وتار

جياوازى نێوان ئوممه‌تى ئيسلامى وكۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى

م.نازم عبدالله

(1)  پێناسه‌ى ئوممه‌ت
دوو زاراوه‌ هه‌يه‌ له‌ناو جيهانىى ئيسلاميدا به‌ گشتى به‌كار ئه‌هێنرێت، يه‌كێكيان زاراوه‌ى ئوممه‌ى ئيسلاميه‌ ( الأمة الاسلامية) ئه‌ويتريشيان زاراوه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلاميه‌ (المجتمع الاسلامي) كه‌ پێناسه‌ى هه‌ر كامێكيان له‌ ويتر جيايه‌.
پێناسه‌ى ئوممه‌ت له‌ڕووى زمانه‌وانيه‌وه‌ به‌ واتاى ئايين، به‌رنامه‌، كۆمه‌ڵ دێت، وه‌ به‌وانه‌ش ئه‌وترێت ئوممه‌ت كه‌وا ئاينێكى جياوازيان هه‌يه‌: ( الصحاح فى اللغه‌،للجوهرى: 1/23. ولسان العرب، ابن منظور: 12/22. مقايس اللغة، ابن فارس، باب أمَ1/27.
وه‌ ئه‌وانه‌ش يه‌ك زمان ويه‌ك مێژوو يه‌ك كه‌له‌پوورى ڕۆشه‌نبيرى ويه‌ك پێكهاته‌ى نه‌فسى وئابوورى هاوبه‌شيان هه‌يه‌ و له‌سه‌ر يه‌ك خاك ئه‌ژين پێيان ئه‌وترێت ئوممه‌ت. موسوعة السياسة د. عبدالوهاب الكيالى، أمة 1/ 305.

ئوممه‌تى ئيسلامى له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندى بيرو باوه‌ڕو ڕه‌هه‌ندى سياسى ، به‌ بێ ڕه‌چاو كردنى كات وشوێن، له‌ ده‌سه‌ڵاتێكى سياسيدا به‌رجه‌سته‌ ئه‌بێت وه‌ ئه‌وه‌ش قۆناغێكه‌ له‌ مێژووى ئوممه‌تدا، به‌بێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ هيچ واتايه‌كى ڕاسته‌قينه‌و واقيعى بۆ ئوممه‌ت نابێت.
له‌ ده‌ستورى مه‌دينه‌دا پێغه‌مبه‌ر(درودوسه‌لامى خواى له‌سه‌ر) به‌م شێوه‌يه‌ ئاماژه‌ى پێكردوه‌: (ئه‌م نوسراوه‌ په‌يمانێكه‌ له‌نێوان ئيمانداران ومسوڵمانانى قوره‌يشى و مه‌دينه‌ييه‌كاندا، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵياندان، يان په‌يوه‌نديان پێوه‌ ئه‌كه‌ن و جيهاديان له‌گه‌ڵ ئه‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مانه‌ يه‌ك ئوممه‌تى سه ر‌به‌خۆن) واتاى ئوممه‌ت له‌ قورئاندا به‌ چه‌ند مه‌به‌ستێكى جياواز هاتوه‌، به‌ڵام له‌ بڕگه‌ى ده‌ستورى مه‌دينه‌دا به‌ واتاى هێزو ده‌سه‌ڵات هاتوه‌.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى ئه‌و زاراوه‌يه‌ بكه‌ين له‌ زانستى سياسى سه‌رده‌مدا، ئه‌و چه‌مكه‌ ئه‌م واتايانه‌ له‌خۆى ده‌گرێت:

1.  تێڕوانينى يه‌كگرتو بۆ نه‌گۆڕه‌ ئيسلاميه‌كان
2. بوونى ده‌سه‌ڵاتێكى سياسى يه‌كگرتو
3. جوگرافيايه‌كى پێكه‌وه‌ لكاو
4.ئابووريه‌كى يه‌كگرتو
5. ڕۆشه‌نبيرى وكه‌لتورێكى يه‌كگرتو.
6. بوونى هێزى سه‌ربازى يه‌كگرتو.
له‌كۆى گشتيدا ئه‌گه‌ينه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى زاراوه‌ى ئوممه‌ت واتاى بوونى هێزو ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌يه‌نێت، كه‌وابێ بوونى يه‌ك زمان، يان ژيان له‌سه‌ر يه‌ك خاك، يان بوونى يه‌ك كه‌له‌پورو ڕۆشه‌نبيرى، واتاى ئوممه‌ت ناگه‌يه‌نێت.

(2 ) پێناسه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى وجياوازى نێوان ئيمان و ئيسلام:‌
A.    له‌ڕووى زمانه‌وانيه‌وه‌:( المجتمع) به‌ لێكدانى چه‌ند به‌شێك وشوێنى كۆبونه‌وه‌ى خه‌ڵك ئه‌وترێت، ( مختارالصحاح باب الجيم 1/ 110المعجم الوسيط 1/136)،  له‌زاراوه‌شدا: به‌و كۆمه‌ڵگه‌يه‌ ئه‌وترێت كه‌ له‌ بيرو باوه‌ڕو خوا په‌رستى و شه‌ريعه‌ ت و ياساو سلوك وئاكاردا ئيسلامى تيادا پياده‌ ئه‌كرێت. (الاسلام، سعيد حوى، ل:51) . جگه‌ له‌ مسوڵمانه‌كان شوێنكه‌وتووى ئايينه‌ كانى ترله‌كاتێكدا له‌ ڕووى سياسى وئابورى وكۆمه‌ڵايه‌تيه‌وه‌ پابه‌ندن به‌ سيسته‌م وياسا ئيسلاميه‌كانه‌وه‌، به‌شێكن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى، وه ‌له‌ڕووى بيروو باوه‌ڕيشه‌وه‌: (لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ) البقرة‌: 256.

تايبه‌تمه‌نديه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى:
1.له‌سه‌ر بنه‌ماى بيرو باوه‌ڕ (العقيدة) دا ئه‌مه‌زرێت، وه‌كو باوه‌ڕ بوون به‌ پايه‌كانى ئيمان و ئيسلام، كه‌ له‌ فه‌رموده‌ى پێغه‌مبه‌ردا ( درودى خواى له‌سه‌ر) باسكراوه‌، وه‌ ئيمان بريتيه‌ له‌ دان پيانان به‌زمان و، جێگيربوون‌ له‌دڵداو، كاركردن به‌ ڕێنماييه‌كان.
2.كۆڵه‌كه‌ى دووه‌مى كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى ئاكاره‌ ( الاخلاق)، وه‌كو پێغه‌مبه‌ر(درودى خواى له‌سه‌ر) ئه‌فه‌رموێت: (أَكْمَلُ المُؤمِنِينَ إِيمَاناً أَحسَنُهُم خُلُقاً”)، وه‌ئيمامى غه‌زالى له‌ پێناسه‌ى ئاكاردا ئه‌ڵێت: ئاكار وێنه‌يه‌كه‌ له‌ دڵدا جێگير ئه‌بێت به‌ بێ بيرلێكردنه‌وه‌و زۆر له‌ خۆكردن، كه‌سى ئيماندار به‌ ئاسانى كاره‌چاكه‌كان ئه‌نجام ئه‌دات ( احياءعلوم الدين، 3/ 73)، دامه‌زران له‌سه‌ر ئاكارى جوان و بايه‌خدان به‌ په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌ياندنى تاك و  خێزان كۆمه‌ڵگه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وتى ناشيرين و نه‌شياو پاك ئه‌كاته‌وه‌ ، خۆشه‌ويستى و به‌زه‌يى و، ڕێز له‌يه‌كگرتن و، دادگه‌رى، له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا پياده‌ ئه‌كات و ياسا شه‌رعيه‌كان به‌ ئاسانى جێ به‌جێده‌كرێن.

3.فه‌رمان به‌ چاكه‌و ڕێگرى له‌ خراپه‌، كه‌ هه‌موو تاكێك خۆى به‌ لێپرسراو ئه‌زانێ، وه‌به‌ هه‌موو توانايه‌كيانه‌وه‌ له‌ هه‌مو ئاسته‌كاندا كار ئه‌كه‌ن بۆ چاكسازى نێو كۆمه‌ڵگه‌ و گۆڕين و بنبڕ كردنى تاوان وخراپه كارى.
له‌م پێناسه‌و بنه‌مايانه‌وه‌ ئه‌گه‌ينه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى پابه‌ند بوونه‌ به‌ ئيمان و ئاكارو ڕه‌وشته‌ ئيسلاميه‌كان و، پابه‌ند بوونه‌ به‌ فه‌رمانى خواو پێغه‌مبه‌رو‌ (درودى خواى له‌سه‌ر) خۆ پارێزييه‌ له‌ حه‌رام وقه‌ده‌غه‌كراوه‌كان.

واتاى كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى پابه‌ند بوونى تاك و ده‌سه‌ڵات ئه‌گرێته‌وه‌‌، ئه‌ودوانه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك دوو شتى لێك جوودا نين، به‌ڵكو هه‌ردوكيان ته‌واو كه‌رى يه‌كترن، ڕاسته‌ كاتێك ئه وترێت كۆمه‌ڵگه‌ زياتر ڕوو ئه‌كاته‌ تاكه‌كان، تاوه‌كو ئه‌وان زياتر خاوه‌نى په‌يام و ئاكارو ڕێبازو به‌ها به‌رزه‌ ئيسلاميه‌كان بن، زياتر گه‌شاوه‌يى كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى ده‌ر ئه‌كه‌وێت، وه‌ئه‌گه‌ر تاكه‌كان ته‌نها به‌ناو مسوڵمان بوون وده‌سه‌ڵات هيچ شوێنه‌وارێكى ئيسلامى پێوه‌ ديار نه‌بوو، ئه‌وه‌كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى به‌ كۆمه‌ڵگه‌يه‌يه‌كى ناشيرينيى بێ شووناس دێته‌‌ پێش چاو، وه‌ده‌سه‌ڵات وكۆمه‌ڵگه‌ ته‌واوكه‌رى يه‌كترن،‌ تا چه‌نێك ده‌سه‌ڵات و تاكه‌كان پابه‌ند بن به‌ بيرو باوه‌ڕو ئاكاره‌ ئيسلامييه‌كانه‌وه‌، زياتر واتاى كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى تياياندا به‌رجه‌سته‌ ‌ده‌بێت و جوانى وگه‌شاوه‌ييه‌كه‌ى ده‌ر ده‌كه‌وێت.

B.جياوازى نێوان ئيمان و ئيسلام نيشانه‌ى دوو جۆر ياساو لێپێچينه‌وه ئه‌گه‌يه‌نێت.‌
پێناسه‌ى ئيماندار( المؤمن):
ئيماندار به‌و كه‌سه‌ ئه‌وترێت كه‌ باوه‌ڕى به‌ هه‌موو پايه‌كانى ئيمان وه‌كو باوه‌ڕ بوون به‌ خوا، به‌ فريشته‌كان، به‌ كتێبه‌كان، به‌ پێغه‌مبه‌ران، به‌زيندو بوونه‌وه‌، هه‌يه، له‌ هه‌مان كاتدا پايه‌كانى ئيسلاميش جێ به‌ جێ ده‌كات، ئيمان واتاكه‌ى گشتگير تره‌ له‌ ئيسلام.

پێناسه‌ى مسوڵمان (المسلم):
مسوڵمان ئه‌و كه‌سه‌يه‌ ڕوكنه‌كانى ئيسلام وه‌كو: شادومان، نوێژ كردن، زه‌كات دان، گرتنى ڕۆژووى ڕه‌مه‌زان، حه‌ج كردن، جێ به‌جێ ده‌كات، له‌ ئايه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ته‌نها ئيسلام ناوى هاتبوو ئه‌وه‌ واتاى ئيمانيش ئه‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئيمان وئيسلام پێكه‌وه‌ باسكران، ئه‌وه‌ هه‌ر يه‌كه‌ به‌جيا واتاى خۆى ئه‌گه‌يه‌نێت، وه‌مه‌به‌ستى كرداره‌ ئاشكراو نهێنيه‌كانه‌ كه‌ به‌دڵ ئه‌كرێن و، ئه‌وانه‌شى مادين وبه‌لاشه‌ ئه‌كرێن، ئيسلام وه‌كو شه‌ريعه‌ت و ياسا له‌بوونى ده‌سه‌ڵاتدا جێ به‌ جێ ده‌كرێت.

كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلام جگه‌ له‌ خاوه‌ن په‌يمانه‌كان، له‌م به‌شانه‌ پێكدێت:
1.ئيماندارى ڕاسته‌قينه‌ كه‌ خواى گه‌وره‌ له‌ باره‌يانه‌وه‌ ئه‌فه‌رموێت: (إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ الَّذِينَ إِذَا ذُكِرَ اللَّهُ وَجِلَتْ قُلُوبُهُمْ وَإِذَا تُلِيَتْ عَلَيْهِمْ آَيَاتُهُ زَادَتْهُمْ إِيمَانًا وَعَلَى رَبِّهِمْ يتوكلون) : الانفال:2
2.     دووڕوه‌كان هه‌ر چه‌ند به‌ڕواڵه‌ت مسوڵمانن ودروشمه‌ ئيسلاميه‌كانيش ئه‌نجام ئه‌ده‌ن قورئان ئه‌فه‌رموێت:(وَمِنَ النَّاسِ مَن يَقُولُ آمَنَّا بِاللَّهِ وَبِالْيَوْمِ الْآخِرِ وما هم بِمُؤْمِنِينَ) البقرة: ‌، له‌ دوو كاتدا دوو ڕووه‌كان ده‌ر ئه‌كه‌ون و ڕاستى بێباوه‌ڕى خۆيان ئه‌شارنه‌وه‌: له‌ ‌بوونى ده‌سه‌ڵاتى سياسى ئيسلاميدا، يان كاتێك هه‌ستبكه‌ن له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رژه‌وه‌نديه‌كانيان ئه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسيه‌وه‌.
3.تازه‌ مسوڵمان بووه‌كان وه‌كو قورئان ئاماژه‌يان پێده‌كات: (قَالَتِ الْأَعْرَابُ آمَنَّا ۖ قُل لَّمْ تُؤْمِنُوا وَلَٰكِن قُولُوا أَسْلَمْنَا وَلَمَّا يَدْخُلِ الْإِيمَانُ فِي قُلُوبِكُمْ) كه‌ جياوازى خستۆته‌ نێوان ئه‌و دوو تاقمه‌وه‌، ده‌رباره‌ى دوو ڕووه‌كان ئه‌فه‌رموێت:( وما هم بِمُؤْمِنِينَ) كه‌ به‌ هه‌مو شێوه‌يه‌ك  له‌ ئه‌هلى ئيمان ده‌ريان ده‌كات، به‌ڵام ده‌رباره‌ى تازه‌ مسوڵمان بوه‌كان ئه‌فه‌رموێت: (وَلَمَّا يَدْخُلِ الْإِيمَانُ فِي قُلُوبِكُمْ) واته‌ تا ئێستا ئيمان نه‌چۆته‌ دڵه‌كانتانه‌وه‌، كه‌ ئاماژه‌ى تێدايه‌ له‌ داهاتودا ئيمان بێنن‌.

له‌ ئيسلامدا به‌ پێچه‌وانه‌ى ياسا ده‌سكرده‌كان دوو جۆره‌ لێپێچينه‌وه‌ هه‌يه‌، تاوانكار ئه‌گه‌ر له‌م دونياش به‌ هه‌ر فرت وفێڵێك خۆى له‌ ياسا بدزێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ناتوانێت له‌دواڕۆژدا لاى خوا خۆى بدزێته‌وه‌، بۆيه‌:
1. ئه وانه‌ى كردارى به‌رچاوين وه‌كوجێ به‌جێكردنى ياساكانى ئيسلام و‌ئه‌حكامه‌ شه‌رعيه‌كان و جێ به‌جێكردنى دادگه‌رى ولادانى سته‌م زۆر كار به‌ده‌ستانى مسوڵمانان لێى به‌ر پرسيارن و به‌دوادا چوونى بۆ ئه‌كه‌ن و بڕيارى له‌سه‌ر ئه‌ده‌ن، كه‌ ئه‌مه‌يان ئه‌كه‌وێته‌ به‌شى ئيسلامه‌وه‌.
2. ئه‌وبابه‌تانه‌ى نهێنيه‌و په‌يوه‌ندى به‌دڵ وناخى مرۆڤه‌كانه‌وه‌‌ هه‌يه ( الأعمال القلبية)،‌ خواى باڵا ده‌ست هه‌ڵيگرتوه‌ بۆخۆى ‌و له‌ دوا ڕۆژدا لێپێچينه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كات، بۆيه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ تۆڵه‌ى دونيا ڕزگارى ببێت، ئه‌وه‌ له‌ ڕۆژى دوايى لێپێچينه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

به‌شێوه‌يه‌كى گشتى مرۆڤه‌كان ده‌سه‌ڵاتى ئيسلاميدا ته‌نها له‌ ياساو ئه‌حكامه‌ ڕواڵه‌تى وبه‌رچاوه‌كان به‌ر پرسيارن وبه‌س، بۆيه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلاميدا له‌سه‌رده‌مى پێغه‌مبه‌ر(درودى خواى له‌سه‌ر) دوو ڕووه‌كانيش حيسابى مسوڵمانيان بۆكراوه‌.

(3)جياوازى نێوان ئوممه‌تى ئيسلامى وكۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى
له‌پێناسه‌ى كۆمه‌ڵگه‌و ئوممه‌تدا باسمان كرد، كه‌وا ئوممه‌ت، ئه‌بێ ڕه‌هه‌ندى هه‌ڵگرى يه‌ك بيرو باوه‌ڕو، كه‌لتورو، جوغرافياو، ئابورى و، هێزبێت. به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ ڕه‌هه‌ندى ئيمان و، ئاكارو، پياده‌كردنى فه‌رمان به‌چاكه‌و دژه‌ گه‌نده‌ڵى تيادا به‌رجه‌سته‌يه‌، به‌شێوه‌يه‌كى لۆكاڵى ده‌سه‌ڵات به‌شێكه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى، له‌ئه‌گه‌رێكدا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتيش نه‌بوو، يان هه‌ر وڵاتێك به‌جيا خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربه‌خۆى خۆى بوو واتاى كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى هه‌ر ئه‌مێنێت، به‌ڵام به‌رز نه‌بۆته‌وه‌ بۆ ئاستى ئوممه‌ت، وه‌ ئوممه‌ت كاتێك واتاى خۆى ئه‌به‌خشێت كه‌ جگه‌ له‌ بيرو باوه‌ڕ خاوه‌ن يه‌ك سه‌ركرده‌وده‌سه‌ڵاتى سياسى بێت، يه‌ك جوگرافياو، ئابووريه‌كى يه‌كگرتوى خۆى بێت.

له تێڕوانين بۆ كه‌مايه‌تيه‌ ئايينيه‌ جياوازه‌كان له‌كاتێكدا ئه‌وان وه‌لائى سياسى تريان نه‌بو وه‌خاوه‌ن په‌يمانى خۆيان بوون، ئوممه‌ت وكۆمه‌ڵگه‌ يه‌ك پێناسه‌ى بۆيان هه‌يه‌، واته‌ له‌ يه‌ك كاتدا ئه‌وان به‌شێكن له‌ ئوممه‌ى ئيسلامى، چونكه‌ وه‌لائى سياسيان له‌گه‌ڵ ئوممه‌تدايه‌، وه‌ پابه‌نديشن به‌ياساى گشتى كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلاميه‌وه‌، كه‌واته‌ به‌شێكن له‌كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلاميش، وه‌له‌ڕوى بيروو باوه‌ڕيشه‌وه‌ له‌ ئيسلامدازۆر نيه‌.

نازم عەبدوڵڵا

Leave a Reply