وتار

ئیلحاد و ئەخلاق … ئەگەر خواوەند ئەفسانە بێت ئەوا هەموو شتێک رێپێدراو دەبێت!

نوسینی: ئیسماعیل عەرەفە

“ئەگەر خواوەند بوونی نەبووایە ئەوا هەموو شتێک رێپێدراو دەبوو.”            فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی

 

رەنگە هیچ گفتوگۆیەک (دیبەیت) دەربارەی بابەتی بێباوەڕیی (ئیلحاد) و باوەڕبوون (ئیمان) بە خودا تێنەپەڕیبێت بەبێ تاوتوێکردنی بابەتی ئیلحاد و ئەخلاق و پرسیار دەربارەی ئەوەی ئایا لە توانادا هەیە کە بنیات لەسەر نەبوونی خوا زەمینەیەکی ئەخلاقیی دابمەزرێنرێت یان نا؟ لە گفتوگۆ (دیبەیت) بەناوبانگەکەیدا لەگەڵ بانگخواز حەمزە ئەندریاس تزۆرتزیس پرسیار لە فیزیایی مولحیدی بەناوبانگ لۆرەنس کراوس کرا: “بۆچی زیناکردن لەگەڵ خەڵکانی مەحرەمدا بە هەڵە دانراوە؟” لە وەڵامدا دەڵێت: “بە لای منەوە روون نییە کە هەڵە بێت!” (١)، ئەم وەڵامەی بەشێوەیەکی گەورە لەلایەن جەماوەرەوە رەتکرایەوە.

زۆرێک لە ئیمانداران –ئەگەر هەمووشیان نەبێت- پێیان وایە کە ئینکاریکردنی بوونی خوا ئینکاریکردنی بوونی بنەمایەکی بابەتییە بۆ ئەخلاق، ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە مرۆڤ حەوجێ و پێویستیی بە مەرجەعییەتێکی ئەخلاقیی هەیە کە ژیانی بۆ رێکبخات و راستییە ئەخلاقییەکانی بۆ بچەسپێنێت تاوەکو لەسەر ئەم بناغەیە ژیانێکی    رێک و راست بنیات بنێت، لە بەرامبەردا مولحیدەکان ئەمە رەت دەکەنەوە و بوونی خوا بە پێویست نازانن بۆ بنیاتنانی سیستمێکی ئەخلاقیی، و پێیانوایە کە مرۆڤ لە توانایدایە کە پێوانەکارییەک (میعیاریە-نۆرماتیڤ)ی ئەخلاقیی بنیات بنێت کە بناغە بۆ دادگەریی و راستێتی و خێر دابڕێژێت.
سەرەتا با بزانین ئەخلاق چییە؟ ئایا بەبێ پەنابردنە بەر خودا، بە کردەیی دەکرێت سیستمێکی ئەخلاقیی دابمەزرێنرێت؟ ئەو ئەخلاقە کامەیە کە دەکرێت تەنها لەژێر سایەی ئەقڵی مرۆییدا بنەخشێنرێت؟

ئەخلاقی بابەتییانە چییە؟
کەریمە دوزی توێژەر لە توێژینەوەکەیدا بەناونیشانی “ئەخلاق لەنێوان ئایینە ئاسمانییەکان و فەلسەفەی رۆژئاوادا” وایدەبینێت کە ئەخلاقناسی زانستێکە “لەو شتانە ئەکۆڵێتەوە کە پێویستە لە رەفتاری مرۆڤدا هەبن نەک ئەوەی کە هەیە” (٢). ئەخلاق وا جیهان نابینێت بەو حاڵ و شێوەیەی کە هەیەتی، بەڵکو بەهیوای ئەوەی کە (باشترین) و (تەواوترین) و (چاکترین) بێت لێی دەڕوانێت، کەواتە ئەخلاق بەهای ئەبستراکت (رووت-موجەڕەد)ە و مەرج نییە لە زەمینی واقیعدا بەرجەستە بێت. بە تەنیا لەبەر ئەم خاڵەشە کە زانستی ئەزموونکاریی شکست دەهێنێت لەوەی کە سیستمێکی ئەخلاقیی بابەتییانە ببەخشێتە مرۆڤ، چونکە زانستی ئەزموونکاریی دونیا وا بەدیار دەخات و راڤەی دەخات کە لە واقیعدا هەیە، باس لەو دیوی دونیای ناماددیی (واتە میتافیزیک) ناکات، هەربۆیە ئەخلاق پەیوەندیی نییە بە بواری زانستی ئەزموونکاریی.

بەڵام ئەو پێودانگ (نۆرم-میعیار)ە چییە کە ئەخلاق لەسەری وەستاوە؟ ئەخلاق لەسەر یەکێک لەم دوو پێودانگە وەستاوە: یەکەم/ روانینی خودی (زاتی)ـی کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک یان کۆمەڵگەیەکە، دووەم/ روانینێکی بابەتییە کە بنەمایەکی تۆکمە بۆ ئەخلاق دادەنێت کە لە واقیعی دەرەکییدا و لە دەرەوەی ئەقڵ و تێگەیشتنی ئێمە دێتەدی، هەربۆیە لە خودی خۆیدا شتێکی راست و دروستە ئەگەر کەسیش بڕوای پێ نەهێنابێت (٣). ئیلحاد –هەرکات بیەوێت- بنەما ئەخلاقییەکانی خۆی لەسەر پێوانەکاریی (نۆرماتیڤ-میعیارییە) خودیی نەک بابەتیی بنیاتدەنێت، بەڵام کێشەی ئەو پێوانەکارییە ئەوەیە کە رێژەییە نەک رەها (موتڵەق)، واتا سیفەت و حوکمە بەهائامێزەکان بەپێی تێڕوانینە جیاوازەکان دەگۆڕێن، هەروەها بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگاکانیش جیاواز دەبن بەهۆی جیاوازیی کولتور و ئایدیۆلۆجیا و سیاقی مێژوویی، هەربۆیە بەرئەنجام و کۆتایی هەر مولحیدێک کە بنەما ئەخلاقییەکانی لەسەر پێوانەکاریی خودیی رێژەیی داڕشتووە ئەوەیە، کە مەرجەعییەتێکی کۆتایی چەسپاو و رەهای نییە کە لەکاتی جیاوازبوونی راوبۆچوونە بەهائامێز و ئەخلاقییەکاندا بۆی بگەڕێتەوە. توێژەر (عەلی عەبدولڕەحیم)یش وایدەبینێت کە چەمکی رێژەییبوون لەلای مولحید “لەرووی مەنتیقییەوە وا دادەنرێت کە پێکەوەگرێدراو و توندوتۆڵە و هیچ بوار و رێیەک نییە بۆ رەتکردنەوەی” (٤)، ئەمەش بە واتای ئەوە دێ کە مولحید هیچ بنەمایەکی رەسەنی نییە کە ئەخلاقی لەسەر بنیات بنێت.

ناپێوانەکاریی و ئیلحاد
هەر لەم چوارچێوەیەدا، فەیلەسوفی بوونگەرا (وجودی)ی مولحید جان پۆڵ سارتەر داندەنێت بەم کێشەیەدا و دەڵێت: “کەسی بوونگەرا (وجودی) توشی دژواریی (ئیحراجی)ـەکی گەورە دەبێت ئەگەر خواوەند بوونی نەبێت، چونکە لە نەبوونی ئەودا هیچ توانایەک نابێت بۆ دۆزینەوەی بەهاکان لە دونیای رووناکدا” (٥). لەبەر ئەمەشە دەبینین کە مولحیدی بەناوبانگ ریچارد دۆکینز لەگەڵ بێباوەڕییەکەیدا رێک و راستە و پابەندیشە بە مەبەست و ئامانجەکانییەوە، و بە رەهایی ئەوە رەتئەکاتەوە کە هەر سیفەتێکی بەهادار بخرێتە پاڵ بوونەوەر، دانیشدەنێت بە کێشەی رێژەییبوونی ئەخلاقدا و دەڵێت: “لەم جیهانەدا نە شەڕ هەیە و نە خێر، ئەوەی هەیە تەنها گوێ پێنەدانێکی کوێرانەی بێبەزەییە” (٦).

بەڵام توێژەری ئەمریکیی دێڤد بێرلینسکی کە ئەگنۆستییە ((نازانم-لائەدری: کە رێبازێکی فەلسەفییە و شوێنکەوتووانی پێیانوایە کە بابەتە ئایینیی و غەیبییەکان و لەسەرو هەموشیانەوە بوونی خودا ناڕوونن و ناکرێت بزانرێن و مەعریفە دەربارەیان هەبێت، هەربۆیە بەو جۆرە کەسانە دەوترێت: نازانم، لائەدریی، ئەگنۆستییەکان و ئەمانە نە بڕوایان بەخودا هەیە و نە ئینکاریی بوونیشی ئەکەن))، بەم شێوەیە وتەکەی دۆستۆیڤسکی کە دەڵێت: “ئەگەر خواوەند بوونی نەبووایە ئەوا هەموو شتێک رێپێدراو دەبوو،” رووندەکاتەوە و دەڵێت: “ئەگەر ئەرکە ئەخلاقییەکان بە ئیرادەی خوا بڕیاریان لێنەدرابێت، و له هەمانکاتیشدا رەها نەبن، ئەوا بەسادەیی (ئەوەی پێویستە ببێت) بریتی دەبن لەوەی کە پیاوان و ژنان بڕیاریان لێداون. چونکە ئیتر هیچ سەرچاوەیەکی تر بۆ حوکمدان بوونی نابێت. ئایا ئەمەش رێگایەکی تر نییە بۆ وتنەوەی هەمان ئەو وتەیەی کە دەڵێت مادام خودا بوونی نییە، ئەوا هەموو شتێک رێپێدراو دەبێت؟” (٧).

توێژەر سامی عامری تەرکیز دەخاتە سەر ناپێوانەکاریی لۆجیکی ئیلحاد و ئەو بەڵگەهێنانەوەیەی مولحیدەکانیش هەڵدەوەشێنێتەوە کە گوایا بوونی شەڕ و خراپەکاریی لە دونیادا بەڵگەیە لەسەر ستەم –یان نەبوون-ی خودا، ئەم توێژەرە ئەوە رووندەکاتەوە کە شەڕ و خراپە لە خودی خۆیدا بوونی نییە، بەڵکو وەصفکردنی شتێکە کە پێویستە هەبێت، یانی حوکمدانێکی بەهائامێزە بۆ بوون، واتە هەروەک ئیبونولقەیم روونیدەکاتەوە و دەڵێت: “بوونی شەڕ و خراپە لەناو کاروبارەکانی بوونەوەردا خرانەپاڵ و خستنەسەرە، نەک ئەو کاروبارانە لە خودی خۆیاندا شەڕ و خراپ بن” (٨). پاشان ئەوە راست  نییە کە تێگەیشتنێکی رێژەیی گوماناویی ملکەچ بۆ راوبۆچوون بکرێتە بەڵگە و بخرێتە پێش تێگەیشتنێکی راستەقینەی رەهای لەسەر دڵنیایی (یەقین) وەستاو، رێسایەک هەیە دەڵێت: ئەوەی بە ئەگەر بۆی دەچیت بە بەڵگەهێنانەوە پوچ و بەتاڵ دەبێتەوە (٩)، سامی عامری ی توێژەر بە چەند وشەیەکی ساکار کۆتایی بە رەخنەکەی دێنێت و دەڵێت: “کاتێک کە شەڕ و خراپە دەبێتە جێگای جیاوازیی لە زەوق و سەلیقەدا ئەوا ئەبێتە تەنها رایەک، نەک ببێتە راستییەک کە بەربەرەکانێی بوونی خودای پێبکرێت” (١٠).

هەوڵەکانی رزگارکردن… ئیلحاد چی بیانویەکی هەیە بۆ بوونی ئەخلاق؟ 
فەیلەسوفی ئەمریکیی ئەگنۆستی (لائەدری، نازانم) تۆماس نەیجڵ لە کتێبەکەیدا (ئەقڵ و گەردوون: بۆچی تێڕوانینی ماددیی داروینیزمی نوێ بۆ سروشت نزیکە لەوەی تەواو ناڕاست بێ) وایدەبینێ کە سێ رەگەز هەن جیهانبینی ماددیی دەستەوسانە لەوەی راڤەیان بکات، ئەوانیش: ئاگایی (وەعی) و پەیبردن (دەرکپێکردن، إدراک) و بەها ئەخلاقییەکان. بەڵام لەبەرئەوەی ئەم (واتە تۆماس نەیجڵ) ئیماندار نییە هەربۆیە دان نانێت بە بوونی پێکهاتەی سەروسروشتیی (ناماددیی، میتافیزیکی) لەم دونیایەماندا، بەڵکو لە تێڕوانینێکی ماددیی نوێوە هەوڵدەدات باس لەمە بکات تاوەکو بتوانێت بیانووی بابەتیی پێشکەش بکات و لە چوارچێوەی ئەو تێڕوانینە ماددییەدا هەنجەت بۆ کاری ئەخلاقیی مرۆیی بهێنێتەوە (١١).

لەهەر حاڵێک بێت، مولحیدەکان لە هیچ کاتێکدا دەستەوسان نەبوون لە بەرامبەر ئەو  رەخنانەی ئیماندارەکان لێیاندەگرن، بەڵکو چەندین بناغەدۆزی (تأصیل) بۆ مەرجەعییەتی ئەخلاق دادەهێنن و لە چوارچێوەیەکیشدا دایاندەنێن کە پێویستییان بە بەدیهێنەری گەردوون نەبێت، دکتۆر عەبوڵا شەهری وایدەبینێت کە بوێرانەترینی ئەو هەوڵانە و لە هەموویان برەوپێدراوتر (١٢)، هەوڵەکەی مولحیدی بەناوبانگ (سام هاریس)ـە لە کتێبەکەیدا بەناوی “دیمەنی ئەخلاقیی: زانست چۆن دەتوانێت بەها مرۆییەکان دیارییبکات؟” لەم هەوڵەیدا دەیەوێت وای پیشان بدات کە هەر شتێک خۆشگوزەرانی و دڵخۆشی بۆ مرۆڤایەتیی بێنێتەدی ئەوە ئەخلاقییە (١٣). لە دەستپێشخەرییەکی گرنگیشدا کوامێ ی فەیلەسوف تێڕوانینی هاریس بۆ ئەخلاق لەم دێڕەدا کۆدەکاتەوە و دەڵێت: “لە راستیدا ئەوەی هاریس لە کۆتاییدا پێیگەیشتووە زۆر لە مەزهەبی سوودگەرایی (نەفعی، پراگماتی) دەچێت، کە هەڵوێستێکی فەلسەفییە و دوو سەدە ئەبێت سەریهەڵداوە” (١٤).

بەڵام بۆچوونە لاستیکییەکانی وەک دڵخۆشی و خۆشگوزەرانیی بۆ ئەوە ناشێن بکرێنە مەرجەعییەتێکی رەها کە خودێتی مرۆیی تێبپەڕێنێت، چونکە هەر پسپۆڕێک و هەر مرۆڤێک راوبۆچوونی خۆی هەیە، ئەوەی کەسێک بە دڵخۆشیی دەیبینێت لای کەسێکی تر دڵتەنگییە، ئەمەش جارێکی تر بە مانای رێژەییبوونی ئەخلاق دێت، تەنانەت خودی سام هاریس هەندێک جار کوشتن وەک کارێکی ئەخلاقیی دەبینێت، ئەو وای دادەنێت کە “هەندێک لە بیروباوەڕەکان زۆر ترسناکن تا ئەو ئاستەی کە ئەکرێت کوشتنی خەڵکانێک کە هەمان ئەو بیروباوەڕەیان هەیە کارێکی ئەخلاقیی بێت” (١٥). ئەو بیروباوەڕانە کامانەن؟ بۆچی لەچاو بیروباوەڕەکانی تردا کەم و بێنرخن؟ بۆچی رۆحکێشان (کوشتن)ی باوەڕدارانی خۆی راستە و کوشتنی خەڵکی تر هەڵەیە؟ وەڵامی هەموو ئەم  پرسیارانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، هەربۆیە ناگونجێت بکرێنە رێسایەکی ئەخلاقیی رەها، لەبەرئەمەشە فیزیایی بەناوبانگی مولحید (ستیڤن وەینبێرگ) پێیوایە کە تیۆرە ئەخلاقییەکەی هاریس تەواو بێنرخە، و دەشڵێت من وای دەبینم کە: “چەمکی خۆشگوزەرانیی مرۆڤ و بەکارهێنانیشی لەلایەن  هاریسەوە تەواو هیچ و بێمانان” (١٦).

بەڵام فەیلەسوفی ئەمریکی مولحید جەیمس راچێڵز لە کتێبەکەیدا “لە ئاژەڵەکان دروستکراون: شوێنەوارە ئەخلاقییەکانی داروینزم” ئەوە رووندەکاتەوە کە خواستی روانینی داروینزم بریتییە  لە وەلانان و دوورخستنەوەی ئەو بۆچوونە تەقلیدییەی ئینسان کە پێیوایە خۆی (واتە ئینسان) گرنگ و سەنتەرە لە گەردوندا، پاشان دان بەوەدا دەنێت کە “ئەگەر هاتوو هەردوو بیرۆکەی کەرامەتی مرۆیی و تایبەتبوونی مرۆڤ لە دروستبووندا وەلا بنرێت، ئەوا ئەوکات پرسیار لەبارەی ئەوەی کە بەدیلی ئەم روانینە ئەخلاقییە چییە پرسیارێکی قورس دەیت” (١٧). پاشان ئەم فەیلەسوفە بۆچوونی خۆی سەبارەت بەو بەدیلە ئەخاتەڕوو و ناوی ناوە “خودییبوون (زاتییبوون)ـی ئەخلاق” و لە بەشێکی تەواوی کتێبەکەیدا روونیدەکاتەوە. بەڵام –سەرەڕای هەموو ئەمانە- بۆچوونەکەی خۆی وا خستووەتەڕوو کە تەنها “بیردۆزە” و “روانین”ێکە (١٨). واتە ئەم ئەخلاقە لەناو بازنەی خودییبووندا دەخولێتەوە، بەبێ ئەوەی هەندێک پێودانگی بابەتیی هەبن کە پشتیان پێببەسترێت وەک چوارچێوەیەکی ئەخلاقیی بۆ (هەموو گوفتار و رەفتارێک) کە پێویستە بەشێوەیەکی رەها هەبن، بەمەش دیسان دەگەڕێینەوە بۆ هەمان کێشەی یەکەم کە رێژەییبوونی ئەخلاقە.


 ئەخلاقی مولحیدەکان چییە؟
شتێکی روونە کە لای مولحیدەکان دەستوورێکی ئەخلاقیی جێگیر یاخود مەرجەعییەتێکی بەهائامێزی رەها بوونی نییە، پاشان پابەندبوون بە بنەما و پێداویستییەکانی ئیلحاد وا لە مولحید دەکات کە لەناو رێژەییەکی بێکۆتای بەهاکاندا بگلێت و بتلێتەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە مولحیدەکان بڕوا بە هەندێک کاری ئەخلاقی بێنن کە زۆر شۆکهێنەرە، وەک لێدوانەکەی لۆرەنس کراوس سەبارەت بە زیناکردن لەگەڵ خەڵکانی مەحرەمدا کە لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ حەمزە ئەندریاس تزۆرتزیس وتی: “بە لای منەوە روون نییە کە هەڵە بێت!”

بەڵام ریچارد دۆکینز لە چریکە (تویت)یەکدا لە تۆڕی تویتەردا رایگەیاندووە کە مناڵ لەباربردن کارێکی ئەخلاقی و رێگەپێدراو (مەشروع)ە ئەگەر ئازاری لەگەڵدا نەبێت، بیانووەکەشی بۆ ئەم وتەیەی ئەوەیە کە دەڵێت: “مرۆڤبوونی کۆرپە لە سکی دایکیدا لە بەرازێکی پێگەیشتوو کەمترە” (١٩). بەهۆی ئەم لێدوانەیەوە دۆکینز رووبەڕووی رەخنەیەکی توند بووەوە، و هەوڵیدا لە چەند چریکە (تویت)یەکی دواتردا مەبەستەکەی روونبکاتەوە، بەڵام چریکە (تویت)کانی بە لێڵی و ناڕوونیی مانەوە.

لە هەمان چوارچێوەدا، مولحیدی ئوستورالی و مامۆستای فەلسەفەی ئەخلاق پیتەر سینگەر وای دەبینێت کە سێکسکردنی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵان و چوارپێیەکاندا کارێکی سروشتی و قەبووڵکراوە ئەگەر هیچ جۆرە ئازارێک بە ئاژەڵەکە نەگەیەنێت، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە گەرموگوڕەی لەنێوان ئاژەڵەکان و مرۆڤدا هەیە، بە لای ئەو سینگەرەوە: “بەهیچ شێوەیەک هەڵە لەمەدا نییە، بەڵکو کارێکی سوپاسکراویشە کاتێک دەبێتە مایەی چێژوەرگرتنی هەردوو لا،واتە ئاژەڵ و مرۆڤ” (٢٠). ئایا ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە هەموو مولحیدەکان نائەخلاقیین؟ بێگومان نەخێر، فرانک تورێک دەڵێت: “من ناڵێم مولحیدەکان نازانن بەڵکو دەڵێم ئەوان ناتوانن بیانوو (تبریر ) بۆ ئەخلاق بهێننەوە. بەڵێ ئەوان ئەتوانن بە رەوشتەوە رەفتار بکەن و ئەشتوانن حوکم لەسەر هەندێک کردەوە بدەن بەوەی ئەخلاقییە یان نائەخلاقییە، بەڵام ناتوانن رێسایەکی بابەتییانە بۆ حوکمە ئەخلاقییەکانیان دەستەبەر بکەن. جا هەرکام لەم کارانە بێت: هۆڵۆکۆست، لاقەکردن (دەستدرێژییکردن)، سەربڕینی مناڵان، یان خواردنی گۆشتی مناڵان، ئەوە مولحیدەکان پێوەرێکی بابەتییان لا نییە بۆ حوکمدان لەسەر هەریەک لەو کارانە” (٢١). عەلی عیززەت بیگۆڤیجیش دانی بەمەدا ناوە و دەڵێت: “مولحیدگەلێک هەن ئەخلاقیان هەبێت بەڵام ئیلحادی خاوەن ئەخلاق بەدیناکرێت” (٢٢).

سەرچاوەکان:
1-    Atheist Lawrence Krauss on Incest.
2-    كريمة دوز، الأخلاق بين الأديان السماوية والفلسفة الغربية، ص 41.
3-    هشام_عزمي، الإلحاد للمبتدئين: دليلك المختصر في الحوار بين الإيمان_والإلحاد، ص 172.
4-    علي عبدالرحيم، أصحاب الحق:دراسة في نقد التنظيمات الإسلامية، ص 96.
5-    Jean-Paul Sartre: Basic writings, (New York: Rutledge, 2001), P.32.
6-    Richard Dawkins, River Out of Eden: A Darwinian View of Life, P.133.
7-    David Berlinski: The Devil’s Delusion: Atheism and It’s Scientific Pretensions, P. 19, 40.
8-    ابن القيم، شفاء العليل في مسائل القضاء والقدر والحكمة والتعليل، ص 365.
9-    سعود_العريفي، منهج الاستدلال بالمكتشفات العلمية على النبوة والربوبية، ج 19.
10-    سامي عامري، مشكلة الشر ووجود الله، ص 64.
11-    Thomas Nagel, Mind and Cosmos.
12-    عبدالله الشهري، ثلاث رسائل في الإلحاد والعلم والإيمان، ص238.
13-     Science can answer moral questions by Sam Harris.
14-    The Moral Landscape – By Sam Harris.
15-    Sam Harris, The End of Faith, pp. 52-53.
16-    Moving Naturalism Forward: Day 2, Morning, 1st Session.
17-    James_Rachels, Created From Animals: The Moral Implications of Darwinism, P.173.
18-    Ibid.
19-    Richard Dawkins tweets on abortion.
20-    الالحاد وجماع الحيوانات – الملحد بيتر سينغر.
21-    Frank_ Turek, Stealing _ From God: Why Atheists Need God to Make Their _Case.
22-    علي عزت بيجوفيتش، الإسلام بين الشرق والغرب، ص175.

 

د.مەریوان حمە دەروێش

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply