وتار

ئایا ئایین بەرپرسیارە لە توندوتیژیی؟

لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، بلۆکی رۆژهەڵات بە سەرکردایەتیی یەکێتیی سۆڤێت هەرەسیهێنا و بلۆکی رۆژئاوا بە رێبەرایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو بە تاکە جەمسەری باڵادەست لە جیهاندا.

بەمەش قۆناغیکی نوێ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەستیپێکرد کە جۆرج بۆشی باوک ناوی نا: سیستمی نوێی جیهانیی. دیارترین سیمای ئەم سیستمە باڵادەستی رۆژئاوا و سیستمە لیبراڵییەکەی بوو، بەمەش مرۆڤایەتیی، بە گوتەی فەیلەسوفی سیاسیی ئەمریکیی (فرانسیس فۆکۆیاما)، گەیشتووەتە دوا قۆناغی و ئيتر مێژوو بەم سەرکەوتنی فەلسەفەی لیبراڵیزمە کۆتایی دێت، ئەمەشی لە کتێبێە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی (کۆتاییهاتنی مێژوو و دواهەمین مرۆڤ) بە تێروتەسەلی باسکردووە.


بەڵام ئەم شارستانەتییەی رۆژئاوا هەروا نابێ بێ کێشە و بێ دوژمن بێ، رمانی بلۆکی شیوعییەت واتای کۆتاییهاتنی جەنگ و باڵکێشانی ئاشتیی بەسەر جیهاندا نایەت، بەڵکو دوژمنی تر یەخەی رۆژئاوا و سیستمەکەی دەگرێت، واتە بە گریمانەش بێ، نابێ ئەم ململانێیە تەواوبێت، بەڵکو رۆژئاوا و بڕیاردروستکەرانی دەبێت خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنی تر ئامادەبکەن، ئەو دوژمنەش بە قەولی فەیلەسوفی ئەمریکیی کۆچکردوو (صامۆئێل هینتینیگتۆن) بریتییە لە شارستانەتیی ئیسلامیی و ئاسیایی (چین و هیند)، ئەم بۆچوونەشی لە وتارێک و دواتر لە کتێبێکی گەورەدا روونکردەوە بەناوی (بەریەککەوتنی شارستانەتییەکان: دروستکردنەوەی سیستمی جیهانیی).

ئەمەش ئەوەی لێکەوتەوە کە یەکێک لە دوژمنەکانی رۆژئاوا بۆ لەمەودوا بریتییە لە شارستانەتیی ئیسلامیی، بەمەش باسوخواسی گەرموگوڕ دەربارەی ئایین دەستیپێکرد، زۆرێکی ئەو باسانەش بەباری سەلبییدا لە ئایین دەدوان، زۆرێکی نەهامەتیی و دەردیسەریی مرۆڤی سەردەمیشیان دەخستە ئەستۆی ئایین، بە تایبەتیش ئایینی ئیسلام، هێزی سەردەستەی جیهانیی ئەیویست ئەوە بدات بە گوێماندا کە دوژمن و بەڵایەکمان لە کۆڵی مرۆڤایەتیی کردەوە کە تەوژمی شیوعییەت و زلهێزەکەی رۆژهەڵات بوو، بەڵام وا دوژمنێکی تر یەخەی مرۆڤایەتیی گرتووە، بۆیە ئەرکی رابەری جیهانی ئازاد کە ئەمریکایە، ئەوەیە کە نەهێڵێت مرۆڤایەتیی توشی ئاشوب سەرئێشەیەکی تر ببێت، هەربۆیە لەسەری پێویستە بەرەنگاری ئەو دوژمنە نوێیە ببێتەوە.

لەبەرامبەریشدا چەندین گروپ و تاقمی جیاواز لە جیهانی ئیسلامییدا دروستبوون و دروستکران کە بە هەمان قەبارە رۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەمریکایان بە دوژمنی سەرسەختی خۆیان دەزانی. هەربۆیە زەمینەیەکی لەبار دروستبوو بۆ جەنگ و ململانێ لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ئەو گروپ و پارت و تاقمانە لەلایەکی تر.

بەڵام لەبەرئەوەی ئەم دوژمنە نوێیەی ئەمریکا هەم جوگرافیایەکی دیاریکراوی نییە، بەڵکو لە هەرسێ کیشوەری ئاسیا و ئەفریقیا و بەشێکی ئەوروپادا هەن، هەم دەوڵەت و کیانێکی دیاریکراو نوێنەرایەتییان ناکات، وە هەر لە سەرەتاشەوە حیسابی دوژمنیان بۆ کراوە، هەر بۆیە کار و چالاکییەکانیان زیاتر نهێنییە، ئەمەش وایکردووە کە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا ئەمنی و هەواڵگریی و سەربازیی بێت و هیچ بوار و دەلاقەیەک بۆ گفتوگۆ و یەکتربینین و لە یەکتێگەیشتن نەمێنێتەوە و هەردوولا هەوڵی سڕینەوەی یەکتر بدەن.

بەمەش هەرچی تۆمەت و سیفەتی ناشیرین و ناووناتۆرە هەیە دراوەتە پاڵ ئەو تەوژم و گروپ و پێڕ و تاقمانانە، لە دیاترینیشیان تیرۆر و تۆقاندن و توندوتیژییە. بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامانە ئەوەیە کە لەم ململانێ و جەنگانەدا، زۆر تانە و تەشەر و تۆمەت ئەدرێتە پاڵ ئایین، بەتایبەتیش ئیسلام، کار و رەفتاری ئەو گروپانەش لەسەر ئایینی ئیسلام دەکرێتە ماڵ.

لە هەر کوێ توندوتیژیی یان جەنگ یان تیرۆر روودەدات یەکسەر لە ئایینی دەئاڵێنن و دۆخەکە وا وێنا دەکرێ کە توندوتیژیی و ئایین دوانەیەکی لێکدانەبڕاون و غەیری ئایین و ئاییندارانیش ئەهلی ئاشتیی و نەرمونیانی و پێکەوەژیانن. جا پرسیاری جەوهەریی ئەوەیە کە ئایا هیچ پەیوەندییەک هەیە لەنێوان ئایین و توندوتیژییدا؟ ئایا توندوتیژیی مەیل و رەفتاری مرۆڤەکانە بەگشتیی یان هی ئایین و پەیڕەکەرانێتی بەتایبەت؟
ئەم وتارە کە بە کەمێک دەستکارییەوە کردوومەتە کوردیی، هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیار یان راستتر رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتەی کە ئایین و توندوتیژیی لەیەکئاڵاندووە و ئایینی کردووەتە سەرچاوەی سەرەکیی و بنەڕەتیی هەر توندوتیژییەک لە رابردوو و ئێستا و داهاتوودا هەبووە و هەیە.

هەر بەڕاست، ئایا ئایین بەرپرسیارە لە توندوتیژیی؟
“من بەردەوام گوێم لە وتەیەکی دووبارەیە کە دەڵێت: “ئایین هۆکاری هەڵگیرسانی هەموو جەنگە گەورەکانە لە مێژوودا. وەک ویرد و دۆعای رۆژانە چەندین جار گوێم لەم رستەیە بووە وتراوەتەوە. رستەیەکە بەهۆی کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و رادیۆی ئەمریکیی و پزیشکە دەروونییەکان دەوترێتەوە، تەنانەت شۆفێرەکانی تەکسیی لە لەندەن پێش ئەکادیمییەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد دەیڵێنەوە. ئەم گوزارشتە بەربڵاوە مایەی سەرسوڕمانە؛ ئێ باشە روون و ئاشکرا نییە کە هەردوو جەنگە گەورەکەی جیهان بە هۆکاریی ئایینی هەڵنەگیرساون؟!”(١)

گەورە خانمە نوسەری ئایینناسیی بریتانیا (کارێن ئارمسترۆنگ)
بە هەمان شێوەی ئارمسترۆنگ، ولیەم کاڤانۆوی مامۆستای خوداناسیی (لاهوت) لە زانکۆی دی-پۆڵی ئەمریکیی، لە دەستپێکی کتێبە گرنگەکەیدا بەناوی (ئەفسانەی توندوتیژیی ئایینی: ئایدیۆلۆژیای عەلمانیی و رەگوڕیشەی ململانێی نوێ) گومان دەخاتە سەر ئەو بیرۆکەیەی کە پێیوایە ئایین بەرپرسیاری یەکەمی خوێنڕشتنە، لەمبارەوە دەنوسێت: “ئەو بیرۆکەیەی پێیوایە ئایین دەبێتە هۆی توندوتیژیی، یەکێکە لە ئەفسانە زۆر بەربڵاوەکان لەنێو کولتوری رۆژئاوادا. هەر لە خوێندکارانی پۆلی یەکەمی زانکۆوە تا قسەکەرەکانی ناو دەزگاکانی راگەیاندن ئەو بۆچوونە دەڵێنەوە کە پێیوایە: زۆر بە سادەیی، ئەگەر ئایین نەبێتە مایەی توندوتیژیی، ئەوا لانیکەم فاکتەرێکی بەشداری بنەڕەتییە لە هەڵگیرساندنی زۆرینەی ململانێکانی نێو مێژووی مرۆڤایەتیی.”(٢)
ئەم بیرۆکەیە تەنها لە سیاقە رۆژئاواییەکەدا نەماوەتەوە، بەڵکو پەلیکێشاوە بۆ جیهانی دەرەوەی رۆژئاواش، ئەمەش زۆر بەڕوونیی و بەربڵاویی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرچاودەکەوێت. ئایا حەقیقەتی ئەم ئەفسانەیە چییە؟ ئایا هەر بەڕاست ئایین لە ئیلحاد و عەلمانییەت زیاتر دەبێتە مایەی خوێنڕشتن؟

دەربارەی پاڵنەرەکانی توندوتیژیی:
“وا راهاتووین بپرسین جەنگ لە کوێ دەژی؟ بۆچی جەنگەکان بەم شێوەیە بڵاودەبنەوە؟ بەڵام ئێستا پەی بەوە دەبەین کە جەنگ لە کوێدا نیشتەجێیە، لەنێو ناخی خۆماندا نیشتەجێیە.”(٣)
ئەلبێر کامۆ
ئەو ئەفسانەیەی کە دەڵێت: “ئایین هۆکاری توندوتیژییە لە جیهاندا.” لەسەر بنەمایەکی سەرەکیی وەستاوە کە پێیوایە “مرۆڤ بە سروشتی خۆی ئاشتیخوازە” و حەزی لە تەبایی و ئاشتەواییە لەگەڵ خۆی و غەیری خۆیدا، بەڵام ئایین نامۆیە بەم سروشتە مرۆییە و پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت تاوەکو سروشتێکی توندوتیژی هەبێت و تینو بێت بۆ خوێنڕێژیی. بەڵام وا دەردەکەوێت ئەم قسەیە پێچەوانەی تەواوی مێژووی مرۆڤایەتییە، لەم چواچێوەیەشدا ئەو پرسیارە دێتەگۆڕێ کە زانایان و بیرمەندان چۆن روانیویانەتە پاڵنەرەکانی توندوتیژیی لای مرۆڤ؟
زۆر شت نوسراوە دەربارەی سروشتی مرۆڤ، ئەویش لە رێی باس و لێکۆڵینەوە لە هەردوو سیفەتی خێر و شەڕ، وە کام لەم دوو سیفەتە لە ناخی مرۆڤدایە و زاڵە بەسەر هەڵسوکەوتیدا. لەمڕووەوە بۆچوونی جیاواز و زۆرجار دژیەکیش هەن؛ هەر لە بۆچوونی تۆماس هۆبز کە پێیوایە توندوتیژیی لەناخی مرۆڤدا رەگی داکوتاوە، چونکە مرۆڤ لە حاڵەتی جەنگێکی بەردەوامدایە، بۆ بۆچوونی ئیمانوئێل کانت کە وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی لە مرۆڤ دەڕوانێت، تا دەگات بە جان جاک رۆسۆ کە پێیوایە ئاشتیی لە ناخی مرۆڤدا چەسپاو و رەگداکوتراوە ئەگەر کۆمەڵگە دەستیتێوەرنەدات و نەیشێوێنێت.

لێرەدا ئەگەر بە بۆچوونی ماددییانە لە مرۆڤ بڕوانین، واتە ئەو بۆچوونەی کە لایەنی ئایینی و رەهەندی ئەخلاقیی وەلا دەنێت، ئەوا سیگمۆند فرۆیدی گەورە زانای دەروونناسیی نەمساویی پێیوایە کە بە شێوەیەکی سروشتیی مەیلی توندوتیژیی، فیترەتێکی چێنراوە لە نەست (لاوعي)ی مرۆڤدا، بڕواشی وایە کە بەکارهێنانی توندوتیژیی رەنگە پێویست بێت بۆ بەدیهاتنی ژیانێکی باشتر بۆ مرۆڤ.(٤)
گەر بگەڕێینەوە بۆ نوسەری بەناوبانگی بریتانیی کارێن ئارمسترۆنگ، دەبینین ئەم نوسەرە لە رووی مێژووییەوە بیردۆزەکەی خۆی دەسەلمێنێت، ئەو دەڵێت: “مێژوونوسە سەربازییە نوێیەکان دەڵێن: بەبێ بوونی سوپایەکی پیشەگەر (محترف) و بەرپرسیار، کۆمەڵگەی مرۆیی یان لە حاڵەتی سەرەتاییدا دەمێنێتەوە، یان دەگۆڕێت بۆ چەندین دەستە و تاقمی شەڕکەر و لە جەنگێکی بێکۆتادا شەڕدەکەن.”
هەربۆیە ئارمسترۆنگ ئەو بۆچونەی پێ هەڵەیە کە دەڵێت ئایین هۆکاری توندوتیژییە، لەبری ئەمە دەڵێت کێشەی توندوتیژیی: ” خۆی لەو چالاکییە فرەلایەنەدا نابینێتەوە کە پێیدەڵێن ئایین، بەڵکو لەو توندوتیژییەدا خۆی مەڵاسداوە کە لە ناخی سروشتە مرۆییەکەمان و سروشتی دەوڵەتدا هەیە.”(٥) واتە لە ناخ و پەنهانی هەموو مرۆڤێکدا توندوتیژییەکی مات و نوستوو هەیە، دەوڵەت و دەوڵەتداریش بە سروشتی خۆی جۆرێک لە توندوتیژیی تێدایە، ئەو توندوتیژییەی لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکاندا هەیە زادە و بەرهەمی ناواخنی مرۆڤ و کار و چالاکیی دەوڵەتە.
لەبەرامبەر ئەمەشدا، تێڕوانینی پەرەسەندنی داروینیزم لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا زۆر ناکۆک نییە، چونکە توندوتیژیی –بەپێی قسەی لایەنگرانی بیردۆزی پەرەسەندن- لە سروشتی مرۆییدا جێگیر و چەسپاوە، بە چاوپۆشین لەوەی کە سروشتی مرۆڤ ئەم توندوتیژییە بەناوی ئایینەوە ئاراستەدەکات یان بەناوی شتێکی ترەوە. هەردوو زانای ئەنترۆپۆلۆجیی ئەمریکیش لیۆنێل تایگەر و رۆبین فۆکس ئەوە رووندەکەنەوە کە مرۆڤەکان لە سەرەتادا “ئاژەڵ بوون و لە پێشینەکانی خۆیانەوە پەرەیانسەندووە تاوەکو لە رووی جینییەوە بوونەتە ئامێری کارامەی راوکردن، ئەم بوونەوەرە راوکەرە راودەکات لە پێناوی چێژ و خۆشی و وروژاندن و خۆتێهەڵقورتاندن (فضول) و ترسێک کە لە ژیانی راوکەرەکاندا هەیە.”(٦) وا مرۆڤ کە دوا قۆناغی پەرەسەندنی گیاندارانە، لای لایەنگرانی بیرۆدزی پەرەسەندن، بۆتە گیاندارێکی راوکەر و راو بووەتە پیشەیەکی دانەبڕاو لە ژیانی و بۆ چەندین مەبەستی جیاواز راودەکات، شتێکی زانراویشە کە توندوتیژیی بڕبڕەی پشتی راوکردنە، واتە توندوتیژیی ئامادەییەکی بەردەوامی هەیە لای مرۆڤ.
مامۆستای زانستە سیاسییەکان گرێگ کاشمان دان بەو راستییەدا دەنێت و باس لەوە دەکات کە ئەگەر تێبینیی هەموو ئەو ئاژەڵانە بکەین کە لەو درەختەوە نزیکن کە بە حیساب پێیدەوترێت درەختی پەرەسەندن (واتە ئەو درەختەی وردەکاریی چۆنییەتی پەرەسەندنی مرۆڤ رووندەکاتەوە کە یەکەمجار چی بووە و دواتر وردەوردە چۆن گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە تا گەیشتووە بەم مرۆڤەی ئێستا) ئەوا دەبینین کە زانایان چەندین بەڵگەیان تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی ئاژەڵە بڕبڕەدارەکانی وەک مەیمونی شەمپازیی و شێر و مرۆڤ، “بوونەوەری ناوچەیین، واتە توندوتیژیی بەکاردەهێنن بۆ دەستبەسەراگرتنی ناوچەیەک و بەرگرییلێکردنی.”(٧)
دەرئەنجامی ئەمەش ئەوەیە کە هەندێک لە زانایان بڕوایان وایە کە مۆخ (مێشک)ی مرۆڤ وا “پرۆگرامکراوە و رێکخراوە کە وامان لێدەکات خەڵکی بۆ دۆست و دوژمن پۆلێن بکەین،… و کێشە و ململانێکانیشمان لەگەڵ دوژمنەکانماندا بە بەکارهێنانی توندوتیژیی چارەسەربکەین.”(٧) گرێگ کاشمان دەگاتە ئەوەی بڵێت توندوتیژیی دەرئەنجامی کۆبوونەوەی فاکتەرە جینی و کولتوریی و سیاسییەکانە، و لە راستیشدا وا دەردەکەوێت کە توندوتیژیی بابەتێکی پێویست و نکوڵی لێنەکراو بێت کە ناکرێت لە مێژوودا رەتبکرێتەوە یان لە رێڕەوی شارستانەتیی مرۆڤ دووربخرێتەوە. ئینجا پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا عەلمانییەت ئەتوانێت جڵەوی ئەو غەریزەی توندوتیژییە بگرێت؟ ئایا عەلمانییەتیش وەک ئایین توندوتیژیی ئەنجامداوە یاخود ئەستۆ و گەردنی تەواو پاک و بێخەوشە لە هەر جۆرە چالاکییەکی مرۆیی توندوتیژ؟!

توندوتیژیی پیرۆزی عەلمانییەت:
ولیەم کاڤانۆو باوەڕی وایە کە هەموو ئایدیۆلۆژیایەک لە مێژوودا توندوتیژیی پیادەکردووە و دەیکات، بەڵام جیاوازیی تەنها لە پاڵنەر و هەنجەت و رێککارەکانی بەکارهێنانی توندوتیژیی دایە، ئەو دەنوسێت: “هەموو ئایدیۆلۆجیا و دامەزراوەکان: ئیسلام، مارکسیزم، سەرمایەداریی، جولەکایەتیی، ناسیۆنالیزم، کۆنفۆشیۆسی، دەوڵەتی ناسیۆنالیستی، مەسیحییەت، لیبراڵیزم، شینتۆ-ئایینی خەڵکی یابانە، عەلمانییەت، هیندۆسی و هی تریش.. هەموو ئەمانە ناسراون بەوەی کە توندوتیژییان ئەنجامداوە بەڵام بە کۆمەڵێک مەرجی دیاریکراوەوە.”
کاڤانۆو ئەوەش رەتدەکاتەوە کە ئەم ئایدیایانە دابەشبکات بۆ عەلمانیی و ئایینی و پاشان حوکم بەسەر ئایدیا ئایینییەکاندا بدرێت بەوەی زۆرتر مەیلی توندوتیژیی دەکەن، بەڵکو زۆر بە روونی دەڵێت ئەم پۆلێنکردنە “ستەم و زۆردارییە و نابێت لە رووی تیۆریی و ئەزموونیشەوە پشتگیریی لێبکرێت.”(٨)
بە پێچەوانەوە، هەندێکجار توندوتیژیی عەلمانیی دڕندانەتر و رەقترە لە هی ئایینی، دیارترین نموونەش بۆ سەلماندنی ئەوەی کە عەلمانییەتیش توندوتیژیی پیرۆز پیادەدەکات و دڕندەییەکەشی کەمتر نەبووە لە هەندێک لەو جەنگانەی بەناوی ئایینەوە بەرپادەکرێن، جەنگی پیرۆزی ئەمریکایە لەژێر ناوی “جەنگی دژی تیرۆر” کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە هەڵیگیرساندووە و تا ئێستا بەردەوامە و زیاتر لە ٤ ملیۆن کوژراو و ملیۆنان برینداری لێکەوتووەتەوە، زۆرینەی هەرە زۆری ئەو قوربانییانەش لە وڵاتانی عێراق و ئەفغانستان و پاکستان(٩) و سوریان، بە چەندین رێگا خەڵکی کراونەتە قوربانیی؛ هەر لە سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووریی بەسەریاندا و مەحرومکردنی خەڵکی لە داوودەرمان و چارەسەری پزیشکیی، تا کوشتن بە فڕۆکەی سیخوڕیی و بۆردومانی هەڕەمەکیی شارەکان، یان هەڵکوتانە سەر ماڵ و حاڵیان و کوشتنیان لە نزیکەوە.
لە “جەنگی دژی تیرۆر”دا چەندین شێواز و میکانیزمی کوشتن بەکارهێنراوە، بەڵام هەموویان لەپێناوی یەک مەبەستدا بووە: بڵاوکردنەوەی بەهاکانی عەلمانییەت و چەسپاندنی دیموکراسیی و پایەکانی دەوڵەتی ئازادییەکان. بە روونیش دیارە ئەم ئامانجانە لە دوور و نزیکەوە پەیوەندییان بە ئایینەوە نییە و بەناوی ئایینیشەوە بەرزنەکراونەتەوە، کەچی کارەساتێکی خوێناویی وای لێکەوتووەتەوە کە لە خراپیدا هاوشانی نییە لەم سەردەمەدا.

ئەی بۆچی هێرشەکە بۆ سەر ئایینە نەک عەلمانییەت؟
کاڤانۆو سەرنجمان رادەکێشێت بۆ ئەوەی کە شەیتاندن (بەشەیتانکردن) و ناشیرینکردنی ئایین رەنگە تەنها بۆ رەوایەتی (شەرعییەت)ـپێدان بێت بە توندوتیژیی عەلمانیی، لەمبارەوە دەڵێت: “گریمانەکە بەم شێوەیە: ئەو بەڵگە و بیانووەی کە دەڵیت ئایین هۆکاری توندوتیژییە، بەربڵاو و رەواجپێدراوە، چونکە رەوایەتیی (شەرعییەت) لە چەند جۆرێکی توندوتیژیی دەسەنێتەوە و دەیدات بە چەند جۆرێکی تر، بە دیاریکراویش شەرعییەت دەدات بەو جۆرە توندوتیژییانەی بەناوی بەها و نموونەی باڵای عەلمانییەتەوە پیادەدەکرێن.”(١٠)
گەورە نوسەری ئەمریکیش، نعۆم چۆمسکیی، هاوڕایە لەگەڵ کاڤانۆودا و تەئکید لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو جەنگانەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی (نەیتۆ) و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بریتانیا و رۆژئاوا بەگشتیی دەیکەن لەژێر ناو و بەیداخی (بڵاوکردنەوەی بەها دیموکراسییەکان) و (راماڵینی بیری کۆنەپەرستیی) و (چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ)، تەنها شیعاری بۆش و بەتاڵن و بەس جەنگیان پێهەڵدەگیرسێنرێت و خوێنیان پێدەڕێژرێت، بەڵام لە راستیدا جەنگن بۆ بەدیهاتنی ئامانجی سیاسیی و بەرژەوەندیی و ئایدیۆلۆژی و هیچی تر.(١١)
ئێستا روونبووەوە کە ئەو ئەفسانەیەی دەڵێت: “ئایین هۆکاریی توندوتیژییە لە مێژوودا.” تەنها ئەفسانە و شتێکی خەیاڵاوییە و کەموکورتی و هەڵپڕوکاویی زۆری پێوە دیارە و زیاتریش بە ئایدیۆلۆژیا کراوە، چونکە توندوتیژیی لە سروشت و دەروونی مرۆیدا هەیە و خۆی مات داوە و لێی جیانابێتەوە، تەنانەت ئەگەر تێکەڵیش بکرێت لەگەڵ مەیل و حەزی ئاشتیخوازیی ئەوا ناتوانرێت لە ناخی مرۆڤدا بنبڕبکرێت، راستە جوڵێنەر و پاڵنەری توندوتیژیی جۆراوجۆرن، بەڵام هەموویان یەک کار دەکەن ئەویش دەرخستن و ئاشکراکردنی ئەو توندوتیژییەیە کە لە ناخی مرۆڤدایە. هەربۆیە ئایدیۆلۆژیایەک نییە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان توندوتیژیی پیادەنەکات، یان وەک ئەلیکسەندەر سۆزلیناسەن دەڵێت: ئەم سەردەمەی تێیدا دەژین سەردەمێکە “حەق بریتییە لە هێز(Might is right)”(١٢)، واتە ئەوەی هێزی زیاترە بەها وتێڕوانین و بەرژەوەندییەکانی خۆی بەسەر ئەوانی تردا دەسەپێنێت، ئەمەش بە وردوخاشکرن و پلیشاندنەوەی ئەوەی دژایەتیی دەکات و رێی لێدەگرێت، رەنگە جیاوازیش لەوەدا نەبێ کە خاوەن هێزەکە کێیە، بەڵکو ئەوە گرنگە کە کێ زلهێز و خاوەن بازۆڵەیە. روونترین بەڵگەش ئەوەیە کە دەبینین ئەمریکا بە تۆبزی و زۆرەملێ بەها عەلمانییەکانی خۆی بەسەر گەلانی دونیادا دەسەپێنێت، لەمەشدا زمانحاڵی ئەمریکییەکان، هەروەک کاڤانۆو دەڵێت ئەوەیە کە: پێویستە بە زەبری بۆمب و تەقەمەنیی خەڵک ناچاربکەین تاوەکو هەموویان بەرەو ئازادیی و ئاشتیی ملدەنێن.(١٣)

سەرچاوە:
محسن سلیمان
هل الدین حقا مسؤول عن العنف؟
https://midan.aljazeera.net/intellect/sociology/2018/6/15/%D9%85%
سەرچاوەکان:
1) کارین آرمسترونج، حقول الدم: الدين وتأريخ العنف.
2) وليام كافانو، أسطورة العنف الديني: الأيدولوجيا العلمانية وجذور الصراع.
3) Gerg Cashman, What Causes War.
4) کارین آرمسترونج، حقول الدم: الدين وتأريخ العنف.
5) المصدر السابق.
6) Lionel Tiger & Robin Fox, The Imperial Animal.
7) Gerg Cashman, What Causes War.
8) وليام كافانو، عنف الدين: فحص أسطورة رائجة.
9) ضحايا بلا قيمة.
10) كافانو، عنف الدين.
11) Naom Chomsky, The Military Humanism: Lessons from Kosovo.
12) Ibid.
13) كافانو، عنف الدين.

بینینی زیاتر