وتار

ترس (الخوف-Fear)و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ

نوسینی: سارا تاھیر و وەفا تاھیر

“خەڵکێکی زۆر ئەڵێن ترس شتێکی راست نییە، بەلای منەوە ئەمە بێمانایە، ھەریەک لە ئێمە شتگەلێک ھەیە لێیدەترسێت، ھەر ترسە وای لێکردوین کە چەندین کار کە پێویست بوو بیکەین نەمانکردووە، ترس ئەتوانێت رێگر بێت لەبەردەم زۆر شتدا، پێویستە ئەوە بزانیت کە ترس شتێکی راستییە و دەبێت زاڵبیت بەسەریدا.”
خانمە نوسەر و راھێنەری ئەمریکی بەناوبانگ (مێلڕ رۆبینز)
١- واتای ترس و کاریگەرییەکانی:
ترس چییە؟ ترس حاڵەتێکی دەروونی و فیسیۆلۆجییە و ھەموو زیندەوەرەکان بە مرۆڤیشەوە ھەستی پێدەکەن و توشی دەبن. مرۆڤ ھەر لە سەرەتای ژیانی و بگرە لەگەڵ لەدایکبوونیدا ترس لە ناخیدا چەسپاوە، وەک منداڵێکی ساوا کە گویێی لە دەنگێکی بەرز دەبێت یەکسەر کاردانەوەی ھەیە بۆی. ھیچ کەسێک نییە کەم یان زۆر ترسی نەبێت لەو مەترسییانەی کە پەیوەندی بە ژیانیەوە ھەیە. لە پێناسەیەکی تردا وتراوە: ئەو کارەی کە دەتەوێ ئەنجامیبدەیت و نەتوانی ئەنجامیبدەیت، جا ئەمە لە شوێنی کارەکەت بێ یا ژیانی تایبەتیت یا لە ھەر بوارێکی دیکەدا بێت، ئەمە پێیدەوترێ ترس.
ترس پەیوەندیی نییە بە قۆناغێکی دیاریکراوی مرۆڤەوە، بەڵکو لە ھەموو کاتەکانی تەمەنیدا دوچاری دەبێت و بەپێی ساتەکانی گەورەبوونی مرۆڤ ئەویش گەورە دەبێت و زیاد دەکات و جۆری جیاوازی لێ پەیدادەبێت. ھەندێک ترس ھەیە کاتییە، ئەمەیان تەندروستە و بۆ ماوەیەکە و دێت و دەڕوات، ترسیش ھەیە جێگیر و ھەمیشەییە. ساڵەکانی سەرەتای ژیانی مرۆڤ بە گرنگترین قۆناغی دروستبوونی ترس دادەنرێت، چونکە ئەم سەرەتایە بنەما و بناغەی دروستبوون و گەشەی مێشکی مرۆڤە و ترسیش پەیوەندی راستەخۆیی ھەیە بە مێشکی مرۆڤەوە، بەتایبەتی ٣ ساڵی سەرەتای ژیانی منداڵی. دکتۆر وەلید فوتەیحی دەڵێت: ترس راستەخۆ کاردەکاتە سەر مێشکی مرۆڤ بەتایبەتی ئە بەشەی پێدەوترێت شاخی ئامون (Hippocampus)، ئەم بەشەی مێشک بەرپرسە لە فێربوون و لە گەیاندنی زانیاریی لە یادگەی کورتمەودا بۆ یادگەی درێژمەودا، ھەروەھا بەرپرسی دروستبوونی خانەی تازەی پەیوەست بە یادگەیە، ترسی بەردەوام وا دەکات ئەم بەشەی مێشک وردەوردە سست بێت و بپوکێتەوە.
ھەروەک چۆن لەکاتی نەخۆشکەوتنی جەستەییدا، نیشانەی جیاواز لە جەستەی مرۆڤە نەخۆشەکەدا دەردەکەوێت، بە ھەمان شێوە مرۆڤ کاتێک توشی ترس دەبێت چەندین نیشانەی لێ دیاریدەدات، دەتوانین لێرەدا باسی چەند نیشانەیەکی ترس بکەین کە لە کاتی ھەستکردن بە ترس لەسەر شکلڕ و روخساری مرۆڤەکان دەردەکەون. لە پێشدا باسی ئەوەمان کرد کە ترس پەیوەندی راستەوخۆی بە مێشکی مرۆڤەوە ھەیە، بۆیە لە کاتی ھەستکردن بە ترس رێژەی دەردانی ھۆرمۆنی کۆرتیزۆن زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە ھۆی:
– زیادبوونی لێدانی دڵ.
– بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
– سووربوونەوەی دەموچاو.
– خراپبوونی ھەناسەدان.
– کەمخۆریی و کەمخەویی.
– گەورەبوونی بۆرییەکانی خوێن.
– رەقبوونی ماسولکەکان. و چەندەین کاریگەری نەرێنی تر.
بەردەوامبوونی ترس لە دەروونی ھەر مرۆڤێکدا، کار دەکاتە سەر کۆمەڵێک سیفەتی مرۆڤ، لەوانە:
– لەدەستدانی بڕوابەخۆبوون.
– تێکچوونی خەو.
– سەرئێشەی بەردەوام.
– دوودڵی و دڵەڕاوکێ.
– کەمبوونەوەی بەرگریی لەش.
– کەمبوونی تەرکیز.
– ھەستکردن بە شەرمەزاریی و کەمی خۆت.

٢- جۆرەکانی ترس:
پسپۆڕی دەروونزانی دکتۆر (محمد مترک القحگانی) دەڵێت: ترس دوو جۆری زۆر سەرەکی ھەیە ئەوانیش ترسی سروشتی و ترسی نەخۆشی. واتە ترسی سروشتی ئەوەیە کەسەکە لەوە دەترسێت کە نزیکی ئاگرێک بێت یاخود کارەبا یاخود لە گیاندارێکی دڕندە بترسێت ئەم ترسە سروشتییە و بەڵکو پێویستیشە مرۆڤ ئەم جۆرە ترسانەی ھەبێت لەبەرئەوەی خۆیان ترسناکن و زیانیش بە مرۆڤ دەگەیەنن، بەڵام جۆری دووەم کە ترسی نەخۆشییە، ئەو جۆرەیە کە پێویستە ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت. لەم جۆرەدا کەسەکە لە شتانێک دەترسێت کە لە بنەڕەتدا جێگای ترس نین و مرۆڤەکان خۆیان دروستیانکردووە بۆ زاتی خۆیان، وەک ترس لە قەرەباڵغی و لە تەنیایی و لە شوێنی بەرز و لە تاریکی … ھتد. ئەم جۆرە ترسە وا مرۆڤ دەکات کە ھەمیشە غەمبار و دوودڵ و خەمۆک دەرکەوێت، لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا مرۆڤ رووبەڕووی کۆمەڵە شت دەکاتەوە کە لە کۆتاییدا بۆی چارەسەرنابێت. ئەم ترسە کارێکی وادەکات ھەر تاقیکردنەوەیەک یاخود ھەر گۆڕانکارییەک لە ژیانیدا کە بیەوێت ئەنجامی بدات ترس دەبێتە ڕێگر لەبەردەمیدا و وای لێدەکات سەرکەوتوو نەبێت.

ترسی نەخۆشی بەگشتیی ئەم جۆرانەی ھەیە:
١- ترس لە شوێن و جێگای داخراو: ئەم جۆرەیان ترسێکی ھەرە باوی ناو مرۆڤەکانە و ٦٣% ی خەڵک لەم جۆرە ترسەیان ھەیە، بە تایبەت لە ناو ئافرەتاندا زیاتر ھەستی پێدەکرێت.
٢- ترسی کۆمەڵایەتی: ئەم جۆرە ترسەی مرۆڤ لەکاتی چاوپێکەتن لەبەردەم کامێرادا یاخود قسەکردن بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵک و رەخنەگرتن لە قسەکانی دروستدەبێت.
٣- ترس لە نەخۆشی: ھەندێک لە مرۆڤەکان بەردەوام وا ھەستدەکەن توشی نەخۆشی دەبن، بە تایبەت ناخۆشییە قورس و گرانەکانی وەک نەخۆشی شێرپەنجە، کە بە نەخۆشییەکی کوشندە ناسراوە، بە تایبەت لە وڵاتی خۆماندا.
٤- ترس لە مێروو و ئاژەڵ: کە ئەمەش زۆربەی کات لە ناو ژنان و منداڵاندا بەدیدەکرێت.
٥- کۆمەڵیک ترسی تر ھەن کە مرۆڤ بەبێ ھۆ تووشی خۆی دەکات وەگەر نا ھەر لەگەلڕ تێپەڕبوونی تەمەندا روودەدات،وەک ترس لە پیریی.
٦- ترس لە داھاتوو: ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئازاری دەروونی و وا دەکات ئەو مرۆڤە بە بەردەوامی بیر لە داھاتوو بکاتەوە و لە شتانێک دەترسێت کە ھێشتا رووینەداوە و لەوەش ناچێت ھەر رووبدەن، بەڵام ئەم مرۆڤانە کۆمەڵە شتێک بۆ خۆیان دروستدەکەن کە لە حاڵی حازردا بوونیان نییە. ھەربۆیە پێویستە فێری ئەوە بین کە بیری خۆمان ئەوەندە بە داھاتوو و شتی خەیاڵییەوە سەرقالڕ نەکەین، بەڵکو بە بیرێکی فراوان و واقیعییەوە پرۆژەکانمان دابڕێژین و کار بۆ بەدیھاتنیان بکەین و ئەنجامەکانی بھێڵینەوە بۆکاتی خۆی.

٣- چەند رێگایەک بۆ دەربازبوون لە ترس:
گرنگی و ھەستیاری ترس و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ، وایکردووە قسە و باسی زۆری لەبارەوە بکرێت و لە چەندین رووشەوە باسی چۆنێتی دەربازبوون و رزگاربوون لێی کراوە، لێرەدا باسی گرنگترینی ئەو رێگایانە دەکەین کە دەبنە مایەی رەواندنەوەی ترس لای مرۆڤ:
١- پشتببەستە بەخوای گەورە و بڕوات ھەبێت بەوەی کە ھەموو ژیانمان لە دەستی پەروەردگاردایە و ھیچ شتێکیش بەبێ ئیرادەی ئەو نایەدی.
٢- ھەوڵبدە زانیاری دەربارەی ترس فێرببیت، تاوەکو بزانیت ترس چییە و چارەسەریشی چییە، دواتر بزانە بە دیاری کراوی لەچی دەترسیت، واتە چ بابەتێک یان روداوێک ترسی لە دڵتدا دروستکردوە تا ھەوڵبدەیت ئەو ترسە لە دڵتا بڕەوێنیتەوە.
٣- پێویست ترس ھەر لە قۆناغی منداڵیدا بنەبڕبکرێت تاوەکو لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکەدا گەورەنەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا منداڵ فێربکرێت کە چۆن داوای یارمەتی لە کەسانی گەورە بکات کاتێک تووشی حاڵەتێکی نەخوازراو دەبێت کە دەبێتە مایەی ترساندنی. ھەرچەندە وا باشترە ئەم پرسە لەسەر ئاستی دەزگاکانی پەروەردە و خوێندنگاکان ھەوڵی چارەسەری بدرێت و ئیدارە و مامۆستایان کاتی بۆ دیاری بکەن و لەگەڵ قوتابییەکان دانیشن و گوێیان لێبگرن.
٤- ھەر کارێکت ویست، ھەوڵی بۆ بدە، ئەگەر بیشزانیت تیایدا سەرکەوتوونابیت.
٥- وەرگرتنی کاتی تەواو بۆ پشوودان، لەبەرئەوەی مرۆڤەکان لەکاتی ترس و دوودڵیدا ناتوانن بڕیاری دروست بدەن. پشوودانەکەش دەکرێـت بە چەند جۆرێک بێت، وەک چوونە دەرەوە یان قاوە خواردنەوەیەک یان خۆشتنێک، ئەمانە تا رادەیەک فشار و دوودڵی کەمدەکەنەوە و وا دەکەن مرۆڤ ھەست بە ئارامیی دەروونیی بکات و ئەو ترسەی ھەیەتی بڕەوێتەوە و لەلای ئاسان و سادە بێت.
٦- بیرکردنەوە لە دەرئەنجامی خراپتر، بۆ نموونە لە کاتی ھەستکردن بە ترس لە تاقیکردنەوەیەک یاخوود چاوپێکەتنێک بۆ دەستکەوتنی ئیشێک، بیرکردنەوە لە خراپترینی گریمانەکان و پرۆڤەکردن لە سەر شێوازی قسەکردنەکەت لە کاتی چاوپێکەتنەکەدا (واتە خۆڕاھێنان لەسەری) ترسەکەت لەکاتی رووبەڕووبوونەوەکەدا کەمدەکاتەوە.
٧- رووبەڕووبوونەوەی خودی کەسەکە لەگەلڕ ئەو حاڵەتەی لێی دەترسێت، بە مانایەکی تر مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتی پڕ لە ترس و تۆقین، چونکە ئەگەر مرۆڤ ئەو ترسەی کە ھەیەتی لێی رابکات، ئەوە دەرئەنجام ترسەکەی زۆر تووندتر دەبێت، بۆ نموونە کەسێک لە شوێنی تاریک یان لە تەنیایی دەترسێت، دەبێت شوێنی تاریک یان تەنیایی تاقیبکاتەوە و لای ئاشکرا و روون بێت کە ھیچ روونادات و ئەو ترسەی ئەو ھەیەتی تەنھا ترسێکی خەیاڵییە و بەس.
٨- ھاتنە ناوەڕاستی ژیانەوە، واتە دەبێت مرۆڤەکان بزانن ژیان بە سروشتی حاڵی خۆی پڕە لە جەنجاڵی و روودانی کاری خۆش و ناخۆش، ئەوەشی لا روون بێت ئەوەی کە روودەدات تەنھا بۆ تاکە کەسێک نییە. بۆ نموونە وا بزانێت بە س ئەو نەخۆش دەکەوێت یاخود ھەر ئەو ئەمرێت یان بەس ئەمە کەسە نزیکەکانی لێی دووردەکەونەوە.
٩- گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانی تر دەربارەی ئەو ترسەی کە ھەیەتی و بەشدارییپێکردنی کەسانی نزیک و ھاوڕێ، یاخوود راوێژکردن بە پسپۆڕی دەروونی و باسکردنی حاڵەتەکە لەلای وا دەکات ترسەکە بڕەوێتەوە.
لە کۆتایدا دەڵێین: مرۆڤەکان ئەگەر ترسێکیان ھەبوو ئەبێت ترسێکی ئەرێنی بێت و دروستکەر بێ و بتوانن بیکەن بە سەرچاوەی سەرکەوتنەکانیان، واتە ھاندەر و پاڵنەر و رێخۆشکەر بێت بۆکار و بەرھەم و دەستکەوتی چاک چاکتر، نەک ترسێک بێت ساردکەرەوە و روخێنەر و پشتشکێن بێت، لەبەر ئەوەی ترسی نەرێنی مرۆڤ تووشی لەناوچوون و نەخۆشی دەروونی و جەستەیی دەکات، چونکە ترس گەورەترین دوژمنی مرۆڤە، لەمڕووەوە سامۆێل جاکسن دەڵێت: “ئازایەتی لە پێش ھەموو شتە باش و چاکەکانی دیکەوەیە چونکە ئەگەر ئازایەتیت نەبێت ئەوا دەرفەتی شتە باش و چاکەکانی دیکەت نابێت.”

سەرچاوەکان:
– د. ھیشام تالیب و ئەوانی تر، پەیوەندییەکانی نێوان دایباب و منداڵ، ٢٠١٧.
– چۆن خۆمان لەترس ڕزگاربکەین (سایتی خەندان).
– سایتی ویکیپیدیا.
– د. جەعفەر عومەر، باسێک دەربارەی ترس و تۆقین، بەرنامەی تەندروستی رۆژ، کەناڵی ئاسمانیی (NRT).
– د. ولید فتیحی، برنامج (ومحیای)، الخوف.
– د. محمد بن مترک القحگانی، برنامج (دقائق نفسیە) الخوف المرچی والرھاب، قناە الرسالە الفچائیە.
– د. احمد عمارە،کیف تتعامل مع الخوف عملیاً.
– إیمان بگمە، ٨ گرق للتعلب علی الخوف والقلق، موقع (الموچوع) الالکترونی.
– عاتکە البورینی، التخلێ من خوف والقلق، موقع (الموچوع) الالکترونی.

بینینی زیاتر

بابەتەكانی نوسەر