وتار

بەناوبانگترین ئەو بەریتانیانەی لەسەردەمی ڤیکتۆریدا مسوڵمان بوون

لەلوتکەی سەردەمی ئیمپراتۆریەتدا چەند بەریتانییەک بڕیاریاندا واز لەئایینی مەسیحی بھێنن و موسڵمان ببن، لێرەدا چیرۆکی سێ لەو کەسە پێشەنگ و دیارانە دەخەینە ڕوو کەبەڕەنگاری پێوەرەکانی سەردەمی ڤیکتۆری بوونەوە لەکاتێکدا کەمەسیحیەت بەردی بناغەی ناسنامەی بەریتانیا بوو.
عەبدوڵڵا کویلیام
پارێزەر ویلیام ھنری کویلیام پاش بینینی ئەنجامدانی نوێژ لەلایەن چەند مەغریبیەکەوە لەسەر پاپۆڕێک لەکاتی پشوودا لەنێو دەریای ناوەڕاست لەساڵی (١٨٨٧ز) گرنگیپێدانی بەئیسلام دەستی پێکرد.
دەڵێت: “بەھێزی ڕەشەباکە یان جوڵەی کەشتییەکە ھەرگیز ئەوانی بێزار نەکرد، لەکاتێکدا سەیری ڕوخسارو دەربڕینەکانیانم دەکرد سەرسام بووم پێیان، ئیمانێکی تەواو و ڕاستگۆیی نیشان دەدا”.
پاش کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بەئایین لەو ماوەیەی کە لەتەنجە مایەوە، کویلیام موسڵمان بوو، تەمەنی ئەو کاتە ٣١ ساڵ بوو، ئیمانە نوێیەکەی ئاوەھا وەسف دەکات: “مەعقول و مەنتیقییە و لەسەر ئاستی کەسیی وا ھەستدەکەم پێچەوانە نییە لەگەڵ بیروباوەڕەکانمدا”.
ھەرچەند ئیسلام ئەوکەسەی موسڵمان دەبێت ناچار ناکات ناوی خۆی بگۆڕێت، بەڵام کۆیلیام ناوی “عەبدوڵڵا”ی بۆ خۆی ھەڵبژارد.
پاش گەڕانەوەشی بۆ ئینگلتەرا لەساڵی (١٨٨٧ز)دا بووە بانگخوازێک بۆ ئایینە نوێیەکەی، وەک باس دەکەن کاریگەری ھەبووە لەسەر موسڵمانبوونی نزیکەی (٦٠٠) کەس لەسەرتاسەری بەریتانیا.
ھەمان ساڵ کۆیلیام یەکەم مزگەوتی لەلیڤەرپوڵ دروست کردووە، کەلەو سەردەمەدا لیڤەرپوڵ بەدووەم گەورە شاری ئیمپراتۆریەتی بەریتانی دانراوە.
شاژنە ڤیکتۆریاش کە زۆرێک لەوڵاتانی موسڵمان لەسایەی حوکمڕانیەکەیدا بوون زیاتر لەو ژمارەیەی کەلەسایەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ھەبوو، لەنێو ئەوکەسانەدا بوو کەداوای کتێبێکیان کرد کە کۆیلیام نووسیبووی بەناوی “ئایینی ئیسلام”، تێیدا بەپوختی ئایینی ئیسلامی خستبووە ڕوو، بۆ سیازدە زمانیش وەرگێڕدراوە ئەم کتێبە.
دەگوترێت شاژنە ڤیکتۆریا داوای شەش نوسخەی تری لەو کتێبەی کۆیلیام کردووە بۆ ئەندامانی خانەوادەکەی، بەڵام حەزی ئەو بۆ زیادبوونی شارەزایی و زانیاری لەگەڵ خواستی ئەو کۆمەڵگا فراوانەی حوکمڕانی دەکرد یەکی نەدەگرتەوە، چونکە ئیسلامییان بەئایینێکی توندو تیژ دەزانی.
ساڵی (١٨٩٤ز) سوڵتانی عوسمانی نازناوی “شێخی ئیسلام لەدوورگەکانی بەریتانیا”ی بەخشییە کۆیلیام، ئەم نازناو پێبەخشینە بەڕەزامەندی شاژنە ڤیکتۆریاش بووە، ئەم نازناوە بەسەرکردە ئایینییەکان لەکۆمەڵگای موسڵماندا دەبەخشرا.
بەھۆی باوەڕھێنانیانەوە زۆرێک لەو دانیشتووانەی لیڤەرپوڵ کەموسڵمان بوبوون تووشی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیان دەبوونەوە، لەنێویشیاندا ھەڵدانی زبڵ و خاشاک بەسەریاندا، ھەرچەند بەفەرمی دان بەئایینەکەدا نرابوو.
کۆیلیام باوەڕی وابوو ئەوانەی ھێرشیان دەکەنە سەر مێشکیان شۆراوەتەوەو ئەوەش بووتە ھۆی ئەوەی باوەڕیان وا بێت ئەوانەی موسڵمان بوون خراپەکارن.
لەنێوخۆدا وا ناسرابوو کە کۆیلیام لەگەڵ چینە نەدارەکاندا کار دەکات و سەندیکا کرێکاری و ھەوڵەکانی چاکسازی یاسایی سەردەخات، بەڵام کاتێ ھەوڵیدا ھاریکاری بریکارێکی بکات کەدەیویست تەڵاق بەدەست بھێنێت ژیانی یاسایی وێران بوو.
تەڵەیەک بۆ ئەو مێردە نرایەوە کەبانگەشەی ئەوە دەکرا زینا دەکات، زیناش لەو کاتەدا کارێکی بڵاو بوو، بەڵام ئەو ھەوڵە شکستی ھێناو ئیدی کۆیلیام لەکارکردن ڕاوەستا.
لەساڵی (١٩٠٨ز) شاری لڤەرپوڵی بەجێھێشت تا ئەو کارەی کاریگەری خراپی لەسەر موسڵمانەکان نەبێت، ئەمجارەیان لەباشوور بەناوی ھنری دی لیۆن دەرکەتەوە، ھەرچەندە زۆرکەس دەیانناسیەوە، وەک ئەوەی رۆن گیفیر باسی دەکات، کە کتێبێکی سەبارەت بەژیانی کۆیلیام نووسیووە.
ھەرچەندە وەک جاران کاریگەری نەمابوو، بەڵام بەشدار بووە لەدروستکردنی دووەم کۆنترین مزگەوت لەوڵاتەکەیدا، کەلە ووکینگ دروست کراوە، کۆیلیام لەناوچەی سری ساڵی ١٩٣٢ نێژراوە.
تائێستاش مزگەوتی لیڤەرپوڵ بەناوی ئەوەوەیە.

لیدی ئیفیلین کۆبوک
نامۆ نەبوو کەسێکی چینە باڵاکان موسڵمان ببێت و ئارەزووی گەشتی بۆ وڵاتە ئیسلامییەکان ھەبێت.
لیدی ئیفیلین مۆرای لەخانەوادەیەکی ئەرستۆکراتی لەئەدەنبرە لەدایکبووە، زۆربەی تەمەنی منداڵی لەنێوان ئوسکتلەنداو باکووری ئەفریقیادا بەسەر بردووە.
نوسیوویەتی: “لەوێ فێری زمانی عەرەبی بووم، زۆرم حەز بەوە دەکرد لەپەروەردەکارەکەم ھەڵبێم و بچم بۆ مزگەوت لەگەڵ ھاوڕێ جەزائیرییەکانمدا، من خۆنەویستانە لەدڵەوە موسڵمان بووم”.
ئیفیلین لەدەغڵی خانەوادەکەیان لە (دانور پارک) لەسەر شوێنکەوتنی ئاسک و ڕاوکردنی ماسی سەلەمون ڕاھاتبوو.
باوکی کە دۆزەرەوە بوو، ناوی ئیریل دانوری حەوتەم بوو، حەزی بەچوونە دەرەوەو گەشت بوو لەنێوان چین و کەنەدا، بەھەمان شێوە دایکیشی، کەپاش ئەوە بووە خزمەتکاری شاژنە ڤیکتۆریا، ئەویش حەزی بەگەشتکردن بوو.
لیدی ئیفیلین لەدایک و باوکییەوە حەزی گەشتکردنی بۆ مابوویەوە، بەتەواوەتی نازانرێت کەی موسڵمان بووە، لەوانەیە تۆوی موسڵمان بوونەکەی لەسەردەمی گەشتەکانی کاتی منداڵییەوە بووبێت، بەڵام وا دەردەکەوێت کەئیمانی لیدی ئیفیلین پاش بەسەربردنی پشوویەک لەڕۆماو گەیشتنی بەپاپا زیاتر پتەو بووبێت.
پاش ئەوە نووسیوویەتی: “کاتێک قەداسەتی پاپا قسەکانی لەپڕ ڕووکردە من و پرسیاری کرد ئایا من کاسۆلیکیم، سەرم سوڕماو وەڵامم دایەوە کە من موسڵمانم”.
پاشا دەڵێت: “نازانم چی وام لێدەکات، چونکە بۆ چەندین ساڵ بیرم لەئیسلام نەکردبووەوە، ئیدی کارەکەم دەستی پێکردو سووربووم لەسەر خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەی ئایین”.
ولیان فاسی مێژوونووس کەپێشەکی بۆ کتێبی یاداشتەکانی لیدی ئیفیلین نووسیووە باسی ئەوە دەکات کەلایەنی ڕۆحی سەرنجی زۆرکەسی ڕاکێشاوەو باوەڕیان ھێناوە.
باسی ئەوەش دەکات: ئەوان شوێنی ئەمە کەوتن چونکە باوەڕیان وابوو ھەموو ئایینە گەورەکان لەیەک ئامانجی بەرزدا ھاوبەشن… دوور لەو درێژەدانە ڕووکارییە مەزھەبیەی کەلێکیان دوور دەخاتەوە”.
ھاوڕێ عەرەبەکانی لیدی ئیفیلین لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە “لیدی زینب” ئاماژەی بۆ دەکەن، دەیتوانی بگاتە ئەو شوێنانەی کەتایبەت بووە بەئافرەتان، لەبارەی “کاریگەری ئافرەت”ەوە لەسەر ڕۆشنبیری ئیسلامیش نووسیوویەتی.
لەتەمەنی ٦٥ ساڵیدا حەجی کردووە، یەکەمین ئافرەتی بەریتانی بووە شەعائیرەکانی حەج بەتەواوەتی جێبەجێ بکات.
ئەمەش “گرنگیپێدان و سەرسوڕمانێکی بێ کۆتایی” بۆ ڕەخساندووە، پاش ئەوە سەربوردەکەی لەکتێبێکدا بڵاوبووتەوە بەناوی “حەج بۆ مەککە”.
شتی زۆر کەم لەبارەی ژیانیەوە دەزانرێت پاش ئەوەی گەشتی کرد بۆ ماوەیەکی کورت بۆ کینیا، لەخانەی چاودێری “ئنفیر نس” ساڵی ١٩٦٣ لەتەمەنی ٩٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کردو وەسیەتی کرد میوزیک لەنزیک تەرمەکەی لێ بدرێت و ئایەتێکی قورئان “ئایەتی نوور” لەسەر کێلی گۆڕەکەی بنەخشێنرێت.
لەیاداشتەکانیدا نووسیوویەتی: “زۆرجار لەخۆمم پرسیووە کەی و بۆچی موسڵمان بووم”.
ھەروەھا دەڵێت: “وەڵامەکەم ئەوەیە من بەتەواوەتی ئەو چرکەساتە نازانم کەتێیدا بەحەقیقەتی ئیسلام شاد بووم”.
دەشڵێت: “وادیارە من بەبەردەوامی ھەر موسڵمان بووم”.

رۆبەرت ستانلی
یەکێکی دیکە لەچیرۆکی موسڵمانەکانی سەردەمی ڤیکتۆر کەلەچینی باڵای کۆمەڵگابوون و چیرۆکەکەیان پارێزراوە بەسەرھاتی رۆبەرت ستانلییە.
بەڵام کریستینا لۆنگدین کە ئاشکرای کردووە داپیرەی موسڵمان بووە پاش ئەوەی کەباوکی بۆ سەجەرەی بنەماڵەکەیان گەڕاوە، بەڵگەنامەی نووسراو و یاداشتی ڕۆژانەی لا پارێزراوەو دەڵێت: “بەگشتی ئاماژە ھەیە کەکارەکە لەچینی ناوەنددا دەرکەوتووە”.
رۆبەرت ستانلی لەبەقاڵێکی چینی کرێکارەوە بەرزبووەتەوەو گەورە بووە تا گەیشتووەتە ئەوەی ببێتە عومدەی شارۆچکەی ستالیبریدج” لەپارتی پارێزگاران، ئەم شارۆچکەیە لەنزیک مانچستەرە، ئەمەش لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی حەڤدەیەمدا بووە.
لۆنگدین کە کتێبێکی لەبارەوە نووسیوە باس لەوە دەکات کە ستانلیش قازی بووە و سندوقێکی بۆ کرێکارە لەسەر کار دەرکراوەکان دروست کردووە کەبەھۆی ئەوەی بەپێی ویستی سەرکارەکانیان دەنگیان نەداوە لەسەر کار دەرکراوون.
ئەوەشی بۆ دەرکەوتووە کەبەردەوام سەبارەت بەداگیرکاری بەریتانیا لەنامەی ھەواڵی مزگەوتی کویلیام لەلیڤەرپوڵ نووسیوویەتی.
ستانلی و کۆیلیام لەکۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی نۆزدەیەمدا پاش خانەنشینبوونی لەکاری سیاسی بەیەک گەیشتوون و پەیوەندییەکی بەتین لەنێوانیاندا دروست بووە.
لۆنگدین دەڵێت: “رۆبەرت ٢٨ ساڵ لە کۆیلیام گەورەتر بووە، لەبەر ئەوە لەو باوەڕەدام پەیوەندییەکەی نێوان وەک پەیوەندی باوک و کوڕ بووبێت”.
لەگەڵ ئەوەشدا تا تەمەنی حەفتا ساڵی موسڵمان نەبووە، پاش موسڵمانبوونی نازناوی “ڕەشید”ی بۆ خۆی ھەڵبژاردووە.
لۆنگدین لەڕێی واقیعی توێژینەوەکەیەوە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کەلەو کاتەدا لەستایبریدج “ھیچ موسڵمانێکی تری لێ نەبووە” ستانلی پاش ئەوە چووەتە مانچستەرو لەساڵی ١٩١١ لەوێ کۆچی دوایی کردووە.
موسڵمان بوونەکەی بەنھێنی ھیشتووەتەوە تا ئەوکاتەی خانەوادەی لۆنگدین لەساڵی ١٩٩٨دا بۆیان دەرکەوتووە.
سەیر ئەوەیە برایەکی لۆنگدین لەساڵی ١٩٩١ پاش ئەوەی لەمیسر وەک بەشێک لەپلەی زانکۆیی خویندوویەتی موسڵمان بووە، ئەمەش حەوت ساڵ پێش ئەوە دێت کەئاشکرا ببێت باپیرە ستانلی موسڵمان بووە.
کاتێ ئەوەی زانی باپیرەی موسڵمان بووە، بەھەواڵێکی سەرسوڕھێنەری ھەژێنەری وەسف کرد.
وتی: “لەڕاستیدا ئەو پیاوە لەسەردەمێکدا ویستوویەتی موسڵمان ببێت کەچاوەڕوان نەکراوە ھیچ کەس شتێک ئەنجام بدات لاسایکردنەوە نەبێت، کاتێ دادەنیشیت بیر لەکارەکە دەکەیتەوە، بەڵێ، ئەمە مانچستەرە”.
ھەروەھا دەڵێت: “خەڵکی باکیان نییە لەڕاوەستان و قسەکردن سەبارەت بەوەی باوەڕیان پێیەتی، ئیدی ئەوە سیاسی بێت یاخود ئایینی بێت”.

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply