توێژینەوە

کەی ئەمە پەیامی قورئانە!

خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَلَقَدۡ يَسَّرۡنَا ٱلۡقُرۡءَانَ لِلذِّكۡرِ فَهَلۡ مِن مُّدَّكِرٖ ١٧﴾ (القمر)، واتە: (قورئانمان ئاسانکردووە بۆ پەند و ئامۆژگاری وەرگرتن، ئایا پەندگرێک و ئامۆژگاری بەرێک هەیە؟!) واتە: قورئان مەتۆڵکە و وتاری دژوار و ئاڵۆز و دوور لە ئاوەز نیە، بەڵکو سادەیە و فێربوون و تێگەیشتنی ئاسانە و لەبەر دڵانە(1) . ئاسانکاری لە ڕووی لەفزەکانیەوە کە بەئاسانی دەخوێنرێتەوە. هەروەها لەلایەنی لەبەرکردنی، کە هیچ کتێبێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نیە وەک قورئان لەبەرکرابێت، لەگەڵ ئەوەی کە ژمارەی لاپەڕەکانیشی زۆرن. تەنانەت دەیان هەزار منداڵ و گەنجی وڵاتانی جیهان قورئانیان لەبەرکردووە بەتەواوی بێ ئەوەی عەرەبی بزانن.. کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا موعجیزەیەکی ئاشکرای ئەم قورئانەیە.. هەروەها چەندین خەڵک هاتوونەتە ناو ئە دینەوە تەنها بە گوێگرتنیان بۆ قورئان.

قورئان ئەوەندە کاریگەرە، تەنانەت بێباوەڕەکانی مەککە نەیاندەویست خەڵکی گوێ لە قورئان  بگرن، نەبا کاریان تێ بکات و موسڵمان بن، تەنانەت باسیان لێوە دەکات و دەفەرموێت: ﴿وَقَالَ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ لَا تَسۡمَعُواْ لِهَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانِ وَٱلۡغَوۡاْ فِيهِ لَعَلَّكُمۡ تَغۡلِبُونَ ٢٦﴾ (فصلت)، واتە: (بێباوەڕان دەیانوت گوێ بۆ ئەم قورئانە مەگرن و بیکەن بە گاڵتە و دەنگەدەنگ، بەشکو بە سەریا سەرکەون)، کە بەڵگەیە لەسەر ترسیان لەوەی بە گوێگرتن لە قورئان بەرەو ئیسلام بیانبات.. ئەگەر، لەبەر دەمارگیریی یان هەر هۆکارێکی تر نەیانوستبێت ئیمان بێنن، بەڵام هەر باسی کاریگەرەکەیان کردووە و بە جادوویان داناوە، چونکە وەک جادوو کاری تێکردوون! وەک لە نموونەی باوەڕنەهێنانی وەلیدی کوڕی موغیرەدا هاتووە، کە سەڕەڕای سەرسامبوونی بە قورئان، بەڵام لەبەر قەومەکەی باوەڕی نەهێناوە و وتوویەتی: ﴿ فَقَالَ إِنۡ هَٰذَآ إِلَّا سِحۡرٞ يُؤۡثَرُ ٢٤﴾ (المدثر).

قورئان باسی ئەو کەسە مونسیفانە دەکات لە ئەهلی کیتاب، کاتێک گوێبیستی قورئان دەبن، خۆیان بۆ ناگیرێت و فرمێسک بە چاوەکانیاندا دێتە خوار، چونکە لە ناخیانەوە هەست دەکەن کە حەقە: ﴿ وَإِذَا سَمِعُواْ مَآ أُنزِلَ إِلَى ٱلرَّسُولِ تَرَىٰٓ أَعۡيُنَهُمۡ تَفِيضُ مِنَ ٱلدَّمۡعِ مِمَّا عَرَفُواْ مِنَ ٱلۡحَقِّۖ يَقُولُونَ رَبَّنَآ ءَامَنَّا فَٱكۡتُبۡنَا مَعَ ٱلشَّٰهِدِينَ ٨٣﴾ (المائدة).

پاشان ماناکانی ئاسانە، چونکە ناکرێت پەیامێکی جیهانیی کە بۆ هەموو مرۆڤ بێت، تا کۆتایهاتنی دونیا و بە زمانێکی قورس و مەتەڵ ئاسا نووسرابێت.. دیارە ڕەوانبێژیی و جوانیی وشەبازی قورئان پێچەوانەی ئاسانیی مانا نیە.. قورئان تەشریع و یاسای تێدایە، دەبێت بە زمانێکی ڕەوانی ئاسان نووسرابێتەوە، گەرچی کاتێک وردەکاریی و لێکۆڵینەوەی وردی بۆ بکرێت لە لایەن شارەزایانی بوارە جیاوازەکانی زانستەوە، ئەوا مانا و حیکمەتی زیاتری لێ دەردەهێنرێت.

قورئان بۆ ئەوە نێردراوە کە مرۆڤ لێی تێبگات و لە ئایەتەکانی وردبێتەوە، خوای گەورە دەفەرمێت: ﴿كِتَٰبٌ أَنزَلۡنَٰهُ إِلَيۡكَ مُبَٰرَكٞ لِّيَدَّبَّرُوٓاْ ءَايَٰتِهِۦ وَلِيَتَذَكَّرَ أُوْلُواْ ٱلۡأَلۡبَٰبِ ٢٩﴾ (ص).. هەروەها دەفەرمێت: ﴿فَإِنَّمَا يَسَّرۡنَٰهُ بِلِسَانِكَ لِتُبَشِّرَ بِهِ ٱلۡمُتَّقِينَ وَتُنذِرَ بِهِۦ قَوۡمٗا لُّدّٗا ٩٧﴾(مریم).

قورئان نهێنیەکانی تەواو نابێت. لە هەر سەردەمێکدا زانایان مانا و یاسا و ئیعجازی نوێی لێ دەدۆزنەوە، تا ئەوە بسەلمێت کە ئەم قورئانە، کە دوا پەیامی خوای بەدیهێنەرە بۆ بەندەکانی، بۆ هەموو کات و شوێنێک دەگونجێت..

وەک وتمان زانایان، نەوەک هەرچی هات و بەئارەزوی خۆی دەمی تێبکوتێت، بێ ڕەچاوکردنی هیچ کام لە بنەماکانی تەفسیر و زمانەوانی و ئەو زانستانەی کە پێویستن بۆ ڕاڤەی قورئان، کە ئەمە تەفسیری ئەو وتەیەی پێغەمبەر ﷺ دەکاتەوە کە فەرموویەتی: “من قال في القرآن برأیە فأصاب فقد أخطأ” (الترمذي)، واتە: (ئەوەی بەڕای خۆی – واتە بە ئارەزووی خۆی – ڕاڤەی قورئان بکات ئەوا هەڵە دەکات)، هەروەها لەم فەرموودەیەدا بە ڕوونتر دەردەکەوێت کە مەبەست پێی قسەکردنە لە قورئاندا بە بێ زانست: “من قال فی القرآن بغیر علم فلیتبوأ مقعدە من النار” (أحمد)، واتە: (ئەوەی بە بێ زانست باس لە قورئان بکات با جێگای خۆی لە ئاگردا ئامادە بکات).

ئەمەش ئەوە ناگەیێنێت کە تەنها شارەزایانی زانستە ئیسلامیەکان زانست و مانای نوێ لە قورئان دەربهێنن، چوونکە دەکرێت زانایانی بوارە جیاوازەکانی زانست لێکۆڵینەوە لە مانا و مەبەستەکانی قورئان بکەن، بەڵام دەبێت لەسەر ڕێبازی موفەسیرەکان بێت، یان ڕاستەوخۆ لە ڕێی کۆڕ و دەستەی زانستیەوە، یان بە پشتبەستن بە ڕای زانایانی ڕاڤەکارانەوە، بەتایبەتی لە بابەتی وشەسازی و مانای بڕگەکان و زمانی ئەو کاتی هاتنەخوارەوەی قورئان و ئەو زانستانەی تر کە دەبێت حزوریان هەبێت لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ئایەتەکاندا، کە زۆربەی کات شارەزایانی زانستە ئەزموونیەکان ئەو زانیاریەیان نیە، یان با بڵێین لەو بوارەدا قووڵ نین.

بەداخەوە هەندێک کەس – بۆ هەر مەبەستێک بێت – دەم دەکوتنە قورئان، بە ئارەزووی خۆیان قسەی لێ دەکەن.. تەنانەت پێشینی خۆیان هەر بەهەڵە دەزانن و وا نیشانی دەدەن ئەگەر (ئەمان) نەبوونایە ئەو نهێنیانە بەشارەوەیی دەمانەوە!! بەڵکو هێرش دەکەنە سەر زانایان بە گشتیی و، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان هۆکاری بەهەڵەبردنی خەڵکی بوون و پێویستە جارێکی دی (ئەمان) هەستن بە داڕشتنەوەی فیکر و تێگەیشتنی ئیسلام و تەفسیرکردنی قورئان!

سەرەڕای ئەم جۆرە قسانە لە زانایان ناوەشێتەوە کە هەرچی پێش خۆیانە بە هەڵەی دانێن، بە خوێندنەوەیەکی سادە بۆ نووسینەکانیان، یان گوێگرتن لە بابەتە تۆمارکراوەکانیان – کە لەم سەردەمەدا بۆتە مۆدێل – دەردەکەوێت نەک نەیانپێکاوە، بەڵکو زۆر هەژاریشن لە زانستە شەرعی و زمانەوانیەکاندا، بەڵام بەجۆرێک ڕاکانیان عەرز دەکەن کە چەواشەکاریی لە گەنجان و کەم زانستان دەکەن، ئەمە جگە لەوەی گومانی ئەوەش دەکرێت کە ئەجندای تایبەت و نهێنیان لەپشتەوە بێت!

بۆ نموونە یەکێکیان لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا دەڵێت: ﴿الٓرۚ تِلۡكَ ءَايَٰتُ ٱلۡكِتَٰبِ وَقُرۡءَانٖ مُّبِينٖ ١ رُّبَمَا يَوَدُّ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ لَوۡ كَانُواْ مُسۡلِمِينَ ٢﴾ (الحجر): “پیتی (ر) شەددەی لەسەرە، واتە خوێندنەوەی ئەم وشەیە دەبێت وا بێت (رُرُرُرُبَما) و بۆ ١٤٠٠ ساڵیشە کەس نەیتوانیوە ئەو شەددەیەی لەسەر لاببات، لەگەڵ ئەوەی ئەم وشەیە لە زمانی ڕۆژانەماندا (رُبَّما)یە، واتە شەددەی لەسەرە.. ئەگەر وشەکە (رُبَّما) بووایە، ئەوە ئەگەری ٥٠٪ی دەدا بەدەستەوە، (ربّما یأتي زید، وربّما لا یأتي)، لەم کاتەشدا نیسبەتی باوەڕهێنانی بێباوەڕان ٥٠٪ دەبوو، کە ئەمە پێچەوانە دەبێت لەگەڵ ئایەتی ﴿إِنَّ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ سَوَآءٌ عَلَيۡهِمۡ ءَأَنذَرۡتَهُمۡ أَمۡ لَمۡ تُنذِرۡهُمۡ لَا يُؤۡمِنُونَ ٦﴾ (البقرة)، بۆیە وشەکە لە سورەتی (الحجر)دا بەم شێوەیە هاتووە (رُرُرُرُبَما)، چونکە ئە وشەیە ئەگەرێکی زۆر زۆر کەم دەدات کە بێباوەڕان ببنە موسڵمان، نموونەی ئەم ڕەوانبێژیە ئەستەمە لە زمانەکانی تردا دابڕێژرێت، چونکە لە زمانەکانی تردا سەروبۆر نییە”(2) .

جارێ بوونی ئەو شەدەیە لەسەر (ر)کە لەبەر ئەوە نیە کە بە (رُرُرُرُبَما) بخوێنرێتەوە، بەڵکو ئەوە نیشانەی تێهەڵکێشان (ادغام)ە، چونکە تەنوینی ژێر وشەی (مُّبِينٖ)، کە (ن)ێکی لێ دروست دەبێت، گەیشتووە بە (ر)کە، لەکاتی تێهەڵکێشاندا پیتی یەکەم دەچێتە ناو پیتی دووەم و، پیتی دووەم دووبارە دەبێتەوە، لەجیاتی نوسینی دوو پیت پیتێکی شەددەدار دەنووسرێت، کەواتە (ن)ەکە نامێنێت و (ر)کە دەبێت بە دووان، بۆیە لەکاتی گەیانندا بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە: (مُّبِينِـرُّبَمَا)، بەڵام لەکاتی دەستپێکردنەوە بە خوێندنەوەی وشەی (رُّبَمَا) نابێت شەددەکەی بخوێنرێتەوە، واتە بە هیچ شێوەیەک بە (رُرُرُرُبَما) ناخوێنرێتەوە.. ئەمانە زانیاریەکی سەرەتایی زانستی تەجویدە! بەڵام ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەر خۆیان لە قورئان تێگەیشتوون، ئەم زانیاریە سەرەتاییانەش نازانن!!

بانگەشەی ئەوەی گوایە ١٤٠٠ ساڵە کەس زاتی ئەوەی نەکردووە کە شەددەکەی لەسەر لاببات و بیخاتە سەر (ب)کە، قسەیەکی بێ بنەمایە، چونکە – وەک زانراوە – سەروبۆر لەسەرەتای نووسینەوەی قورئاندا نەبووە، یەکەم کەسیش کە ئەو کارەی کردووە ئەبو ئەسوەدی دوئەلی (٦٩ک کۆچی دووای کردووە) بووە، سەروبۆر و تەنوینی بۆ پیتەکان داناوە(3)، خەلیلی کوڕی ئەحمەدی فەراهیدیش (١٧٥ک کۆچی دووای کردووە) هەمزە و شەددەی بۆ پیتەکان داناوە .. کەواتە شەددە لەسەر هیچیان نەبووە، بەڵام ئەوەی کەس نەیتوانیوە (ب)کە بە شەددە بخوێنێتەوە، ئەوە وا نییە، چونکە لە دە قورئانخوێنەکان (القراء العشر)، حەوتیان بە شەددە دەیخوێننەوە (ابن کثیر، أبو عمرو، ابن عامر، حمزة، الکسائي، یعقوب، خلف)(4) .. تەنانەت ئەو موصحەفانەش کە بەو ڕیوایەتانە چاپکراون شەددەکەی بۆ کراوە، بۆ نموونە:


موصحەفێک بە ڕیوایەتی دوری لە ئەبو عەمرەوە، چاپی (مجمع الملک فهد لطباعة المصحف الشریف).

موصحەفێک بە قیرائەتی پێشەوا خەلەف.

مانای ئایەتەکە ئەوەیە کە بێباوەڕان ئاوات دەخوازن کە موسڵمان بوونایە، چ ئەو کاتەی کە موسڵمانان دەبنە خاوەن دەسەڵات و توانا، یان لە ڕۆژی دوواییدا کە ڕاستیەکان دەردەکەون، کە ئەمە ڕای زۆری ڕاڤەکارانە، لەوانە تەفسیری نامی، ڕامان، ئیبن کەسیر، سەعدی، بەغەوی، تەبەری، ئیبن عاشور، سابونی… کەی پەیوەندی بە لەسەدا پەنجای بێباوەڕانەوە هەیە!

هەروەها دەڵێت: ئەگەر شەددەکە لەسەر (ب)کە بووایە ئەوا نەسیجی قورئان هەڵدەوەشایەوە!! وەک باسمان کرد ئەو شەددەیە لە ٧ قیرائەتدا هەیە و قورئانیش هەڵنەوەشاوەتەوە.. کەواتە بۆ بە دوو قیرائەت دەخوێنرێتەوە؟ مەککی ئەبو تالیب (٣٥٥- ٤٣٧ک)، زانای بەناوبانگی قیرائات، دەڵێت: “ربما، بە شەددە و بێ شەددە، دوو لەهجەی بەناوبانگی عەرەبە”(5) . دوو لەهجە (دایالۆک) واتە یەک مانایان هەیە، کەواتە جیاوازی لە مانادا دروست نابێت. لە (زاد المسیر)دا هاتووە: “… فەرراء دەڵێت: ئەسەد و تەمیم دەڵێن: (رُبَّما) بە شەددە، خەڵکی حیجاز و زۆربەی قەیس دەڵێن: (رُبَما) بێ شەددە. تەیم دەڵێن (رَبَّما) بە فەتحە لەسەر (ر)..”(6) .

لەگەڵ ئەوەی ئەم جۆرە بەناو ڕۆشنبیر و نوێکەرەوانە – وەک لەم نموونەیەدا دەرکەوت – دیارە کە سادەترین بنەماکانی زانست و توێژینەوەی زانستیی نازانن، یان دەیزانن بەڵام مەبەستیان هەیە، یان وا دەکەن تا دەربکەون، وەک دەڵێن (خالف تعرف). هەروەها کەی ئوممەتی ئیسلام پێویستی بەم جۆرە توێژینەوانە هەیە. ئایا قورئان هیچی تیا نەماوە و زانستەکانی وشک بوون، تا پەنا ببرێتە ئەم بابەتە کاڵ و کرچانە، گەنجان وا تێبگەیەنرێت کە زانایانی پێشینیان لە ئاستێکی نزم و بێ ئاگادا بوون، تا وای لێ دێت متمانەی بە ئەو کەلەپوورە دەوڵەمەندەی نەمێنێت، کە شایانی شانازیە، نەک تەبەررابوون لێی!

قورئان زۆر لەوە گرنگتر و گەورەترە کە کورتی بکەینەوە لە ژماردنی هەندێک وشە و هەندێک پیت، وامان لێبێت پەیامە گەورەکەیمان بیربچێتەوە، کە بەرنامەی ژیان و مایە پێشکەوتن و سەربەرزیی دونیامانە پێش قیامەت.

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:

1- شنەی ڕەحمەت، د. موستەفا خوڕڕەم دل، چ١، ٢٠١٥، ١٧١٨.

2- https://www.facebook.com/DrAliKayali/posts/تابع-المقالة-السابقة-المثال-الأوّل-الكلمة-الأولى-من-الآية-الثانية-من-سورة-الحجْر/490080321069344/

3- الزيادة والإحسان في علوم القرآن، للإمام محمد بن أحمد بن عقيلة المكي، مجموعة رسائل جامعية، مركز تفسير للدراسات القرآنية، المملكة العربية السعودية- الرياض، ط2، 1432هـ- 2011م، 3/ 6- 7.

4- البدور الزاهرة في القرءات العشر المتواترة من طريقي الشاطبية والدرة، عبد الفتاح القاضي، ط1، 1401هـ-1981م، شركة مكتبة ومطبعة مصطفى البابي الحلبي وأولاده بمصر، 175.

5- كتاب الكشف عى وجوه القراءات السبع وعللها وحججها، أبو محمد مكي بن أبي طالب القيسي، تحقيق: د. محي الدين رمضان، ط1، 2013م-1434هـ، دار الرسالة العالمية- دمشق، 2/29.

6- زاد المسير في علم التفسير، ابن الجوزي، المكتب الإسلامي، ط1، دار ابن حزم، بيروت، لبنان، 1423- 2002م، 753. هەروەها بنواڕە: : تفسير القرآن بالقراءات القرآنية العشر، عدد من المؤلفين، منشورات الجامعة الإسلامية ورابطة علماء فلسطين-غزة، روابي القدس للطباعة والنشر والتوزيع، لبنان، صيدا، ٥/١٩٨- ٢٠٠.

بینینی زیاتر

د.دیاری ئه‌حمه‌د قه‌صاب

لەساڵی 1968 لەسلێمانی لەدایك بووە، بروانامەی دكتۆرای لەنەشتەرگەری گشتیدا هەیەو ئێشتا پزشكی ڕاوێژكارە لەنەشتەرگەری گشتیداو پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی نەشتەرگەری- کۆلێجی پزیشکی- زانکۆی سلێمانی، جێگری سەرۆكی سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكری و ئەندامی دامەزرینەر و دەستەی گشتی ناوەندی کوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا، سەرنوسەری گۆڤاری (هەیڤ)ه.