وتار

فـیـلـەکـانـی ڕەمەزان

لەوانەیە ناونیشانی باسەکە، جێی سەرسامیت بێت، ڕەمەزان و فیل…؟
دڵی بەرێ: دەگێڕنەوە ئیمامی مالیک کە پێشەوای فەرموودەناسانە، لە مزگەوتی مەدینە دانیشتبوو فەرموودەی دەگێڕایەوە و خوێندکارەکانیشی بەدەوری دا جەم بووبوون، سەرگەرمی مشتوماڵکردن و لێکدانەوەی فەرموودە بوون، کتوپڕ یەکێک بەدەنگی بەرز بانگەوازی کرد: خەڵکینە، (فیل)ـێکی گەورەیان هێناوە بۆ شار، وەرن بیبینن.. پێشتر خەڵکی مەدینە فیلیان نەدی بوو، لەبەرئەوەی ژینگەی شارەکە شوێنی بەخێوکردن و ڕاگرتنی فیل نەبوو..
بەڵێ، هەرچی خوێندکاری دەوری ئیمامی مالیک بوون بەهەڵەداوان ڕایانکرد بۆ بینینی فیلەکە و مامۆستاکەیان جێهێشت.. تەنها یەک خوێندکار نەبێت کە لای ئیمام مایەوە، ئەویش “یەحیای کوڕی یەحیای لەیسی” بوو، ئیمامی مالیک لێی پرسی: چۆنە تۆ نەچوویت؟ پێشتر (فیل)ت بینیوە؟ یەحیا وتی: من شار و وڵاتی خۆم جێهێشتووە و هاتووم بۆ مەدینە بۆ بینینی ئیمامی مالیک، نەک بینینی (فیل)…!!
جا دیقەت بدە، تەنها یەک کەس لەو کەسانەی ئامادەی وانەکە بوون، درکی بەوە کردبوو بۆچی هاتووە بۆ مەدینە؟ تەنها ئەو دەیزانی ئامانجی چییە لەهاتنی بۆ ئەو شارە. لەبەرئەوە نەشڵەژا و وزە و توانای خۆی بۆ شتی لاوەکی بەفیڕۆ نەدا، بەڵام ئەوانی دیکە ڕايانكرد و مزگەوتیان جێهێشت تا بچن تەماشای فیل بکەن. جا سەیری ئەو جیاوازییە گەورەیەی نێوانیان بکە..
لەبەرئەوە ئەو کەسەی کە ئامانجی خۆی دیاری دەکات و پشت بەخوا دەبەستێت، دەگاتە مەنزڵ. مێژوو باسی یەحیا دەکات کە ڕیوایەتی لە ئیمامی مالیک گێڕاوەتەوە، بەڵام باسی ئەوانەی دیکە ناکات کە ڕۆیشتن بۆ سەیرکردنی فیل و ناويان ون بوو.
لەم سەردەمەشدا، (فیل)ـەکان زۆرن، بەتایبەت لە ڕەمەزاندا، لەم مانگەدا مرۆڤەکان دەبنە دوو بەش: یەکێکیان ئامانجی خۆی دیاری کردووە و دەزانێت چی لە ڕەمەزان دەوێت و ئاواتی ئەوەیە چ بەرهەمێک بچنێتەوە. جۆرێکیش بێئاگایە و هەموو جۆرە (فیل)ێک پەلکێشی دەکات و بیری لای فیلەکانە.
ئەمڕۆ کەناڵە تەلەفزیۆنە زۆروزەبەندەکان، (فیل)ێکن بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆلای خۆیان. دراما و فیلمی نادروست (فیل)ن، گۆرانی و باسکردنی پاشملە و قسەهێنان و بردن، (فیل)ن مرۆڤ سەرقاڵ دەکەن لەپەرستشەکانی. (فەیسبوک و واتسئەپ و ئینستاگرام) بوونەتە (فیل)ی ئەم سەردەمە و هەمووان کەمەندکێش دەکات بۆلای خۆی.
وریای (فیل)ـە زۆرەکانی ئەم سەردەمە بە، نەکەیت باشترین کات و ساتی ئەم مانگەت بەلای سەیریکردنی ئەو (فیل)ـانەوە بەسەربەریت، ئامانجی خۆت دیاری بکە و پشت بە خوا ببەستە و بیرت پەرش و بڵاو مەکە..

بینینی زیاتر

بابەتەكانی نوسەر