وتار

توێژینەوەیەکی ئەڵمانی : مسوڵمانان بەرزترین ئاستی ڕەزامەندبوون لەژیانیان ھەیە و لەپێش مەسیحی و مولحیدانەوەن

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە مسوڵمانان ئاستێکی بەرزیان ھەیە لەھەستکردن بەڕەزامەندبوون لەژیانی خۆیان، بەھۆی ھەستکردنیان بە”پەیوەستبوونی ڕۆحی”ی نێوانیان و بەوەش لەپێش شوێنکەوتەی ئاینەکانی دیکەوەن.
ئەو توێژینەوانەی پێشتر کرابوون بۆ پێوانەی ئاستی ڕازیبوون لەژیان، “دڵخۆشی”یان دەکردە پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی ڕەزامەندبوون، بەڵام ئەم توێژینەوە نوێیە کە زانایەکی دەروونناسی ئەڵمانی ئەنجامی داوە، دەریخستووە ھەستکردن بە “پەیوەستبوونی ڕۆحی” نیشاندەری ئاست و مەودای ڕەزامەندبوونی گشتییە لەژیان و پێوەرێکە بۆ ئەو ئاستە.
ڕۆژنامەی “دەیلی مەیلی” بەریتانی لەوبارەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە توێژینەوەکە داوە کە توێژەرە بەشداربووەکان نمونە (عەیینە)ی توێژینەوەکە کە بەشداریی ڕاپرسییەکەیان کردووە و ژمارەیان (٦٧٥٦٢) (شەست و پێنج ھەزار پێنجسەد و شەست و دوو کەس) بوون، بەپێی ئاین پۆلێن کردوون، دەرکەوتووە مسوڵمانان زیاتر ھەست بە “پەیوەستبوونی ڕۆحی” دەکەن.
توێژینەوەکانی پێشتر لەژمارەیەک پسپۆڕی و بواردا وەک بواری ئاین و فەلسەفە و دەرونناسی، دەریانخستووە جۆرە جیاوازەکانی پەیوەستبوون لای مرۆڤ دەبنە ھۆی ھەستکردنێکی گشتگیرانە بە خۆشگوزەرانی و دڵخۆشی، لەچوارچێوەی “پرسیارە گەورە”کانی بواری دەرونناسیدا پرسیاری ئەوە ھەیە “ئایا دڵخۆشی چییە؟ چۆن بەدەستیبھێنین؟”، وەڵامەکانیش بریتیبوون لە”نازانین، ھەرگیز نازانین، لەوانەشە ئەگەر بزانین وەڵامەکە لەسەر ئاستی جیھانی قابیلی جێبەجێکردن نەبێت”.
بەڵام “ئید دیینەر”، مامۆستای فەخریی، دەرونناسی، لەزانکۆی ئیلینۆی لە”ئۆربانا-شامبین”، لەناوەندە ئەکادیمییەکاندا بۆچوونێکی دیکەی ھەیە و بەوە ناسراوە ھەوڵدەدات پێوەری دڵخۆشی یان پێوەری “ڕەزامەندبوون لەژیان” دیاری بکات.
پێوەرەکەی “ئید دیینەر” لە پێنج پرسیار پێکھاتووە، کە ئامانج لێیان ئەوەیە ئاستی ڕەزامەندبوونی مرۆڤەکە لەژیانی خۆی بەشێوەیەکی گشتی، بزانرێت.
بەخاڵەکانی (یەک تا حەوت)، کەسەکە لەڕێی دیاریکردنی ڕەزامەندبوونی یاخود دژبوونی لەسەر پرسیارەکە، وەڵام دەداتەوە.
چەندێک خاڵەکانت بەرزبن، ھەستکردنت بە ڕەزامەندبوون لەژیانت، -بەپێی توێژینەوەکە- زیاتر دەبێت.
ئەو کەسانەی کە خۆیان بە”پابەندبوون بەئاینەوە” دەناسێنن، واتە پابەندن بە پەرستشە ئاینییەکانەوە، زیاتر ئەگەری ئەوەیان ھەیە بڵێن “زۆر دڵخۆشین”.
ھەندێک توێژینەوەی دیکە، بۆ نمونە وەک ئەو ڕاپرسییەی کە ناوەندی توێژینەوەی “بیو” ساڵی ٢٠١٦ ئەنجامی داوە، دەریخستووە ئەو کەسانەی کە خۆیان بە”پابەندبوو بەئاینەوە” دەناسێنن، زیاتر ئەگەری ئەوەیان ھەیە “زۆر دڵخۆش” بن.
زۆرینەی زۆر کە دەگاتە (٩٥%)ی ئەو ھاوڵاتییە ئەمەریکییانەی کە “زۆر دڵخۆشن”، مەسیحی بوون، سەر بە ڕێچکەی “پرۆستانت” یان “کاسۆلیک” یان “مۆرمۆن” بوون.
بەڵام حاڵەتی ڕۆحانیبوون، بە بێ لەبەرچاوگرتنی سەر بە چ ئاینێکی دیاریکراو بن، پەیوەندییەکی بەھێزی ھەیە بە ڕەزامەندبوون لە ژیان، و دڵخۆشی و گەشبینی لای نەخۆشانی شێرپەنجە.
زانایانی دەرونناس بۆچوونەکانیان یەکانگیرە لەسەر بیرۆکەی “پەیوەستبوونی ڕۆحی”، بەوپێیەی دەزووی ھاوبەش و خاڵی کۆکەرەوەی نێوان مرۆڤە ڕۆحانییەکانە لەسەرجەم ئاینەکاندا.
سیگمۆن فرۆید، کە بە باوکی شیکاری دەروونی ناسراوە، پێیوایە مرۆڤەکان ھەموویان بەتاسەوەن بۆ گەڕانەوە بۆ ھەستی “پەیوەستبوون” کە لە سکی دایکیاندا ھەستیان پێکردووە و ھەیانبووە، دەشیانەوێت بەھەموو ڕێگایەک خۆیان گرێبدەنەوە بەو ھەستەوە.
ھەروەھا زانا دەرونناسە ھاوچەرخەکان چەمکی “پەیوەستبوونی ڕۆحی”یان بەوە پێناسە کردووە کە “یەکێکە لەو تایبەتمەندییە کەسییانە کە جیاکەرەوەی ئەو کەسانەن کە عەوداڵی پەیوەستبوونی زیاترن لەگەڵ کەسانی دیکەدا، ھەروەھا لەگەڵ ژینگەدا، لەگەڵ تێگەیشتنیان بۆ ھێزی باڵا (اللە)دا”.
ھەموو ئەم چەمکانەی تایبەت بە “پەیوەستبوونی ڕۆحی”، پەیوەندیدارن بەبەدیھێنانی ڕەزامەندبوون بەشێوەیەکی زیاتر و گەورەتر لەژیان، ئەمەش لای خۆیەوە پەیوەستە بەئەنجامگەلێکی باشتر سەبارەت بە تەندروستیی ژیریی و جەستەییەوە، واتە پەیوەستبوونی ڕۆحی، ئەنجامەکەی؛ ژیریی و جەستەیەکی تەندروستە.
توێژەران لەزانکۆی مانھایم لە ئەڵمانیا، ویستیان توێژینەوەیەک ئەنجام بدەن بۆ دیاریکردنی ئاست و مەودای کاریگەریی “پەیوەستبوونی ڕۆحی” لەسەر “ڕەزامەندبوون لەژیان” لای ئاینە جۆربەجۆرەکان، لەبەرئەوە ڕاپرسییەکیان ئەنجامدا لەناو زیاتر لە ٦٧ھەزار کەس کە توێژە جۆربەجۆرەکانی گرتەوە جگە لە”خوێندکارو قوتابییان”، – لەبەرئەوەی پێیانوایە بەکارھێنانی وەڵامی خوێندکاران دەستکاری دەکرێت و داتاکانی پەیوەندیدار بە پەیوەستبوونی ڕۆحی و ئاستی کەسیی بۆ ڕەزامەندبوون لەژیان، سنوردار دەکات -، بەو مانایەی وەڵامی خوێندکاران لەوانەیە وەڵامێکی دەرخەری گونجاو نەبێت بۆ توێژینەوە. توێژینەوەی توێژەرانی زانکۆ ئەڵمانییەکە زیاتر لە ٦٧ھەزار کەسی لە ھاوڵاتییانی جۆربەجۆر گرتەوە، پرسیارەکان بەجۆرێک داڕێژرابوون کە ھەڵسەنگێنەری ئاستی ھەستکردنیان بێت بە پەیوەستبوونی ڕۆحی و ڕەزامەندبوون لەژیان.
بەپێی توێژینەوە نوێیەکە، کە لە گۆڤاری “کۆمەڵەی دەرونناسیی ئەمەریکی”دا بڵاوکراوەتەوە، لەنێوان ھەموو گروپە بەشدارەکانی توێژینەوەکەدا، مسوڵمانان زیاتر لەھەموویان باوەڕیان وایە پەیوەستن بە شتێکەوە کە لە خۆیان مەزنترە.
لەپاش مسوڵمانان، مەسیحییەکان ئەوانەیان کە سەر بە ھیچ کام لە کاسۆلیک و پرۆتستانت نیین، لە پێگەی دووەمدان کە ھەست بە پەیوەستبوونی ڕۆحی دەکەن، لەدوای ئەوانیش بە پلەکانی سێھەم و چوارەم بوزییەکان و ھیندۆسەکان دێن.
ئەمە لەکاتێکدا مولحیدەکان “ئەوانەی باوەڕیان بە بوونی خودا نییە”، کەمترین ئاستی ھەستکردن بە پەیوەستبوون بەرانبەر کەسانی دیکە، یان بەرانبەر بە ھێزێکی باڵایان، ھەیە.
لەسەرووی ئەوەشەوە، ئەو نمونە بیرکارییانەیەی کە توێژەران بۆ توێژینەوەکەیان دایانڕشتبوو، دەریخست پەیوەندییەکی بەھێز ھەیە لەنێوان پەیوەستبوونی ڕۆحی و ڕەزامەندبوون لەژیان. “لارا ماری ئیدینگەر-شونز”، ژنە زانای دەرونناس لەزانکۆی مانھایم نووسیویەتی: “ئەنجامەکان بەڕوونی ئەوە دەردەخەن ئاڕاستەی (نەرێنی)یانەی نێوان پەیوەستبوونی ڕۆحی و ڕەزامەندبوون لەژیان، گریمانەی توێژینەوەکانی جاران بوو، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات چەمکی (پەیوەستبوونی ڕۆحی) بووەتە یەکێک لە دیارخەرە گرنگەکانی ڕەزامەندبوون لەژیان، لەکاتێکدا ھیچ کاریگەرییەکی پێچەوانەیی ڕەزامەندبوون لەژیان، لەسەر چەمکی پەیوەستبوونی ڕۆحی، نییە”، بەو مانایەی کە نەیاریی لەنێوان ڕەزامەندبوون لەژیان و پەیوەستبوونی ڕۆحی نییە و ئەو دووانە گرێدراوی یەکن.
ئەو دەرونناسە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە “گرنگە ئەوەش تاقیبکرێتەوە کە ئایا جیاوازیی تاکەکەسیی لە ھەستکردن بەپەیوەستبوونی ڕۆحی، دەتوانێت دەرخەری جیاوازییەکان بێت –بۆنمونە- لەبارەی خۆگونجاندن لەگەڵ واقیع و ڕووداو و فشارەکانی ژیاندا”. واتە دەکرێت لەئایندەدا کار لەسەر “پەیوەستبوونی ڕۆحی” بکرێت بۆ دەرخستنی کاریگەرییەکانی لەسەر بوارەکانی دیکەی ژیان.
بەپێی توێژینەوەکە بوزییەکان ئامانجیان بەدیھێنانی “دڵئارامی و سەکینەتە”، ئەوەش لەڕێی خۆڕزگارکردن لە ناسۆر و نەھامەتییەکانەوە، ھیندۆسەکانیش جەخت لەسەر “ڕاستگۆیی” دەکەنەوە. بەڵام بۆچوونی ھەرە گرنگ لە ئیسلامدا بریتییە لە”یەکتاپەرستی”، واتە باوەڕبوون بە چەمکی پەیوەستبوونی ڕۆحیی غەیبیی بە خوای تاقانەوە. لەبەرئەوە، ھیچ سەیر نییە کە ببینین مسوڵمانان زیاتر ھەستیان بەرانبەر بە”پەیوەستبوونی ڕۆحی” ھەیە.
ئاسان نییە ئەوە دیاربخرێت چۆن باری جەستەیی و ژیرییمان بەھۆی ھەستکردن بە”پەیوەستبوونی ڕۆحی”یەوە دەگۆڕێت، بەڵام دەزانین پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ھاندەری ھەموو شتێکە، ھەر لە باشکردنی کاری دەزگای بەرگریی جەستەوە تا درێژکردنەوەی تەمەن و دروستکردنی توانای زیاتر بۆ ھاوسۆزی و سنوردانانێک بۆ ھەستکردن بە نیگەرانی و خەمۆکی. بەڵام پێدەچێت ھەستکردن بە”پەیوەستبوونی ڕۆحی” ھەموو ئەو ئەنجامانە بەدیبھێنێت.
توێژەران نووسیویانە “ئەم توێژینەوەیە، تیشک دەخاتە سەر لایەنە دەرونییەکانی ئاینەکان، ھەروەھا تەنھا تێکڕای ئاستی ھەستکردن بەپەیوەستبوونی ڕۆحی لای ئاینە جۆربەجۆرەکان ئاشکرا ناکات، بەڵکو کاریگەریی ئەو ھەستکردنە لەسەر ڕەزامەندبوون لەژیان، لەسەر بنەمای کاریگەریی ئاینداربوونیش ئاشکرا دەکات”.

سەرچاوە: پێگەی عەرەبی پۆست.

بینینی زیاتر

بابەتەكانی نوسەر