وتار

میدیاو کارەساتە گەورەکە

بەپێی توێژینەوەیەکی دەزگای موکریان کە ساڵی ۲۰۰٦ ئەنجامی داوە لەسەر خووپێوەگرتنی مادە هۆشبەرەکان لەسنوری پارێزگای هەولێردا تەنها شەش کەس لەنێو بەندکراوەکانی بەندیخانەدا هەبووە کە دوچاری ئالودەبوون بووبن وە کۆی دەستگیرکراوانی بەکەیسی مادەهۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بەو مادانەوە لەهەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆک جگە لە سلێمانی تەنها ۳۸ کەس بووە.
بەڵام پاش سیانزە ساڵ ئامارەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار هەڵکشاون ژمارەی دەستگیرکراوان لەهەردوو پاریزگای دهۆک و هەولێر بیست و پێنج بەرامبەر بەرزبووەتەوە ئەگەر بێت و بەم شێوەیە بەردەوامبێت مەترسی و کارەساتێکی وا گەورە دەخولقێنێت کە هیچ کەس و لایەن و دەزگایەک ناتوانێت ڕوبەڕوببێتەوە.
بەپێی ئاماری دەزگای شەهید کەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەچوارچێوەی کۆنفراسێکدا زانستی تایـبەت بە ڕوبەروبونەوەی مادەهۆشبەرەکان خستیەڕوو ژمارەی تووشبوو بەمادە هۆشبەرەکان لەهەرێمی کوردستاندا گەشتووەتە ۱۰۰ هەزار کەس ئەمەش ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات کە مادەی هۆشبەر ئەگەر ڕێگاکانی ڕوبەڕوبونەوەی نەگۆڕین ئەوا کارەساتی گەورە چاوەڕێمان دەکات
ئەگەر چی لەڕووی زانستی و ئاینی و تەندروستی و کۆمەڵایەتیەوە ڕێگاکانی ڕێگری لە توشبوون بەمادە هۆشبەرەکان ڕونکراوونەتەوە بەڵام ڕێگەی گەشتنی ئەو زانیارییانەو مەترسی ئەو مادانە بۆ تاک و کۆمەڵگە ڕون نەکراوەتەوە تەنانەت میدیاکانمان لەکاتی باسکردن ئاماژەدان بە توشبوانی مادە هۆشبەرەکان وەک تاوانبار دەناسێنرێن لەکاتێکدا ئەوان قوربانین و پێویستیان بە چارەسەرهەیە نەک زیندان و حکومدان بەڵکو تاوانباران بازرگان و فروشیارانن کەچی ئەوان بە ئازادانە دەسوڕێنەوە.
بۆیەبە بڕوای ئێمە میدیا هۆکارێکی کاریگەرە بەتایبەت میدیایی ئاڕاستەکراو و مەبەستدار ( الاعلام الهادف ) لەڕوی هۆشیاریەوە دەبێتە بەربەستی یەکەم لەبەردەم ڕوبەڕوبونەوەی ئەو کارەسات و ئافاتە گەورەیە چونکە میدیا لە ئێستادا کۆمەڵگە بەهەردوو باری ئەرێنی و نەرێنیدا ئاڕاستە دەکات بەجۆرێک میدیا کۆنترۆڵی جۆری بیرکردنەوەکانیشی کردووە و پێمان دەڵێت بیر لەچی بکەینەوە و چۆن هەنگاو هەڵگرین و چی بخۆین و چی بپۆشین.
بۆیە گرنگە خاوەن میدیا و میدیا کاران و دام و دەزگا تایبەتمەندەکانی ئەو بوارە بەیەک دەست و بەیەک هێز ڕوبەڕوی ئەو کارەساتە ببنەوە بەشێک لەکاتی پەخش و بڵاوکردەوەکانیان بۆ هۆشیاری و ڕوبەڕو بونەوە تەرخان بکەن.

 

بینینی زیاتر