وتار

چەمکی شەریعەت پێش پراکتیزەکردن

دەمەقاڵێیەکی زۆر و ململانێیەکی تووند دەگوزەرێت لەم رۆژگارەی خۆماندا لە ھەموو وڵات و کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا دەربارەی بابەتی “شەریعەت و پراکتیزەکردنی شەریعەت” ئەم باسەش لە بەشێکیا دەگەرێتەوە بۆ دابەشبوون و کەرتبوونی نوخبە رۆشەنبیر و سیاسیەکانی کۆمەڵگا بۆ دوو ڕەوتی سەرەکی، کە کەوتوونەتە نێو گۆرەپانی رۆشەنبیری و رامیاری، دەشێت وەسفبکرێن بە ڕەوتی ئاینی و ڕەوتی مەدەنی – یاخوود ئەوەی پێیدەوترێت ڕەوتی عەلمانی نوێخواز-.

بەڵام بەشێک لەم کێشەیە دەگەرێتەوە بۆ ئەو ھەڵە تێگەیشتنەی ھەیە لە چەمکی شەریعە و پراکتیزەکردنی شەریعە، ھەم لەلایەن ئەوانەی داوای جێبەجێکردنی شەریعە دەکەن و بەرگری لێدەکەن و ھەمیش لای ئەوانەی دژی تەتبیقی شەریعەن و لێیدەترسن، لەلای ھەردوولایان کۆمەڵێک تێگەیشتن و تێڕوانینی ناتەواو و ناڕێک ھەیە بۆ چەمکی شەریعە و تەتبیقی شەریعە، ھەر ئەمەش بۆتە ھۆی دروستبوونی کێشە و ململانێی زۆر، کە دەکرێت بە تێگەیشتنی راست و دروست بۆ شەریعە و ناوەڕۆکەکەی ئەم کێشە و ململانێیانە لەناو ببرێن یاخوود کەمبکرێنەوە.
بەھۆی ئەم تێکەڵکردن و جوانتێنەگەیشتنە دەبینین کۆمەڵێک خەڵک وێنایی شەریعە و پراکتیزەکردنەکەیان کردووە بە رێگای تایبەتی خۆیان، بۆیە بینا لەسەر ئەوە وتوویانە شەریعەت تەتبیق نەکراوە تەنھا لەسەردەمی پێغەمبەری خوا نەبێت و بەشێوەیەکی رێژەیش لەسەردەمی خەلیفەکانی راشیدین. ئەمەش مانای وایە لە ڕوانینی ئەوانەوە ئەم شەریعەتە قابیلی تەبیقکردن نیە لەم سەردەمەدا، چونکە شەریعەتێکی میسالیە و کەموکورتە و ھتد…
گرنگ ئەوەیە جێەجێکردنی شەریعەت ھەر لە زووەوە وەستا، خۆینەگرت لەبەرامبەر گەشەندن و گۆرانکارییەکان تەنھا زەمەنێکی کورت نەبێت، چۆن دەتوانرێت ئەمڕۆ پراکتیزە بکرێت دوای ئەوەی چواردە سەدە وەستا تەتبیقکردنەکەی؟!.
ھەر بەھۆی ھەڵە وێنکردن و تێگەیشتن لە شەریعە ھەندێکیتر وایدەبینن کە شەریعەت شتێکی زۆر سەرەتایی و دواکەوتووە، بۆیە رقیان لە شەریعەت و ئەوانەش داوایدەکەن بوویەوە، شەریعەت -بەگوێرەی ئەوان لێی تێگەیشتوون و بیستوویانە- بریتیە لە کۆمەڵێک حدود و تۆڵە و بریتیە لە شمشێر و خوێن، گەرانەوە بۆ شەریعەت واتە گەرانەوە بۆ وەحشیەت و ڕاوەدوونان، لەکاتێکا ئێمە لەسەردەمی شارستانیەت و نوێگەرایی و مافی مرۆڤ دەژین!
ھەر بەھۆی ئەم ھەڵەتێگەیشتنەوەوە ھەندێک لە دیندارەکان وایان بۆ دەرکەوتووە کە ھەموو حکومەت و کۆمەڵگا –موسڵمانەکانی پێشوو- ئەمرۆ شەریعەتیان پشتگوێخستووە و جێبەجێی ناکەن و نادیدەی دەگرن، ھەندێکیان زیاتر زیادەڕۆیانکرد و باسی ھەڵگەرانەوەیەکی بەرفراوانیان دەکرد، کە زۆربەی وڵاتە موسڵمانەکانی دەگرتەوە بە حکومەت و گەلەوە. لێرەوە پلەی رقلێبوونەوە بەرز بوویەوە و گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار، ھەر ئەمەش بۆ ھۆی چەندان سەرەنجام و دەرھاویشتەی خراپ کە تاوەکو ئێستا شوێنەوارە خراپەکانی دەبینین.
بۆیە پێش ئەوەی باس لە بابەتی شەریعەت و تەبیقی شەریعەت بکەین پێویستە سەرەتا باس لە مانا و چەمکی شەریعەت بکەین.
چەمکی شەریعەت لە سەرەتا لەسەرەتاکانیەوە:
بۆ تێگەیشتن لە ھەر چەمک و زاروەیەک باشترین ڕێگا بریتیە لە گەرانەوە بۆ مانا سەرەکی و سەرەتاییەکەی ئەو چەمک و زاروەیە، ئێستاش با ئێمە بگەرێینەوە بۆ سەرەتای چەمکی شەریعەت.مادەی (“ش ر ع”)، کە شەریعە و شُرعە و شەرع ئەمانە ھەموویان لە قورئاندا بەمانای ئەوەدێن کە خوای گەورە دایبەزاندووە بۆ بەندەکانی لە بیروباوەڕ و پەرستش ئاکار و ئاداب و ئەحکام و نەریت و کرین و فرۆشتن.

بیروباوەڕ و پەرستش لە سەرەتای ئەوەدێن کە خوا دایناوە و کردوویتەتی بە شەریعەت بۆ بەندەکان، وەک ئەوەی ڕوونە لە ئایەتی: [شَرَعَ لَكُمْ مِنَ الدِّينِ مَا وَصَّى بِهِ نُوحًا وَالَّذِي أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ وَمَا وَصَّيْنَا بِهِ إِبْرَاهِيمَ وَمُوسَى وَعِيسَى أَنْ أَقِيمُوا الدِّينَ وَلَا تَتَفَرَّقُوا فِيهِ]{الشورى: 13}. [أَمْ لَهُمْ شُرَكَاءُ شَرَعُوا لَهُمْ مِنَ الدِّينِ مَا لَمْ يَأْذَنْ بِهِ اللَّهُ]{الشورى: 21}. “لە سدیەوە فەرموویەتی، دەربارەی ئایەتی: [شَرَعَ ڵکُمْ مِنَ الدِّینِ مَا ۆێَّی بِەِ نُوحًا] ئەوە مەبەست پێی ئاین ھەموویەتی”.وشەی “شەریعەت” یەکجار لە قورئانی پیرۆزدا ھاتووە، کاتێک دەفەرمووێت: [ثُمَّ جَعَلْنَاكَ عَلَى شَرِيعَةٍ مِنَ الْأَمْرِ فَاتَّبِعْهَا وَلَا تَتَّبِعْ أَهْوَاءَ الَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ]{الجاثية: 18}. ھەروەھا وشەی “شِرْعَە” ھاتووە، کە دەفەرمووێت: [وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ مُصَدِّقًا لِمَا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنَ الْكِتَابِ وَمُهَيْمِنًا عَلَيْهِ فَاحْكُمْ بَيْنَهُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللَّهُ وَلَا تَتَّبِعْ أَهْوَاءَهُمْ عَمَّا جَاءَكَ مِنَ الْحَقِّ لِكُلّ جَعَلْنَا مِنْكُمْ شِرْعَةً وَمِنْهَاجًا] {المائدة: 48}. پێشەوا تەبەری فەرموویەتی: “الشِّرْعە: مانای خوودی شەریعەتە و کۆیەکەشی الشِّرعة، شِرَعاً، والشريعة، وشرائع …”.

شەریعەت لە زمانەوانیەوە واتای رێگەی گەورە و راست دەگەیەنێت.شەریعەت لە بەکارھێنانە قورئانیەکاندا یەکسانە بە دین کە بریتیە لە رێگای راست، ئەوەیە لە شەریعەتدا ھەیە ئەوەیە کە دانەرەکەی خوایە، ئەوە شەریعەت دادەنێت: [شَرَعَ لَكُمْ …]. بەڵام دین بە ئیعتباری ئەوەی دینداری پێوەدەکات کە ئەویش مرۆڤە.

ھەر بەھۆی ئەم واتا بەرفراوانەی شەریعەتە ئیمامی ئەبوبەکری ئاجوری کتابەکەی ناوناوە “الشريعة” لەگەڵ ئەوەی زۆربەی باسەکانی بیروباوەڕی و پەروەردەین.
لە دوای ئەویش بیرمەند و فەیلەسووف راغیبی ئەسفەھانی پەرتۆکە بەناوبانگەکەی (الذريعة إلى مكارم الشريعة)ی دانا، کە پەرتۆکێکە لە فەلسەفەی ئەخلاق و پەروەردە، پێشەوا راغب وایدەدەنێت کە پاڵفتەکردنی دەروون و عەقڵ و ئەخلاق لە کرۆکی شەریعەت و بەرزیەکانیەتی، کاتێک پێناسەی بەرزیەکانی شەریعەت دەکات دەفەرمووێت: “بەرزیەکانی شەریعەت بریتیە لە حیکمەت و جێبەجێکردنی دادپەروەری لە نێوان خەڵکی و لەسەرخۆیی و چاکەکاری و باشی.

مەبەستیش لێی بریتیە لە گەیشتن بە بەھەشتی نەبراوە و دراوسێیەتی خوای خاوەن شکۆ و بەرزی”.پێشگەیشتن بە بەھەشت بەرزیەکانی شەریعەت پوختدەبنەوە لە بەدیھێنانی سێ ئامانجی گەورەی بوونی مرۆڤ، ئەوانیش بریتین لە: ئاوەدانکردنەوە و پەرستش و جێنیشینایەتی. ھەروەھا پێشەوا راغیب دەفەرمووێت: “ھەر کەسێک شیاو نەبێت بۆ جێنیشینایەتی خوا و پەرستشکردنی و ئاوەدانکردنەوەی زەویەکەی ئەوە ئاژەڵ لەو کەسە باشترە”.ئەمە شەریعەتە و ئەمانەش بەرزی و مەبەستەکانیەتی و ئەمەش تێگەیشتنی سەرەتا و یەکەمینیەتی.

لەگەڵ بەرفراوانبوونی زانستی و زۆربوونی پسپۆرە زانستیەکان،دەرکەوت بەکارھێنانی شەریعەت لەڕووی بەکارھێنانی وەک زاراوەیەک، بەکارھێنانی زاراوەیش عادەتەن ماناکانی وشەکە بەرتەسک دەکاتەوە و کورتیدەکاتەوە لە ھەندێک واتایی زمانەوانی.

یەکێک لەو مانا ئیستیلاحیە تایبەتیانەی کە شەریعەتی بۆ بەکارھاتووە بریتیە لە بەکارھێنانی وشەی شەریعەت بەو واتایەی سۆفیەکان مەبەستیانە، کاتێک بەرامبەرێتی دەکەن لە نێوان “حەقیقەت و شەریعەت”. شەریعەت لێرەدا لادراوە لە ماناکەیەوە بۆ تەکالیف و یاسا شەرعیە دیارەکان، کە ئاراستەی گشت خەڵکی کراون. بەڵام حەقیقەت بریتیە لە جەوھەر و ناواخن و نھێنی کە کەسە تایبەتەکان پەیی پێدەبەن لە خواپەرست و دونیانەویست و عاریفەکان…

لێرەوە ئەوە سەریھەڵدا کە دەوترێت زانستی دیار –علوم الظاهر- و زانستی ناوەکی – علوم الباطن-، لەمەش جیاوازی کرا لەنێوان وەزیفەی فیقە و وەزیفەی تەسەوف. ئەمانەش ھەمووی زاراوەی تازەپەیابوون، پێویستە رێگریمان لێنەکەن لە مانا و چەمکە شەرعیەکان، وەک ئەوەی لە دەقەکانی شەرع و لای زانایانی پێشوو ھەیە.

شەریعەت لە بەربڵاوترین مانا زاراوەکانیا کە بۆی بکارھاتووە بریتیە لە بەکارھێنانی بەسیفەتێکی تایبەت بۆ ئەحکامە کردارییەکان لە دین –الاحکام العملیە-، واتە غەیری عەقائید، بەڵام لەگەڵ رەچاوکردنی ھەموو واتاکانی لە ھەموو بوارەکانی تەشریعی عەمەلی ھەبوو لە ئایندا، لەوانە پەرستشی دیار و نادیار و ئەخلاق و ئاداب، شەریعەت بەم مانایە ھەموو دین دەگرێتەوە تەنھا عەقیدە نەبێت، لێرەوەش دروشمی “ئیسلام عەقیدە و شەریعەتە” ھاتە کایەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی عەقیدە غەیری شەریعەتە.لە چەندان سەدەی دوور و درێژی رابردوو ئەم واتایە و بەکارھێنانە زۆر بەربڵاو و بەکارھاتووبوو لەلای زانایان، بەڵام نەگەیشتبوویە مانای یەکەم و گشتگیرتر بۆ شەرع و شەریعەت، ھەروەک چۆن بەردەوامبوو بەشێوەیەکی فراوان و شامیل بۆ ھەموو بوارەکانی شەرعدانان.

لێرەدا تەقریبەن بواری شەریعەت بووە ھەمان بواری “فیقە” بەمانا ئیستیلاحیە باوەکەی. تەنیا جیاوازی ئەوەبوو کە شەریعەت بەوە دەوترا کە دابەزییوە و دەقی لەسەرە و ێەریحە لە ئەحکام و بنەما شەرعیەکان، لەکاتێکا “فیقە: یان -عیلمی فیقە- مەبەست پێی ئەوەبوو کە ھەڵێنجراوە و کۆشش ئیجتیھادی تیاکراوە.لە سەردەمی تازەشدا بەکارھێنانی ناوی شەریعەت زیاتر ڕووەو تایبەتکردن و کەمکردنەوە چوو، بەتایبەتی کاتێک دەربرینی “تەشریعی ئیسلامی” ھاتەکایەوە، بەھەمان واتای تەشریع بەمانا یاساییەکەی.

بەمشێوەیە وشەی شەریعەت و تەشریعی ئیسلامی بوون بەوەی کە مەبەست پێیان بریتیە لەو تەشریعات و یاسایانەی رێکخەری ژیانی گشتین. ئەمەش زاراوەی پێشەوا ئیبن عاشورە کە دەفەرمووێت: “لە زاراوەی مندا کاتێک بەرەھایی وشەی تەشریعم وت، مەبەست پێئەوەیە کە یاسایە بۆ ئوومەت، مەبەست پێی شتێکی دروست و مەشروع نیە. سوننەت و مەکروە م مەبەست نین، ھەروەک وادەبینم کە ئەحکامە پەرستشیەکان ناوبنرێن بە دیانەت”.بەمشێوەیە واتای شەریعەت بوو بە ھاوێنە یاخوود بەرامبەر بە واتای یاسا.

لێرەوە بەراوردکردن و بەرامبەرکردنی نێوان شەریعەتی ئیسلام و یاسا دەستکردەکان ھاتەگۆرێ. ئەم بەراوردە تووندبوو و گۆرا بۆ دژایەتی و کێبرکێ بەھۆ ئەو لابردن و پەراوێزخستنەی تووشی حوکمە شەرعیەکان بوو لەبوارەکانی مەدەنی و جینائی لە بەزۆر لابردنی حوکمە شەرعیەکان و خستنە شوێنی یاسا ھاوردەکراوەکانی رۆژئاوا.

ھەر ئەمەش وای لە مامۆستا علال فاسی کرد باس لە ململانێی نێوان شەریعەتی ئیسلامی و شەریعەتی داگیرکار بکات لەپەرتووکە نایابەکەی “دفاع عن الشریعە”.لەپرۆسەی پاکردنەوەی تەشریعی کە بەسەر ئێمەیاندا سەپاند، تا ئێستاش دەوڵەتە داگیرکەرەکان ئەمە بووە ھۆیی حەساسیەت دژی ئەم رێچکەیە و بەڵکو ئەم حەساسیەتە بوو بە بەشێک لە رابوونی ئیسلامی و بزوێنەرێک لە بزوێنەرەکانی.

لێرەشەوە دروشمی “تەتبیقی شەریعە” بەرزکرایەوە، کە لە بنەمادا روویکردە شەریعە لە تەسکترین مانایدا، واتە شەریعەتێکی ھاوشێوە بە یاسای دەوڵەت و دادگاکانی، بە ئیعتباری ئەوەی ئەم مانایە شوێنی کێشمەکێش و گۆڕەپانی کێبرکێیە.بەمەش کە یەکەم قوربانی دەستی پاکردنەوەی شەریعەت بریتیبوو لە بواری جینایەت، بەرپەرچدانەوەکان سەرنجیان خستە سەر ئەم لایەنە و گەورەکردنی.

بەمشێوەیە پرۆسەی ھەڵتەکاندنی چەمکی شەریعەت و تەتبیقی شەریعەت دەستیپێکرد، لە لابردنی سزا جینائیە ئیسلامیەکان. بۆیە حەدە شەرعیەکان “الحدود الشرعیە” بوون بە سیمبوولی جێبەجێکردنی شەریعەت، بەپێچەوانەشەوە جێبەجێنەکردنیشیان بوو بە سیمبوولی تەتبیقنەکردنی شەریعەت.
پووختە: لەراستیدا پێویستە مانا تایبەت و بەرتەسکەکانی شەریعەت ڕوونبکرێنەوە و لە جێبەندی خۆیان تێبگەیەنرێن و، پێویستە لامان نەدەن لە مانا ئەسڵی و تەواوەکەی شەریعەت. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین باس لە جێبەجێکردنی شەریعەت بکەین.

نوسینی: د. ئەحمەد رەیسونی

بینینی زیاتر