێویستە لە ژیانی رۆژانەماندا پشتی پێ ببەستین. تەنھا منداڵەکان بە ئاگری دۆزەخ نەترسێنین بەڵکو باسی بەزەیی و سۆزی خودای میھرەبانیشیان بۆ بکەین.
٥- پێویستە منداڵان فێری چەمکی رەوشت بکرێن کە زۆر گرنگە لە ئیسلامدا، فێربکرێن بڵێن سوپاس بۆ خودا، ئەگەر خودا بیەوێ. لەگەڵ ئەمانەشدا فێری ھەڵسوکەوتی جوانی خواردن و خواردنەوە و رێکپۆشی و چۆنێتی مامەڵەکردن بەرێزەوە بکرێن.
٦- وا باشترە منداڵەکانمان فێربکەین کە خوای گەورە ئەوانی خۆشدەوێت. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئەگەر بڵێین ئێوە ئەبێت خوای گەورەتان خۆشبوێت ئەوە شتێکی مەعنەوییە و ئەوان لەوە تێناگەن، بەڵام ئەگەر بڵێین خوای گەورە ئێوەی خۆشەوێت ئەوا ئەیانەێ بزانن ئەو کائینە چییە کە ئەوانی خۆشەوێت و بەدوایدا دەگەڕێن و لەبارەیەوە پرسیار دەکەن و ئەیانەوێت پەیوەندیان ھەبێت لەگەڵ ئەو زاتە خۆشەویست و بەئاگایەدا.

تەوەری پێنجەم: رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ لە پەروەردەدا
لەم چەند خاڵەدا باسێکی کورتی ئەو ئاستەنگانە دەکەین کە دێنە بەردەم دایکان و باوکان لەکاتی بوون بە دایک و باوک، واتە لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵی یەکەمدا، پاشان چۆن بتوانن رووبەڕووی ببنەوە:
١- ئاستەنگی گەورە ئەو کاتە دەستپێدەکات کە یەکەم منداڵ لە دایک دەبێت، لە زۆر باردا دایک و باوک نازانن چیبکەن، ھەرچەندە بۆی ھەیە ھەندێک شتی تێوریی (واتە نەزەریی) فێربووبن، بەڵام ئەزموونی کرداریان نییە.
٢- پرۆسەی پەروەردەرکردن کاتی دەوامکردن نییە رۆژانە چەند کاتژمێرێک بێت، بەڵکو بیستوچوار سەعاتە لە رۆژێکدا و حەوت رۆژە لە حەفتەیەکدا و پەنجاودوو حەفتەیە لە ساڵێکدا بەبێ پشودان. ھەرئەوەندە بوویت بە دایک و باوک ئیتر تا کۆتایی ژیانت پێوەی پابەند دەبیت و نابێت ھیچ شتێک لەم پابەندبوونە ببێتە رێگر.
٣- ئەبێت ئەوەمان لا روون بێت پرۆسەی پەروەردەکردن پرۆسەیەکی خاو و بەیەکداچووە و ئەرکێکی درێژخایەنە، بۆیە دەبێت دایک و باوک پەلەیان نەبێت تا بزانن منداڵەکەیان کەسێکی باشە یان خراپ.
٤- کاتێک منداڵێک لەدایکدەبێت ناتوانرێ بوون بە دایک و باوک دوابخرێ، یان فەرامۆشبکرێ. منداڵان سەعاتێکی بایلۆجی خۆیانیان ھەیە و دەبێت دایک و باوک لە گەشە کردنیان تێبگەن. دایک و باوک نە دەتوانن گەورەبوونی منداڵەکەیان خاوبکەنەوە و نەدەتوانن پێشی بخەن، ئەگەر بیانەوێ دەستی تێوەربدەن ئەوە کارەسات دەقەومێ.
٥- پەروەردەکردن شتێک نییە کە فێری بیت چۆن ئەنجامی بدەیت، بەڵکو کە منداڵت بوو خێرا دەبێت ئەنجامی بدەیت. (ئیلکاند ١٩٩٥)
٦- دایک و باوک دەبێت بە ئەزموونی تایبەت پەروەردەکردن فێرببن، ھەرچەندە ئەزموون مامۆستایەکی رەقە، لە پێشدا تاقیتدەکاتەوە ئینجا فێری وانەت دەکات. ھەوڵبدە فێری ئەم پاڕانەوەیە ببیت: (خودایە با لە ژیاندا ھەموو شتێک بە ئەزموونی خۆم فێرنەبم.)
٧- ئەبێت دایک و باوک ئەوەی لا روون بێت کە رێکخستن ھەڵسوکەوت دەگۆڕێت، بەڵام سزادان ھەڵسوکەوت کپدەکاتەوە. بۆیە بە نەرمونیانیی قسە لەگەڵ منداڵەکەت بکە و ھەوڵبدە تێیبگەیەنیت و ئاگاداری بکەیتەوە لە ھەڵسوکەوتی خراپ.
٨- پێویستە دایکان وباوکان بە ئەرێنی قسە بۆ منداڵەکانیان بکەن و نموونەی زۆری ھاندان و ئاسودەبەخش بۆ منداڵەکانیان بھێنەوە وەک: (ئەمە زۆرباشە، ئەمە راستە، ئەمەم زۆر بەدڵە…) ئەم جۆرە ھەڵسوکەوتە ناڕاستەوخۆ کاریگەری زۆرباشی دەبێت.
تەوەری شەشەم: سودە سەرسوڕھێنەکانی شیری سروشتی (شیری دایک)
ئەم پەرتوکە لە چەندین رووەوە ئاماژەی بە سودەکانی شیری دایک کردووە کە سودەکانی سەرسوڕھێنەرن. بۆ نموونە یەکەمجار ئاماژە بە قورئانی پیرۆز دەکات کە لە چوار سورەتدا باسی شیری سروشتی کراوە، ئەوانیش: (البقرە: ئایەتی ٢٢٣، لقمان: ئایەتی ١٤، الڕحقاف: ئایەتی ١٥، الگلاق: ئایەتی ٦-٧)، لەم ئایەتانەدا ھانی دایکان دەدرێت تا دوو ساڵ شیر بە منداڵەکانیان بدەن.
ھەروەھا باسی سوودە پزیشکی و دەروونییەکانی شیردانی سروشتی کراوە و ھانی ھەموو دایکێک دەدات لە پێش لەدایکبوونی کۆرپەلەکەیان ئەم باسە بەھەند وەربگرن و پشتگوێی نەخەن. بۆ نموونە باسی ئەوە دەکات ئەو منداڵانانەی کە شیری دایکیان دەخۆن باشتر گەشەدەکەن و گەورەدەبن و ئەگەری تووشبوون بە ھەوکردن و نەخۆشییەکانی بەرگریی لەشیان کەمە، چونکە دایکەکە لەکاتی ھەناسەدانی منداڵەکەیدا میکرۆبەکانی ھەناسەی منداڵەکە ھەڵدەمژێت پاشان لە رێگەی ریخۆڵەکانییەوە خانەکانی بەرگریی لە لیمفەگرێکانیدا دروستدەکات کە دواجار ئەو دژەتەنە بەرگریکارە پێویستانە دەردەدات و منداڵەکە لە کاتی شیرەکە دەیخوات. لەگەڵ ئەمانەشدا شیردانی سروشتیی منداڵ لە مردنی لەناکاو دەپارێزێت بەرێژەی ٣٦% مەترسیی مردنی لەناکاوی لەسەر کەمدەکاتەوە. ھەروەھا منداڵ لە ھەوکردنی کۆئەندامی ھەرس دەپارێزێت، لێکۆڵینەوەیەک لە ئینگلتەرا دەریخستووە کە شیری دایک مەترسی ئەم نەخۆشییە بە رێژەی ٤٠% کەم دەکاتەوە. لەمڕووەشەوە لە لاپەڕەکانی (٢٧٤-٢٨٩) زۆر بە دوورودرێژی باسی ئەم بابەتە کراوە. بۆیە زۆر پێویستە منداڵ شیری سروشتیی بخوات و دایک ھیچ بیانوویەک نەھێنێتەوە بۆ پێنەدانی ئەگەر بیانووەکانیشی زۆر گەورەبن.

تەوەری حەوتەم: پەروەردەکردنی کچان و کوڕان ئایا جیاوازە؟
پێویستە کوڕان و کچان بە یەکسایی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ، بەڵام کتومت وەکیەک نا، کوڕان و کچان پێویستە فێربکرێن تا رووبەڕووی ژیان ببنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵی خۆیان بە سەرکەوتوویی ببینن. بێئەوەی کوڕان فێری توندوتیژی و سەرەڕۆیی ببن و کچانیش فێری ئەوە نەبن کە دەستەپاچە و لاواز بن و بەتەواویی پشت بە پیاوان ببەستن. ئەبێت ھەردووکیان لەکاتی کاروباری خۆیاندا وا پەروەردەکرابن پشت بە خۆیان ببەستن. بە نیسبەت ژن و پیاویشەوە ئەو دێڕانەی سەرەوە ھەر راستە و پێویستە ئەوە زۆر روون بێت پیاو پیاوە و ژنیش ھەر ژنە، ھەردووکیان وابن کە سوپاسگوزار بن و نابێت لاسایی یەکتری بکەنەوە، ئەوان تەواکەری یەکترن چونکە کار و رۆڵەکانیان جیاوازە، ئەبێت ھەوڵبدەن سەرنجی یەکتری رابکێشن و ژیان خۆشتر بکەن.
تەوەری ھەشتەم: کەسێتی و کەسایەتی
بنیاتنانی کاراکتەر لە ساواییەوە دەستپێدەکات و پاشانیش بەردەوام دەبێت، ساڵانی سەرەتای تەمەنی منداڵیی زۆر گرنگ و کاریگەرن. بنیاتنانی کاراکتەر رۆژ لەدوای رۆژ و بیرۆکە بەدوای بیرۆکە و کردەوە بەدوای کردەوە دێت تا کامڵ دەبێت. دکتۆر (سپۆک) لەم بارەیەوە پێشنیازی ئەوەی کردووە کە رەنگە لە پێنج مانگییەوە بۆ ساڵونیو باشترین کات بێت بۆ ئەوەی تێڕوانینێکی گشتی و گشتگیر لەبارەی ژیان لەلای منداڵ دروستبکەین. ھەر بۆیە ئەبێت دایک و باوک زۆر گەرموگوڕ بن لەگەڵ منداڵەکانیان، چونکە منداڵ وا ھەستدەکات خەڵکی دیکەش بە ھەمانشێوەی دایک و باوکێتی، ئەگەر ئەوان گەرموگوڕ بوون ئەمە وا دەکات منداڵەکە ھەموو کەسی خۆشبووێت و ئەمەش وا لە منداڵ دەکات ھەڵسوکەتی باش لەگەڵ خەڵکی بکات و ھەمووکات بە خۆشەویستییەوە لە خەڵکی بڕوانێت، ئەوەش سەرەتایەکی زۆر باشی کەسێتی منداڵە. ئەبێت لای دایک و باوک روون بێت کە کاراکتەر بێ قوڵایی نییە و بنیاتنانیشی شتێک نییە ھەروا بە ئاسانیی لە رێگەی ئەزموون و کەسانی دیکەوە بگوازرێتەوە، بۆیە ھەروەک باسکرا ھەر لە سەرەتای دروستکردنی کەسایەتییەوە دەست بە دروستکردنی بکرێت. ھەروەک چۆن دروستبوونی رەگی دارێکی گەورە پێویستی بە کاتە ھەتا بە باشی رەگ دابکوتێ، ئاواش بنیاتنانی کاراکتەر پێویستی بە کاتە.

تەوەری نۆیەم: بنیاتنانی خۆشەویستی
خۆشەویستی بریتییە لە ھاوبەشیکردن لە ھیوا پرشنگدارەکانمان، ترسە قوڵەکانمان، پێکەنینە بەرزەکانمان، فرمێسکە نەرمونیانەکانمان، خەموخەفەتە تاڵەکانمان، سەرکەوتن و نوشوستەکانمان.
کە منداڵ لەدایکدەبێت لە بنەڕەتدا خۆشەویستی لە ناخیدا ھەیە، چەکەرەکردنی خۆشەویستی لەگەڵ شیرپێدانی دایکەوە بە منداڵ دەستپێدەکات. بۆیە پێویستە دایک و باوک ھەستی خۆشەویستی گەشە پێبدەن ھەر لە شەش حەفتەی یەکەمی تەمەنی و لەو کاتەی دایک و باوک دەیدوێنن و منداڵەکە کاردانەوەی بۆیان دەبێت. لە پێشتردا باسمان لەوە کردووە کە دەربڕینی خۆشەویستیی کاردانەوەی لەسەر گەشەی منداڵ ھەیە و لە تەمەنی شەش مانگییەوە ھەستی پێدەکرێت. زۆر گرنگە بۆ دایک و باوک کە خۆشەویستی بۆ منداڵەکەی بە راستەوخۆ دەرببڕێت نەک تەنھا بە ناڕاستەوخۆیی بێت. ئەم خۆشەویستی ناڕاستەوخۆیە لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا بە ئاشکرا بەدیدەکرێت، بە تایبەتی لە نێوان باوک وکوڕدا و لە ھەندێک ناوچەش بۆ کچیش ئەمە ھەر راستە، باوکەکە وای ئەزانێت ئەگەر راستەوخۆ خۆشەویستی بۆ منداڵەکەی دەرببڕیت ئەوا لە کەسایەتی و سامی باوکایەتی کەم ئەبێتەوە، بێئاگا لەوەی کە لایەنێکی گرنگی پەروەردە و گەشەی منداڵ پەیوەندیی بەو ھاورێیەتییەوە ھەیە کە لە نێوان دایک و باوک و منداڵدا ھەیە.
زۆر پێویستە دایک و باوک بۆ ھەر دەسکەوتێکی منداڵەکانیان ئەگەر بچوکیش بێت شانازیی و خۆشحاڵی خۆیان دەرببڕن. ئەمەش چەندین شێوەی ھەیە وەک روخسارێکی گەش و زەردەخەنەیەک کە منداڵەکە تێبگات کە بە ئیشەکەی ئەو دڵخۆشیت، ھەر بەم ھۆیەشەوەیە کە منداڵان متمانەیان بە خۆیان زیاددەکات، ئەم متمانەبەخۆبوونەش دەبێتە ھۆی یارمەتیدانیان لەوەی ھەم لەگەڵ خۆیان و ھەم لەگەڵ ھەموو جۆرە خەڵکێکی دیکە ئاسوودە بن. یەکێک لە بەنرخترین ئەو دیارییانەی کە پێویستە دایک و باوک لەکاتی بەرزیونزمییەکانی ژیاندا پێشکەشی منداڵی بکەن خۆشەویستییە، چونکە کاریگەریی و گوڕی دایک و باوک بێپایان بەھێزە.
دواپەیام تایبەتە بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەلەفیزیۆن و مۆبایل و یاریی کۆمپیوتەریی. ئەمە باسێکە زۆر گرنگە و لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا یەکێکە لە کێشە گرنگەکان کە زۆرێک دایک و باوک بۆ بێدەنگبوون یاخود بۆ دوورکەوتنەوەی منداڵەکان لێیان پەنای بۆ دەبەن و کاتێکیش ھەست بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەکەن کات زۆر درەنگە، بێجگە لە کاریگەریی دەرونیی کاریگەریی تەندروستیشی زۆرە، وەک زوو قەڵەوبوون و کاریگەریی لەسەر چاو و مێشک و تەمەڵبوون. بۆیە دایکان و باوکان ھەتا بۆتان دەکرێت منداڵەکانتان لە سەیرکردنی تەلەفیزیۆن و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دووربخەنەوە تا ژیانێکی شایستەتریان بۆ فەراھەمبکەن لە داھاتوودا.
لەکۆتاییدا:
ئامانجی گەورە و بنەڕەتیی پرۆسەی پەروەردەکردنی دروست بریتییە لە: دروستکردنی منداڵانی باش و بەھێز کە ئەوانیش خێزانی باش و بەھێز دروستبکەن و ئەوانیش کۆمەڵگەی باش و بەھێز دروستبکەن و سەرەنجام نەتەوەیەکی باش و بەھێز دروستببێت و دواجاریش جیھانێکی ئارام دروستبکەین.

بینینی زیاتر

بابەتەكانی نوسەر