وتار

دوکینز وھیچنز و ھاریس چۆن “مولحیدە نوێیەکان” بوونە سەرکردەی توندوتیژی؟

نوسینی: نیک میگۆران و راسل فۆستەر

ھەر کاتێ بابەتەکە پەیوەنددار بێت بەچەمکی توندوتیژیی، مولحیدانی بەناوبانگی وەک ریچارد دوکینز بانگەشەی پێشکەوتنی ئەخلاقی دەکەن. دۆکینز، ھاوشێوەی سام ھاریس و کریستۆفەر ھیچنزی کۆچکردوو، پێی وایە ئایین لەکرۆکیدا توندوتیژە، ئەمەش بەو واتایەی کەئیلحاد بەسروشتی خۆی زیاتر ئاشتییانەیە، ئەگەر لەتوانادا بووایە سەرزەنشتی ئایین بکرێت لەسەر ھەموو خراپەیەکی جیھان، ئەوکاتە دەتوانرێت بگوترێت کەلەناوبردنی ئایین نەک تەنھا کارێکی پێویستە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقیی سەرشانی مولحیدەکانە، ئەوانەی باوەڕیان بەئاشتی ھەیە! لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو توێژینەوانەی ئەنجاممان داوە لەچوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی ناونراوە جەنگ لەدژی تیرۆر، دەریدەخات کە ئەو مولحیدانە بەشێوەیەکی زۆر سەیر ئامادەبوون بۆ پشتگیری ئەو سیاسەتانە بکەن، کەلانی کەم ھەمان ڕادەی-لەھەندێ حاڵەتیشدا زیاتر-توندوتیژی لەخۆ گرتووە کەبەناوی ئایینەوە ئەنجام دەدرێت.

توێژینەوەکەمان (کەبەشێوەیەکی بە ھاوبەش ئەنجام دراوە لەلایەن توێژەرێکی مەسیحی و، یەکێکی تر کەنازانم و، توێژەرێکی مولحید) شیکردنەوەی نووسینەکانی دوکینز و ھاریس و ھیچینزی گرتووەتەوە، کەئەوانە ‌رەمزی ئەوانەن کە بە “مولحیدە نوێیەکان” ناونراون. ھەوڵمانداوە ھەڵوێستەکانیان بزانین سەبارەت بەسیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو بەریتانیا لەکاتی ھێرشەکانی سێپتەمبەر/ئەیلول ٢٠٠١، ھەروەھا بەشێوەکی ڕەخنەگرانە شیکاریمان بۆ ئەو کتێبانەیان کردووە کەزیاتر فرۆشی ھەبووە، لەگەڵ وتارە ڕۆژنامەوانییەکانیان و نووسینەکانیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی تێیدا دەردەکەون، بۆ دڵنیابوون لە ھەڵوێستەکانیان، ‌لەبارەی زانست یان ئەخلاقەوە نا، ‌بەڵکو ئەوانەی پەیوەندارە بەسیاسەتەوە، بەتایبەت سیاسەتی دەرەوە. ھەریەکە لەوانە بانگەشەی ئەوە دەکات کەئایین بەسروشتی خۆی ھاندەرە بۆ توندتیژی، لەکاتێکدا کەئیلحاد زیاتر ئاشتییانەیە. دوکینز بەتایبەت پرسیار دەکات: “کێ بانگەشە بۆ کوشتن دەکات بەناوی شتێک جگە لەخوا؟(!)”.

“٣٠% ئوسترالییەکان دەڵێن ھیچ ئایینێکیان نییە، ئەمە قسەی ھەرکەسێکی زیرەکیشە. بەڵام سەبارەت بەو ئوسترالییانە (کەپێشینەیەکی موسڵمانییان ھەیە) کارەکە ھەروا ئاسان نییە. وەک موسڵمانی پێشین، تا ئاستی مردن لە دەربەدەری دەترسن. چ ئایینێکی تر پشت بە ھەڕەشە بەکوشتن دەبەستێت لەپێناوی مانەوەدا؟ ئەمە جێگای بەزەیی پێداھاتنەوەیە”!.

ئیلحاد، لەکۆن و نوێدا
بنەچەی وشەی “ئیلحاد (athiest)” لەزمانی ئینگلیزیدا لەوشەی (a-theos)ی یونانییەوە ھاتووە، بەمانای “بێ خودایی”. ھەرچەندە ئەم زاراوەیە لەسەردەمە کۆنەکاندا داڕێژراوە، بەڵام تەنھا لەسەردەمی ڕۆشنگەرییدا مولحیدەکان دەستیان کرد بەڕاگەیاندنی مولحیدبوونی خۆیان.
ئەو ئیلحادە ئەوروپییە نوێیە ویستی خۆی لەئەفسانەکان (الخرافات)دەرباز بکات، بەڵام زۆر خێرا گۆڕا بۆ سەرچاوەیەکی توندوتیژیی تۆقێنەر. لەگەرمەی شۆڕشی فەڕەنسادا، حکومەتی یەعقوبیی شۆڕشگێڕ، لەچوارچێوەی ھەوڵە تاوانکارییەکانی بۆ سەپاندنی ئیلحاد بەسەر دەوڵەتدا، یەکەم “سەردەمی تیرۆر”ی لەمێژوودا کردەوە. ھەروەھا ھەڵمەتە سەرەتاکانی یەکێتی سۆڤیەت لەدژی ئایین، کە “کۆمەڵەی مولحیدە توندڕەوەکان” سەرکردایەتی دەکرد، چەوساندنەوەیەکی توندی دژ بە دا‌مەزراوە ئایینیەکان و کەسە ئاییندارەکان وەک یەک لەخۆ گرت.

لەگەل نەمانی یەکێتی سۆڤیەت و دووبارە دەرکەوتنەوەی ئایینی سیاسی لەحەفتاکانی سەدەی بیستەم بەدواوە، ھەندێک لەنووسەران لەوباوەڕەدا بوون کەئیلحاد کەوتە حاڵەتی پاشەکشەوە. بەڵام ماوەی سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەک بەرزبوونەوەی نووسەرانی وەک دوکینز و ھاریس و ھیچینزی بەخۆوە بینی، کە وەک ڕۆشنبیری گشتی دەرکەوتن، سەرکردایەتی ھێرشی توندیان بۆ سەر ئەو ئایینەی گوایە بەشێوەیەکی بێوێنە ‌درۆیینە و مەترسیدارە.

بەڵام لەڕاستیدا بەڵگەکانیان نوێ نەبوون. بەڵام، بەپێچەوانەی فەیلەسوفە مولحیدەکانەوە کەتێگەیشتن لەبیروبۆچوونەکانیان ھەندێک جار سەخت بوو، مولحیدە نوێیەکان، لانی کەم لەڕووکاردا، کەسایەتییە مشتومڕکارن(الجدالیە) و تێگەیشتنی باشیان ھەبوو لەبارەی چۆنیەتی کاریگەری دروستکردن لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە، سەرکەوتنیان لەبڵاوکردنەوەی کتێبەکانیان وبەشداری گفتوگۆ گشتییەکان و بەدیھێنانی بڵاوبوونەوەی جیھانی لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خستنیە ریزی بەناوبانگەکان، لەزنجیرە تەلەفزیۆنیە میللیەکانی دەرکەوتن، وەک ساوس پارک (South Park)و فایلی گای (Family Guy)و زا سیمپسۆنز (The Simpsons) ھەتا دەگاتە دکتۆر ھۆ (Dr Who).

ئیلحادی نوێ و “جەنگ لەدژی تیرۆر”
لەساڵی ٢٠٠١، ئەو سێ مولحیدە پشتگیری ھێرشی ئەمریکایان بۆ سەر ئەفغانستان کرد، ھەروەک لەساڵی ٢٠٠٣دا ھیچنز پشتگیری کرد لە داگیرکردنی عێراق بەزەبری ھێز، ئەمە لەکاتێکدا کە ھاریس وایدەبینی کەکارلێکی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیسلام و جیھانی ئیسلامیدا وەک بەشێک لەجەنگ پێویستە ڕۆژئاوا تیایدا براوە بێت، ئەگەر ئەو نەیەوێت تووشی “کۆیلایەتی” ببێت، لەکتێبی “کۆتایی ئیمان”دا کەلەساڵی ٢٠٠٤ دەرچووە، لەلاپەڕە (١٣١)دا ھاریس دەڵێت:
“لەکاتێکدا ئاسانە باوەڕمان وابێت کە و‌تووێژمان لەگەڵ جیھانی ئیسلامیدا یەکێک لەئەنجامە پێشبینیکراوەکانی ئایندەیەکی لێبوردەیی بەرانبەریەک بێت، بەڵام ھیچ شتێک گرەنتی ئەو ئەنجامە ناکات، بەتایبەت ‌بنەماکانی خودی ئیسلام. بەسەرنجدان لەو کۆت و بەندانەی کەبیروباوەڕی ئیسلامی باو دەیسەپێنێت و، ڕامان لەو سزایانەی لەناو ئیسلامدا ھەیە لەدژی خۆگونجانی ڕیشەیی (و گونجاو) لەگەڵ نوێگەریدا، پێم وایە کە ڕوونە کە ئیسلام لەسەری پێویستە ڕێگایەک بۆ بەخۆداچوونەوە بدۆزێتەوە، بەئاشتیانە بێت یان بەجگە لەو. ئەوەی ئەمە دەیگەیەنێت ڕوون نییە. بەڵام کارە ڕوونەکە ئەوەیە کەڕۆژئاوا پێویستە بە بەڵگە بیباتەوە یان بەجەنگ. ھەر شتێکی تر وەک کۆیلایەتی دەبێت.”

درێژە بەقسەکانی دەدات: “لەڕاستیدا ھەندێ کەس ناتوانرێت وتوێژیان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر لەتوانادا نەبێت دەستگیر بکرێن، بەزۆریش ناتوانرێت دەستگیر بکرێن، لەوانەیە ببێتە پاساو بۆ کەسانی لێبوردە بەپیچەوانەی ئەم حاڵەتە وەک بەرگریکردن لەخۆیان بیانکوژن. ئەمە ئەو کارەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھەوڵیدا لەئەفغانستان ئەنجامی بدات، ھەر ئەمەشە ئێمەو ھێزە ڕۆژئاواییەکانی تر ھەوڵی ئەنجامدانی دەدەین، بەتێچوونێکی زۆرتر بۆ ئێمەو بۆ کەسانی بێتاوان لەدەرەوە، لەشوێنەکانی دیکەی جیھانی ئیسلامی، بەردەوام دەبین لە خوێنڕێژی لەوەدا کە، لە کۆتاییدا، شەڕی فیکرەکانە”.

لەڕاستیدا، ئێمە دەڵێین ئەو ‌سیانە پشتگیری ئەم جەنگەیان کرد، چونکە ئەوان سیاسەتی جیھانی بەچاویلکەی ئیلحاد دەخوێننەوە، وادیارە ئەوان وایدەبینن کەڕۆژئاوا لەجەنگی (وجودی) لەگەڵ ئاییندا دەوری گیراوە، بەتایبەتی ئایینی ئیسلامی، بەڵام لەم تێڕوانینە مولحیدییەدا بۆ جوگرافیای سیاسەتی جیھانی چوار لایەنی سەرسوڕھێنەر ھەیە.

یەکەمیان: ئەوان ئایین واسەیر دەکەن کەبەشێوەیەکی بنەڕەتی توندوتیژە، ھاریس دەڵێت: “ئایین گەورەترین سەرچاوەی توندوتیژییە لەمێژووماندا”. ھێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر “لەئایینەوە ھاتووە”، دوکینز کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئایین “چەکە کوژەرەکەیە”، دەڵێت: ئایین “سەرچاوەی بنەڕەتی ئەو پەرتەوازەییە کەلەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە”. بەڵام ئەم شیکارییە باس لەڕۆڵی قێزەونانەی ھێزە بێگانەکان و حوکمڕانە گەندەڵەکان لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و توانای سەرکردە کارێزمییەکان بۆ یاریکردن بەئایین و تێکەڵکردنی بە ستەمکارییە ڕێگەپێدراوەکانیان ناکات.

وێڕای ئەو ڕەخنە توندانەی کەئاراستەی تۆماری مێژوویی مەسیحی دەکەن، ئەوان ئیسلام بەشێوەیەکی تایبەت بەھەڕەشە بۆ سەر مانی کۆمەڵگا سیکولارە تازەکان دەزانن، لەکاتێکدا کە جۆرج دەبلیو بۆشی سەرۆکی ئەمریکا مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی کە “ئیسلام ئایینی ئاشتییە”، کەچی مولحیدەکان بۆچوونێکی پێچەوانەیان ھەیە. ئەوەتانێ دوکینز وەھا وەسفی ئیسلام دەکات کە “یەکێکە لەشەڕەنگێزییە مەزنەکانی جیھان”، ھاریسیش دەڵێت: “ئێمە لەجەنگداین لەگەڵ ئیسلام”، نەک لەگەڵ “ئایینێکی ئاشتیخوازدا کە توندەڕەوەکان ڕفاندبێتیان”.

مولحیدە نوێکان باوەڕیان وایە ئەو ‌شارستانیەتە ڕۆژئاوییەی ھەیانە زاڵترە ‌لەوەی وەھا سەیری بکەن کەشارستانیەتێکی رۆژھەڵاتی بێت کە لەئایینێک لەڕۆژھەلاتی ناوەڕاستەوە سەرچاوەی گرتبێت. لەساڵی ٢٠١١دا، دوکینز لەتویتێکدا ئەڵێت: “موسڵمانانی جیھان بەھەموویانەوە خەڵاتی نۆبڵیان کەمتر بەدەست ھێناوە لەوەی کە کۆلێژی ترینیتی لەکامبرێدج بەتەنھا بەدەستی ھێناوە”، ھیچنزیش نووسیوویەتی: ھێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر وای لێکردووە ھەست “خۆشی” بکات چونکە جیھانی نغرۆی “ڕووبەڕووبوونەوەیەک کردووە کەھیچ تێکەڵبوونێکی تێدا نییە لەنیوان ئەوەی خۆشم ویستووەو ھەموو ئەوەی رقم لێی بووە.”

لەکۆتاییدا، وادیارە کەمولحیدە نوێیەکان شێوەیەکی تایبەتی دیاردەی “بارگرانی پیاوی سپی” (وەرگێڕ: ئەو گرێی زاڵبوونەیە کەدەیەوێت “گەلە بەربەریەکان” لەماوەی سەردەمی داگیرکەردا ئامادە بکات) ئەمەش بۆ ڕزگارکردنی ئەفغانستان و عێراق و جیگای دیکە لە “دواکەوتنی ئایینییان”، بۆ نموونە ھاریس ھاوشێوەی تێڕوانینی داگیرکاری کلاسیکی بیردەکاتەوە، کاتێ دەنووسێت کە ئەو ” بەچاوپۆشی لەوەی کەنیەتەکانمان ڕوون نەبێت یان سەرلێشێوێنەر بێت” لەکاتی پەلاماری عێراقدا، ئێمە ھەوڵ دەدەین، بەتێچوونێکی زۆری خۆمان، ژیانی گەلی عێراق چاک بکەین!”.

جیھانێکی بێ ئایینەکان بھێنە پێش چاوت
ھاریس چوارچێوەی بەڵگەکەی فراوانتر دەکات بەوەی پێشنیار دەکات جیا‌کردنەوەی عرقی لەگەڵ موسڵمانان (واتە مامەڵەکردن بەجۆرێک لەگەڵ موسڵمانان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە کەگومان لێکراون) و ئەشکەنجەدانی یاساییانەی تیرۆرستەکان ڕەفتارێکی قبوڵکراو دەبێت لەڕووی ئەخلاقیەوە لەوەی ناونراوە “جەنگ دژی تیرۆر”. وابیردەکاتەوە کە “موسڵمانان کێشەن لەبەردەم چەمکی ڕێگرتنی(ردع) ناوەکیدا” چونکە لەڕووی لاھوتییەوە لەمردن ناترسن، دەڵێت ئەوان لەبەرانبەر ئەو ڕێگرییە پارێزراون کە چەمکی وێرانکارییی ناوەکی بەدڵنیایی لەھەردوولاوە دەیخاتەوە، لەبەر ئەوە، ئەگەر حکومەتێکی ئیسلامی چەکی ناوەکی بەدەستھێنا، دەڵێت: لەوکاتەدا ئەوا “ئەنجامدانی ھێرشێکی ناوەکی دەستپێشخەرانە” لەوانەیە “تاکە بژاردەی بەردەمیان بێت”، جیاوازی لەم بەڵگەیەدا ئەوەیە بەڕاگەیاندنی ئەوەی ئایین بەشێوەیەکی بێوێنە توندوتیژە دەست پێدەکات، جیاوازی ھاریس ئەوەیە، لەوکاتەوە ھەستاوە بەڕوونکردنەوەی ھەڵوێستی لەمەڕ ئەشکەنجدان بەمشێوەیە:

“پاساوم بۆ پشتگیری بەکارھێنانی سنورداری توندوتیژی(ئەشکەنجەدان بەواتایەکی تر) لەکاتی لێپێچینەوەدا بەمجۆرەیە: ئەگەر لەو باوەڕەدا بوویت کەلەتونادایە پاساوی بەکارھێنانی بۆ بۆمب لەھەوڵی کوشتنی کەسێکی وەک بۆ نمونە ئوسامە بن لادن (کەدەبێتە ھۆی مەترسی کوشتنی پیاو و ژن و مناڵی بێتاوانیش)، پێویستە کەباوەڕت وابێت کەھەندێ کات ڕێگەپێدراوە ئەشکەنجەی کەسێکی وەک ئوسامە بن لادن بدرێت (ھەرچەندە مەترسی ئەوە ھەیە ئەشکەنجەی کەسێکی بێتاوانیش بدرێت تەنھا لەبەر ئەوەی شێوەی لەو دەکات.”

لێکۆڵینەوەکەمان جیاوازییەکە ڕوون دەکاتەوە کە وێڕای بانگەشەی مولحیدە نوێیەکان بۆ ئەوەی کە ئایدۆلۆژیەتەکەیان زیاتر ڕۆشنگەرانەو ئاشتیخوازانەترە لەئایین، بەڵام کارەکەیان بەزۆری بەرەو بانگەشەی توندوتیژییان دەبات، چونکە تێڕوانینێکی ڕووکاریان بۆ جیھان ھەبووە کەلەنێوان دوو شارستانیەتدا دابەش بووە، عەلمانی و ئایینی، کەناکرێت پێکەوە بژین، جیاوازیەکە لێرەدا ئەوەیە ئەوان ھەمان لۆژیکی سەرکردە ئایینییە توندڕەوەکان پەیڕەو دەکەن کەبەتوندی ئیدانەیان دەکەن.

پاش تێپەڕبوونی پازدە ساڵ بەسەر پەلاماری عێراق و ئەو ئاژاوەیەی لێی کەوتەوە، ئاشکرایە کەپێویستە تێگەیشتنێکی وردتر بۆ کۆمەڵگاکان و سیاسەتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەبێت، بەڵام دەرکەوتنی ئەو ئاستە لەوردی و پەرۆشی لەشیکاری مولحیدە توندڕەوەکاندا ھەبێت، ئەمانیش وەک نەیارە توندڕەوە ئایینییەکانیانن.

بینینی زیاتر

بابەتەكانی نوسەر