هەنووكە

بیرخەرەوەی ڕەمەزانی

یەکەم: لەگەڵ (الله أکبر)ی نوێژدابەستندا، بیر و هۆشم دەڕوات.. لەنێوان یادەوەرییەکانی ڕابردوویەکی دوور و واقعێکی ئێستای تاڵ و ئایندەیەکی پڕ لەترسدا، بەردەوام شەپۆلی خەیاڵ دەمهێنێت و دەمبات تا لەکەناراوی سەلامدانەوەدا فڕێم دەدات و کاتێک دەزانم سەلامی نوێژ دەدەمەوە..
دووەم: لەگەڵ (الله أکبر)ی نوێژدابەستندا، تەرکیزم لای پیت و وشەکانی نوێژەکەمە، بە تەجویدێکی جوان دەیخوێنم و نایەڵم هیچ هەڵەیەک لە خوێندنی وشەکاندا بکەم، لە وەستانی ئایەتەکان و سەر و بۆری پیتەکاندا بەخەمەوەم و ناهێڵم هیچی بە ناڕاست بەزارمدا بێنەدەر، هێندە وشەی “ولا الضالین” درێژ دەکەمەوە تا ون دەبم لەناو وشە و وشەسازییدا، تا کاتێک بە خۆم دەزانم نوێژەکەم تەواو کردووە، بەڵام هیچ وشەیەکم لەگەڵ خوادا نەوتووە.
سێهەم: لەگەڵ (الله أکبر)ی نوێژدابەستندا، بیرم لای ئەوەیە هیچ شوێنێکی جلوبەرگەکانم پیس نەبووبێتن، بە ڕێکی وەستاوم و جوڵەجوڵ و ئەملاولا ناکەم، دیدارێکی وشکی دبلۆماسییانە، خەمم ئەوەیە بە بێ هەڵە و کەموکوڕی تەواوی بکەم، وەک چۆن مرۆڤ لەبەردەم گەورە و بەرپرسێکدا دەوەستێت و هێندەی گرنگیی بە ڕووکەش دەدات گرنگیی بە ناوەرۆک نادات، منیش ئاوا… کاتێک دەزانم سەلامم داوەتەوە و کۆتایی بە دیدارە شکلییەکە هاتووە.
چوارەم: (نوێژی دڵ): بەتاسەوەم بۆی، چاوەڕێی دیدارم، پێش بانگدان خۆم ئامادەدەکەم، لەپشت دەرگای خۆشەویست و “الحبیب”ـەوە ڕادەوەستم تا بانگدەر بانگم دەکات و دەڵێت (حی على الصلاة)، ئیتر بەوەدا دەزانم مۆڵەتی وەفدەکان دراوە بچنە خزمەت، (الله أکبر)ی نوێژدابەستن دەڵێم، پەلەمە بگەمە دیدار، دەمەوێت یەکەم کەس بم، هەستدەکەم دەنگێک دەچرپێنێت بە دڵمدا: (ما أعجلک عن قومک ..)، “بۆچی وا بەپەلەیت بۆ دیدار…”، دڵم وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: (وعجلت الیک رب لترضى)، “پەلەم کرد بۆلای تۆ پەروەردگارم تا تۆ ڕازی بیت لێم”، (الله أکبر) دەکەم و بەگەورەی دەزانم، ئەویش گەورەم دەکات بە عیززەتی پەرستنی، لەهەموو زیکر و ڕکاتێکدا، لەهەموو (سبحان ربی العظیم) و کڕنووشێکدا، نیعمەتێکی ئەو دەبینم، نیعمەتێک کە نەیداوە بە کەسانی پێش ئێمە، نیعمەتە لەژمارەنەهاتووەکانی. دڵم نوێژەکەی بەرەو کۆتایی دەبات، تا سەلامدانەوە و خواحافیزیی لەدیدار و چاوەڕێی دیداری داهاتوو…
پێنجەم: کۆکراوەی خاڵی دووەم و سێهەم و چوارەم.

بینینی زیاتر